هەڵاڵە ئەڵماس
لە سەردەمێکدا دەژین کە خەڵک زۆر جار پێویستیان بەوەیە کە کەسێک گوێیان لێبگرێ و لێیان تێبگات و لەگەڵیان بێت، بۆیە دەبێ بزانین کاری خێرخوازی تەنها بەخشینی پارە نییە.
کاری خێرخوازی ئەوە نییە تەنها لەوەی لێت زیادە ببەخشیت، بەڵکو هەندێکجار ئەوەی مرۆڤێک زۆر پێویستی پێیە، خودی تۆیە.
لە کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا، خێرخوازی نابێت تەنها کاری تاکە کەسانێکی بەخشندە بێت؛ بەڵکو دەبێت ببێتە کەلتوور و، بەها و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش.
ئیسلام و بنەما بەرزەکانی هەمیشە هانی مرۆڤ دەدەن بۆ ئەوەی سودی گشتییان هەبێ و ئەوەش ببێتەکلتورو بەهایەکی بەرزو گرنگ لە لای تاک و لەناو کۆمەڵگەدا ؛ خوای گەورە لەقورئاندا لە سەدان ئایەت باسی گرنگی کاری خێرو چاکەو ئیحسان و هاوکاری دەکات ودەفەرمووێ: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا ارْكَعُوا وَاسْجُدُوا وَاعْبُدُوا رَبَّكُمْ وَافْعَلُوا الْخَيْرَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ﴾ [الحج: 77]
هەروەها پێغەمبەری خۆشەویستمان ﷺدەفەرمووێ: «أَحَبُّ النَّاسِ إِلَى اللَّهِ أَنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ»
خۆشەویستترین خەڵک لەلای خودا ئەوانەن کە سوودبەخشترینن بۆ خەڵک.
ئەمڕۆ، لە ڕۆژی جیهانی کاری خێرخوازی، با لە خۆمان بپرسین:
من بۆ کێ دەتوانم هیوابەخش بم؟
کێ پێویستی بە یارمەتیی من هەیە؟
و چ شتێک دەتوانم بگۆڕم، ئەگەر تەنها یەک هەنگاو بنێم؟
بۆیە خێرێک بکە؛ هەرچەندە بچووک بێت.
چونکە لەوانەیە ئەو خێرەی تۆ بە شتێکی بچووک بێت بۆ تۆ ، بەڵام بۆ کەسێک هۆکاری بەردەوامبوونی ژیان بێت.
هەروەها دەبێت بزانین خێرخوازی تەنها بەخشین نییە؛ خەندەیەک ؛ قسەیەکی ئومێد بەخش ؛ بەدەمەوەبوونێکی پێویست ؛ گرنگیدانێک و کات بەخشین بە مرۆڤەکان ئەمانە بەخشینەکانی تۆیە و بزانە دەوروبەرت چاوەڕێی دەکەن.
خاڵێکی گرنگ کەپێویستە هەموومان بیزانین ئەوەیە کاری خێرخوازی نابێت جێگرەوەی دادپەروەری و مافی ئاسایی و یاسایی هاوڵاتی بێت.
ڕۆژی پێنجی سیبتمبەر ڕۆژی جیهانی کاری خێرخوازییە خێرخوازی کارێکی گرنگ و پیرۆز و جوانە، بەخشین پیرۆزە، یارمەتیدان مرۆڤایەتییە؛ پێویستە.
بەڵام نابێت بە ناوی خێرخوازی، مافەکان لەبیر بکەین.حکومەت و دەسەڵات ببێت بەخێرخوازو میدیاکانیان خەریکی کاری خێرخوازی بن؛ بەڵکو لەگەڵ هاندان و دەستخۆشی بۆ کاری خێرخوازی هەرکەس بیکات و ئەنجامی بدات بەڵام بۆ حکومەت واجبە لەسەری کە بێ جیاوازی و هەڵاواردن و بەشەفاف مافی هاوڵاتی بدرێ و دادپەروەرانە مافەکانیان فەراهەم بکرێ.
هاوڵاتی کە مافی خوێندن، تەندروستی، کار، ژیانێکی شایستە و ژینگەیەکی سەلامەتی هەیە، نابێت هەمیشە چاوەڕێی دەستی خێرخوازان بێت بۆ ئەوەی ئەو مافە سەرەتاییانەی بۆ دابین بکرێت.
خێرخواز دەکرێت کەسێک لە کێشەیەک دەربهێنێت؛ بەڵام حکومەت بە دادپەروەری دەبێت هۆکاری کێشەکە چارەسەر بکات.
ئەگەر هەژارێک نانمان پێدا، ئەمە خێرەو زۆرباشە؛ بەڵام ئەگەر بتوانین هۆکاری هەژاری کەم بکەینەوە، ئەمە دادپەروەرییە.
ئەگەر نەخۆشێک یارمەتی بدەین، ئەمە خێرەو جێگەی دەستخۆشییە؛ بەڵام دابینکردنی سیستەمێکی تەندروستی کە هەموو هاوڵاتییەک بەبێ جیاوازی مافی تێدا هەبێت، ئەمە مافە.
ئەگەر منداڵێکی فەقیر یارمەتی بدەین بۆ خوێندن، ئەمە کارێکی زۆرباش و مرۆڤدۆستانەیە؛ بەڵام دابینکردنی خوێندنی باش و دەستگەیشتنێکی یەکسان بۆ هەموو منداڵان، دادپەروەرییە.
لە کۆمەڵگەیەکی دروستدا،کاری خێرخوازی دەبێت پشتگیریی ماف بێت، نە جێگرەوەی ماف.
بۆیە لە ڕۆژی جیهانی کاری خێرخوازی، پەیامەکەمان تەنها ئەوە نییە:
«ببەخشین.»بەڵکو دەڵێین:** ببەخشین بۆ یارمەتیدانی مرۆڤ؛ هەروەها هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە مرۆڤ تێیدا بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی خۆی ناچار نەبێت دەستی بۆ خێر درێژ بکات، چونکە کەرامەتی مرۆڤ بە خێرناپارێزێ ؛ بەڵکو بە دادپەروەری دەپارێزرێت.