و: كه‌تان خادیمی
له لادێیه‌كی باشووری وڵاتی سعودییه ئهژیایین، دایكم كۆچییدوایی كرد، باوكم وه‌ستا دیوار بوو، زۆر هۆگرم بوو، چونكه منداڵی بچووكی ماڵه‌كه بووم، منیش به هه‌مانشێوه، له باوه‌شی باوكمدا نه‌بوایه خه‌وم لێنهئهكهوت، ته‌مه‌نم بوو به شه‌ش ساڵ، به‌یانیه‌ك به‌ده‌نگی قیژه‌و گریان خه‌به‌ر بوه‌وه، بۆ باوكم ئه‌گریان، كه به‌ردێك كه‌وتبوو به سه‌ریداو كۆچییدوایی كردبوو.
دنیا له‌به‌ر چاوم تاریك بوو، به‌و ته‌مه‌نه مناڵییەمهوه نه دایكم ما نه باوكم، به‌ڵام ئیبراهیمی برا گه‌وره‌م خۆی خسته جێی باوكم و له‌یلای خوشكیشم وه‌ك دایك خزمه‌تی ئه‌كردم، زۆر نازیان ههڵئهگرتم، ئیبراهیم پێی وتم: سه‌عید تۆ ببه به شوان و چاودێری ئه‌م كاریله بچوكانه بكه، له‌یلاش چاودێری كێڵگه‌كه‌ی ئه‌كرد.
ڕۆژێك ئیبراهیمی برا گه‌وره‌م پێی وتم: سه‌عید ئه‌وه ناوم نووسیویت له قوتابخانه ئیتر تۆ قوتابیت، مەڕەکان له‌گه‌ڵ خۆت به‌ره‌و له‌وسه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ستدا بیهێنه‌وه.
كچێكی شوانه هه‌بوو ناوی سه‌عدییه بوو، ئەویش مەڕەکانی خۆیانی دەهێناو ڕۆژانه به‌یه‌كه‌وه شوانیمان ئه‌كرد، وتی: سه‌عید تۆ بڕۆ بۆ قوتابخانه من چاودێری مەڕەکانت ئه‌كه‌م، تا ئه‌گه‌ڕێیته‌وه، به‌م شێوه‌یه له‌دوای قوتابخانه مەڕەکانم لێوه‌ر ئه‌گرته‌وه‌و ئه‌گه‌ڕامه‌وه بۆماڵ. تا مقۆ مقۆ له‌ناو شوانهكاندا درووست بوو، سه‌عید و سه‌عدییه شتێك له‌نێوانیاندا هه‌یه، چه‌ند ساڵێكمان ئاوا گوزه‌راند، به‌ڵام وه‌ڵاهی بۆته‌نیا یه‌ك جاریش وشه‌یه‌كم به‌جۆرێك به‌رامبه‌ر نه‌وت، كه ئه‌وه‌ی له‌ناخمدایه ده‌ریببڕم.به‌ڵام ئه‌موت: ئه‌گه‌ر كه‌مێك گه‌وره بم و پاره‌م هه‌بێت سه‌عدیه ئه‌خوازم.
یه‌كێك لهشوانهكان هه‌ر له‌خۆوه ڕقی لێم بوو دژایه‌تی ئه‌كردم، هه‌میشه توانجی لێئه‌دام، بێ هۆكار ڕقی لێم بوو، وابزانم چاوی له‌سه‌ر سه‌عدییه بوو، ئه‌ویش سه‌یری نه‌ئه‌كرد، ئه‌م كوڕه زۆرجار كێشه‌ی بۆ ئهنامهوه تۆمه‌تی ناڕه‌وای بۆ درووست ئه‌كردم، ساڵان تێپه‌ڕین من و سه‌عدییه گه‌وره بووین، ڕۆژێك مەڕەکانم برد‌و، سه‌عدییه دووركه‌وته‌وه و ڕۆشت. یه‌كه‌مجارم بوو ئاوا بیبینم، نه‌مئه‌زانی بۆ له من ڕائه‌كات، ئه‌بێت كێ شتێكی به‌رامبه‌رم وتبێت!!.
