به‌شی دووه‌م
ئاماده‌كردنى : به‌هره عبدالله حمه‌تۆفیق
ڕِۆژی چواره‌م كاكه‌م له‌ئۆردوگای (سهراب فه‌ش)ی نزیك شاری (كه‌نگاوه‌ر)ی سه‌ر به پارێزگای (كرماشان)ه‌وه هات بۆلام له‌گوندی نۆریاو و پاش نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵیدا سهفهرمكرد بۆ ئۆردوگای (سهراب فه‌ش)، تا گه‌شتینه ئه‌وێ شه‌و داهاتبوو،
له‌ڕاستیدا باری ده‌رونیم زۆر په‌شێوبوو، بزه له‌لێوم باری كردبوو، هه‌میشه حه‌زم به‌ته‌نهایی ده‌كرد، چیتر توانام نه‌ما كه‌دان بهخۆمدابگرم و گوتم: كاكه به‌ڕاستی پێم بڵێن ماڵه‌وه‌مان چیان به‌سه‌رهاتووه؟! بۆ دیاریان نه‌بوو؟! بۆ نایه‌ن بۆ ئێره؟! گوتی كاكه‌گیان ڕاستیت ده‌وێت چاوه‌ڕێی كه‌سیان مه‌كه‌و كه‌سیان نه‌ماون و باوكم و دایكم وه شنۆ‌و شه‌هێن و شلێر و به‌هره‌ی گوڵاڵه له‌نه‌خۆشخانه‌ی پاوه‌دا پاش سێ ڕۆژ مانه‌وه‌یان شه‌هیدبوون، ئهشڵیـََن باوكم و به‌هره‌ش هه‌ر بـهشههیدی هێنراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كه‌و جه‌میل و گوڵاڵه‌و ڕۆشناش براونه‌ته تاران و له‌نه‌خۆشخانه‌كانی تاران‌دا به‌برینداری و له‌ماوه‌ی 15 ڕۆژدا به‌دوای یه‌كدا شه‌هیدبوون!!
له‌ڕاستیدا كه ئه‌و قسانه‌م بیست لهكاكهم حه‌په‌سام و گه‌رووم وشكبوو! هیچ قسه‌م بۆنه‌كرا! پاشان ده‌ستمكرد به‌گریان به‌ده‌نگی به‌رز.
پاش تێپه‌ڕبوونی (45 ڕۆژ) لهدهرچوونم له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ی تاران له‌گه‌ڵ كاكه‌مدا به‌مه‌به‌ستی بینینه‌وه‌م له‌لایه‌ن دكتۆرهكهمهوه سهفهرمانكرد بۆ تاران، خانمێك له پرسگه‌ی نه‌خۆشخانه دانیشتبوو، هه‌ركه منی بینی به‌پیرمانه‌وه به‌په‌رۆشه‌وه هات و به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی لێكردین و زۆر له‌باری ته‌ندروستی منی پرسی، دیاربوو منی به‌باشی ده‌ناسی.
ئه‌و ئافره‌ته فه‌رمانبه‌ره لێمی پرسی: چاره‌نووسی بــاوك و دایكت و ئه‌وانت زانی؟ بهكزییهكهوه گوتم: به‌ڵێ هه‌واڵیانم زانی، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان شه‌هیدبوون!
ئافره‌ته‌كه زۆر دڵته‌نگبوو، چاوه‌كانی پڕبوون له‌فرمێسك و ده‌ستی به‌گریان كرد‌و تاچه‌ند خوله‌كێك هیچ قسه‌ی بۆنه‌كرا، پاشان چووین بۆ لای دكتۆر رهزوانى، هه‌ر له‌دووره‌وه كه‌منی به‌دیكرد ده‌ستیكرد به‌پێكه‌نین و خۆشی ده‌ربڕین، ئه‌وانه‌ی له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا پێشتر ئاگاداری بارودۆخی من بوون هه‌ر هه‌موویانی بانگكردو پێیگوتن وه‌رن ته‌ماشاكه‌ن كامیل چه‌ند چاكبووه‌ته‌وه!!
هه‌موویان هاتن بۆ لام و گوتیان شوكر بۆخوا زۆر باشبوویت! كاكهشم به‌بێزاریه‌وه گوتی: كام چاك بوونه‌وه؟! خۆ داماوه به‌رده‌وام ده‌كۆكێ و تهنگهنهفهسهو، جاری واش هه‌یه له‌وه‌دایه بخنكێت و زۆر بێهێزو لاوازه، دكتۆر ڕهزوانیش گوتی: باوكم تۆ چوزانی ئه‌م كوڕه كاتێك هێنایان و سپاردیان به‌ئێمه‌و به‌م نه‌خۆشخانه‌یه له چ بارودۆخێكدا بووه! ئه‌م كوڕه هه‌ر مردبوو، كه‌س به‌ته‌ما نه‌بوو بمێنێ و ڕۆژێك بێت و به‌قاچی خۆی بگه‌ڕێت! ئێستا زۆر زۆر باشه له‌چاو جاران.
