دووشەممە , ئه‌یلول 29 2025

مردن بەتەنیا لە سەردەمی مۆدێرنەدا

كەتان خادیمی
بۆچی تەنیایی ژیانی تەنیوە؟ مرۆڤەکان بەبۆنی جەستەیاندا ئەزانرێت کە بێکەس گیانیان لەدەستداوە و ماڵەکانیان بوەتە گۆڕستان.
لە ساڵانی ڕابوردودا غەریبەیەک یان بێکەسێک لەگەڕەکێکدا ببوایە. دەوروبەر نەیاندەهێشت تەنیا بێت. ژنانی گەڕەک هەر ڕۆژەو یەکێکیان خوادنی بۆ ئامادەئەکرد. سەرو جلیان بۆ ئەشت . ئەگەر پیاویش بوایە کوڕو پیاوی گەڕەک ئەو ئەرکەیان لەئەستۆ ئەگرت، سەرەتا سینی خواردن بۆ ئەوان ئامادە ئەکرا.
هەموان خۆیان بەخاوەنی بێکەسەکان ئەزانی. ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیە پڕکەرەوەی بۆشایی بوو لە ژیانی هەردوولادا. پێشینانمان بەسەدان چیرۆکی جوانی مرۆڤدۆستیان لەنێو کوچەو کۆڵانەکاندا تا ئەمڕۆ بۆ بەجێهێشتووین.
ئەو ژنانەی لەم ڕۆژگارەدا بەتەنها ئەمرن بێکەس نین بەڵکو خاوەنی پێگەی ڕۆشنبیری و ناوبانگن.
لەماوەی ڕابوردوودا ( م. گ) بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووی دواناوەندییەک بوو دوای چەند ڕۆژێک زانرا کە لەماڵەکەیدا کۆچیدواییکردوە.
( د.ن) ژنێکی نووسەرو مامۆستای زانکۆ بوو بەهەمان شێوە بەتەنیا لەماڵەکەیدا کۆچییدواییکرد، دراوسێکانی کفن و دفیان کرد. لەم ڕۆژانەدا مامۆستایەکی زانکۆ بە بۆنی جەستەیدا زانرا بەتەنیا لەماڵەکەیدا کۆچییدواییکردوە!!
ئەم جۆرە مردنە نامۆیە بەکلتوری کوردی. ژنی کورد هێندە کۆمەڵایەتی بوو بەیانی و ئێوارە سەلامی لەدراوسێکان ئەکرد. خۆ ئەگەر ناساغیش بوایە یەکەم کەس دراوسێکەی ئەیزانی بەدیاریەوە دائەنیشت تا مناڵەکانی ئەهاتن، ئەگەر مناڵیشی نەبوایە کەسی پلە دوو سێ لەمناڵی خۆی باشتر ئەبوون بۆی.
هەندێک کات زانست و کتێب مرۆڤ دائەبڕن لەدەوروبەر، ئەمە حەقیقەتە، کاتێک ژنێک ئەبێتە مامۆستایەکی زانکۆ یان ژیانی تەرخان ئەکات بۆ نووسینی کتێبەکان.
کاتی نامێنێت بۆ سەلامکردن لە ژنە دراوسێکەی کە لەوانەیە زۆر دڵسۆز بێت بۆی. یان کاتی نەماوە بۆ بۆنە کۆمەڵایەتیەکان. یان دەکرێت ئەم کەسە خۆی لەو ئاستەدا نەبینێت کە کاتی لەگەڵ کۆمەڵە ژنێکدا بەسەر بەرێت لە ئاستی ڕۆشنبیری خۆیدا نین، نازانێت ئەمانە حەزو خولیایان خزمەتکردنی دەوروبەرە…
هەر چۆنێک بێت کاتێک سەرتەنوور نەما بۆ نانکردن و هاوبەشیکردن نەما لەکەلوپەلەکانی ناوماڵدا بۆ نمونە موجەمیدەو ساجی نانکردن و، سەدان شت هەتا جلوبەرگی بۆنەکان و خشڵیان لەیەکتری ئەخواست. هەربۆیە ڕۆژانە لەدەرگای یەکتریان ئەداو ئاگاداری حاڵی یەکدی ئەبوون. ئەگەر کەسێک لەسەفەر بوایە کلیلەکانی لای دراوسێ دائەنا. ئەگەر بەیانیەک دیارنەبوایە خێرا هەواڵیان ئەپرسی.
بەڵام ئێستا لەم سەردەمی مادەگەریەدا مرۆڤەکان پێویستیان بەیەکدی نیە . هەربۆیە لە ئەسانسۆرەکانیش سەلام لەیەکتری ناکەن . لەناخەوە بڕیاری داوە کەپێویستی بەم کەسە نەبێت. بێگومان ئەم جۆرە لەکەسایەتیە گشتگیر نیە بۆ هەموو ژنە ڕۆشنبیرەکان. چەندانیشیان هەن بە پێچەوانەوە زۆر کۆمەڵایەتین و لەژنانی دیکە زیاتر بەشداری بۆنەکۆمەڵایەتیەکان و بەدەم دەروبەرەوەن. ئەویش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە بەبیرکردنەوەو کەسایەتی ئەو کەسەوە.
تا بەتەنیا نەمرین بەشێک لە کاتمان ببەخشینە پەیوەندییەکان و، لەدڵەوە سەلام لەدراوسێکان بکەین . بۆ هەمیشە تەندروست نابین ڕۆژێک دێت بە ئاواتەوەین کەسێک لامان دابنیشێت و دەمەتەقێیەکمان لەگەڵ بکات..دواجار نەخۆشەکان نەبوونە هاوڕێ بۆ دوکتۆرەکان هەروەک کتێبەکانیش بێدەنگ لەناو کتێبخانەکەوە سەیر ئەکەن. قوتابیەکانیش نەیانتوانی ببنە کەسی مامۆستاکانیان.
کەواتە با کەمێک لەکات ببەخشینە خزمەکانمان و خۆمان بکەین بەماڵیاندا..لەقوتابخانە وانەیەک فێری مناڵان بکەین کە کەسەکانی دایکمان بۆنی مێخەکی بەرگەردنی دایکمان ئەدەن. خزمەکانی باوکیشمان وەک ڕێحانەیەکی وشکەوەبووی گیرفانەکانی باوکمان بۆنخۆشن……دووریان بخەینەوە لەو هێرشە خراپەی سۆشیال میدیا کە بەردەوام کەسانی ڕقاوی بڵاویان ئەکەنەوە.بوونەتە هۆی درووستکردنی ڕقو دووبەرەکی.
بۆئەوەی بەتەنیا مردن نەبێتە کلتوور.
ئەو ژنانەی پێگەیەکی زانستی و ئەکادیمیان هەیە بازنەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیان فراوانتر بکەن.
بەشداری حەقیقی پرسەو بۆنە کۆمەڵایەکان بکەن چێژ لەو دەمەتەقێیانە ببینن کەپەیوەندییان بەبوارەکەی خۆیانەوە نیە.

Check Also

بناغەداڕێـژەری کلتوور و شارستانییەت؛ لە مەدینەوە  بۆ  زێواری “مرۆڤایەتی”

و: عەبدووڵڵا عەلیپوورلە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێندێ سات هەن نەک هەر چارەنووسی تاک، بەڵکوو ڕێڕەو و …