السبت , فبراير 7 2026

بەرات لەنێوان نەریتی شار و دەست ڕەنگینی خانماندا


ئا: چیا حەمەعەلی
شەوی بەرات دەکەوێتە نیوەی مانگی شەعبان لە ساڵنامەی كۆچیدا. لەم شەوەدا منداڵان هاوشێوەی جەژنەکان بە دڵخۆش و جۆشوخرۆشەوە دێنە دەرەوە و کیسە و عەلاگە بە دەستەوە دەگرن و بە ماڵاندا دەگەڕێن بۆ کۆکردنەوەی نوقڵ و شیرینی و دیاری.
جیاواز لە شارەکانی دیکە، شاری سلێمانی هەردەم بەشێوەیەکی گەرمتر یادی بەراتی تێدا کراوەتەوە و، هاووڵاتیان گەرموگوڕتر پێشوازی لێدەکەن. و بۆتە بۆنەیەكی دیاری شارەكە.
نزیکەی هەفتەیەک پێش شەوی بەرات، بازاڕ و هاووڵاتیان خۆیان بۆ پێشوازی ئەو یادە ئامادە دەکەن، دووکانداران شیرینى و نوقڵ و دیاری دەڕازێننەوە و نمایشی دەکەن بۆ فرۆشتن، هاووڵاتیانیش جۆرەکانی شیرینی و نوقڵ و دیاری دەکڕن بۆ پێشوازی لە منداڵان.
کلتوور و نەریتی کوردەواری پڕیەتی لە بۆنە و چالاکی ڕەنگین و جۆراوجۆر بۆ پێشوازی لە جەژن و یاد و بۆنەکان، کە هاوشێوەی جەژنە ئایینی و نەتەوەییەکان یادیان دەکرێتەوە و، تیایاندا دیاردەی گەڕانی منداڵان بە ماڵاندا یەکێکە لە دیاردە جوانەکانی کوردەواری.
ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵانی دیکە هاوڵاتیان بەشێوەیەکی جوانتر خۆیان بۆ ئەم یادە ئامادە کردوە بە دروستکردی کارتی تایبەت بەو یادەو تێکردنی دیاری و پارەو نوقڵو شیرینی، جگە لەماڵان زۆربەی مۆڵ و بازاڕو قوتابخانەو دایەنگەو باخچەکان ئامادەکاریان بۆ ئەو یادەکردوە.
هەندێک لەو خانمانەمان دواند کە هەستاون بەدروستکردنی ئەو دیاریانە، کە چۆن بیرۆکەی ئەو ئیشە جوانەیان بۆهاتووە، و ئایا خەڵک تاچەند بەدەمەوە هەبوونی هەبووە بۆ کارەکەیان.
سەرەتا خاتوو بینایی لەشاری سلێمانی کە خاوەنی پەیجی تایبەتی خۆیەتی و لەوێوە کارەکانی دەفرۆشێت وتی:

من بینایی ئیبراهیمم، لە دایکبوی سالی ١٩٩٣، بڕوانامەم لە بواری بەروبومی پیشەسازیدا هەیە، بڕوانامەو پیشەکەم زۆر دوورن لە یەکتریەوە، پیشەکەم تایبەتە بە دیزاینکردنی دیاری بۆ بۆنەکان و دروستکردنی دەفتەر و کارت و فێرکاری و ڕۆژمێرو زۆر بابەتی تر.


خاوەنی پەیجی dinos_touchm لەسلێمانی بە شێوەی ئۆنلاین ئیش دەکەم، بەردەوام و بۆ هەموو بۆنەیەک کاری تایبەتم هەبووە، بەراتیش یەکێکە لەو بۆنە تایبەتانەی جیا لە بوونی یەکدنیا یادگاری مناڵیم، زۆر تایبەتە لام، پێمخۆشبوو هەنێ بابەتی تایبەت بەم ڕۆژە دروست بکەم.
هاوسەرەکەم و خێزانەکەم زۆر هاوکارو هاندەرمن، سوپاسیان دەکەم.


پێشوازی خەڵک زۆر زۆر باش بووە بۆ ئەو دیاریانەی کە بۆ منداڵانی دروستدەکەین بۆ شەوی بەرات، ئەمساڵ لە چاو ساڵانی تر خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە کڕینی بابەتەکانی بەرات کردووەو سوپاس بۆ خوا کڕیارێکی زۆر باشمان هەیە.
خاتو سۆما خۆی ئەم کارتانەی دروست کردووە تا بیبەخشێتە منداڵانی گەڕەکەکەیان، وتی
من ناوم سۆما حەمە سەعیدە، دانیشتوی قەزای خورماڵم، بەکالۆریۆسم هەیە لە ئەندازیاری میکانیک، جگە لە کاری ئەندازیاری بە کاری خێرخوازییەو خەریکم، هاوکاری کۆدەکەمەوەو دەیبەخشمە ماڵە هەژارو نەدارەکان، بە سۆمای هەژاران ناسراوم.
لە سۆنگەی خەمخۆریمەوە بۆ هەموو لایەک، کە منداڵیش بەدەر نیە لەوان، پێم خۆشبوو ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیاواز دڵی منداڵان خۆش بکەم لە شەوی بەراتداو دیارییەکیان پێ ببەخشم لە یادەوەرییاندا بمێنێتەوە.


بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات لەسەر کارتێکی نەخشێنراو پارەو شیرینی پێوە بلکێنم و بیبەخشمەوە، ئەم کارەشم لەسەر گیرفانی خۆم کردومەو کەس هاوکاری نەکردوم و مەبەستم لێی بازرگانی کردن و قازانج نیە، تەنها بۆ خۆمم دروست کردوە.
ئامانجی من لەم ئیشەم تەنها دڵخۆشکردنی منداڵانە، جگە لەوەش خۆم زۆر دڵخۆش و ئاسودەم، هەرچەندە کاتی زۆر دەویست و زۆر ماندووش دەبووم.


تاڕادەیەکی زۆر باش خەڵک کاردانەوەی باشی هەبووە بەم کارەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کە ئیشەکانم داناوە زۆر دەستخۆشیان لێکردووم، و هاندەریش بووە بۆ زۆربەی خەڵکی کەئەوانیش ئەمساڵ بەرات بە شێوەیەی جیاواز بکەنەوەوە.
من وەک پیشەی خۆم کەکاری خێرخوازیە بۆ بۆنەکانی تری وەک جەژنەکان و یادی منداڵان هەر بەردەوام ئەبم لە دروستکردنی هەر جۆرە دیاریەک کە دڵی مناڵان خۆشبکات.
خاتونێکی گەنجیش پاش تەواو کردنی خوێندن و نەبوونی دامەزراندن، دەستی کردووە بە دروستکردنی کارت و دیاری بۆ بۆنەو ئاهەنگەکان و بۆ ئەم یادەش کۆمەڵێ کارتی جوانی ئامادە کردوە بۆ منداڵان.
ناوم (لەنیا ئاوات)ە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایک بووم، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم هەیە لە بەشی (ئەندازیاری پلانسازی شار) لە ئێستا لە بوارەکەی خۆما ئیش ناکەم بەهۆی کەمی هەلی کار و دامەزراندن، لە شارەکەی خۆم خەریکی ئیشی دەستیم.
لە ئێستایا خانمان هەمیشە ئارەزووی ئەوە ئەکەن بابەتی جیاواز پێشکەشی میوانەکانیان بکەن و دیزاینێک بێت تایبەت بێت بەخۆیان و بەو جۆر و شێوازەبێت کە خۆیان ئەیانەوێت، وە منیش لە بواری دیزاین خوێندومە و کارم کردووە، هەستم کرد ئەتوانم ئەو داواکاریەی خانمان بهێنمەدی و دروستی بکەم، وە هاوسەرم پەڕاوگەی هەیە و شوێنەکەی نزیک ماڵی خۆمە، بۆیە بڕیارمدا هەر لەوێ دەست پێبکەم لە ڕێگەی پەیجی diamond.center دەستم کرد بە ڕیکلام کردن و ئیشکردن.


بۆ بەراتیش بە هەمان شێوە ویستم شتێک بکەم زیاتر دڵی منداڵانی پێخۆشبکەم و ئەم کارتانەم دروستکرد و لە پەیجەکە دامناو داواکاریەکی زۆری بۆهات کە دایکەکان ڕەسمی مناڵەکانیان ئەهێنا و کارتیان دروست ئەکرد و ناوی مناڵەکانیان لێئەنوسی و زۆربەدڵیان بوو، منیش بەم شێوەیە بەردەوابووم لەسەری.


بێگومان بۆ زوربەی بۆنەکانی تر دیزان ئەکەم، بۆ سەر نەستەلە و کارت و بۆکس، وەکو بۆنەی تەخەروج و مارەبڕین و خەنەبەندان و گواستنەوە و عەمرە و حەج و لەدایکبوون و هەر بۆنەیەکی تر کە داواکاریمان بۆ بێت.
لە ئێستا داواکاریەکی زۆری هەیە و بەشێوەیەی جۆراوجۆر خەڵک دیزاینی ئەوێت و ئەیەوێت بۆنەکەی جیاوازتر و جوانتر بکات. هەندێکیان خۆیان دیزاین و ڕەسم ئەهێنن ئەڵێن بەم جۆرە بیکەن و هەندێکی تریشیان ئیشەکە ئەسپێرن بە خۆمان. وە بەردەوام بەشێوەی ئۆنلاین لە شارەکانی تریشەوە داواکاریمان بۆ یەت و بۆیان ئەنێرین.

شاهد أيضاً

لەقوڵایی دڵی کچێکەوە.. ژ‎ن كەسێكی نیە لە ژین بیپارێزێت جگە لەخۆی

شیما سید معصوم ‎لە ناو شارێكی نوێ و خەمێكی قەدیم، ژنێك ژیانی دەكردبەناوی میهرەبان ،ناوێك …