هه‌ندێك پشكنینی پزیشكی بۆ كردم و پاشان پێی‌گوتم: باش گوێم بۆ بگره كامیل، ئه‌و چه‌كه‌ی له‌ئێوه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یی دراوه چه‌كێكی ئاسایی نه‌بووه‌و هه‌زاران كه‌سی له خه‌ڵكی شاره‌كه‌ت شه‌هیدكردووه به خانه‌واده‌كه‌ی تۆشه‌وه! وه هه‌روا به خێرایی و به‌ئاسانی چاكنابیتهوه، به‌ڵام به‌چاودێری پزیشكی ورد‌و ده‌رمان به‌كارهێنان ئومێد زۆره كه‌باشتر بیت یان كۆنترۆڵی نه‌خۆشیه‌كه‌ت بكرێت، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ك پێش كیمیایابارانهكهت لێ نایه‌ته‌وه، ده‌بێت هه‌موو 45 ڕۆژ جارێك بێیته‌وه تاران و بتبینمه‌وه.
له‌كۆتاییه‌كانی مانگی ئه‌یلولی ساڵی1988 دا هاتینه‌وه خاكی عێراقه‌وه.
له‌ودیو سنوری ئێرانه‌وه ئیڤاو ئۆتۆمبیله سه‌ربازیه‌كانی عێراق ڕیزیان به‌ستبوو و بردیانین بۆ عه‌ربه‌ت و له‌وێ دایان به‌زاندین و پاش چه‌ند كاتژمێرێكیش مانه‌وه‌مان له‌و شوێنه‌دا سه‌ریان خستینه‌وه ئۆتۆمبیله سه‌ربازیه‌كان دواتر له‌سلێمانیش تێپه‌ڕین و زۆر ترساین، گوتمان ئه‌بێ بۆ كوێمان به‌رن؟!، چ هه‌ڵه‌یه‌كمان كرد؟! هه‌ركه گه‌شتینه كۆمه‌ڵگای باینجان ئۆتۆمبیله‌كان لایانداو خه‌ڵكه‌كه‌یان هه‌رهه‌مووی له‌و ده‌شته‌دا فڕێ‌دا.
له‌گه‌ڵ ماڵى هه‌ڵاڵه‌ی خوشكم هه‌ڵاتین و باینجانم به‌جێهێشت و چووین بۆ ئۆردوگای زۆره‌ملێی (نه‌سر) بۆ ماڵی مامم.
دواتر حكومه‌تی سه‌ددام خه‌ڵكه‌كه‌ی گواستبووه‌وه بۆ ئۆردوگای زۆره‌ملێی (گرده‌چاڵ) له پارێزگای هه‌ولێر.
ساڵی 1988ـ1989چه‌ندجارێك له نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانیدا خه‌واندمیان، جاری وا هه‌بووه (24 ڕۆژ) له‌نه‌خۆشخانه كه‌وتووم، نه‌شم ده‌وێرا به دكتۆره‌كه‌م بڵێم كه به‌كیمیاوی وام به‌سه‌رهاتووه!
پێیان گوتم: كاكه تۆ لێره چاره‌سه‌ر ناكرێیت و پێویسته بچیت بۆ نه‌خۆشخانه‌ی به‌غداد، منیش له‌ڕاستیدا پاره‌ی سه‌فه‌ركردنم نه‌بوو، داوای قه‌رزم له‌چه‌ند كه‌سێك كرد پێیاننهدام.
ساڵی خوێندنی (1989ـ1990) وێڕای نه‌خۆشی زۆرم ئه‌ویش چۆنیه‌تی گه‌شتنم به خوێندنگه بوو له‌ئۆردوگای نه‌سره‌وه بۆ سلێمانی به‌تایبه‌تی كه زۆر نه‌دار و نه‌خۆش بووم و كه‌سێكیش نه‌بوو خه‌رجیم بكێشێت! سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه ئه‌و ساڵه به‌و هه‌موو گرفته‌وه و له‌پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیدا له‌تاقیكردنه‌وه وهزاریهكاندا سێیه‌می هه‌موو خوێندگه ئیسلامیه‌كان بووم له‌عێراقدا.
به‌هۆى خراپى ته‌ندروستیمه‌وه زۆر سه‌ردانى به‌غدادم كرد هه‌ندێك له‌دكتۆره‌كان هه‌ر وه‌ڵامیان نه‌ده‌دامه‌وه كه ده‌مگوت به‌هۆى كیمیاییه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌وه واملێهاتووه یه‌ك دوو دكتۆریش ده‌یانگوت بێده‌نگبه‌و وامهڵى لاى كه‌س، چونكه ئه‌گه‌ر بزانن له‌ناوت ده‌به‌ن، من زۆر بێتاقه‌ت بوو بووم له‌ژیانى خۆم له‌لایه‌ك به‌ده‌ست ئه‌و هه‌مووه ئازاره‌وه ده‌مناڵاند و له‌لایه‌كى تریشه‌وه نه‌مده‌وێرا بچمه لاى دكتۆر‌و باسى نهخۆشیهكهمیان بۆ بكه‌م و به‌بێ كه‌س و به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌سێك سه‌ردانم بكات له‌نه‌خۆشخانه‌دا ده‌كه‌وتم و چه‌ندین ڕۆژ ده‌مامه‌وه ته‌نانه‌ت لهجهژنیشدا ده‌مویست نه‌یه‌مه‌وه، به‌ڵام كه دكتۆر ده‌یگوت برۆ بۆ لاى كه‌سوكارت نهمدویرا بڵێم ماڵه‌وه‌مان نه‌ماون.
وێڕای ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشیه له‌به‌ر نه‌بوونی به‌ناچاری ساڵی (1990) چه‌ندینجار سه‌فه‌رم كرد بۆ به‌غدادو بۆ دابینكردنی بژێویم و خه‌رجی ساڵی داهاتووی خوێندنم چه‌ندین شاگردى جۆراو جۆرم كرد و هه‌ندێكجار كارى قورس و گرانم ئهنجاممدهداو زۆر ماندووش ده‌بووم.
