دیمانەیەک لەگەڵ دکتۆرە (خەرمان ئەکرەم فەرەج)
دیمانە: ساکار لەتیف
١١ی ٢ هەموو ساڵێک دیاریکراوە، بۆ ڕۆژی ئەو خانمانەی لە بوارە زانستییەکاندا پسپۆڕییان هەیە و جێدەستیان دیارە، ئەمەش لە پێناو دەرخستنی توانای ژنان لەو بوارانە. وەک سایتی ئایندە سازی گفتوگۆی ئەم جارەمان لەگەڵ خانمێکی سەرکەوتووی بواری فیزیای پزیشکییە، ئەویش خاتوو (خەرمان ئەکرەم فەرەج) مامۆستای زانکۆی سلێمانی .
ئایندە سازی: پسپۆری بەڕێزتان چییە؟
د. خەرمان: پسپۆڕم لە فیزیای پزیشکی، لەبوارە گشتیەکە، بواری وردییەکەی ڕادیۆ بایۆلۆجییە، لە زمانی کوردیدا بەدیلی ڕادیۆ بایۆلۆجی نییە، بەڵام لە فۆڕم پڕکردنەوە هەر بە ڕادیۆ بایۆلۆجی پڕی دەکەمەوە، ڕادیۆ بایۆلۆجی بریتییە لەکاریگەری تیشکە ئەیۆنیەکان لەسەر مرۆڤ.
ئایندە سازی: هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی پسپۆری لەبواری زانستدا چین؟
د. خەرمان: لەڕاستیدا هەر کەسێک بیەوێت پسپۆڕی لەبوارێکی زانستی دیاریکراودا وەربگرێت دەبێت بەچەند قۆناغێکدا بڕوات. سەرەتا بەکالۆریۆس تەواو بکات پاشان ماستەرو دواتر دکتۆرا، ئەوانەی کە نمرەیان لە باکالۆریۆس کەمە دەتوانن دبلۆم تەواو بکەن، دواتر ماستەر پاشان دکتۆرا بخوێنن .هەنگاوەکان بەم جۆرەن.
ئایندە سازی: ئەو هاندەرانە چی بوون کە تۆیان گەیاندە ئەم پلەیە؟
د. خەرمان: لەڕاستیدا من لە بەکالۆریۆسدا یەکێک بووم لە دە یەکەمەکەی بەشی خۆمان، لەبەرئەوە هەمیشە لە پۆلەکانی یەک و دوو وسێ و چوار. (خۆم دەرچووی زانکۆی موسڵم) لە قۆناغی بەکالۆریۆسدا مامۆستاکانم زۆر هانیان دەدام و دەیانوت دەرەجەکانت زۆر باشە محاوەلە بکە، بتوانیت دواتر بەردەوام بیت، لەبواری فیزیادا هاندەرەکانم زیاتر مامۆستای بەکالۆریۆسم بوون.
ئایندە سازی: چۆن بتوانین هەلەکان بقۆزینەوە لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکانمان؟
د. خەرمان: ژیان زۆر کات پڕە لە فرسەت لەهەل، زۆرجار ئەگەر پێی بزانین لەکاتی خۆیدا زۆر زۆر باشە، ئەبێت دەستبەرداری نەبین، زۆر بەئازایانەو زیرەکانە بیقۆزینەوە، بەڵام ئامۆژگاریەکی ترم ئەوەیە ئەگەر یەکێک هەلێکیشی لەدەست دەرچوو کۆڵ نەدات، جارێکی ترو دووی ترو سێی تر هەوڵبدات، بەڵێ هەلەکان زۆر گرنگە کەلەکاتی خۆیدا بیقۆزیتەوەو سودی لێ ببینیت، تا بگەیت بەو ئەنجامەی کە خۆت ئەتەوێت.
ئایندە سازی: بەدیهێنانی خەونەکان چانسە یان هەوڵ وماندووبوون ؟
د. خەرمان: من لە دکتۆرا دوو شت فێربووم: یەکێکیان هەوڵدان و ماندوبوونی زۆر، ئەویتریان ئارامگرتن زۆر زۆر گرنگە، ئەوکەسانەی زۆر ماندوو دەبن و زوو وازدەهێنن ئارامگرتنیان نییە، بەڵام من لە کاتی خوێندنی دکتۆرەکەم فێری ئارامگری بووم، نەتیجەی ئەو هەموو ماندووبوون و هەوڵدانە فێری ئارامگرتنی کردم، بۆیە ئەو کەسانەی دەیانەوێت دەبێت زۆر هەوڵبدەن وماندووبن، لەو هەوڵ و ماندووبوونە خوای گەورە ئارامگریت ئەداتێ، لەبەرئەوە هەموو شتێک خۆشترە پاش ماندووبوون بەدەستی بهێنی، نەک بەشێوەیەکی ئاسایی و خێرا و ماندووبوونی تیا نەبێت، لەراستیدا هەر ئیشێک ماندووبوونی تیا نەبێت چێژی تیا نییە، بەڵام کە ماندووبوویت چێژی زۆر زیاترە.
ئایندە سازی: هەستت چۆن بوو کاتێک ئەم پسپۆریەت بەدەستهێنا؟
د. خەرمان: خۆشترین هەست ئەوکاتەیە کە لەمناقەشەی دکتۆراکەت پێت دەڵێن دکتۆراکەت وەرگرت، خۆشترین هەستە، بەڵام من لەوکاتەدا زۆر حەزم دەکرد دایکم و باوکم ئامادەبن، چونکە یەکێک لەهاندەرە سەرەکیەکانم باوکم بوو زۆر پشتی ئەگرتم لە خوێندندا ، بەڵام خوا لێیان خۆش بێت، ئامادە نەبوون.
ئایندە سازی: ڕێگری و لەمپەڕەکان چی بوون؟
د. خەرمان: ڕێگری و لەمپەر لەبەردەم هەموو هەوڵێکدا هەر هەیە، بەڵام لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێت، لەکاتی مندا بارودۆخ زۆر جیاواز بوو، ئەو کات ئینتەرنێت و پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا وەک و ئێستا نەبوو، لەبەرئەوە دەستگەشتن بەسەرچاوە زانستیەکان زۆر زەحمەت بوو ئەوە یەکێک بوو لە لەمپەرە هەرە گرنگەکان کە نەمان دەتوانی بەخێرایی سەرچاوەی زانستیمان دەست بکەوێت، تا سودی لێ ببینین، بۆیە قوربوو ، لەگەڵ ئەوەشدا سوپاس بۆ خوا من توانیم بچمە دەرەوەو بەشێوەی عەمەلی ئیشەکەم لە وڵاتی بەلجیکا ئاسانکاری بۆکردم، بەڵام گەشتن بە وڵاتی بەلجیکاش دوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر ئەوکات گەشتم و لەوێ هەرچۆنێک بێت دەستم گەشت بەو سەرچاوانەی، کە پێویست بوو بۆ دکتۆراکەم بەدەستی بهێنم.