گهرٍامهوه ماڵ ژنه‌كه‌ی ئیبراهیمی برام، كه هێنده‌ی برایه‌كی خۆی نازی ههڵئهگرتم، چیم بویستایه بۆی جێبه‌جێ ئه‌كردم، زۆر باش بوو له‌گه‌ڵمدا، ئه‌و ڕۆژه ڕه‌نگی تێكچووبوو خه‌م ڕوخساری داگرتبوو. وتی: سه‌عید تۆ ئێستا پیاویت و ژیان هه‌موو شتێكی تیادا ڕوو ئه‌دات، خۆشی و ناخۆشی… وتم: براژن چیبووه.. چی قه‌وماوه؟!! وتی: سه‌عید بزانه سه‌عدییه ماره كراوه له فڵانه‌كه‌س (ئه‌فسه‌ر بوو له‌سعودییه گه‌ڕابوه‌وه).
هه‌واڵه‌كه ئه‌وه‌نده قورس بوو له‌سه‌ر دڵم، وه‌ك هه‌وره بروسكه‌یه‌ك لێمبدات، دنیا له‌به‌ر چاوم تاریكبوو، خه‌ریكبوو دڵم بوه‌ستێت، زۆر هه‌وڵمدا كه‌س به‌م خه‌فه‌ته‌م نه‌زانێت، بانگی مه‌غریب چووم به‌ره‌و مزگه‌وت، نوێژ خوێنان هه‌موویان پیرۆزباییان له‌و كه‌سه ئه‌كرد، منیش ناچار له‌گه‌ڵ ئه‌واندا پیرۆزباییم لێ‌كرد، خوا ئه‌یزانی چی له دڵمدا بوو. چوومه‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆم و سه‌عدییه‌ش زۆر له دووری منه‌وه ئاژه‌ڵه‌كانی ئه‌له‌وه‌ڕاند، ئیتر له‌ناو هاوڕێكانمدا شته‌كه ئاشكرا بوو، براده‌ره‌كه‌شم تا ئه‌هات توانجی ناخۆشی لێئه‌دام، تا واملێهات ئه‌گه‌ر ئه‌وان بۆ سه‌روو بڕۆشتنایه من به‌ره‌و خوار ئه‌ڕۆشتم، ئه‌وان به‌ره‌و خوارەوە بڕۆشتنایه من به‌ره‌و سەرەوە ملم ئه‌نا، به‌ته‌نیا به‌دیار ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه دائه‌نیشتم.
ڕۆژێك پیاوێك له دووره‌وه به‌ڕاكردن و هاوار كردن به‌ره‌و ڕووم ئه‌هات، كه وردبوومه ده‌زگیرانه‌كه‌ی سه‌عدیه‌یه به په‌نجه ڕاوهشاندنهوهو تووڕه‌ییه‌وه به‌ره‌و لای من دێت، ناچار تا له‌شه‌ڕی به‌دوور بم، ورده ورده ڕانهكهم دوور ئه‌خسته‌وه و دوور ئهكهوتمهوه، له‌ناكاو ده‌نگی هات و هاواری پیاوه‌كه نه‌ما، ئاوڕمدایه‌وه كه‌س دیار نه‌بوو، ئه‌و به قوڵایی سه‌د مه‌تر كه‌وتبووه خواره‌وه، منیش ده‌ستم به هاواركردن و داوای یارمه‌تی كرد، شوانهكانم بانگکردن، تا خه‌ڵك هات و گوریسیان هێنا و ده‌ریانهێنا، بریندار بوو خه‌ریكبوو ئه‌مرد دڵی به ئاسته‌م لێیئه‌دا.
گه‌یاندییانه نه‌خۆشخانه‌ی (تائف) ئه‌و كوڕه‌ی ڕقی لێمبوو خێرا چووه لای كه‌سوكاره‌كه‌ی وتبووی: كه من خۆم بینیومه سه‌عید پاڵی پێوه ناوه، ویستوویه‌تی بیكوژێت. براو مام و ئامۆزاكانی خۆیان چه‌كداركرد، كه‌وتنه گه‌ڕان تا بمدۆزنه‌وه‌و بمكوژنه‌وه. براكه‌م وتی: بڕۆ خۆت بشاره‌وه، تۆمه‌ته‌كه له‌سه‌دا سه‌د به‌سه‌ر مندا شكایه‌وه، له كێڵگه‌یه‌ك خۆم شارده‌وه، شه‌وێك خوشكه‌كه‌م و براژنم هاتن جلوبه‌رگ و پاره‌یان بۆهێنام و وتیان سه‌عید هه‌موو خه‌ڵكی لادێكه به دواتا ئه‌گه‌ڕێن، پێمان بڵێ تۆ كوشتت؟ وتم: نه‌وه‌ڵا خوا ئاگاداره من نه‌بووم. وتیان پیاوه‌كه بێ هۆشه‌و گیان ئه‌دات، ئه‌مه پاره‌و جلوبه‌رگ، لێره بڕۆ و مه‌مێنه.