گه‌ڕاینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه به‌ڵام له (4/4/1991) دا دیسانه‌وه زلهێزه‌كان كردینیانهوه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، هه‌ڵهاتین و كۆڕه‌وه 2 ملیۆنییه مێژوویه‌كه ئه‌نجامدرا و ئێمه‌ش پێشتر گهزرا بووین له‌ترسى ئه‌وه‌ى دیسانه‌وه كیمیاییمان پیادانهكهنهوه ههڵاتینهوه بۆ ئێران، چه‌ندمانگێك له‌و ئۆردوگایه‌دا بووم و پاشان به‌ته‌نها گه‌ڕامه‌وه بۆ كوردوستان و ڕۆشتم بۆ سلێمانی و ڕۆشتم بۆ خوێندنگه‌كه‌م، كه‌گه‌شتمه ئه‌وێ بینیم سه‌رقاڵی تاقیكردنه‌وه‌ی وانه‌كانن، پاشان به‌ڕێوه‌به‌رم بینی و پێیڕاگه‌یاندم كه ئه‌مڕۆ پێنجه‌مین تاقیكردنه‌وه‌یه‌و هه‌لی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌م له‌ده‌ستچووه‌و گوتی تازه كه‌وتویت، منیش زۆر خه‌مباربووم و گوتم: مامۆستا من ئه‌و هه‌موو ڕێگه‌م بڕیوه… چیرۆكه‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه، ئه‌ویش گوتی تۆ بڕۆ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌وه‌و تاقیكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌نجامبده دواتر ئه‌گه‌ر چاره هه‌بوو چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، گوتم: ئاخر هیچ كۆششم نه‌كردووه، گوتی ده‌تناسم به‌شی ده‌رچونت پێیه، تاقیكردنه‌وه‌م ئه‌نجامدا و پاشانیش نمره‌ى (69)م وه‌رگرت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ند مانگیش بوو نهمخویندبووهوه، ئه‌و ساڵه پاش ته‌واوكردنی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌كه‌وتنی مسۆگه‌ره‌وه چاره‌نووسم گۆڕا بۆ ئیكمال بوون له2وانه‌دا، وه خولی دووه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی دوو وانه‌كه‌م ئه‌نجامداو به‌نمره‌ی زۆر به‌رزیش ده‌رچووم .
ساڵی خوێندنی 1993 ـ1994 له زانكۆی سلێمانی ـ كۆلێژی زمان ــ به‌شی خوێندنی ئیسلامی وه‌رگیرام، تاوه‌كو قۆناغی چواره‌می زانكۆشم ته‌واوكرد ژیانم به‌م شێوه‌یه بوو، ڕۆژێك له‌جێگاو ڕۆژێك له‌زانكۆ ته‌واوكرد! له‌ڕووه دهروونیهكهشهوه هێجگار خه‌مباربووم، جه‌ژنی وه‌ها هه‌بووه به‌ته‌نها له ژووره بچكۆله بێ كاره‌باكه‌ی به‌شی ناوخۆیی زانكۆدا به‌ته‌نها جه‌ژنم كردووه‌و نه‌چوومه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی بێ باوك و خێر له‌خۆنه‌دیو.
له‌قۆناغی چواره‌می زانكۆمداو له ساڵی1997دا نه‌خۆشی به‌ته‌واوی تهنــگی پێهه‌ڵچنیم و توشی خوێنبه‌ربوونی ده‌زوله خوێنیه‌كانی سیه‌كانم بووم و داخڵی نهخۆشخانهبوومهوه، دواتر‌و پاش دابڕانم بۆ پتر له (40) ڕۆژ له‌زانكۆ هاتمه‌وه بۆ زانكۆ‌و ده‌ستمكرده‌وه به ده‌وام و هه‌رچۆنێك بوو قۆناغی چواره‌مم له‌زانكۆ بهكۆتاگهیاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیم بوو له‌وساڵه‌دا ئه‌وه‌بوو وێڕای هه‌موو گرفته گه‌وره‌كانی ژیانم و نه‌خۆشی یه‌كێك بووم له 10 یه‌كه‌مه‌كانی كۆلیژه‌كه‌مان و به‌پله‌ی (زۆر باشه) بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسم وه‌رگرت.
پاش دامه‌زراندنم و له‌ساڵی1998دا هاوڕێكانم كچێكیان بۆ دۆزیمه‌وه كه مامۆستا بوو و چوومه قۆناغی هاوسه‌رگیریه‌وه‌و ئه‌و كه‌سه‌ی كه هاوشان و شیاوی من بوو خوای گه‌وره كردی به نسیبم و قۆناغێكی نوێی ژیانم ده‌ستیپێكرد. ژنێكى زۆر باشه و له‌نه‌بوونی مندا باوك و دایك و هه‌موو شتێكه بۆ منداڵه‌كانم، چونكه جاری واهه‌بووه نزیكه‌ی 45 ڕۆژ له‌عێراقیشدا نه‌بووم.
من زۆر به‌زه‌یم بهمنداڵهكانمدا دێته‌وه، چونكه منداڵه‌كانی من حه‌زیان له‌گه‌ڕانه، به‌ڵام باوكیان ئه‌و حهزهیانی كوشتووه‌و، ته‌نانه‌ت تامه‌زرۆن باوكیان بۆجارێك له‌باوه‌شیان بگرێت به‌ڵام ئه‌و ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بێت و ناتوانێت! (ئه‌شكان) لێم ده‌پرسێت: بابه بۆ ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بكه‌وین كه ده‌رمانمان خوارد چاك ده‌بینه‌وه، به‌ڵام هه‌موو ڕۆژێك تۆ ده‌رمانێكی زۆر ده‌خۆیت كه‌چی چاكیش نابیته‌وه؟!
