دووشەممە , كانونی یه‌كه‌م 23 2024

بۆ كچانی تازه ‌پیگه‌شتوو‌

خه‌رامان محه‌مه‌د
گه‌ر یه‌ك به‌یه‌ك له‌چین وتوێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، نزیك بینه‌وه‌ ده‌بینین هه‌رتوێژه‌و كۆمه‌ڵێ گرفت وكێشه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌ ،ئاواته‌ خوازه‌ دڵسۆزێك له‌ده‌رگای‌ دڵی‌ بدات تائه‌ویش ده‌رگای‌ دڵی‌ واڵا بكات وخه‌مه‌كانی‌ خۆی‌ كه‌مێك بڕه‌وێنێته‌وه‌ له‌لای وهه‌ست بكات كه‌سێك هه‌یه‌ له‌ژیانیدا گرنگی‌ پێ‌ ده‌دات وگوێ‌ ی‌ بۆده‌گرێت ،ئه‌وكات‌ ئه‌ویش له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ست به‌سۆز وئارامی‌ ده‌كات وته‌مومژی‌ نائومێدی‌ ونامۆیی‌ ودڵه‌ ڕاوكێی‌ له‌لا ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ .
یه‌كێك له‌و توێژه‌ ناسك وهوستیارانه‌ كیژانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ن كه‌زۆرێكیان هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌ن ‌بۆشاییه‌ك هه‌یه‌ له‌ژیانیاندا كه‌ پێوه‌ی‌ گیرۆده‌ن ئه‌ویش نه‌بونی‌ سۆزو خۆشه‌ویستی‌ یه‌بۆیان له‌لایه‌ن خێزان یان كۆمه‌ڵگەوە، هه‌ربۆیه‌ ڕۆژبه‌ ڕۆژ گله‌یی‌ وگازنده‌ له‌لایه‌ن ئه‌وكچانه‌وه‌ زیاد ده‌بێ‌ و،هاواریانه‌ له‌دووره‌ په‌رێزی‌ و په‌راوێز خستن و نه‌بوونی‌ سۆزو بێ‌ به‌شكردن له‌ خۆشه‌ویستی‌ ، ئه‌و تێڕوانینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وژینگه‌ ڕۆشنبیریه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی‌ به‌میرات ماوه‌ته‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵكاكاندا ڕۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌سروشتی‌ هه‌ڵسوكه‌وت ومامه‌ڵه‌ كردن‌ له‌گه‌ڵ كچاندا .
له‌ناوخێزانه‌كاندا دایك وباوك وگه‌وره‌كان به‌رپرسیارێتییەکی سه‌نگینیان له‌ئه‌ستۆدایه‌ به‌رامبه‌ر به‌كچه‌كانیان، كه‌پێویسته‌ گرنگییەکی باشیان پێ‌ بده‌ن و ‌باوه‌شی‌ سۆزو خۆشه‌ویستیان بۆبكه‌نه‌وه‌، داخوازیه‌كانیان بۆجێبه‌جێ‌ بكه‌ن و ئاسوده‌یان بكه‌ن.
كچانی‌ قۆناغی‌ هه‌رزه‌كاری‌ وسه‌ره‌تای‌ پێگه‌یشتن داخوازیی‌ جۆراو جۆر تایبه‌تیان هه‌یه‌، پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌سێك له‌هه‌ست وسۆزیان تێ‌ بگات وله‌زمانیان بزانێت وكه‌سێكیان ده‌وێت به‌ده‌م كێشه‌كانیانه‌وه‌ بێت،ئه‌م به‌ده‌مه‌وه‌ بونه‌ش پێویستی‌ به‌لێهاتوویی‌ وخۆماندوكردنێكی‌ كه‌می‌ خێزانه‌ وهیچی‌ تێناچێت ته‌نها به‌ده‌ربڕینێكی‌ ناسك وته‌ی‌ كاریگه‌رو هه‌ست بزوێن وجارجاره‌ پیا هه‌ڵدان و، نواندنی‌ میهره‌بانی‌ یه‌ به‌رامبه‌ریان،كچانی‌ قۆناغی‌ هه‌رزه‌كاری‌ پێویستیان به‌كه‌سێكه‌ له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانیاندا بژی‌ وخه‌مه‌كاكانیان بۆسوك بكات، ئه‌گه‌ر ده‌ڕبڕینه‌ یان ته‌ماشاكردنێكی‌ ‌ئه‌وینانه‌ یان به‌چاوێكی‌ پڕله‌سۆزه‌وه‌ بێت كه‌ئاماژه‌ بێت بۆدڵسۆزی‌ وخۆشه‌ویستی‌ ده‌ڕبڕین، ئه‌بێته‌ مایه‌ی‌ ئارامی‌ ودڵنیایی‌ بۆكچان .
