هه‌ینی , تشرینی یه‌كه‌م 25 2024

ئایا برنج دەبێتە هۆی سکچون و ڕشانەوە

توێژەر: ڕێژین ابوبکر صدیق
ماستەر لە (زانستی خۆراک)دا
برنج بە یەکێک لە بەرهەمە خۆراکییە هەرەباوەکان لە جیهاندا بەگشتی و وڵاتانی ئاسیا بەتایبەتی دادەنرێت، وەک (ژاپۆن و چین و هیندستان و تایلاند و عێراق و هتد…..). برنج دەوڵەمەندە بەسەرچاوە خۆراکییەکانی وەک کاربۆهێدرات، بە ڕێژەی ٧٩٪ و پڕۆتین ٧٪ و چەوری لە ٢٪. هەروەها خۆراکێکی وزەبەخشە بۆیە دەتوانرێت وەک ژەمی سەرەکی بەکاربهێنرێت و پشتی پێببەسترێت.
لەگەڵ ئەم ڕاستییانەشدا، ئەگەر برنج بە شێوەیەکی زانستی و تەندروستی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، دەبێتە هۆکار بۆ توشبوون بە نەخۆشی بەهۆی وردە زیندەوەرەکانی وەک کەڕووەکان، کە هۆکاری توشبوونن بە شێرپەنجەی جگەر و بەکتریاکان لە جۆری ( Bacillus cereus)، کە لە دوای خواردنی برنجی پیسبوو بەم بەکتریایە، نیشانەکانی توشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە دەردەکەوێت، چونکە سەرچاوەی یەکەمی ئەم بەکتریایە بریتیە لە خاک و ئاو و هەوا، برنجیش زیاتر لە خاکدا دەمێنێتەوە تا گەشەی پەرەدەسێنێت بۆیە زیاتر برنج بۆ پیسبوون ڕێخۆشکەر قدەبێت، هەرلە کاتی بەرهەمهێنان و بژارکردن و گواستنەوەی بۆ کۆگا و مارکێتەکان و تا کاتی لێنانیش.
ئەم بەکتریایە لە جۆری سپۆڕدروستکەرەکانە، بۆیە توانای مانەوەی لە پلەی گەرمی بەرزدا هەیە، بە جۆرێک سپۆرەکانی توانای بەرگەگرتنی پلەی گەرمی ٨٠ سیلیزیییان هەیە، بۆیە دەبێت کابانی ماڵ بەشێوازێکی تەندروست و زانستیی مامەڵە لەگەڵ برنجدا بکات، پێش لێنان و کاتی لێنان، و نابێت لەدوای لێنان و وەرگرتنی ژەمی پێویست لە پلەی گەرمی ژووردا دابنرێت، بەڵکو دەبێت لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت.
ئەمەش لەبەرئەوەی پلەی گەرمی ژوور یارمەتیدەردەبێت بۆ گەشەی بەکتریاکە و بەرهەمهێنانی ژەهرەکەی لە جۆری ڕشانەوە(emetic) کە توانای بەرگەگرتنی پلەی گەرمی ١٢١ سیلیزیییان هەیە، کە دوای خواردنی برنجی پیسبوو بەم بەکتریایە، بە ٣ تا ٦ کاتژمێر، لەکەسی توشبوودا، دەردەکەوێت. هەروەها ژەهری سکچوون لە جۆری (Diarrheal)، ئەم جۆرەشیان بەکتریاکە بەرهەمیدەهێنێت، لە دوای خواردنی برنجەکە لەناو ڕیخۆڵەی کەسی توشبوودا، تێکڕای دەرکەوتنی نیشانەکان ٦ بۆ ١٥ کاتژمێرە.
هەندێک لە توێژینەوەکان، داتای مردنیان بەم بەکتریایانە تۆمارکردووە، ئەمەش بۆ هۆکاری خراپ هەڵگرتن و باش نەکوڵاندنی برنج گەڕێنراوەتەوە و ئەم داتایانەش زیاترلە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا بە هۆکاری خراپ بەکارهێنانی برنج، تۆمارکراون.
بە پێویستمان زانی لە کوردستانیش توێژینەوەی ورد لە بارەیەوە بکرێت تاکو دڵنیابین لەسەلامەتی ئەو برنجەی بۆ خواردن بەکاردەهێنرێت.
لە توێژینەوەکەدا، (٤٠) نموونە لە برنجی کاڵ لە مارکێتەکان و (٦٠) نموونە لە چێشتخانەکانی شاری سلێمانی و برنجی لێنراوی ماڵەوە وەرگیران، کە تێیاندا (١٧) نمونە لە برنجی کاڵ و (٥) نمونە لە برنجی کوڵاو، بەکتریای جۆری (Bacillus cereus) دۆزرایەوە، دوای ئەوەی بە ڕێگای پشکنەری پێشکەوتوو پشتڕاستکرایەوە، هەریەکە لە ( Polymerase Chain Reaction (PCR) by 16s rRNA gene,Biochemical Test (VITEK2 Compact system))، بەڵام برنجی کوڵاوی ماڵەوە، هیچ جۆرە بەکتریایەکی تێدا نەدۆزرایەوە.
پاش لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ بوونی جینەکانی سکچوون و ڕشانەوە لە بەکتریاکانی ناو برنجی کاڵ و نەکوڵاو دووبارە بەبەکارهێنانی PCR، بۆماندەرکەوت هیچکام لە بەکتریاکان ئەو جینەیان تێدانەبوو کە بەرپرسە لە دەردانی ژەهری جۆری emetic لە دوای دانانی برنجەکە لە پلەی گەرمی ژووردا، بەڵام ئەوجینەی بەرپرسی دەردانی ژەهری جۆری Diarrheal واتە جۆری سکچوون، لە بەکتریاکاندا دۆزرانەوە.
لەم توێژینەوەیەدا ئەوەی زۆر گرنگە و مایەی سەرنج وخۆشحاڵییە ئەوەیە کە ئەم بەکتریا مەترسیدارە لە نموونەکانی برنجی ماڵەوە دا نەدۆزرایەوە، و لە نمونەکانی تریشدا بەوجۆرە مەترسیدارە نەبوون، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێش لێنان برنج مامەڵەی تەندروستی باشی لەگەڵدا دەکرێت تا کاتی پێشکەشکردن.
مامەڵە تەندروستیەکانیش بریتین لە:

  • شتنەوەی برنج زیاتر لە جارێک پێش لێنان.
  • کوڵاندنی ئاوی برنج پێش تێکردنی برنجەکە تا پلەی گەرمی ١٠٠ی سیلیزیی (کاتێک ئاوی برنجەکە دەست بە قوڵپدان دەکات).
  • بەکارهێنانی ڕۆن و خوێی پێویست لە کاتی لێنانی برنج، ڕێگایەکی تەندروستە بۆ نەهێشتنی ناوەندی گونجاو بۆ گەشەی بەکتریاکان.
  • دوای لێنان و وەرگرتنی ژەمی پێویست لە برنجەکە، پێویستە ڕاستەوخۆ بخرێتە ساردکەرەوەوە، تاوەکو ئەگەر بەکتریاکەش لەبرنجەکەدا هەبێت، نەتوانێت لەو پلەگەرمییەدا گەشەبکات و هیچ جۆرە ژەهرو ئەنزیمێک، کە هۆکارن بۆ نەخۆشی، بڕێژێت.
  • دەتوانرێت برنجی کوڵاو بۆ ماوەی ( ٣-٥) ڕۆژ لە ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت.
  • باشتر وایە کە برنج لە بۆکسی پلاستیکی تایبەت بە هەڵگرتنی خۆراک یاخود لە بۆکسی شوشەدا هەڵبگیرێت.
  • پێویستە برنج لە پلەی گەرمی ٧٥ پلەی سیلیزیدا گەرمبکرێتەوە، بە جۆرێک لە مایکرۆوەیڤدا پێویستدەکات (٢-٣) خولەک و لەسەر تەباخ (٥-١٠) خولەک بمێنێتەوە تا بەتەواویی گەرمدەبێتەوە، و باشتروایە لە مەنجەڵی ستیلدا گەرمبکرێتەوە.
    لە کۆتاییدا، مانەوەی ئەم بەکتریایە لە برنجی کاڵدا، بەندە بە ماوەی خەزنکردنی برنج بەشێوەیەکی تەندروست چونکە سپۆرەکانی ئەم بەکتریایە توانای مانەوەیان لە بارودۆخی نالەباردا تەنها ٤٨ هەفتەیە، دەتوانین بڵێین برنجی کیس لە ڕووی مایکرۆبایلۆجیەوە بە بەراورد بە برنجی هەڵڕژاو، زۆر پاک و خاوێنترە.

Check Also

بەکارهێنانی حەب بۆ دواخستنی سوڕی مانگانە لەڕەمەزاندا

چاوپێکەون: د. گوڵاڵە تاهیر ئایا ئەگەر ئافرەتان حەب بەکار بهێنن بۆ ئەوەی سوڕی مانگانەیان بۆنەیەت …