مامۆستایانی (شیار) ی كوڕم ده‌گێڕنه‌وه بۆم و ده‌ڵێن به ڕوخساری كوڕه‌كه‌دا هه‌واڵی تۆ ده‌زانین، كاتێك ده‌بینین مات ده‌بێت و خه‌یاڵی ده‌ڕوات هه‌ست ده‌كه‌ین هۆشی لای تۆیه‌و تۆ باری ته‌ندروستیت خراپتر بووه، یه‌كێك له مامۆستاكانی (شیار) كه ناسراومه بۆیگێڕامه‌وه گوتی: ڕۆژێكیان هه‌ستمده‌كرد (شیار) هۆشی لای من نییه له‌وانه‌كه‌دا بۆیه به پێویستمزانی پرسیاری تۆی لێبكه‌م و لێم‌پرسی شیار باوكت چۆنه؟ ئه‌ویش به كزۆڵیهكهوه وه‌ڵامیدامه‌وه، گوتی: مامۆستا باوكم زۆر نه‌خۆشه‌و سه‌فه‌ری كردووه بۆ تاران بۆ ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری چاوی بۆ ئه‌نجامبده‌ن، توخوا دوعای خێری بۆ بكه با چاكبێته‌وه.
پاش هه‌وڵدانێكى زۆر بۆچارهسهریم له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات له‌به‌رواری 26/7/2008دا پێیان ڕاگه‌یاندم كه‌ده‌بێت له كاتژمێر4ی شه‌و له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه سه‌فه‌ر بكه‌یت بۆ (عه‌ممان) و له‌وێشه‌وه بۆ ڕۆما.
گه‌شتینه فڕۆكه‌خانه‌ی ڕۆما، ڕۆشتم بۆ به‌شی وه‌رگرتنه‌وه‌ی جانتاكانی فڕۆكه‌خانه‌كه، زۆر چاوه‌ڕێمكرد جانتاكه‌م هه‌رنه‌هات، هه‌موویان جانتاكانی خۆیان وه‌رگرته‌وه به‌ڵام من جانتاكه‌م هه‌ر نه‌بوو، ئه‌مویست له‌گه‌ڵ یه‌كێكدا قسه بكه‌م و لێم تێبگات كهسنهبوو، زیاتر له3 كاتژمێر من له‌و شوێنه‌دا گیرم خواردبوو، وه گیرۆده‌ی بزربوونی جانتاكه‌م بووم، ناچار په‌نام برد بۆ یه‌كێك له فه‌رمانبه‌رانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌و هه‌رچۆنێك بێت به ئینگلیزی تێمگه‌یاند كه من جانتاكه‌م نه‌گه‌شتووه‌و ده‌بێت چی بكه‌م، ئه‌وانیش به‌ڵێنیاندا كه هه‌وڵده‌ده‌ن جانتاكه‌م بدۆزنه‌وه، هاتمه ده‌ره‌وه له فڕۆكه‌خانه به‌ڵام كه‌سم نه‌دیت، زۆر چاوه‌ڕێم كرد كه‌س نه‌هات، ته‌واو نیگه‌ران و بێ ئومێد بووم، تا ئاستێك خۆزگه‌م ده‌خواست كه له ماڵی خۆمدا بمردمایه‌و ئه‌م سه‌فه‌ره‌م نه‌كردایه.
پاش ماندووبوونم له چاوه‌ڕوانیدا بڕیارمدا چاوه‌ڕێی كه‌س نه‌كه‌م، باری ته‌ندروستیشم هێنده‌ی تر خراپتربوو، زۆر كێشه و گرفتم توشبوو تا توانیم په‌یوه‌ندى بكه‌م به‌كاك هه‌ژاره‌وه، هه‌ر كه كاك هه‌ژار هات به‌ده‌ممه‌وه وامده‌زانی هه‌ر هه‌شت شه‌هیده‌كه‌م زیندووبوونهتهوهو به‌پیرمه‌وه هاتوون هێنده دڵم كرایه‌وه.
پاشان له‌گه‌ڵ كاك هه‌ژار چوینه ماڵه‌وه‌و هێنده ماندووبووم ده‌ستبه‌جێ ڕاكشام و تابهیانیهكی دره‌نگ به‌خه‌به‌ر نه‌هاتم.
كاك هه‌ژار گوتی مامۆستا تۆ ئه‌مڕۆ ده‌بێت سه‌فه‌ركه‌ی بۆ شاری (فلۆرنسا)، بههاوكاى كاك هه‌ژار بلیتی شه‌مه‌نده‌فه‌ری شاری فلۆرنسامان بڕی، كاك هه‌ژار پێیڕاگه‌یاندم كه ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی بڕیاره هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی تێدا بدرێت بۆمن له‌شاری فلۆرنسایهو گوتیشی كهگهشتیته ئه‌وێ براده‌رێكی كوردی خانه‌قینی به‌ناوی كاك نازم كه له‌و شاره‌دا ده‌ژی دێت بهدهمتهوهو ده‌تبات بۆ خه‌سته‌خانه‌و خه‌مت نه‌بێت.