پشت گوێ‌ خستن وگوێ‌ نه‌دان به‌هه‌ست وسۆزی‌ كچان له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵه‌و تاوانێكی‌ گه‌وره‌یه‌، مامه‌ڵه‌ی‌ توندو بێ‌ به‌ش كردنیان له‌هه‌ست وسۆزی‌ خێزانی‌ ، ئاسه‌واری‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر كه‌سێتیان له‌ئێستاو ئاینده‌دا ، به‌جێ‌ ده‌هێڵێت .
ئه‌گه‌ركچانی‌ تازه‌ پێگه‌یشتوو پشتگوێ‌ خران وده‌رگاكان به‌ڕویاندا داخرا،بێبەش كران له‌باوه‌شی‌ گه‌رم وپڕسۆزی‌ خێزان ئه‌وه‌ هانا بۆكه‌سێكی‌ دی‌ ده‌به‌ن تا ئه‌و بۆشاییه‌‌ی‌ بۆپڕبكاته‌وه‌ ،ئا لێره‌شدا مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌هه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ هه‌ڵی‌ ئه‌بژێرێ كه‌سێكی‌ باش نه‌بێ‌ وبه‌ره‌و لادانی‌ ببات.
به‌ده‌مه‌وه‌بونی‌ ئه‌م كێشانه‌ یاخود چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م گرفتانه‌ هێنده‌ ئاڵۆزیش نین( ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ستی‌ پێ‌ كراوهه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ گونجاوی‌ بۆدرا له‌لایه‌ن خێزانه‌وه)‌،بۆیه‌ جارجار ئاماژه‌ به‌خێزان ده‌كه‌م، چونكه‌خێزان به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ په‌روه‌رده‌و بنیادنانی‌ كه‌سێتی‌ تاكه‌كانه‌.
له‌گه‌ڵ بوونی‌ كه‌م وكورتی‌ له‌په‌روه‌رده‌ی‌ خێزانیدا ، پێویسته‌ كچان خۆیان كه‌سێتیان به‌هێز بێت وهانا بۆكه‌سانی‌ نه‌زان وناڕۆشنبیر نه‌به‌ن .
هه‌وڵی‌ خۆڕۆشنبیر كردن بده‌ن وهۆشیارببنه‌وه‌و نه‌هێڵن بۆشایی‌ له‌ژیانیاندا په‌یدابێت هه‌ربۆئه‌مه‌ش ئه‌م هه‌نگاوانه‌ باشترین كارێكن كه‌به‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنیان ژیانێكی‌ ئارام وئاسوده‌ فه‌راهه‌م ده‌هێنرێت :.
1- ڕێگه‌نه‌دان به‌نائومێدی‌ وبێ‌ هیوایی‌، به‌رده‌وام بوون له‌ژیانی‌ ئاسایی‌ وپشت به‌ستن به‌لێهاتوویی‌ خود، دڵنیا بوون له‌وه‌ی‌ كه‌ئه‌مه‌ ئه‌زمونێكی‌ كاتی‌ یه‌و تێ‌ په‌ڕ ده‌بێت، سه‌ركه‌وتنیش له‌م ئه‌زمونه‌دا مانایه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌كچان ده‌به‌خشێ .
