هه‌ینی , تشرینی یه‌كه‌م 18 2024

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو… چەکی ئەتۆمی دووەم یان زیرەکی دەستکردی یەکەم

بەشی پێنجەم

محەمەد ئاوات
کاتێک مێژوو دەخوێنینەوە زۆرێک لە جینۆسایدەکان دێنەبەرچاومان، بەڵام جینۆسایدی غەزە کە لەبەرچاوا ڕوودەدات و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەیبینین چی جیاوازە لە هاوکێشەی مێژوودا، ئەو چەکانەی بەرامبەر هاوڵاتیانی غەزە بەکاردێن چین و چۆنیەتی بەکارهێنانەکانی لەلایەن ئیسرائیلەوە چۆنە.

پێش هەموو شتێک ڕۆحی هەموو شەهیدانی غەزە شاد و ئاسوودەبێت.

بریا ئەم بەشە ناوەکەی بە جۆرێکی تر بویایە و بریا ڕەوتەکان بە جۆرێکی تر بڕۆشتایە و، داهێنانێکی هاوشێوەی داهێنانەکەی ئۆپنهایمەر دروست نەبایە، مرۆڤەکان داهێنانیان بۆ چەک بەکار نەهێنایە زۆر و زۆری تریش، بەڵام هەرگیز گرەو لەسەر مرۆڤایەتی ناکرێت کە داهێنانەکان بەرەو ڕەوتێکی هەڵەدا نەبەن.

زیرەکی دەستکرد ئەو ناوەی هەموومان دەیبیستین، ئەمجارە دەچێتە مەیدانی جەنگەوە و، کاریگەریەکانی دەخەینەڕوو، کە چۆن بەکارهاتووە لەلایەن ڕژێمی زایۆنیەوە بەرامبەر هاوڵاتیانی غەزە، Lavenderلاڤاندەر بۆ دەستنیشانکردنی وردی دەیان هەزار هاوڵاتی غەزە بە ئامانجی کوشتن بەکارهاتووە، لاڤاندەر کاریگەریەکی گەورەی هەبووە لەو کوشتارگەی بەرامبەر هاوڵاتیانی غەزە ئەنجامدراوە، لەڕێگەیی هێرشی موشەک و بۆمبارانەوە، تەنانەت بۆ دەستنیشانکردنی جۆری ئەو چەکەی کە بەکاری دەهێنن تایبەت بە ئۆپەرەیشنەکان، لاڤاندەر بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک گومانی لەسەربێت کە ئەندامی حەماسە ڕێگەپێدراوە لەگەڵیدا ١٥ – ٣٠٠ قوربانی بکوژێت بە مەبەستی دیاریکردنی ئامانجەکە.

شعرێکی موتەنەبی هەمیشە لە یادمە و بۆ بابەتەکە بە گونجاوی دەزانم کە دەڵێت:

كُـــلَّـــمَـــا أَنْـــبَـــتَ الـــزَّمَـــانُ قَــنَــاةً رَكَّــبَ الْــمَــرْءُ فِــي الْــقَــنَــاةِ سِـنَـانَـا
هەرکاتێ زەمانە دارێکی ڕێکی بەرهەم هێنا بێت، مرۆڤەکان شتێکی تیژیان پێوە کردوە.
زانست بۆ خزمەتی شەڕ کە لە زۆربەی قۆناغەکانی مێژوودا ئەم شتە دیار و ڕوونە، داهێنانی لەیزەر لە ساڵی ١٩٦٠ و دوابەدوای داهێنانەکە بە ماوەیەکی کورت لەگەڵ چەکدا بەکاردەهات بۆ وردبینی زیاتر لە نیشانەدا، چەکی ئەتۆمی دیارترین و بەناوبانگترین و کوشندەترین داهێنان کە تائێستا داهێنرابێت، ئەو چیرۆکانەی کە بەدوای خۆیدا هێنای و دروستبوون، بۆ یەکەمجار مرۆڤایەتی بیریان لەوە کردەوە کە ئەگەری لەناوچوونیان هەیە ئەگەر سیناریۆیەک و جەنگێکی لەوشێوەیە ڕووبدات ئەم چەکانە تیایدا بەکاربێت.

حەزم دەکرد لە دوای چەکی ئەتۆمیەوە هیچی دیکە نەبوایە، بەڵام ڕەوتی مێژوو واناڵێت و، ئەمە سەرەتایەکە بۆ پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی بۆ خزمەتی شەڕ.

چەکی ئەتۆمی دووەم ؟ یاخود باشترە بڵێم زیرەکی دەستکردی یەکەم ؟

Check Also

شانەی کۆرپەلەی لەباربراو لەکام جۆری بابەتی جوانکاریدا بەکاردێت

بەشی دووەم و: شەهلا عومەر پێداچوونەوەی: د. بێخاڵ ئەبوبەکر بەکارهێنانی شانە کۆرپەلەییەکان لە بابەتەکانی جوانکاریی، …