كه گه‌یشتم كاك نازم به‌ره‌و ڕوومهات و گوتی به‌خوا هه‌ر له‌دووره‌وه شێوه‌م كردیت و گوتم هه‌بێت و نه‌بێت ئه‌و كوڕه‌یه كه وه‌ستاوه‌و به‌جلوبه‌رگ و ڕوخسارتدا ناسیمیتهوه.
پاشان كهوتینهڕێی و گه‌شتینه (نه‌خۆشخانه‌ی كهرهیجی) ئه‌و شاره‌و له‌وێش پاش خۆناساندنمان و ئه‌نجامدانی هه‌ندێك پشكنینی پزیشكی خه‌واندمیان و بووم به نه‌خۆشی پرۆفیسۆر (لۆپێز پێگنا) و شانده هاوكاره‌كه‌ی كهدكتۆرێكی كه‌مئه‌ندام بوو وه به‌كورسی جوڵاو ده‌یانگێڕا، به‌ڵام تا بڵێی كابرایه‌كی پڕ وزه‌و لێوان‌لێو بوو لهئارامگری و وریایی.
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی پشكنینی سی تی سكان و چه‌ند پشكنینێكی دیكه‌م كه‌وته به‌رده‌ستیان پێیان ڕاگه‌یاندم كه به‌داخه‌وه ناتوانن شتێكی ئه‌وتۆم بۆبكه‌ن و گوتیان ئێمه ته‌نها ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی كاتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ت بۆ بده‌ین له‌م ماوه‌یه‌دا كه له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ماندا ده‌بیت كۆنترۆڵی نه‌خۆشیه‌كه‌ت بۆبكه‌ین و نه‌هێڵین خراپتربیت چونكه ئه‌و گازه كیمیاییانه‌ی ههڵتمژیوه له‌هه‌ڵه‌بجه زۆرێك لهسیهكانی خه‌سار كردوویت و گوتیان به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ناتوانین چاكی بكه‌ینه‌وه‌و نه ئێمه‌و نه هیچ پزیشكێكی دیكه‌ی دونیا‌و ته‌نها ئه‌وه‌نده هه‌یه تۆ ده‌بێت هه‌میشه له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكدا بیت تاوه‌كو بارودۆخی ته‌ندروستیت به‌ره‌و خراپتر نه‌ڕوات و ده‌بێت بایه‌خی تایبه‌ت و زۆر گرنگت پێبدرێت، پاش (39) ڕۆژ مانه‌وه‌م له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر باری ته‌ندروستیمدا نه‌هات.
كۆتا ڕۆژ دكتۆره‌كانم پێیان ڕاگه‌یاندم كه‌باری ته‌ندروستیم جێگیر نیه‌و خراپه‌و ئه‌وانیش له‌وه زیاتریان پێناكرێت، وه گوتیان ته‌نها چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه سیه‌كانت بۆ بگۆڕرێت ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتوو نیه‌و تاوه‌كو ئێستاش له‌جیهاندا ئه‌و چاندنه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه ئێمه‌ش ناتوانین یاری به‌گیانی تۆ بكه‌ین له‌م ته‌مه‌نه كهمهتدا.
هه‌رچه‌ند داوام لێ‌كردن ڕێگه چاره‌یه‌كم بۆ بدۆزنه‌وه گوتیان له ئه‌مڕۆدا هه‌رئه‌وه‌نده‌مان پێده‌كرێت كه بۆمان كردیت، دكتۆره‌كان گوتیان سیه‌كانت زۆرێكی له‌كار كه‌وتوون، بۆری و بۆرێچكهكانی سیه‌كانت به‌هۆی سوتانیانه‌وه به‌گازی كیمیایی داخراون یاخـود نیـمچـه داخــراون، بـه‌رده‌وام تووشی هه‌وكردن ده‌بن، دڵت به‌په‌له لێده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ئۆكسجین بگه‌یه‌نێته هه‌موو له‌شت، به‌ڵام زۆر لێده‌دات و ئۆكسجینی كه‌م ده‌گه‌یه‌نێت، گوتیان خوێنت ئۆكسجینی كه‌مه وه پێویست ده‌كات به ئامێری پێدانی ئۆكسجین هه‌موو كاتژمێرێك 30 تا 45 خولهك ئۆكسجینت پێبدرێت، ده‌بێت هه‌میشه له‌ژێر چاودێری پزیشكدا بیت تا كۆنترۆڵی حاڵه‌ته‌كه‌ت بكرێت.
پاش چه‌ند ڕۆژێك لهگهرانهوهم له ڕۆما دووباره تووشی په‌تایه‌كی هێجگار قورس بووم، پاش سێ هه‌فته ده‌رمان و چاره‌سه‌رو كه‌وتن له‌جێگادا كه‌مێك باشبووم.
له مانگی 1/2009 دا له‌لایه‌ن دادوه‌ری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه نامه‌یه‌كم پێگه‌شت كه‌تیایدا داوای كردبوو لێم كاتژمێر9ی سه‌رله‌به‌یانی1/2/2009 له‌دادگای باڵای تاوانه‌كان له به‌غداد ئاماده‌بم به‌مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی ئیفاده‌و سكاڵا تۆماركردنم له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا.