2- گه‌ر هاوڕێ‌ وپاڵپشتێكی‌ باشت نه‌بوو له‌ژیاندا نه‌هێڵیت خه‌مۆكی‌ ڕووبكاته‌ ده‌روونت و، پێویسته‌ له‌وكاتانه‌دا سوپاسی‌ خوابكه‌یت كه‌جه‌سته‌یه‌كی‌ ته‌ندروست وجوان و زیره‌كی‌ یاخود زۆرێك له‌به‌هره‌ ونیعمه‌ته‌كانی‌ پێ‌ به‌خشیویت، چاوێك به‌وبه‌خششانه‌دا بخشێنه‌ وبیانكه‌ره‌ پڕ كه‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌وبۆشایی‌ یانه‌ی‌ ژیانت.
3- هه‌میشه‌ به‌گه‌شبینی‌ یه‌وه‌ بۆكێشه‌كان بڕوانه‌ وه‌ك ئه‌زمون سه‌یریان بكه‌، وابزانه‌ سودێكی‌ گشتی‌ تێدایه‌ ویه‌كێ‌ له‌وانه‌ پێداچونه‌وه‌یه‌ك بێت بۆهه‌ڵه‌كانی‌ خۆت وهه‌نگاوێك وڕاست كردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئامانجه‌كانت.
4-په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ خواوه‌ند پته‌و بكه‌و به‌یادكردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ قورئان ونزاو پاڕانه‌وه‌ و دڵه‌كه‌ت پڕ بكه‌ له‌خۆشه‌ویستی‌ خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی‌ ( صلی‌ الله‌ علیه‌ وسلم )، و پشت به‌خوای‌ گه‌وره‌ ببه‌سته‌ بۆئارامی‌ دڵت خوای‌ گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێت ( الا بذكر الله‌ تطمئن القلوب)
5- نه‌كه‌ی‌ ته‌سلیمی‌ ده‌ردی‌ بێكاری‌ وكاتی‌ بێ‌ ئیشی‌ ببیت، چونكه‌ ڤایرۆسێكی‌ كوشنده‌یه‌ و ته‌شه‌نه‌كردنی‌ به‌په‌له‌ وبكوژه‌ ، زۆر گرنگه‌ سه‌رقاڵی‌ كاری‌ به‌سود وداهێنانكاری‌ بیت وهه‌میشه‌ هه‌وڵی‌ خۆ چالاك كردن وكاری‌ خێرخوازی‌ بدە، بزه‌ بخه‌ سه‌رلێو ودڵی‌ كه‌سانی‌ تر كه‌ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین هۆكاری‌ دڵخۆشی‌ وئاسوده‌ییه‌ بۆت .
6- رێكپۆشی‌ وپاكو خاوێنی‌ له‌ڕواڵه‌ت و جل وبه‌رگدا له‌گه‌ڵ پاراستنی‌ مه‌رجه‌كانی‌ باڵاپۆشی‌ ، ئه‌ویش به‌خۆپاراستن له‌ جل وبه‌رگی‌ ته‌سك وته‌نك و كورت …………..هتد .
7-گرنگی‌ بده‌ به‌جوانكاری یه‌كانی‌ ده‌رون وجه‌سته‌و ڕواڵه‌ت، وڕێز له‌كه‌سێتی‌ خۆت بگره‌و له‌خه‌می‌ خۆ ڕۆشنبیركردنی‌ خۆتدابه‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌سود بۆ ئه‌وئامانجانه‌ی‌ كه‌هه‌ته‌ له‌ژیاندا.
8- هه‌میشه‌ به‌چاوی‌ جوانیه‌كانه‌وه‌ بڕوانه‌ بۆژیان به‌ویستی‌ خودا ئه‌م قۆناغه‌ تێ‌ ده‌په‌ڕێ وده‌ڕوات به‌ئارام به‌ ،وپارێزگاری‌ دین وڕه‌وشت بكه‌ و ڕه‌ش بین مه‌به‌ به‌رامبه‌ر ژیان.
9- به‌ئاگا به‌و دووربه‌ له‌په‌نابردن بۆهاوڕێی‌ خراپ وپه‌یوه‌ندی‌ گوماناوی‌ و نادروست ، چونكه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تاكه‌شی‌ جوان وشیرین بێ‌ لات ، دڵنیابه‌ كۆتایی‌ یه‌كه‌ی‌ خه‌ساره‌تێكی‌ گه‌وره‌و ماڵ وێرانیه‌ له‌دونیاو په‌شیمانی‌ له‌ڕۆژی‌ دوایدا .
