
وەرگێڕ: عەبدوڵڵا عەلیپوور
ڕاڤەیەکی کورتی عیرفانی و قوڕئانی سووڕەتی فاتیحە ئایەتی”5″
{ إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ} تەنیا تۆ دەپەرستین و یارمەتی لە تۆ دەخوازین.
خاڵی یەکەم: قورئان
ئەم ئایەتە دەسپێک و خاڵی وەرچەرخان و ئاوڕلێدانەوەیەکی مێهرەبانی سووڕەتی فاتیحایە؛ دوای ئەوەی مرۆڤ لە ئایەتەکانی پێشوو بەرەو خواناسی هەنگاوی ناوە، ئێستا دەچێتە قۆناغی کردار؛ واتە: بەندایەتی و داوای یارمەتی.
قورئان دەری دەخات کە: بەندەیی بەبێ داوای یارمەتی ناتەواوە، و داوای یارمەتی بەبێ بەندایەتی بێمانایە.
خاڵی دووهەم: فەلسەفە
لێرە پسپۆرانی فەلسەفە دەڵێن: { إیّاک نعبد} واتە: قەبووڵکردنی ئەوپەڕی دڵخوازی و ئامانجی بوونی مرۆڤ، بەندایەتییە؛ واتا هاوتەریببوون لەگەڵ هۆکاری یەکەم.
{إیّاک نستعین} واتە: قەبووڵکردن و ڕازی بوون بەوە کە: سەرجەم هۆکار و پێداویستییەکان لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە بۆ خوا؛ کەواتە یارمەتی و داخوازی ڕاستەقینە تەنیا لەلایەن پەروەرێنی بێهاوتایە.
ئەم ئایەتە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان مرۆڤ و خودا ئاشکرا دەکات، بەجۆرێک کە:
مرۆڤ بە کردار و بەندایەتی بەرەو خوا دەڕوات، و خودا بە یارمەتیی خودی مرۆڤ، لەسەر ڕێگای گەیشتن بە لووتکەی دڵخوازی دەهێڵێتەوە.
خاڵی سێهەم: عیرفان
مەولانا بەم شێوەیە دەدوێت و دەفەرموێ: بەندایەتی بەبێ خۆشەویستی، وەک جەستەیەکی بێگیانە؛ بۆیە { إیّاک نعبد } واتە بەندەیی دڵدار و عاشقانە.
ئیبن و عەڕەبی ئاماژە بەوە دەکات کە: { إیّاک نستعین } واتە: بزربوون لەڕاستی ڕەها؛ مرۆڤ هەموو هۆکار و ئامرازەکان دەبینێت، بەڵام دڵی تەنیا پشت بە خوا دەبەستێت.
سووهرەوەردی ئاماژە بەوە دەکات و دەفەرموێ: یارمەتی و داخوازی لە پەروەرێن وەکوو ڕووناکی ڕێنوێنی دێتە هەژمار کە ئەقڵ و دڵ ڕووناک دەکات.
شێخ ئەحمەدی جامی لەو بارەوە دەڵێت: بەندایەتی دەبێت لە کردەوەی ڕۆژانەدا خۆی بنوێنێت؛ خزمەتکردن بە خەڵک، ڕاستگۆیی و دڵپاکی بیر و هزر، گشت ئەوانە فۆڕم و ڕواڵەتی بەندەیین. داوای یارمەتی لە خوا، دڵ دان و متمانەکردن بە خودایە لە کرداردا؛ واتە دڵ باوەڕپێکردن بە هێزی دەرەکی و ڕواڵەتی دەرباز کردن.
پوڵێنبەندی
{ إیّاک نعبد و إیّاک نستعین} واتە:
بەندایەتییەکی عاشقانە و پاڵاوتە تەنیا بۆ خوا.
یارمەتیخواستن لە ڕووناکیی ڕەها، نەک لە هێزە دەرەکی و ڕواڵەتی.
پەیوەندی بەندایەتی و یارمەتیخواستن بە یەکەوە؛ بەندایەتی بەبێ یارمەتی ناتەواوە و یارمەتیخواستن بەبێ بەندەیی بێمانایە.
ئەم ئایەتە مرۆڤ لە لووتبەرزی و خۆبینی دەرباز دەکات؛ چونکە تەنانەت لە کاتی بەندەییدا پێویستی بە یارمەتیی خودایە.
ڕاهێنانە کردەیی
بۆ ئەوەی ئەم ئایەتە لە ژیاندا کاریگەری هەبێت پێویستە ڕچاوی ئەم خاڵانە بکرێت.
یەکەم: پاڵاوتەکردن و ڕاهێنانی دەروون لەسەر { إیّاک نعبد }
پێش هەر کردەوەیەکی بچووک یان گەورە، دەروونت بە خواوە ببەستەوە و لە دڵدا بڵێ: ئەم کردارە تەنیا بۆ ڕەزامەندیی تۆیە.
تەنانەت ئەگەر کردەوەکە سادە بێت، وەک: خواردنەوەی ئاو یان یارمەتیدانی کەسێک، بە نییەتی بەندایەتی ئەنجامی بدە، تاکوو بەندەیی لە ژیانتدا بەردەوام بێت.
دووهەم: ڕاهێنانی متمانە و پشتبەستن بە خوا { إیّاک نستعین }
لە سەرەتای هەر بڕیارێک یان هەر کردەوەیەک، ساتێک بوەستە و بڵێ: ” إیّاک نستعین”؛ واتە تەنیا لە تۆ یارمەتی دەخوازم.
کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک بوویەوە، لەبری دڵەڕاوکێ و نیگەرانی، ئەم زیکرە دووپاتە بکەوە و سەیری دەرەنجامی بکە کە، چۆن ئارامی دەهێنێت.
سێهەم: ڕاهێنانی پەیوەندیی بەندایەتی و یارمەتی کردەوەی چاک هەڵبژێرە، بۆ نموونە: یارمەتیدانی هەژار و چاولەدەست، یان وتنی وشەیەکی جوان، ئەو کردەویە بە مەبەستی بەندایەتی دەست پێ بکە. هاوکات لەگەڵ ئەوە لە دڵتەوە نزای ئەوە بکەن کە لە ئەنجامدانی ئەو کارەدا خوای گەورە یارمەتیت بدات. ئەم ڕیزبەندییە دەربڕینی کرداریی ئایەتەکەیە.
چوارەم: ڕاهێنانی شەو
لە شەودا بیر لە ڕۆژەکەت بکەوە و ئەم پرسیارە لە خۆت بکە: ئەمڕۆ چەند جار توانیم بەندایەتی و یارمەتی و داخوازی لە یەک کردەوە ئەزموون بکەم؟