چوارشەممە , تشرینی یەکەم 28 2026

ڕۆڵی کەم وێنەی ئافرەت لە دایکایەتی و پەروەردەکردندا


ئا: مریەم ئیبراهیم گەڵاڵی
مرۆڤ لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە تا کۆتایی تەمەنی، بوونەوەرێکە کە گەشەکردن و پێویستییەکانی لەگەڵ تەمەنیدا گەورەتر و ئاڵۆزتر دەبن. ئەم گەشتە دوورودرێژەی تەمەن، کە لە پێویستییەکی جەستەیی سادەوە وەک شیرخواردن دەست پێدەکات و بە قۆناغەکانی پێویستی بە خۆشەویستی، ئینتیما بۆ کۆمەڵگە، هاوسەرگیری و دواجار “خۆسەلماندن و بەدیهێنانی خود” تێدەپەڕێت، پێویستی بە سەرپەرشتیار و ئەندازیارێک هەیە. ئەو ئەندازیارە بێدەنگ و مەزنەش تەنها “دایک”ە.

وەرچەرخانی ناسنامە: لە کچێنییەوە بۆ دایکایەتی:
کاتێک ئافرەت لە کچێکی سادەوە دەبێتە خاوەنی ناسنامەی “دایکایەتی”، وەرچەرخانێکی قووڵ و سەرسوڕهێنەر لە جەستە، دەروون و عەقڵیدا ڕوودەدات. ئەم گۆڕانکارییە هێندە خێرا و سروشتییە، کە زۆرجار خودی ئافرەتەکەش پێی سەرسام دەبێت. ئەو کچەی جاران لەوانە بوو لە کاتی خەودا بە دەنگی بەرزترین تەقینەوە خەبەری نەبووبێتەوە، ئێستا لەگەڵ نزمترین چرکەی جۆلانەی منداڵەکەی یان بچووکترین لەرینەوەی دەنگی، لە خەو ڕادەپەڕێت. ئەم هەستیارییە دەرونی و دایکایەتییە وای لێدەکات شەونخونی بکات، زوو زوو لە باوەشی بگرێت و بە خۆشەویستی و پاکوخاوێنییەوە گەورەی بکات، چونکە دەزانێت کۆرپەکەی لەم قۆناغەدا تەنها پێویستی بە شیر نییە، بەڵکو تینوی پاراستن و سۆزە.
گەشەی کۆمەڵایەتی منداڵ و فێربوونی زمان
منداڵ لە باوەشی دایکیدا فێر دەبێت کە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دڵخۆشکردنی دایکی، یەکەمین زەردەخەنەی پێشکەش دەکات. دایکیش لە بەرامبەردا خۆی دەخاتە ئاستی منداڵەکەی؛ کاتی قسەکردن و لاواندنەوە بە زمانێکی سادە پێشوازی لێدەکات، کاتی پێگرتنی وەک سێبەرێکی بەهێز بەسەریەوە دەبێت و لە چاوتروکانێکدا ناهێڵێت بکەوێت. هەر دایکە کە پیت و وشە پچڕپچڕەکانی منداڵەکەی کۆدەکاتەوە، لێی تێدەگات و فێری ئاخاوتنی دەکات. ئەم پرۆسەیە قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە قوتابخانە.
قوتابخانەی نەرمی و هێمنی
دایک لە قۆناغی خوێندندا نابێتە سەرچاوەی ترس و هاوار، بەڵکو دەبێتە هاوڕێ و ڕێ پیشاندەر. لە گۆشەیەکی هێمنی ماڵەکەدا، قاچەکانی دەکاتە ئەڵقەیەک و بە دەوری منداڵەکەیدا دادەنیشێت، بە نەرمونیانی و بە سەدان جار وتنی “بەقوربانت بم” یارمەتی دەدات وانەکانی تەواو بکات. تەنانەت دوای هاوسەرگیری و گەورەبوونی منداڵەکانیش، دایک لە ئامۆژگاری ڕەق دەوەستێت و تەنها دەبێتە ئاراستەکارێکی پڕ لە حیکمەت بۆ بەردەوامی و کۆششکردنی ئەوان لە ژیاندا.

نموونە مێژووییەکان: دایک وەک دروستکەری سەرکردەکان:
مێژووی مرۆڤایەتی شاهیدی ئەوەیە کە لە پشت هەر پیاو و سەرکردەیەکی مەزنەوە، دایکێکی دڵسۆز و پەروەردەکار هەبووە:

  • دایکی دکتۆر مەهاتیر محەمەد: سەرۆک وەزیرانی پێشووتری مالیزیا، هەمیشە دەڵێت کە باوکی زۆر ڕەق بووە و هاواری بەسەردا کردوون، بەڵام دایکی مامۆستایەکی نەرمونیان بووە. هەر ئەو دایکە بوو کە لە ڕووی خوێندن، ڕەوشت و ئاینەوە پێیگەیاند و کردی بەو پیاوەی بۆ چەندین خول بە سەرۆکی مالیزیا هەڵبژێردرایەوە و وڵاتەکەی کردە “بووکی جیهان”.
  • دایکی هۆلاکۆ: هۆلاکۆ، کە یەکێک بوو لە ستەمکارترین و خوێناویترین سەرکردەکانی مێژوو، لە ئاست هیچ هێزێکدا چۆکی دانەدەدا، بەڵام لە ئاست دایکیدا سەری ڕێزی دادەنواند، ئەمەش بەڵگەی پێگەی سەرکوتکەرانە و مەزنی دایکە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دڵی ڕەقترین مرۆڤەکانیش دابنێت.
    پێگەی دایک لە کۆمەڵگە و ئەدەبی کوردییدا:
    لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، ئافرەت و دایک هەمیشە خاوەن پێگەیەکی پیرۆز و باڵا بوون. ئەو هەموو سەرکردە، شۆڕشگێڕ، زانا و کەڵەپیاوانەی کە ناویان لە مێژووی کورددا بە درەوشاوەیی ماوەتەوە، لە باوەشی دایکانی خۆڕاگر، بەئەمەک و نیشتمانپەروەردا پەروەردەبوون.
    دەرئەنجام:
    ڕۆڵی ئافرەت لە پەروەردە و دایکایەتیدا، ڕۆڵێکی چەند ڕەهەندییە کە بە تێپەڕبوونی کات و زەمەن قۆناغەکانی دەگۆڕێت، بەڵام بەهاکەی کەم ناکات. ئەگەر هەموو تەمەنمان بۆ نووسین لەسەر دایک تەرخان بکەین، ناتوانین حەقی ماندووبوون و گەورەیی ئەو بدەینەوە. دایک تەنها کۆرپە بەخێو ناکات، بەڵکو کۆمەڵگە و داهاتووی گەلان بنیات دەنێت.

Check Also

منداڵیی ناخ و بەدەستهێنانی پەسەندکردن

ئیسرا قابیللە دەروونناسیی مۆدێرندا، ئەو دیاردەیەی کە تێیدا کەسێک (بەتایبەت کەسایەتییە پێگەیشتوو سەرکەوتووەکان) بە بێوچانی …