10- په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ خێزان ودایك وباوك وبرا وخوشكه‌كانت پته‌و به‌هێز بكه‌و وه‌ك هاوڕێ‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ ، وگرفت وبێزاریه‌كانی‌ خۆت باس بكه‌ لایان ، گوێ‌ بۆڕێنمایی‌ به‌سوده‌كانی‌ ئه‌وانیش بگره‌ .
11 – وه‌ك داری‌ هه‌ناربه‌ له‌سه‌وزیدا ، خۆش له‌به‌رهه‌مدا جوان وڕازاوه‌ له‌گوڵ و گوڵزاردا .
12- ئیراده‌ت به‌هێز بێت به‌رامبه‌ر ئاسته‌نگ وكۆسپه‌كانی ژیان.
13- بڕیاره‌ ڕاسته‌كان لای‌ خۆته‌وه‌ بێت و هه‌میشه‌ ئیراده‌ به‌هێز به‌ و پارێزگاری‌ له‌كه‌سایه‌تی‌ خۆت بكه‌و وشه‌ی‌ هه‌نگوینی‌ له‌خشته‌ت نه‌بات ، له‌وانه‌یه‌ داوێك بێت بۆت نرابێته‌وه‌ ،وریابه‌ كارێك مه‌كه‌ په‌شیمانی‌ دادت نه‌دات .
14- ده‌م به‌پێكه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌ به‌و روگرژ وتاڵ خۆمه‌نوێنه‌ ، ڕاستگۆبه‌ له‌گه‌ڵ خۆت وده‌وروبه‌ردا .
15- وریای‌ شه‌رو خراپه‌كانی‌ مۆبایل و تۆڕه‌كانی‌ ئه‌نته‌رنێت به‌و له‌كاری‌ به‌سودا به‌كاریان بهێنه‌ ، بزانه‌ كه‌سێك چاوی‌ لێته‌و چاودێره‌ به‌سه‌رته‌وه‌ كه‌ئاگای‌ له‌نهێنیه‌كان و ختوره‌ی‌ دڵ وده‌رونه‌كانه‌، پێغه‌مبه‌ر (صلی‌ الله‌ علیه‌ وسلم ) ده‌فه‌رموێت ( اتق الله‌ حیثما كنت ) یان ( اعبد الله‌ كانك تراه فان لم تكن تراه فانه یراك )
16- هه‌وڵی‌ نوێكاری‌ و داهێنان كاری‌ بده‌ له‌ژیانی‌ ڕۆژانه‌تدا دووربه‌ له‌چاو لێكه‌ری‌ و شوێنكه‌وته‌یی‌ كه‌سانی‌ دی‌ خۆت خۆت به‌و به‌زمانی كه‌س مه‌دوێ، به‌ فكری كه‌سیش بیر مه‌كه‌ره‌وه‌ .
17-دوربین به‌ له‌ژیاندا و له‌ئاسۆیه‌كی‌ ڕونه‌وه‌ بۆ هه‌نگاوه‌كان بڕوانه‌ ، خۆت به‌گریان ڕامه‌هێنه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌بچوكترین گرفت و ناڕه‌حه‌تیدا هانای‌ بۆبه‌ریت، به‌ڵكو ئیراده‌ت به‌هێز بێت ومتمانه‌ت به‌لێهاتوی‌ و تواناكانی‌ خۆت هه‌بێت و دڵنیابه‌ دوای‌ هه‌موو ناڕه‌حه‌تیه‌ك ئاسوده‌ی‌ دێت ( ان بعد العسر یسری‌) .
18- شانازی‌ به‌كچ بون ومێینه‌یی‌ خۆته‌وه‌ بكه‌و مه‌ڵێ‌ خۆزگه‌ كج نه بومایه‌ … به‌پێچه‌وانه‌ چێژ له‌مێینه‌یی‌ خۆت وه‌ربگره‌ .
به‌و هیوایه‌ی‌ كه‌ له‌پاشه‌ڕۆژدا كاراكته‌رێكی به‌توانا بیت له‌كۆمه‌ڵگه‌دا و دایكێكی‌ دڵسۆزو گونجاوبیت بۆ پێگه‌یاندنی‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ چاك وخاوه‌ن زانست وزانیاری‌ وجه‌سته‌یه‌كی‌ ته‌ندروست وده‌رونێكی‌ دامه‌زراو .

Check Also

خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە

ئا: شادانخاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، …

یەک کۆمێنت

  1. Every click is a step closer to victory—start playing now. Hawkplay

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *