پێنجشەممە , تشرینی یەکەم 15 2026

گرنگی پاڵپشتی دەرونی بۆ خانمانی توشبوو بە شێرپەنجەی مەمک

د.گوڵاڵە طاهر

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو ئافرەتاندا لەسەرتاسەری جیهاندا . هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەکرێت ئافرەتان دوچاری ئەم نەخۆشییە ببن، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ڕێژەی توشبوون زیاد دەکات.
وەک هەموو جۆرەکانی تری شێرپەنجە، نەخۆش بە قۆناغەکانی زەبری دەرونی دا تێدەپەڕێت.
١_ قۆناغی نکۆڵیکردن: کەسی توشبوو باوەڕ ناکات و نکۆڵی دەکات کە توشبوو بێت بەم نەخۆشییە، لەبەرئەوە دەبینین چەندجارێک پشکنینەکان دووبارەدەکاتەوە لە شوێنی جیاواز، چونکە نایەوێت باوەڕ بکات.
٢قۆناغی هەستی توڕەیی: پرسیاری( بۆچی من ؟؟) دەکات و لۆمەی کەسانی چواردەوری دەکات . ٣قۆناغی سەوداکردن : سەوداکردن و هەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ناخی خۆیدا، بەکارهێنانی وشەی خۆزگە (سەرەتای قبوڵکردنە)
٤قۆناخی خەمۆکی و گۆشەگیری و هەستکردن بەبوون بە بارگرانی بۆ چواردەور . ٥قبوڵکردن و ڕاهاتن لەگەڵ نەخۆشییەکە بەهۆی پاڵپشتی دەوروبەرەوە.

هۆکارەپەیوەندیدارەکانی توشبوونی پشێوییە دەرونییەکان:
١شێوازی هەواڵپێدان و ئاگادارکردنی نەخۆشەکە لەلایەن پزیشکەوە بە نەخۆشییەکەی: ئەبێت لە شوێن و کاتی گونجاودا پێی بوترێت، ئەگەر بە شیوەیەک بێت کە گونجاونەبێت و ڕەچاوی باری دەرونی کەسەکە نەکرێت پشێوی دەرونی زیاتر دروست دەکات. ٢ ئەو بیرۆکە هەڵەیەی کە لای زۆربەی خەڵک هەیە، وادەزانن کە شێرپەنجە یەکسانە بە مردن .

٣کاتێک کەسانی چواردەور بە چاوی بەزەییەوە سەیری کەسی توشبوو دەکەن. ٤لە قۆناغەکانی دەستکردن بە چارەسەر،بە پێی شێوازی چارەسەرەکە و،قۆناغەکە هۆکاری جیاواز هەیە بۆ توشبوون بە پشێوی دەرونی بۆ نمونە کاتێک چارەسەرەکە نەشتەرگەرییە، بڕینەوەو لەدەستدانی مەمک کە لە ئافرەتدا هێمای مێینە بوونە، کاردەکاتە سەر شێواندینی وێنەی خودی وخۆ بەکەمزانی وتێکچوونی پەیوەندی هاوسەری.
لەکاتی چارەسەری کیمیایدا لەدەستدانی موی قژ و برۆ کە دیسان هێمای مێینە بوون، باری دەرونی کەسەکە دەشیوینن .

جگە لەمانە بوونی ئازاری تاقەتپڕوکێن و لەدەستدانی حەزی خواردن و شەرم لە قۆناغەکانی چارەسەردا هۆکارن بۆ دروستبوونی پشێوی دەرونی .
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کاتێک کەسی توشبوو بە شێرپەنجەی مەمک دوچاری پشێوییە دەرونیەکانی وەک ( توڕەیی، ترس، شڵەژان، دڵەڕاوکێ ، خەمۆکی، لەدەستدانی متمانە بە خود و خۆ بەکەمزانی) دەبێت، ئەگەر پاڵپشتی دەرونی یاخود چارەسەری دەرونی وەرنەگرێت کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەرڕێژەی سەرکەوتنی چارەسەرەکانی تر و، ڕێژەی چاکبوونەوە کەمتر دەکاتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەو توشبووانەی پالپشتی دەرونی و کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەیە، زووتر و باشتر سود لە چارەسەرەکان دەبینن .
چۆن پالپشتی دەرونی و کۆمەڵایەتی توشبووان بکرێت ؟
١لە سەرەتادا پێویستە لە شوێن و کاتی گونجاودا هەواڵەکە بدرێت بە نەخۆشەکە، ئەگەر پێویست بوو پزیشکی دەرونیش ئامادە بێت (چونکە کاردانەوەی دەرونی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە) . ٢ڕێگە بدرێت بە کەسی توشبوو گوزارشت لە ناخی خۆی بکات با بە گریانیش بێت .
پرسیاری لێبکرێت لە پێویستیەکانی و، با خۆی بڕیار بدات .
٣-ئەو بیرۆکەی بۆ ڕاست بکرێتەوە کە شێرپەنجە مانای مردن نیە، نمونەی ئەو کەسانەی بۆ باسبکرێت کە چاکبونەتەوە .
٤-بەچاوی بەزەییەوە سەیر نەکرێت، کەسە نزیکەکان لای ئەودا خۆیان بێتاقەت پیشان نەدەن، بەڵکو بە چاوی گرنگی پێدانەوە سەیر بکرێت و هاوسۆز بن لەگەڵیدا.
٥پاڵپشتی کۆمەڵایەتی: بەتایبەتی کەسە نزیکەکان لە ڕوی گرنگی پێدان و دابینکردنی داراییەوە، ئەگەر کەسەکە هاوسەرگیری کردبێت بەدەمەوەبوونی هاوسەرەکەی و پیشاندانی قبوڵکردنی بەهەموو شێوەیەک زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی شڵەژانە دەرونییەکان. ٦ پەیوەندی کردن بە کەسانی توشبووەوە کە نەخۆشییەکەیان تێپەڕانووە بۆ باسکردنی ئەزمونی خۆیان و دروستکردنی گروپ لە گەڵیاندا .
٧گرنگی دان بە لایەنی ڕوحی . ٨ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی .
٩_ سەردانی کردنی پزیشکی دەرونی و وەرگرتنی چارەسەری دەرونی ئەگەر پێویست بوو.

Check Also

ئەلزهایمەر.. نەخۆشی مێشک و دەمارە خانەکان

د.گوڵاڵە طاهرمێژووی دیاریکردنی ڕۆژی 21ی سێپتەمبەر لەلایەنڕێکخراوی تەندروستی جیهانی(WHO) وە وەک ڕۆژی جیهانی نەخۆشی ئەڵزهایمەر …