پێنجشەممە , ئه‌یلول 25 2025

سەرچاوەی جوانییەکان ناخە پێش ڕوخسار

گۆنا توفیق
هەر بۆخۆی وجوود و خەلقی مرۆڤ بەشێکن لە پەخشی جوانییەکانی خالق لەسەر زەوی و، بەشێک لە سروشتی مرۆڤیش خواست و گەڕانە بەدوای جوانییەکانی دەورووبەریاندا، وەک سەرچاوەیەک بۆ گەشتن بە ئاسوودەیی و ئارامی،
لێرەدا مرۆڤ دەبنە دوو دەستە
هەندێك بە دوای شوێنێکی جواندا دەگەرێن، هەندێكیش بە هاتنیان شوێنەکان جوان دەکەن چونکە بۆخۆیان خودی جوانیین.
ئەگەرچی بەلێکدانەوەی هەندێک بۆچوون، جوانی ئەو بەشە بەرجەستەیەیە کەڕاستەوخۆ دێتە بەرچاو و لە دووتوێی بەرگ و جوڵە و دیزاین و مۆدێلێکدا کۆکراوەتەوە، بەڵام بەمانا دروستەکەی ڕەهەندێکی قوڵ و فراوانی ژیان دەگەیەنێت.
لەڕاستیدا جوانی دوو لایەنە،
جوانی ناوەکی: کە ئەملایەنەی جوانی بەبێ هەوڵ و ویستی خۆ نمایش کردن ڕاستەوخۆ لە کردار و ڕوخساریشدا بەخش دەبێت، واتە لێرەدا ڕوخسار و کردار ڕەنگدانەوەی پەخشی جوانییە ناوەکییەکانی مرۆڤ دەبن، بەهۆی ڕۆح و کەسایەتییە جوانەکەیانەوە هەرجێیەک ڕووی لێ دەکەن ڕوناکی و جوانی بۆ دەهێنن. ئەم جۆرە کەسانە بە حزوریان دەبنە خەمڕەوێن و ئاوەدانی و دەتوانن هەر ژینگەیەك بکەنە شوێنێکی ئارام و سەوز.
جوانی دەرەکی : ئەوبەشە دەگرێتەوە کە بەرچاو و بەرچەستەیە و بۆدەرکەوتنی هەوڵ و کات و نمایشی دەوێت، پێچەوانەی دەستەی یەکەم کە هیچ کات نابێتە هۆی جوان بەخشی یاخود پێناسە بۆ ڕووە ناوەکییەکەیان، بەڵکو تەنها پەخشی ئەو دەمەیە کە نمایشی جوانییەکەی تێدا دەکرێن، لەگەڵ ئەوەش هەندێک بەردەوام بە دوای کەسێک یان شوێنێک لەو جۆرەدا دەگەڕێن کە چاویان تێرکات چونکە پێیان وایە تەنها لە شوێنێکی وادا دەتوانن خۆشحاڵ و ئارام بن و، ئەوەی دێتە بەرچاو بەشە تەواوەکەی جوانییە.
لەڕاستیدا لای مرۆڤی تەندروست و ناخ جوان ڕووی دەرەوەش بەئەندازەی پێویست بەشێکی دیکەی لەلایەنە گرنگ و پێویستیەکەی ژیانە، چونکە جوانییەکان هەر چییەک بن بۆخۆیان ئارامی بەخش و پێویستن، لەکاتێکدا کە هەردوو بەشەکە لە مرۆڤێکدا یەک بگرنەوە،
هەربۆیە پێویستە پێش هەر ڕێکخستنەوەیەکی دەرەکی تەماشاو دەستکاری ناوەوەی خۆمان بکەین و ڕێکخسنەوەیەک بۆ بەشە رۆحی و کردارییەکەمان ئەنجام بدەین، پێش ئەوەی دەست بۆ خۆنمایش کردن ببەین، چوون بەخشەر پێش پەخشی جوانی و ئارامی ڕۆحی خۆی، لەمسی ئەو بەخشین و گەشانەوەو سەوزبوونە دەکات و چیژی لێ وەردەگرێت، لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە
(جوانی بۆ خۆی لەناخی مرۆڤەکانەوە سەرچاوەدەگرێت نەک دەرەوە، وە هەردووک پێکەوە دەبنە تەواوکار و مانایەکی دروست بۆ جوانی ).

Check Also

ژنێکی عاشقی چاوەڕێ

شادان تالبکەمن ئەو کتێبە سەرگوزەشتەییانەی لەیەک کاتدا کەمەنکێشت بکات بۆ زۆرینەی ئەزموونەکانی ژیان، ئیمان، دینداری، …