له‌ڕاستیدا كه ئه‌و نامه‌یه‌م پێگه‌شت زۆر سه‌بوریم بۆهات و گه‌لێك دڵخۆشبووم، چونكه ده‌مێك بوو چاوه‌ڕێی نامه‌یه‌كی ئاواهی بووم، چونكه نزیكه‌ی بیست و یه‌ك ساڵ‌بوو من سكاڵای خۆم لای كه‌سانێك ده‌كرد كه بێجگه له دڵدانه‌وه‌م و ئاشتكردنهوهم هیچیان پێنه‌ده‌كرا، به‌ڵام له كاتێكدا داوام لێكرا كه له‌دادگا ئاماده‌بم زۆر نه‌خۆشبووم، هاوسه‌ره‌كه‌م به‌باشی نه‌زانی سه‌فه‌ربكه‌م بۆ به‌غدادو گوتی زۆر نه‌خۆشیت و پێویستیت به‌وه‌یه كه سه‌ردانی نه‌خۆشخانه بكه‌یت و بخهوێندرێیت؟! به‌ڵام هێنده تامه‌زرۆی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانبارانه بووم گوتم هه‌ر ده‌ڕۆم ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له هۆڵی دادگاشدا بمرم هه‌ر ده‌چم.
له‌سلێمانیه‌وه كه‌وتینه ڕێ بۆ به‌غداد بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌بین له‌دادگادا، ژماره‌مان وه‌ك سكاڵاكار له‌و سه‌فه‌ره‌دا 10 سكاڵاكار بوو، پارێزهرهكانیشمان هاوه‌ڵییان ده‌كردین.
ڕۆژی دواتر پێش ده‌ستپێكردنی دانیشتنی دادگا تووشی له‌رزو تایه‌كی زۆر ناڕه‌حه‌ت بووم، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وه‌كو نه‌توانم دواتر سكاڵاكه‌م له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا پێشكه‌ش بكه‌م، پارێزه‌ره‌كانم داوایان لێكردم كه‌یه‌كه‌مین كه‌س من سكاڵاكه‌م پێشكه‌ش بكه‌م، دانیشتنه‌كانی دادگا ده‌ستی پێكردو بانگیانكردم بۆ پێشكه‌ش كردنی ئیفاده‌و سكاڵاكه‌م.
هێنده‌ی فراوانی هه‌موو دونیا هه‌ستم به‌خۆشی ده‌كرد كه‌خوای گه‌وره ده‌روویه‌كی ئاواهی لێكردینه‌وه ئه‌وانه‌ی چی‌یان له‌ده‌ستهات به‌رامبه‌رمان كردیان ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م منی قوربانی و گه‌لانی دونیادا ڕاپێچی دادگا كراون و ملكه‌چی یاساكراون وزه‌لیل و بێ ده‌سته‌ڵات و تێك‌شكاون.
چیرۆك و باسى خۆم و شه‌هیده‌كان باسكرد‌و له‌گه‌ڵ وێنه‌كانیان به شه‌هیدكراوی خسته به‌رده‌ست دادگا‌و ئه‌و ڕاپۆرته پزیشكیانه‌ی خۆشم خسته‌ڕوو، وه‌دام به‌دادگا كه ده‌یسه‌لمێنن من به‌گازی كیمیایی چیم به‌سه‌رهاتووه‌و به‌وێنه ڕێژه‌ی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی كه ده‌بێت له‌مانگێكدا بیخۆم و بهكاریانبهێنم خستمه‌ڕوو، له‌به‌رامبه‌ردا دادگا زۆر ناڕهحهتبوو به به‌سه‌رهاته‌كه‌م و خودی دادوه‌ر هه‌ستمده‌كرد زۆر دڵته‌نگبووه.
ئیتر ئامێری ئۆكسجینهكهم خسته ئۆتۆمبیله‌كه‌م؛ چونكه تاكه سه‌رچاوه‌ی هه‌ناسه‌دان بوو بۆم، جارێك به‌ره‌و بانك به‌ڕێكه‌وتم، بۆ وه‌رگرتنی موچه‌ی شه‌هیدانه‌و مینحه‌ی برینداریهكهم (ئه‌شكان) ی كوڕیشم هات له‌گه‌ڵمدا.
له‌نه‌بوونی جێگا ئۆتۆمبیله‌كه‌م دوور له‌بانكی هه‌ڵه‌بجه ڕاگرت، بهئهشكانى كوڕم وت تۆ له ئۆتۆمبیله‌كه‌دا بمێنه‌ره‌وه؛ به‌ڵام هه‌ر كهزانیت دره‌نگ كه‌وتم و نه‌گه‌ڕامه‌وه به‌په‌له ئه‌م ئامێری ئۆكسجینهم پێبگه‌یه‌نه، ئه‌و ڕۆژانه، باری ته‌ندروستیم زۆر خراپتر بوو بوو، هه‌ناسه‌م زۆر توند‌و كورتبوو، به‌زه‌حمه‌ت ده‌متوانی ڕێگا بكه‌م.
هه‌رچۆنێك بوو، گه‌شتمه بانكی هه‌ڵه‌بجه‌و خێرا موچه‌كه‌یان پێدام و گه‌ڕامه‌وه، له‌ڕێگه‌دا هه‌ناسه‌توندی به‌ته‌واوی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیم، توانای ڕێكردنم نه‌ما و قاچه‌كانم له‌شوێنم نه‌ده‌هاتن ئیتر توانام نه‌ماو هه‌ر له‌وێدا پاڵمدا بهدیوارێكهوهو دانیشتم ئه‌وه‌نده هه‌ناسه‌م توندبوو خه‌ریكبوو ده‌خنكام.