به‌و شه‌وه تاریكه، هه‌ڵهاتم، له‌م شاخ بۆ ئه‌و شاخ.. له‌م دۆڵ بۆ ئه‌و دۆڵ، گه‌شتمه وێستگه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلێك وه‌ستابوو سه‌ركه‌وتم، وتیان بۆمه‌ككه ئه‌ڕۆین. گه‌شتمه مه‌ككه‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه عومره‌م ئه‌نجامدا. دانیشتم و بیرمده‌كرده‌وه… ده‌بێت به‌م هه‌رزه‌كارییه بۆكوێ بڕۆم؟ چێشتخانه‌یه‌كی گه‌وره نزیكی حه‌ره‌م بوو، وتم: له‌لاتان كار ئه‌كه‌م، ئه‌وانیش وتیان نان خواردن و شوێنی خه‌وتنت له‌سه‌ر ئێمه، مانگانه‌ش سه‌ت ڕیال موچه‌ت بێت. شاگرده‌كان زوربه‌ی خه‌ڵكی لادێكان بوون، پرسیاری ناو‌و شوێنیان لێئهكردم، ئه‌موت ناوم عهبدوڵڵاییه و ناوی شوێنێكی ترم پێ ئه‌وتن، تا دوو هه‌فته له‌وێبووم، خه‌ڵكی زۆر ڕێیان ئه‌كه‌وته ئه‌وێ، ترسام كه‌سێك له لادێكه‌ی خۆمانه‌وه بێت و بمناسێته‌وه. چوومه شوێنێكی تر هه‌ر به‌ناوی عه‌بدوڵڵاوه به‌ڵام به‌مووچه‌ی حه‌فتا ڕیاڵ له‌گه‌ڵ نان و شوێنی خه‌وتن و خواردن.
ڕۆژێك هاوڕێیه‌كم وتی: ناو ئه‌نووسن بۆ عه‌سكه‌ری، به‌ڵام من هیچم نه‌بوو تا ناو بنووسم، وتیان بڕۆ بۆلای موختار وهرهقهیهكت بۆ ئه‌كات بیبه بۆ دائیره‌ی نفوس.
چوومه لای موختار وتم: من ناوم عهبدوڵڵاییه له‌لادێوه هاتووم، ناسنامهشم نیه، له‌م گه‌ڕه‌كه ئیش ئه‌كه‌م، ئه‌مه‌وێت وهرهقهیهكم بۆبكه‌یت . وتی: كوڕم من ناتناسم، پیاوێك له‌ته‌نیشتمدا بوو، وتم: ئه‌م پیاوه ئه‌مناسێت. پیاوه‌كه‌ش به‌زه‌یی پێم‌دا هاته‌وه وتی: ئه‌یناسم. منیش وتم: ناوم عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌بدولڕه‌حمانی جنونیه، ئه‌م نازناوه‌م بهتابلۆیهكهوه بینی بوو، مۆری لێداو بووم به عه‌سكه‌ر، ئه‌و كاته شه‌ڕ بوو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ناردیانین بۆ وڵاتی ئوردن، سێ ساڵ له‌وێبووم، بۆ ته‌نها جارێك مۆڵەتم وه‌رنه‌گرت، له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌مئه‌زانی چی به‌سه‌ر لادێكه‌ماندا هاتووه، ئه‌فسه‌ره‌كه زۆر خۆشیئهویستم، چونكه له‌لادێدا گه‌وره بووبووم زۆر ئازابووم، تاپله‌ی عهریفیم وه‌رگرت.
زابتێكی كوه‌یتی هه‌بوو زۆری خۆش ئه‌ویستم، وتی عه‌بدوڵڵا بۆنایه‌یت بۆكوێت، من ناوت ئه‌نووسم له‌سوپادا جنسیه‌ی كوهیتیت بۆ ده‌رئه‌كه‌م. وتم: ئه‌گه‌ر جنسیه‌ی كوهیتیم بده‌یتێ دێم له‌گه‌ڵتا.
چوومه كوێت و كاره‌كانم باش ئه‌ڕۆشتن تا بوومه سكرتێری مودیر عام.
