شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

ڕۆژووگرتنی کەسانی نەخۆش

ژیان نوری تۆفیق
پێشەكی
هەروەك لای هەمووان ئاشكرایە ڕۆژوو لە مانگی ڕەمەزاندا یەكێكە لە 5 پایەكەی ئیسلام بە دەقی ئایەت فەرزكراوە لەسەرمان:-
(یا أیها الذین أمنوا كتب علیكم الصیام كما كتب علی الذین من قبلكم لعلكم تتقون) البقرة: 183
بەڵام بەدواییدا بۆ ئەوانەی نەخۆشن ئەم دەقە هاتووە
(فمن كان منكم مريضاً أو على سفر فعدة من أيام أخر)(البقرة: 284)،
كەواتە لەگەڵ ئەوەی كە ڕۆژوو حوكمێكی گشتییە، بەڵام ڕێگە بە نەخۆش دراوە كە بەڕۆژوو نەبێت، بە شێوەیەكی گشتی حوكمەكان بۆ هەموو نەخۆشێك وەك یەك نیە، بەڵكو نەخۆشێك لە نەخۆشێكی تر جیاوازە، لێرەدا هەندێك حاڵەت ڕوونكردنەوەمان لەسەرداوە، بەڵام بە زۆری پزیشكی ئیماندار بڕیاری لەسەر بدات باشترە.
حوكمەكانی نەخۆش بۆ ڕۆژووگرتن لە فتواكانی دامودەزگا فقهییە نێودەوڵەتیەكانەوە وەرگیراون كە جێگای متمانەن.
جۆرەكانی نەخۆش و حوكمەكانی:-
1-ئەوەی هەرناتوانێت بەڕۆژوو بێت:-
حوكمی ئەمانە، یەكڕایی هەیە كە ڕۆژوو واجب نیە لەسەر ئەوانەی كە توانایان نییە.
2-ئەوەی ئەتوانێت بەڕۆژوو بێت، بەڵام قورسە لەسەری و تووشی ناڕەحەتی دەبێت:-
حوكمی ئەم جۆرە،ئیبن روشد دەفەرموێت (نەخۆش ئەو كەسەیە كە هەر ناتوانێت بەڕۆژوو بێت، یان ئەگەر بەڕۆژوو بێت تووشی ناڕەحەتی دەبێت)، كەواتە دەتوانیین بڵێین جۆری دووەمیش ئەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت.
3-ئەوەی ئەتوانێت بەڕۆژوو بێت وقورس نیە لەسەری، بەڵام ڕۆژوو كاریگەری خراپی هەیە لەسەری و، لەوانەی نەخۆشییەكەی بەرەو خراپتر بڕوات:-.
حوكمی ئەم جۆرە ئیبن روشد دەفەرموێت (وتراوە ئەتوانێت بەڕۆژوونەبێت ولەلایەكی ترەوە ووتراوە دەبێت بەڕۆژوو بێت، چونكە توانای بەڕۆژووبوونی هەیە و ناكرێت لەبەر گومانێك واز لە فەرزێك بهێنرێت، بەڵام ڕای یەكەمیان ڕاستتر و گونجاوترە).

4-ئەو نه خۆشەی ئازارێكی هەیە و ڕۆژوو كاریگەری لەسەر زیادكردن و كەمكردنەوەی ئازارەكەی نیە:-.
حوكمی ئەم جۆرە، ڕای زۆرینە وایە كە دەبێت بەڕۆژوو بێت هەرچەندە ڕای تاكیش هەیە وەك ئیبن سیرین كە دەڵێت هەركەس لەبارودۆخێكی نەخۆشیدا بوو دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت.
ئەو كەسانەی ساغن، بەڵام ئەگەری هەیە لە كاتی بەڕۆژووبووندا نەخۆش بكەون.
5-لە فتواكانی هندییە دا هاتووە كە ساغێك كە ترسی نەخۆشكەوتنی هەبێت بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە هەروەك نەخۆش وایە. لە سەرچاوە فیقیەکانی وەک (البحر) هاتووە كە یەكیك نەخۆش بووبێت و چاك بووبێتەوە، بەڵام بێهێز و لاواز بێت و مەترسی نەخۆشكەوتنەوەی هەبێت هەروەك نەخۆش وایە.
هەروەها لە (حاشیە العدوی)هاتووە ئەگەر یەكێك نەخۆش نەبوو، بەڵام ترسا ئەگەر بەڕۆژوو بێت زیانێكی زۆری پێبگات ئەوا ئەبێت بەڕۆژوو نەبێت.
لە مەزهەبی شافعیدا ترسان لە نەخۆشكەوتن هەروەك نەخۆش وایە، هەروەها ئیمام ئەحمەد لە (المغنی)دا ڕای وایە ئەو كەسانە ڕێگەپێدراون بۆ بەڕۆژوونەبوون، فەرموویەتی(ئەوەی كە دەترسێت بە بەڕۆژووبوون نەخۆش بكەوێت وەك ئەو نەخۆشە وایە كە ئەترسێ بە بەڕۆژووبوون نەخۆشییەكەی زیاد بكات).
6- ئەو نەخۆشەی ڕۆژووگرتن یارمەتیدەرە لە چارەسەری نەخۆشییەكەی:-
بە پێی شەریعەت ڕۆژوو واجبە لەسەریان
7-ئافرەتی شیردەر كە خۆی ساغە، بەڵام لە ڕێگەی شیرپێدانەوە چارەسەری منداڵە نەخۆشەكەی دەكات(واتە خۆی چارەسەرەكە دەخوات و لە ڕێگەی شیرەكەوە دەچێتە جەستەی منداڵەكەوە):-
لە (الظهيرية)دا هاتووە ئەگەر ساوایەك نەخۆشی ناوسكی هەبێت و پزیشكی موسڵمان دوای پشكنین بۆی دەركەوت كە ئەو منداڵە ترسی مردنی هەیە، دایكی یان دایەنەكەی بۆیان هەیە دەرمانێك بخۆن كە لە ڕێگەی شیرەوە بگات بە منداڵەكە، واتە ئەتوانن بەڕۆژوو نەبن.

Check Also

بەکارهێنانی حەب بۆ دواخستنی سوڕی مانگانەی ئافرەتان لە مانگی ڕەمەزاندا

چاوپێکەوتن: د. گوڵاڵە تاهیر ئایا لەڕووی شەرعەوە ڕێگە دراوە بە بەکارهێنانی حەب بۆ دواخستنی سوڕی …