ئا: مریەم ئیبراهیم گەڵاڵی
ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنها نیوەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو ستونی سەرەکییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی خێزان و ئەندازیاری ئاشتی و تەبایی کۆمەڵایەتیی. مێژوو و واقیعی ئێستامان پڕن لەو نموونە گەشاوانەی کە نیشانیدەدەن چۆن ئافرەتی ژیر و خاوەن لۆژیک توانیویەتی گەورەترین کێشە خێڵەکی و کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکات، کاتێک پیاوان و کەسایەتییە دیارەکانیش تێیدا دەستەوستان بوون.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر چەند ڕەهەندێکی گرنگی ئەم ڕۆڵە حەکیمانەیەی ئافرەتی کورد:
١. ئافرەتی خوێندەوار؛ بناغەی تاکی بەسوود
پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست، لە دایکێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوارەوە دەست پێدەکات. ئافرەتی هۆشیار نەک تەنها دایکە، بەڵکو یەکەم قوتابخانەی مرۆڤایەتییە کە تاکی بەسود، نیشتمانپەروەر و خاوەن ڕەوشتی بەرز پێشکەشی کۆمەڵگە دەکات و سەرکردەی لێهاتووی تیا بنیاد دەنێت.
٢. زمانزانین و لۆژیک لە داخوازی و بەستنی ژن و ژنخوازیدا:
لەکاتی گواستنەوەی کچ و ژنهێناندا، زۆرجار بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوە، یان ڕەتکردنەوەی سەرەتایی ماڵی کچ، کۆمەڵگە پێویستی بە دبلۆماسییەتێکی نەرم دەبێت. لەم کاتانەدا، ناردنی ئافرەتێکی سەلار، قسەزان و هەڵکەوتوو دەبێتە کلیل؛ چونکە ئەو بە زمانێکی شیرین و ڕێزگرتن لە دابونەریت، قسەی ناشکێنرێت و دەتوانێت ڕەزامەندی ماڵی کچەکە بەدەستبهێنێت و تێڕوانینەکان بگۆڕێت.
٣. تێکشکاندنی بەربەستە عەشایەری و نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان:
کاتێک کێشەی نێوان هۆزەکان یان جیاوازی ئاستی کۆمەڵایەتی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم هاوسەرگیرییەکدا (تەنانەت دوای مارەبڕینیش)، گرژییەکی زۆر دروست دەبێت کە ڕەنگە پیاوان نەتوانن بە ئاسانی چاکسانی تیا بکەن. لێرەدا، کاتێک ئافرەتێکی قسەڕۆشتوو و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دەچێتە ناو بابەتەکەوە، بە حیکمەت و گەورەیی خۆی دڵەکان نەرم دەکات، نایەکسانییەکان دەسڕێتەوە و دەیانکاتە دۆست و خزم و ڕازییان دەکات.
٤. فریادڕەسی براکان و ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن:
یەکێک لە باڵاترین نموونەکانی حیکمەتی ئافرەت، کاتی قەیرانە گەورەکانە. کاتێک براکانی دەکەونە داوی پلانێکی مەترسیداری کوشتن یان تۆڵەسەندنەوە، خوشکێک بە سۆز، میهرەبانی و ڕوانبێژییەکەی شەو و ڕۆژ دەخاتە سەر یەک. ئەو نەک تەنها قەناعەت بە نەیارەکان دەکات کە دەست لە خوێنڕشتن هەڵگرن، بەڵکو بە لۆژیکێکی بەهێز بڕی ئەو پارە زۆرەی (خوێنبایە) داواکراوە کەم دەکاتەوە بۆ ئاستێک کە لە توانای براکانیدا بێت، بەمەش گیانی مرۆڤەکان دەپارێزێت و ئاشتی دەگەڕێنێتەوە.
٥. ئاشتی ناوخۆیی و ڕێکخستنەوەی نێوان براژنەکان:
ئافرەتی حەکیم لەناو ماڵیشدا چاکەکارە. کاتێک دەبینێت دوو براژن کێشە و ناڕێکی کەوتۆتە نێوانیان، بەبێ ئەوەی کێشەکە گەورەتر بکات یان لایەنگری بکات، بە نهێنی و بە جیا دەچێتە لای هەریەکێکیان. بە ناوی ئەوی تریانەوە داوای لێبوردن و ئاشتی دەگوازێتەوە (تەنانەت ئەگەر نەیانگوتبێت)، تا دواجار ڕووبەڕوویان دەکاتەوە و بە باوەشێکی گەرمەوە ئاشتیان دەکاتەوە.
٦. ئاوەدانکردنەوەی ماڵە وێرانبووەکان و ڕێگری لە ترازان:
زۆرجار کێشەی هاوسەران دەگاتە بنبەست و کچ دەچێتەوە ماڵی باوکی. ناردنی دەیان پیاوماقوڵ و مامۆستای ئاینی ڕەنگە سوودی نەبێت، چونکە ناتوانن لە ناخی ئافرەتەکە تێبگەن. بەڵام ناردنی ئافرەتێکی سەنگین، بەتەمەن و دڵسۆز کە شارەزای دەروونی ئافرەت بێت، هاوکێشەکە دەگۆڕێت. ئەو دەچێت بە زمانی خۆی قسەی لەگەڵ دەکات، ماڵەکەی پێ ئاوەدان دەکاتەوە، منداڵەکان شاد دەکاتەوە و بەختەوەری دەگەڕێنێتەوە، بەجۆرێک کە پێکەوە ژیانیان بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت.
دەرئەنجام:
کۆمەڵگەی کوردی، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تر، لایەنی باش و خراپی تێدایە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ڕێژەی چاکە و حیکمەت تێیدا زۆر زیاترە. ئەم نموونانە مشتێکن لە خەروارێک لەو کارە مەزنانەی کە ئافرەتانی ژیر و دانای ئێمە ئەنجامیان داوە. ئافرەتی کورد تەنها بەشدار نییە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو پارێزەری سەرەکی بەها مرۆییەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتییە.
سەرچاوە: کتێبی كورتەیەك لەمێژووی ئافرەت لەكۆمەڵگەدا، د٠ كەمال مەزهەر