كوڕێكی مصریم له‌گه‌ڵدابوو، ڕۆژێك وتی: عه‌بدوڵڵا تۆ بێكهسیت، بۆخێزان پێكه‌وه نانێیت؟ پێشنیاری بۆكردم كه كچێكی فه‌رمانبه‌رمان له‌گه‌ڵدا بوو بیخوازم، به‌ناوی سهمیرهوه، بیرۆكه‌كه‌ی چوو به مێشكمدا، تا ئه‌و كاته چاوم نه‌خستبووه سه‌ری، ئه‌مجاره به چاوێكی تره‌وه سه‌یری سه‌میره‌م كرد كه ئه‌هات و ئه‌چوو لێی ورد ئه‌بوومه‌وه، تا لێم تووڕه بوو…..
هاتمه‌وه لای هاوڕێكه‌م وتم: به‌حاڵی خۆمه‌وه دانیشتبووم ئه‌و كچه شه‌رمه‌زاری كردم. ئه‌ویش وتی: جا بڕۆ لای باوكی خوازبێنی بكه، تۆ نیه‌تت باشه.
ڕۆشتم و له باوكی خوازبێنیم كرد، باوكیشی وتی: دایك باوك مام خاڵ بۆ كه‌ست له‌گه‌ڵ نیه؟ وتم: من لهدرهختهوه كه‌وتوومه‌ته خواره‌وه كه‌سم نیه. دایكم و باوكم مردوون.
ده‌سی نا بهڕوومهوهو وتی: ببوره ئێمه كچ به بێكه‌س ناده‌ین و ئه‌سڵ و فه‌سڵی نه‌زانین.
به‌دڵشكاوی گه‌ڕامه‌وه بۆلای هاوڕێ زابتهكهم كه پله‌و پێگه‌یه‌كی دیاری هه‌بوو. وتی: خۆم ئه‌ڕۆم خوازبێنیت بۆ ئه‌كه‌م، ئه‌ڵێم من خاڵی عه‌بدوڵڵام ، ئیدی باوكی سه‌میره ڕازی بوو،
ماڵمان پێكه‌وه نا تاده‌هات ژیانمان خۆشتر ئه‌بوو، خوای گه‌وره مناڵی پێبه‌خشین، دوای ساڵێك سه‌میره وتی: نهێنیه‌ك هه‌یه له‌تۆم شاردۆته‌وه، من پشكی كۆمپانیام هه‌یه له‌گه‌ڵ كچێكی هاوڕێمدا، ڕات چۆنه له‌بری ئه‌و تۆ پشكه‌كه‌ی وه‌ربگریت و بیكڕیته‌وه؟ منیش كڕیمهوه، ورده ورده له‌گه‌ڵ سه‌میره چوومه بواری بازرگانیه‌وه. ڕۆژ به‌ڕۆژ قازانجم ئه‌كرد، به‌خوا واملێهاتبوو به‌ردێكم لابدایه ژێری ئاڵتوون ئه‌بوو، هه‌ردووكمان وازمان له‌كاری فه‌رمانگه هێناو خۆمان یه‌كلایی كرده‌وه بۆبازرگانی.
تا ئه‌و كاته‌ی (صدام حسین) هه‌ڕه‌شه‌ی له كوێت ئه‌كرد، هه‌ستم ئه‌كرد كه شهرٍێك به‌ڕێوه‌یه، بۆیه بڕیارمدا هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانمه بیگوازمه‌وه بۆ (جیده) هه‌ر له‌وێش ڤێلایه‌كی گه‌وره‌م كڕی و مناڵه‌كانم بردنه ئه‌وێ.
پاش ماوه‌یه‌ك كوێت له‌لایه‌ن عیراقه‌وه داگیر كرا. به ئیزنی خوای گه‌وره خۆم و مناڵه‌كانم سه‌لامه‌ت بووین، ده‌رگای ماڵه‌كه‌شم كردمه‌وه بۆ هاوڕێ و كه‌س و كاره نوێكانم له خزمه‌تیانا بووم.
تا ئه‌و كاته نهێنیه‌ك له‌دڵمدا لای سهمیرهش نهمدركاندبوو، كه‌من له كێشه‌ی قه‌تڵ ڕامكردووه، له‌دره‌خت نه‌كه‌وتوومه‌ته خوارو كه‌سوكارم هه‌ن كه چل ساڵه لێیان دابڕاوم، چه‌ندان جار سه‌میره ئه‌یوت خه‌یاڵت له‌كوێیه عه‌بدوڵڵا؟ من خه‌یاڵم لای لادێكه‌مان و براو خوشكه‌كانم و گۆڕه‌كه‌ی دایكم و باوكم و شوانه‌كان ئه‌بوو. بانگی ئه‌كردم و نهمئهبیست كه هۆشم ئه‌هاته‌وه به‌درۆوه ئه‌موت خه‌یاڵم لای فڵانه ئیشه.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌م بۆجیده تاسه‌م بۆلادێكهمان زیاتر بوو، بڕیارمدا به‌م كه‌سایه‌تیه كوێتیهمهوه سه‌رێك له لادێكه‌مان بده‌م، به‌ڵام خۆم نه‌ناسێنم.
