هەینی , تشرینی دووەم 20 2026

ڕەوتی فێمینیزم لە بیری هاوچەرخدا چەمک، ڕەگ و ڕەخنە لە دیدگای ئیسلامییەوە

کورت کردنەوەیەکی چڕ بۆ کتێبی «الاتجاه النسوي في الفكر المعاصر»ە لە نووسینی لێکۆڵەر (سامية بنت مضحي العنزي). کە لەلایەن (فيصل بن نزال العنزي) پوختەکراوەتەوە.
وەرگێڕان و کورتەی کورت کراوەی کتێب: گۆنا تۆفیق

کە ئامانج لێی شرۆڤەو خستنەڕووی جەوهەر و پێکهاتەی فکریی فێمینیزمە؛ چ لە ژینگەی ڕۆژئاوایی و چ لە ناوەندی عەرەبی و ئیسلامیدا،
ئەم کورتە باسە وێنەیەکی ڕوون دەبەخشێت بە خوێنەر بۆ تێگەشتن لە وەی کە چەمکی فێمینیزم چۆن لە هەناوی مێژووی ڕۆژئاوادا لەدایکبووە، و کاتێک دەگوازرێتەوە بۆ ناو فکری ئیسلامی چ لێکەوتە و جیاوازییەکی مەعریفی و باوەڕیی لێدەکەوێتەوە..
‎یەکەم: چەمک و ڕەهەندە مێژووییەکانی فێمینیزم لە ڕۆژئاوا
‎١. واتا و دیاریکردنی چەمکەکە: وشەی فێمینیزم (Feminism) لە بنەڕەتدا بە مانای بزوتنەوەی ژنان یان بەرگریکاری لە مافی ئافرەت هاتووە، بەڵام لە چەمکە ئیستلاحییەکەیدا بووەتە ئایدیۆلۆژیایەک کە داوای یەکسانیی تەواو و ڕەهای نێوان هەردوو ڕەگەز دەکات لە هەموو کایەکاندا. سەرەتا لە بەریتانیا و فەڕەنسا لە سەدەی نۆزدەهەمدا سەریهەڵدا و پاشان لە سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا گەشەی سەند. د. عەبدولوەهاب مەسیری جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم چەمکە جیاوازە لە «بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان»ی سەرەتایی؛ چونکە فێمینیزم داوای گۆڕینی بنەڕەتی و ڕیشەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی دەکات نەک تەنها چاکسازی لە مافە سەرەتاییەکاندا.
‎٢. هۆکار و پاشخانی مێژوویی سەرهەڵدان: بزوتنەوەی فێمینیزم لە ڕۆژئاوا کاردانەوەیەکی توند بوو بەرامبەر ستەم و چەوساندنەوەیەکی مێژوویی کە ژن لە شارستانیەتی ڕۆژئاوادا چەشتیبووی:

  • شارستانیەتی یۆنانی و ڕۆمانی: ژن وەک بوونەوەرێکی ناتەواو، کەمئەقڵ و کەرەستەی زۆربوون و خزمەت دەبینرا. ئەرستۆ بە «شێواوییەکی سروشتی» ناوزەندی کردووە و ئەفلاتوون لە کۆمارەکەیدا پێگەی هاوسەرگیری تێکدا و ژنانی خستە چوارچێوەی هاوبەشیی گشتی (مشاعیە). لە یاسای ڕۆمانیدا ژن بێ ماف و لەژێر دەسەڵاتی ڕەهای پیاودا بوو.
  • کەنیسە و سەدەکانی ناوەڕاست: دەقە دەستکاریکراوەکانی تەورات و ئینجیل و بۆچوونی قەشەکان (وەک ئۆگەستین و تۆما ئەکویناسی)، ژنیان بە سەرچاوەی گوناهی سەرەکی و شەڕ دەزانی. ژن لە ئەرکی پەروەردەیی و تەنانەت مافی قسەکردن و موڵکداری لە دوای هاوسەرگیری بێبەش کرا.
  • شۆڕشی پیشەسازی و فەڕەنسی: لەگەڵ هاتنی شۆڕشی فەڕەنسی و گەشەی پیشەسازی، ژنان بوون بە هێزی کاری هەرزان لە ناو کارگەکان بەبێ هەبوونی یەکسانی لە مووچە و مافدا، ئەمەش زەمینەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی خۆش کرد.
    ‎دووەم: شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی فێمینیزم لەگەڵ دەقە ئایینییەکان (لاهووتی فێمینیستی)
    بزوتنەوەی ژنان لە ڕۆژئاوا بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی پیاوسالاریی کەنیسە، ئاراستەیەک بە ناوی «لاهووتی فێمینیستی» دروست کرد بە مەبەستی ڕەخنەگرتن لە پەڕتووکی پیرۆز:
  • میکانیزمەکان: پشتیان بە سێ چەمک بەست: «دووبارە خوێندنەوە»«دووبارە تێگەیشتن» و «دووبارە داڕشتنەوە» ی دەقەکان.
  • بەکارهێنانی هێرمینۆتیک (تەئویل): کەرەستە و میتۆدە مۆدێرنەکانی لێکدانەوە بەکارهێنران بۆ ئەوەی دەق لە مانا مێژووییەکەی دابماڵن و بەپێی خواستی سەردەم و بەرژەوەندیی ژن ڕێکیبخەنەوە.
  • دابەشبوونیان: لە فێمینیستە پڕۆتستانتەکانەوە دەستی پێکرد (کە بڕوایان وابوو دەقەکە خۆی کێشەی نییە بەڵکو تێگەیشتنەکەی کێشەیە)، تا دەگاتە فێمینیزمی ڕادیکاڵ کە بە تەواوی ئایین و دەق ڕەتدەکاتەوە.
    ‎سێیەم: ڕەوتی فێمینیزم لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا
    ‎لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و بە درێژایی سەدەی بیستەم، بیرۆکەی فێمینیزم گوازرایەوە بۆ جیهانی ئیسلامی:
  1. قۆناغی چاکسازیی سەرەتایی: لە ڕێگەی شێخەکانی نەهزە و نووسەرانی وەک ڕەفاعە تەهتاوی، محەمەد عەبدە و قاسم ئەمین، کە زیاتر سەرنجیان لەسەر فێرکردن و باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئافرەت بوو.
  2. فێمینیزمی ئیسلامی: ئاراستەیەکە لەلایەن هەندێک لە ئەکادیمی و توێژەرانەوە سەریهەڵدا (وەک ئەمینە وەدوود، ڕەفعەت حەسەن، ئەسما بارلاس، فاتمە مەڕنیسی). ئەم ئاراستەیە دەڵێت قورئان بنەمای یەکسانییە، بەڵام دەقی قورئان و فەرموودە بە درێژایی ١٤ سەدە لەلایەن پیاوانەوە و بە دیدێکی نێرینە و کەلتووریی پیاوسالارانە لێکدراونەتەوە، بۆیە دەبێت شێوازی تێگەیشتنەکە نوێ بکرێتەوە.
  3. فێمینیزمی ڕادیکاڵ و نائایینی: ئاراستەیەکی توندڕەوە کە چەمکی «جێندەر»دەکاتە بنەما. هەموو جیاوازییە بایۆلۆژی و دەروونییە سروشتییەکانی نێوان نێر و مێ ڕەتدەکاتەوە، بانگەشە بۆ لەناوبردنی خێزان، ڕەتکردنەوەی دایکایەتی، ڕەوایەتیدان بە پەیوەندییە نائاساییەکان، و هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی شەریعەت دەکات.
    ‎چوارەم: هەڵسەنگاندنی ڕەخنەیی لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە
    ‎پوختەی کتێبەکە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا ڕەخنە لە بنەماکانی ئەم ڕەوتە دەگرێت:
  4. جیاوازی لە ڕیشە و هۆکاری سەرهەڵدان: فێمینیزم لە ڕۆژئاوا کاردانەوەیەکی سروشتی بوو بەرامبەر ستەمی کەنیسە و کۆمەڵگە؛ لە کاتێکدا ئیسلام بە هاتنی، ئافرەتی لە زیندەبەچاڵکردن و بێمافی ڕزگار کرد، مافی سەربەخۆیی دارایی، میرات، فێربوون و ڕێزی مرۆیی پێبەخشی. بۆیە هێنانی چارەسەرێکی ڕۆژئاوایی بۆ واقیعێکی ئیسلامی، هەڵەیەکی مەعریفییە.
  5. ناڕەوایی سەپاندنی هێرمینۆتیکی ڕۆژئاوایی بەسەر قورئاندا: قورئانی پیرۆز پارێزراوە لە دەستکاری و دەقێکی ئیلاهیی جێگیرە. بەکارهێنانی تیۆرییە گۆڕاوە مرۆییەکان و داماڵینی دەقەکان لە ماناکانیان بە بیانووی «کراوەیی دەق بۆ خوێندنەوەی سەردەمیانە»، دەبێتە هۆی تێکدانی بنەماکانی شەریعەت و لەدەستدانی متمانەی دەقی پیرۆز.
  6. هەڵوێست بەرامبەر فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ): هەندێک لە فێمینیستەکان بە بیانووی ئەوەی فەرموودە پیاوسالارانەیە یان ناکۆکە لەگەڵ یەکسانی، فەرموودە صحیحەکانیان ڕەتکردووەتەوە یان تەنها وەک ڕووداوی مێژوویی بێ بەها سەیریان کردووە. ئیسلام جەخت دەکاتەوە کە سوننەت سەرچاوەی دووەمی تەشریعە و تەواوکەری قورئانە، و لێکۆڵینەوە لە فەرموودە زانستێکی تایبەت و سەلمێنراوی هەیە نەک ئارەزووی فکری.
  7. تەواوکاری نەک ململانێ (یەکسانی بەرامبەر دادپەروەری): ئیسلام دادپەروەری (العدل) و تەواوکاری (التکامل) کردووەتە بنەما، نەک یەکسانییەکی میکانیکیی کوێرانە (المساواة المطلقة) کە سروشتی فیتڕەتی مرۆڤ بشێوێنێت. پیاو و ژن لە بەها و پاداشتی ئایینیدا یەکسانن، بەڵام لە ئەرک و فەرمانە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکاندا هاوسەنگ و تەواوکەری یەکترین، نەک دوو ڕکابەر لە جەنگێکی بەردەوامدا.
  8. پێگەی مێژوویی ئافرەت لە ئیسلامدا: مێژووی ئیسلامی پڕە لە ڕاوێژپێکردنی ژنان (وەک ڕاوێژی پێغەمبەر ﷺ بە ئوم سەلەمە لە پەیماننامەی حودەیبیەدا)، بەشداریکردنیان لە بەیعەت (پەیمانی عەقەبەی دووەم)، و متمانەدان بە مافی ئەمانپێدانی ژن (وەک چیرۆکی ئوم هانیء)، کە بەڵگەی بەشداریی کارا و شکۆمەندانەی ژنن لە کۆمەڵگەدا لە چوارچێوەی ئەخلاق وفەزیلەتدا.

Check Also

ژنە دیار و ماندووەكانی سلێمانی لەکۆندا

ن: زەكیە ڕەشیدلە كۆمەڵگەی كوردییدا زۆر ئافرەتی ئازاو گورج و ڕەوشت بەرزو كارسازو شارەزامان تیادا …