هێنده‌ی نه‌برد ئۆتۆمبیلێك له‌به‌رده‌ممدا ڕاوه‌ستا، دوو كه‌سی لێدابه‌زی، دوو هاوڕێم بوون، هاتنه ژێر باڵم و وتیان باخێرا بتبه‌ین بۆ نه‌خۆشخانه، وتم ئامێری ئۆكسجینهكهم له ئۆتۆمبیلهكهمدایه، جارێ ئه‌وه‌م بۆ بهێنن، له‌وكاته‌دا ئه‌شكانی كوڕم هه‌ستی به نیگه‌رانی كردبوو كه زۆرم پێچوو بوو، به‌ئامێری ئۆكسجینهكهوه گه‌شته لامان، خستمیانه ناو ئۆتۆمبیل ئامێری ئۆكسجینه‌كه‌یان بۆ دانام تا گه‌شتینه به‌شی بوژانه‌وه‌ی دڵ له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی هه‌ڵه‌بجه، له‌وێ داخڵكرام و ئۆكسجینم بۆ دانراو له‌و ڕۆژه به‌دواوه ئیتر ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ هه‌ستم به‌خراپی باری ته‌ندروستیم دهكردو چیتر نه‌مده‌توانی بێ هاوكاری ئامێری پێدانی ئۆكسجین هیچ جوڵه‌یه‌ك بكه‌م و ته‌نها یه‌ك هه‌نگاویش بنێم، به‌شه‌ودا حاڵم خراپتر ده‌بوو، به‌یانیان له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستام خه‌ریك بوو سه‌رم شه‌ق به‌رێت، سه‌رئێشه‌یه‌كی هێجگار قورسم توشدههات.
ده‌بوا سه‌ردانی پزیشكه‌كه‌ی خۆمم بكردایه‌ته‌وه له‌تاران، به‌ڵام ئیتر نه‌مده‌توانی وه‌ك جارانی پیشوو به ویستی خۆم سه‌فه‌ربكه‌م.
به ئۆتۆمبیلێكی فریاكه‌وتن تاوه‌كو مه‌رزی باشماخ، ئامێرێكی هه‌ناسه‌دانی گه‌وره‌م هه‌بوو، له‌گه‌ڵ خۆماندا هێنامان و پاشان گه‌یشتینه وڵاتى ئێران و له‌شارى مه‌ریوان ناسراوێك به‌هانامانه‌وه هات و به‌سوود وه‌رگرتن له پاتری ئۆتۆمبیله‌كه‌ی، ئامێری ئۆكسجینهكهمان ئیشپێكرد؛ چونكه نه‌ده‌بوا ئۆكسجینم لێببڕێت ده‌نا ده‌خنكام. ئۆتۆمبیلی فریاكه‌وتنى ئه‌هلیمان له‌ئێران به‌كرێگرت تا بمانگه‌یه‌نێته تاران، به‌هه‌ر ده‌ردی سهریهكبوو نزیكی خۆرئاوابوون سه‌ركه‌وتین بۆناو ئۆتۆمبێلى فریاكهوتنهكهو كه‌وتینه‌ڕێ و ڕۆژی دواتر له‌گه‌ڵ گزنگی به‌یاندا گه‌شتینه شاری تاران، له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی تاران و نه‌خۆشخانه‌ی (ساسان) و له‌وێ داخڵكرام.
پزیشكه‌كه‌م هات و چاوی پێمكه‌وت و چه‌ند پشكنینێكی بۆ ئه‌نجامدام، هۆكاری ته‌نگه‌نه‌فه‌سیه زۆره‌كه‌م و سه‌رئێشه زۆرهكهمی پێڕاگه‌یاندم و ڕاشكاوانه پێیوتم: سییه‌كانت حاڵیان زۆرخراپه، به‌تایبه‌تی كاتێك كه ئه‌خه‌ویت سییه‌كانت زۆر به‌توندی داده‌خرێن و ئه‌و ئامێری ئۆكسجینهش توانای ئه‌وه‌ی نییه به‌فشار ئه‌و ئۆكسجینه‌ی پێویسته بیگه‌یه‌نێته سیه‌كان و مێشكت، له ئه‌نجامدا ئه‌و سه‌رئێشه قورسه‌ت بۆ دروست ده‌بێت.
دكتۆر وتی ده‌بێت ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد بكڕی، هه‌ر كاتێك خه‌وتی ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئامێری پێدانی ئۆكسجینهكهشدا ئه‌و ئامێره‌ش به‌كاربهێنی، تا ئۆكسجین بگه‌یه‌نێته سییه‌كان و مێشكت.
وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به‌سوپاسه‌وه ئامێره‌كه‌یان بۆ دابینكردم، كه شه‌و بهكارمئههێنا حاڵم باشترده‌بوو، سهرئێشهكهم زۆر كه‌میكردو دواتر ڕۆشتین بۆ نۆرینگه‌ی پزیشكه تایبه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێز دكتۆر (موسته‌فا قانعی) زیاتر له (۳۰) جار سه‌ردانی ئه‌و دكتۆره‌م كردبوو، هه‌رجاره‌ی یه‌ك بۆ دوو عه‌لاگه‌ی گه‌وره عیلاجی پێده‌دام، پاشان ئه‌یوت تا سێ مانگی‌تر بهكاریبهێنهو سه‌ردانم بكه‌ره‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مجار كهسهردانم كرد پێی‌گوتم: چیتر سه‌ردانی من مه‌كه چونكه من ناتوانم هیچت بۆ بكه‌م، سییه‌كانت كه‌متر له 10% كار ده‌كات و پێویسته له زووترین كاتدا نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی سییه‌كانت بۆ ئه‌نجامبدرێت وه وتی: له ئێران‌دا ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریه ده‌كرێت؛ به‌ڵام بۆ تۆ نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێرانی نیت و (سی) ئێرانی به‌هاوڵاتی ئێرانی نه‌بێت نادرێت.
