سومەیە مەحمود
شەوی بەرات یەکێکە لەشەوە پیرۆزەکانی ساڵ، وشەی بەرات لە البراءةەوە هاتووە، واتە دوور بوون لە ئاگری دۆزەخ، هەموو ساڵێک لە شەوی پانزەی مانگی شەعباندا دووبارە دەبێتەوە، ئەوەی لەم کاتەدا ڕویداوەو گرنگە لەمێژووی ئیسلامدا گۆڕینی ڕوگە (قیبلە)ی موسوڵمانانە لە بیت المقدسەوە بۆ بیت الحرام (الکعبە)، واتە پێشتر موسوڵمانان بۆ ئەنجامدانی نوێژەکانیان ڕوویان لە بیت المقدس دەکرد، پێشتر پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) بەردەوام لەخوای گەورە دەپاڕایەوە کە ڕووگەیەکی تایبەت بۆ موسوڵمانان دابنێت، خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا دەفەرمێت: (قَدْ نَرَى تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاءِ فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا فَوَلِّ وَجۡهَكَ شَطۡرَ ٱلۡمَسۡجِدِ ٱلۡحَرَامِۚ) البقرة:144.
ئەی محمد (درودی خوای لێبێت) ئەبینین كە تۆ ڕوو ئەكەیتە ئاسمان و پێت خۆشە كە قیبلەكەت بۆ بگۆڕین ئەبێ ڕووت وەربگێڕین بۆ قیبلەیەك كە خۆت پێی ڕازیت، دەی ئێستا ڕووت وەرگێڕە بۆ كەعبەی پیرۆز.
کاتێک کە پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) بەرنوێژی دەکرد بۆ موسوڵمانان، کە ماوەی 16 مانگ بوو نوێژ لەسەر موسوڵمانان فەرز کرابوو. خوای گەورە هەر لەناو نوێژەکەدا وەحی بۆنارد کە ڕوگەیان بگۆڕن بۆ کەعبەی پیرۆز، کاتێک پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) ڕووی وەرگێڕا، تەنها دەکەس لەهاوەڵان بەدوای ئەودا ڕوویان وەرگێڕا، هاوەڵەکانیتر چاوەڕێ بوون تا دوای نێژەکە بزانن هۆی چی بوو وا بەو خێراییە ڕووگەیان گۆڕی، ئەو دەکەسەش ئەوانەن کە پێیان دەوترێت (عشرة المبشرة)، ئەوانەی هەر لە دونیادا مژدەی بەهەشتیان پێدرا، ئەمەش گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوامان(درودی خوای لێبێت) بۆ دەردەخات بە پێ پرسیارکردن خێرا فەرمانەکانی خوای جێبەجێ کردو هەروەها کە مژدەیەکە بۆ موسوڵمانان کە چۆن هاوەڵان بێ پرسیار کردن شوێن پێغەمبەر کەوتن.
هەروەها ڕیوایەتێک هەیە دەربارەی زیادبوونی ئاوی زەمزەم لەدوای گۆڕانی قیبلەوە.
ئەوەی پێویستە بکرێت لەم شەوەدا دۆعاو پاڕانەوەیە، هەریەک لەماڵەکەی خۆیداو بەتەنها سونەتە شەونوێژ بکات و داوای لێخۆشبوون لەخوای گەورە بکات.
لەمعازی کوڕی جەبەلەوە گێڕاویەتەوە، پێغەمبەر (درودی خوای لێبێت) دەفەرمێت: (إن الله لیطلع فی لیلە النصف من الشعبان فیغفر لجمیع خلقه إلا المشرك أو المشاحن). واتا (خوای گەورە و میهرەبان لە شەوی پانزدەی مانگی شەعباندا لە هەموو خەڵكی خۆش دەبێت جگە لەو كەسانەی، كە شەریك و هاوەڵی بۆ بڕیار دەدەن هەروەها لەو كەسانەش خۆش نابێت، كە بەیەكەوە قسە ناكەن و لەبەرخاتری پارە و پول و دونیا و تەماع ).
ڕۆژوو لەم ڕۆژەدا سونەت نیەو هیچ ڕیوایەتێک نەهاتووە باسی ڕۆژووی ڕۆژی بەرات بکات، مەگەر کەسێک ڕۆژە سپیەکانی مانگی کۆچی گرتبێت کە13,14,15 ی هەموو مانگێکی کۆچیە کە پێی دەڵێن (ایام البیض)، هەرکەس پێشتر ڕۆژووی 13,14ی گرتبێت و بۆ تەواو کردنی ئەو سونەتە 15 مانگیش بگرێت ئاساییە، یان کەسێک لەبەر ڕۆژووی سونەتی دوشەممان و پێنج شەمان بەڕۆژوو بێت و ڕۆژی 15 ی شەعبانیش بکەوێتە یەکێک لەو دوو ڕۆژە.
سەبارەت بە ڕۆژی بەرات هیچ شتێکی لێوە باس نەکراوە لە ئیسلامداو لەسەردەمی پێغەمبەردا نەکراوە، بەتایبەت ئەوەی منداڵان دەگەڕێن و نوقڵ و شیرینی لەماڵان وەردەگرن و دڵخۆش دەبن، ئەوە تەنها دابونەریتێکی ناو کوردەواریەو هیچی تر، لە ئیسلامیشدا سەبارەت بەدڵخۆشکردنی منداڵان هیچ شتێکی تیانیەو کارێکی جوان و باشەو ڕێگە پێدراوە، مەگەر ئەوەی سەر بکێشێت بۆ شەڕو ئاژاوە لەناو منداڵاندا یان بێزارکردنی خەڵکی و ئازاردانیان.