الأحد , فبراير 8 2026

ڕۆڵی زانستی فەرموودە، لەڕاستکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان بۆ ئافرەت

بەیان نورى تۆفیق

هه ر لە سەرەتای مێژووەوە بابەتەکانى پەیوەست بە ئافرەت جێگاى مشتومڕ بووە لە سەرجەم کۆمەڵگاکاندا و لە ناویاندا کۆمەڵگەى موسڵمانانیش، کە تێڕوانینە نەرێنییەکان بە تێپەڕبوونی کات دواى وەفاتى پێغەمبەرمان(درودى خواى لەسەربێت)سەریان هەڵداوەتەوەو، زۆرێکیان پەیوەستیشیان کردوە بە شەریعەتى ئیسلامەوە، بەتایبەتی سوننەت و فەرمودەکانى پێغەمبەرمان(درودى خواى لەسەربێت)، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەى لێکۆڵەر زەینەب سەعید ئیبراهیم ئاشکرای دەکات کە ئەو تێڕوانینانە لە خودی دەقە ئاینییەکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە تێنەگەیشتن یان پشتبەستن بە فەرموودە لاواز و هەڵبەستراوەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. لێرەوە زانستی فەرموودە دەکاتە ئامرازێکی چارەسەر بۆ ڕاستکردنەوەی ئەوشێواندنە.

توێژەر ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵێک تێڕوانینی هەڵە سەبارەت بە ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕەگى داکوتاوە، وەک بچووککردنەوەی عەقڵیان، سنووردارکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان، یان بەرپرسیارکردنی لە لادانى ئەخلاقی کە بۆتە هۆى شێواندنی وێنەی ئافرەت لە ئیسلامداو بەرتەسککردنەوەی مافەکانیان بەناوی ئایین وبەهێزکردنی تێڕوانینى نادادپەروەرانە بۆ پێگە و ڕۆڵیان، ئەم بیرۆکانە بە ناوی سوننەتەوە ڕەوایەتیان پێدراوە ، هەرچەندە زۆرێکیان لەسەر بنەمای فەرموودەى صەحیحى پێغەمبەر محمد (درودى خواى لەسەربێت) دانەنراون..

لێرەدا لێکۆڵەر ڕۆڵی جەوهەری بۆ ڕاستکردنەوەى ئەو هەڵانە دەدات بە زانستی فەرموودە، کە زانایانی موسڵمان هەر لە سەدەکانی سەرەتاوە بۆ پاراستنی سوننەت لە شێواندن و هەڵبەستن کاریان لەسەر کردوە. زانایان لە ڕێگەی زانستی ڕەخنەی فەرموودە و وردبینی لە زنجیرەکانی گواستنەوە و لێکۆڵینەوە لە دەقەکان توانیویانە جیاوازی بکەن لە نێوان فەرموودە صەحیح و لاواز و هەڵبەستراوەکان و ئەو ڕیوایەتانە ئاشکرا بکەن کە بە ناڕەوا لە دژی ژنان بەکارهێنراون و دەشخرێنە پاڵ ئاینى ئیسلام.

توێژینەوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە کێشەکە تەنها لە بڵاوکردنەوەى فەرموودە ناڕاستەکاندا نییە، بەڵکو لە تێنەگەیشتنی هەندێک دەقی ڕەسەنیشدایە. دەرهێنانی فەرموودەکان لە چوارچێوەی مێژوویی یان کۆمەڵایەتی خۆیان، یان پشتگوێخستنی ئامانجە گشتییەکانیان، بۆتە هۆی لێکدانەوەی نادروست, لەوێوە وێنایەکى نەگونجاوبۆ ئافرەت کراوە کە لەگەڵ ڕۆحی ئیسلامدا ناتەبایە، کە ئاینێکە لەسەر بنەمای دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ دامەزراوە..

توێژەر باس لە نموونە باوەکانی ئەو فەرموودانە دەکات کە بە خراپ بەکارهێنراون بۆ کەمکردنەوەی پێگەی ژن، وە دەڵێت تێگەیشتنێکی دروست لەو فەرموودانە، لە ژێر ڕۆشنایی زانستى فەرموودەدا، نیەتەکان ئاشکرا دەکات کە تەواو جیاوازە لەوەی کە لە گوتاری جەماوەریدا بۆتە باو. سوننەتی صەحیحی پێغەمبەرو هه ڵسوکەوت و مامەڵەى وەک بوونەوەرێکی کەمترلە پیاوان یان ژێردەستە سەیری ژنانی نەدەکرد، بەڵکوکارى بۆ مافە مرۆیی ویاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەکرد..

هەروەها توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر نمونە بەرزەکانى ژنان لە سەردەمی پێغەمبەر محەمەد (درودى خواى لەسەربێت)، کە ژنان بەشدارییان لە گەڕان بەدوای زانست و گێڕانەوەی فەرموودە و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری و بانگەوازدا کردووە. عائیشە (خوای گەورە لێی ڕازی بێت) نموونەیەکی بەرچاوی زانایەکى فیقهی بووە، کە هاوەڵانی باڵا ڕاوێژیان پێدەکرد، ئەمەش ئەو ئیدیعایانە پووچەڵ دەکاتەوە کە هەوڵی پەراوێزخستنی ڕۆڵی ژنان لە ژیانی گشتیدا دەدەن و لە ڕۆڵێکی پەراوێزدا قەتیسى دەکەن.

توێژەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە زیندووکردنەوەی خوێندنی زانستى فەرموودە بۆ گوتاری ئایینی هاوچەرخ پێویستییەکی فیکری و کۆمەڵایەتییە. پاککردنەوەی کلتورى ئیسلامی لە ڕیوایەتە لاوازەکان و دووبارە خوێندنەوەی دەقەکان بە ڕوانگەیەکی هاوسەنگ و زانستی یارمەتیدەرە بۆ ڕاستکردنەوەی وێنەی ئیسلام و بەرەوپێشبردنی گوتارێکی ئایینی کە دادپەروەرانە بێت بەرامبەر بە ژنان، دوور لە داب و نەریتی ناڕەوا کە خراونەتە پاڵ ئاینى پیرۆزى ئیسلام..

لە کۆتاییدا توێژەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوننەتی ڕەسەنی پێغەمبەر هەمیشە مایەی شەرەف بووە بۆ ژنان نەک ئامرازێک بۆ سووکایەتیپێکردنیان و ئەو نادادپەروەرییەی کە لە ڕێگەی هەندێک لێکدانەوە وە داتاشراوە، کە تەنیا دەرئەنجامی هەڵەی مرۆڤ بووە لە تێگەیشتن و گواستنەوەدا. لێرەوە زانستی فەرموودە دەبێتە پردێکی پێویست لە نێوان دەقی ڕەسەن و واقیعی هاوچەرخدا، هەروەها دەرگای هۆشیارییەکی ئایینی و دادپەروەرانەتر بۆ ژنان دەکاتەوە .

شاهد أيضاً

شەوی بەرات لە نیوان شەرع و نەریتدا

سومەیە مەحمودشەوی بەرات یەکێکە لەشەوە پیرۆزەکانی ساڵ، وشەی بەرات لە البراءةەوە هاتووە، واتە دوور بوون …