كه‌وتمه ڕێ به‌رو لادێكه‌مان، هه‌ندێك شوێن وه‌ك خۆی مابوو، هه‌ندێكیشی خانووی نوێ كرابوونه‌وه، ئۆتۆمبێله‌كه‌م وه‌ستاند و به پێ كه‌وتمه‌ڕێ، دوو گه‌نجی لادێكه زانیان غه‌ریبم و نه‌ناسراوم هاتن وتیان لهخزمهتاین چ ئیشێكت هه‌یه لێره؟ وتم: پێش حه‌وت ساڵ له‌مه‌و به‌ر پیاوێكم ناسی به‌ناوی ئیبراهیمه‌وه، هاتووم سه‌لامێكی لێ بكه‌م، وتیان: ئه‌وه ماڵی ئیبراهیمه، وتم:ئاه… خوشكێكیشی هه‌بوو به‌ناوی له‌یلا، كوڕه گه‌نجه‌كه وتی: من كوڕی له‌یلام، چاوم پڕ بوو له فرمێسك گهڕاندمنهوه، پرسیاری ئه‌و شوانهیهم لێ‌كرد كه هه‌میشه تۆمه‌تی بۆدرووست ئه‌كردم، وتی: له‌زوه‌وه تووشی شه‌له‌ل بوه‌و له‌سه‌ر جێگایه، ئینجا پێیوتم: ئیبراهیم برایه‌كی هه‌بووه به‌ناوی سه‌عید زوو ڕایكردووه، وتی: خاڵه سه‌عیدم به كوشتنی موساعید تۆمه‌تباركرابوو، بردبوویانه نه‌خۆشخانه پاش چه‌ند ڕۆژێك هۆشی هاتبوه‌وه وتبووی كه‌س تاوانبار ناكه‌م و سه‌عید بێتاوانه، خۆم كه‌وتم. خاڵم بێ تاوان ده‌رچوو، به‌ڵام ون بوو بێ سه‌رووشوێن بوو نه به زیندوویی نه‌به مردویی هه‌واڵی نه‌بوو.
ئیتر توند باوه‌شم به كوڕه گه‌نجه‌كه‌دا كرد، وتم: من خاڵه سه‌عیدم.. گریان و پێكه‌نین تێكه‌ڵ بوو، ئه‌و ساته باس ناكرێت. به قوڕگی گیراوه‌وه ڕایئهكردو هاواری ئه‌كرد.. دایكه.. دایكه… خاڵه سه‌عیدم هاته‌وه.. خه‌ریكبوو دایكی هه‌ناسه نه‌دات، باوه‌شمان به‌یه‌كا كرد، وتی باخێرا بڕۆین بۆ لای ئیبراهیم ماڵه‌كه‌ی نزیك بوو، بههاواركردنهوه بانگی ئیبراهیممان كرد، ئه‌ویش په‌له‌پڕوزێ هاته ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ براژنه‌كه‌م و مناڵه‌كانی، له‌یلا وتی ئیبراهیم میوانت هاتووه، یه‌كسه‌ر براژنم وتی: به‌خوا ئه‌وه سه‌عیده.. به‌خوا سه‌عیده، باسی ئه‌و خۆشییه ناكرێت، له ماوه‌یه‌كی كورتدا خه‌ڵكی هه‌موو لادێكه ڕژانه سه‌رمان.
وتم: من ئێستا له بازرگانه گه‌وره‌كانم، ماڵ و مناڵم هه‌یه له جیده، ئه‌بێت بێن بتانبه‌م تا یه‌كتری باسن.
له‌ده‌رگامان دا سه‌میره ئاگای له هیچ نه‌بوو، به كۆمه‌ڵێك مناڵ و خێزانه‌وه ڕۆشتینه ژووره‌وه، وتم: سه‌میره وه‌ره نهێنیه‌كی ترسناك هه‌یه كه چه‌ند ساڵه شاردوومه‌ته‌وه هه‌موویم بۆ باس كرد، سه‌میره هه‌ناسه‌یه‌كی ئۆخه‌ی ههڵئهكێشا و وتی: ترسام وامزانی به دزی منه‌وه ژنت هێناوه‌و ئه‌مانه‌ش مناڵهكانتن.