السبت , فبراير 7 2026

دیموکراسیی ساختە

پارێزەر / شاجوان شێخ محەمەد
لە پشت پەردەی یاسا و مەلەفە ڕەشەکانی ئەمریکاوە ! تەقینەوەی مەلەفە ڕەشەکانی وەک دۆسیەی (جێفری ئێپستاین) تەنها تاوانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بومەلەرزەیەکی ئەخلاقی بوو، کە پەردەی لەسەر “تۆڕێکی شەیتانی” لادا. ئەم مەلەفانە دەریان خست چۆن لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی و ناودارانی هۆڵیود، لە پشت پەردەوە لە قێزەون ترین جۆری بازرگانیکردن بە منداڵ و ئافرەت و بە کۆیلایەتیی تێوەگلاون، لە کاتێکدا لەبەردەم کامێراکاندا دروشمی مافی مرۆڤ و ڕێکەوتن نامەی سایکس بیکۆ و یونسیف دەڵێنەوە!!
ساڵانێکە کۆمەڵێک بەناو ڕۆشنبیری عەلمانی و مورتەزەقە، (ڕێکخراوەکانی ژنان و میدیا بە ڕۆبۆتکراوەکانیان ) بە قیاسی ئەوروپا و ئەمریکا “دیموکراسی و ئازادی”مان بۆ دەپێون. خواخوایانە مەلایەک یان کەسایەتییەکی ئاینی شتێکی بچووکی لەدەم دەرچێت، تا بەو دەمە بێزراوەیان هاوار بکەن و، یەک لافیتەی لەسەر ڕەش بکەنەوە، بەدڵ و دەمە پیسەکانیان بە جنێو تەشهرات بێنە خوارەوە پێیاندا.
ئێستا بۆ بێدەنگن؟
ئەو حەیاچوونەی لە ئەمریکا ڕوویداوە، ئەگەر لە وڵاتێکی ئیسلامی ڕووی بدایە، ئێستا “زوڕنا ژەنەکانی مولحید” و مورتەزەقەکان شایی و لۆغانیان بۆ دەکرد؛ کەچی ئێستا بەرانبەر بە قیبلە پڕ لە گەندەڵییەکەیان، کەڕ و لاڵ و کوێرن!
کاتێک مرۆڤ دینی نەبوو، خوای نەبوو، خۆی لە سەروو یاسا بینی، ئەو کاتە شەیتانێکی ناوەکی لای دروست دەبێت کە پێی دەوترێت “بێباڵایی لە سزا”. ئەو سەرۆک و ملیاردێر و جولەکە و ئەکتەرانەی کە ڕێیان کەوتە دوورگەی ئێپستاین، وا تێگەیشتبوون چونکە “گرنگن”، ئەخلاق بۆ ئەوان نییە. ئەوان وایان دەزانی پێگە سیاسییەکانیان دەبێتە پەردەیەک کە جیهان لە ئاست چەپەڵییەکانیاندا کوێر دەکات. لای ئەوان، تاوان تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە “پارەیان نییە بێدەنگیی پێ بکڕن”.
یاساش لەم نێوەندەدا بووەتە دراوێکی “دوو ڕوو”؛ بۆ مرۆڤە سادەکان وەک چەقۆیەکی تیژ کار دەکات، بەڵام بۆ (سەرۆک و تاغوتەکان) دەبێتە چەترێکی وا فراوان کە لافاوی تاوانەکانیانی تێدا دەشارنەوە. ئەوان تەنها یاسا ناشکێنن، بەڵکو یاسا دەسازێنن بۆ ئەوەی تاوانەکانیان “بە یاسایی” بکەن.
لە کۆتاییدا..
«الحمدلله لەسەر نیعمەتی ئیسلام»
ئەو ئایینەی تەنها دەقێکی وشک نییە، بەڵکو “پاسەوانێکی بێدارە” لە قووڵایی ویژداندا، کە مرۆڤ بە بێ بوونی هیچ یاسا و کامێرایەکی چاودێری و سزاو غەرامەیەک لە کڕنووشبردن بۆ ئارەزووەکانی ڕزگار دەکات و تەنها لەبەردەم لێپرسینەوەی خوادا دەیوەستێنێ.

شاهد أيضاً

باڵاپۆشی، ڕەهەند و کاریگەرییەکانی

بەهار عبدالرحمن محمدلێکۆڵینەوە لە چەمکی باڵاپۆشی تەنها کورت نابێتەوە لە چوارچێوەی پارچە قوماشێک یان پۆشاکێکی …