دكتۆر وتی: داوا بكه لهحكومهتهكهت به‌په‌له بتنێرێته ئه‌وروپا، له‌وێ ئه‌و نهشتهرگهریهت بۆ ده‌كه‌ن.
ڕۆژی دواتر به‌ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتنی ئه‌هلی گه‌ڕاینه‌وه بۆ شاری (مه‌ریوان) و له‌وێشه‌وه بۆ مه‌رزی باشماخ و پاشان به‌سوپاسه‌وه له‌مه‌رزی باشماخ ئۆتۆمبێلێكی به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه هاتبوون به‌ده‌ممانه‌وه و به‌ئۆتۆمبێلی فریاكهوتنهكهی هه‌ڵه‌بجه گه‌ڕاینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه.
ئیتر ژیانی من پێینایه قۆناغێكی مه‌ترسیدارتره‌وه، بارودۆخی ته‌ندروستیم ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ خراپتر ده‌بوو، تاوای لێهاتبوو بووبوومه باس و خواستی دوور‌و نزیك، میدیاكان ئازار‌و نه‌هامه‌تیه‌كانی منیان گواسته‌وه بۆ هه‌موو دونیا، تاڕۆژێك له نووسینگه‌ی به‌ڕێز (نێچیرڤان بارزانی)ه‌وه په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرا كه ڕاپۆرته پزیشكیه‌كانى خۆمیان بۆ بنێرم، بۆ ئه‌وه‌ی بمنێرنه ده‌ره‌وه بۆ چاره‌سه‌ر.
پاش چه‌ند مانگێك چاوه‌ڕوانی، ڕۆژێك داوای پاسپۆرتی خۆم و ئه‌و كه‌سه‌یان كرد كه ده‌بێت هاوه‌ڵیم بكات بۆ سه‌فه‌ری ئه‌ڵمانیا.
پاش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی، ڤیزای ئه‌ڵمانیایان بۆوهرگرتم و دیسانه‌وه به ئۆتۆمبیلێكی به‌شی فریاكه‌وتنی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه له‌به‌رده‌م مۆنۆمێنتی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌دا به مه‌راسیمێكی زۆر شایسته له به‌روارى 3/10/2016 بهڕێیانكردم بۆ هه‌ولێر، كه هه‌رگیز ئه‌و هه‌ڵوێسته جوانه‌م له‌بیرناچێت و به‌رز ده‌ینرخێنم، كه گه‌شتینه (هه‌ولێر) له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه پێشوازیمان لێكراو شوێنی پشویان بۆ ئاماده‌كردین، دواتر گهشتمانكرد بۆ ئه‌ڵمانیاو له نه‌خۆشخانه‌ی (لونگن كلینیك) داخڵكرام.
ئیتر هه‌ستمده‌كرد ژیانی من ڕێچكه‌یه‌كی نوێ ده‌گرێت و خۆشم نازانم ئه‌م گه‌شته بهكوێم ده‌گه‌یه‌نێت، ئایا به‌ته‌ندروستییه‌كی باشتره‌وه منداڵ و كه‌س و ئازیزانم ده‌بینمه‌وه یان ئه‌وه كۆتایی ڕیگاكهیهو منیش دوای زه‌حمه‌تێكی زۆر ده‌چمه‌وه بۆ لای شه‌هیده‌كانم، به‌هه‌رحاڵ ده‌یان و سه‌دان خه‌یاڵ و پرسیار ده‌هات به مێشكمدا
له‌و ماوه‌یه‌دا، دكتۆره‌كان پشكنینێكی زۆریان بۆ نووسیم و ئه‌نجاممدا، پاش ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی پشكنینه‌كانم دكتۆره‌كان پێیانڕاگه‌یاندم كه (سی)یه‌كانم زۆر خراپبووهو ده‌بێت چاره‌سه‌ری گونجاو و درێژخایه‌ن وه‌ربگرم، نزیكه‌ی (سێ) هه‌فته چاره‌سه‌ریان بۆكردم و دواتر پێیانڕاگه‌یاندم كه پێویسته نه‌شته‌رگه‌ری بكرێم و به‌شێك له سییه‌كانم لێبكرێته‌وه؛ به‌ڵام له‌ئێستادا ناتوانن ئه‌وه‌شم بۆ بكه‌ن..
له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر لاواز بووبووم، وتیان له‌ئێستادا به‌رگه‌ی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه گه‌وره‌یه ناگریت و كێشت زۆركه‌مه، كێشم نزیكه‌ی ته‌نها (٤۲) كیلۆ بوو.
وتم، من هاتووم سییه‌كانم بۆ بگۆڕن، نه‌هاتووم بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری دوو هه‌فته‌و سێ هه‌فته. وتیان له ئێستادا لابردنی به‌شێك لهسییهكانت به‌باشتر ده‌زانین.
منیش به‌وه ڕازی نه‌بووم و داوامكرد كه ڕێگامان پێبدات سه‌ردانی پزیشكێكیتر یان نهخۆشخانهیهكیتر بكه‌ین، تا بزانین ڕای ئه‌وانیش چییه؛ به‌ڵام وتیان له‌م نه‌خۆشخانه چوونه ده‌ره‌وه ئێمه هیچ بهرپرسیاریهكتان ناگرینهئهستۆ.
ماویه‌تى