شادان تالب
بۆیەکەم جار، لە ساڵی ١٩٩٤ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٥ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی جیهانی مامۆستایان دیاریکرد.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ئەم ڕۆژە یاد دەکرێتەوە، لە هەندێکی وڵاتی تر ڕۆژێکی تریان دیاریکردووە.
بۆ ئەمساڵی ٢٠٢٦ دروشمی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان بەپێی یونیسکۆ ئەمەیە:
«وەستان لەتەک مامۆستایان: ٦٠ ساڵ لە پاراستنی پیشەکەیان، بەرزکردنەوەی پێگەکەیان و دروستکردنی داهاتوویان» ئەم دروشمەش بەهۆکاری ئەوەی، ئەمساڵ ٦٠ ساڵ بەسەر پێشنیارنامەی ١٩٦٦ی یونیسکۆ، دەچێت دەربارەی پێگەی مامۆستایان، کە یەکەم ستانداردی نێودەوڵەتییە بۆ ماف و ئەرک و مەرجەکانی کاری مامۆستایان.
ناوەڕۆکی دروشمەکە: تیشک دەخرێتە سەر ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە ناسینی ڕۆڵی مامۆستایان ڕوویانداوە، ئەو ئاستەنگانەی هێشتا ماونەتەوەو، داوا لە کۆمەڵگە و دارێژەرانی سیاسەت دەکرێت پێگەی پیشەکە بپارێزن و بەرزی بکەنەوە.
ئاهەنگی سەرەکی لە بنکەی یونیسکۆ لە پاریس بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ خەڵاتی یونیسکۆ-حەمدان بۆ پەرەپێدانی مامۆستایان.
لەژێر ڕۆشنایی دروشمەکە: ئەم ڕۆژە دەستپێشخەرە بۆ پێشخستنی ڕەوشی مامۆستایان لە ڕووی زانستی و، فەرهەنگی و، بژێوی و هتد.
بەرمەبنای ئەوەی مامۆستا هەوێنی زانست و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەیە، لەبەرئەوە دەبێت لەهەموو ڕوویەکەوە ئاسانکاری بۆ بکرێت و لە ژیانی تایبەتی و بژێوی و فەرهەنگی و؛ ڕۆشنبیرییەوە بەرەو پێش ببرێت، تا ئەویش بتوانێت باشترین خزمەت پێشکەش بە نەوەکانی داهاتوو بکات .
لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لە خۆم و هاوپیشە ئەزیزەکانم ئەکەم، ئەوان بەڕاستی هەڵگری پەیامی کارو پیشەی پێغەمبەرانن.
ڕاستە مامۆستا ڕابەرایەتی پڕۆسەی فێربوون و پێگەیاندن دەکات، بەڵام لە ئێستادا گواستنەوەی زانیاری تاکە ئەرکی ئەونیە، بەڵکو ئەو بنیاتنەری تاک و کۆمەڵگەشە، پەیامی (زانست، پێشکەوتن، ڕەوشت و ئاکار، پەروەردە، فەرهەنگ و پەیامی گۆڕانکاری و مرۆڤایەتی و هتد…)لە ئەستۆیە، هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی گرانەو پێویستە بەتەواوی ژیانێکی شایستەی بۆ فەراهەم بکرێت، تا بەوپەڕی تواناوە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت.
خاڵێکی دیکە دەبێت لەسەری بوەستین، پێویستە ڕاوبۆچونی مامۆستایان وەربگیرێت لەبارەی پڕۆسەی خوێندن بەگشتی و، لەنێویاندا پڕۆگرامەکانی خوێندن و کارو چالاکیەکانی وەزارەتی پەروەردە، بەوپێیەی ئەو زیاتر لەناو بارودۆخەکەیەو زیاتر کەم و کوڕیەکان دەبینێت، تا مامۆستاش زیاتر ڕۆحی لەگەڵ کارەکەی تێکەڵ ببێت و ئاسوودە بێت لە پیشە و شوێنی کارەکەی.
هەروەها ئەرکی سەرشانی بە ڕۆتیناتی بێ سود قورس نەکرێت، گۆڕینی لەناکاوی پڕۆگرام بێ هیچ ئامادەکاریەکی مامۆستا دواجار قورس دەکەوێت لەسەر شانی هەم مامۆستا هەم قوتابی، گوێنەدان بە پسپۆری بۆ قۆناغەکانی بنەڕەتی و بوونی بەشە وانەی زۆر بۆ بەشێکی پسپۆریەکان و، ڕێگای دوری مامۆستایان و کرێی هاتوچۆو، نەبوونی پێداویستی وانەوتنەوەی هاوچەرخ و، بگرە پێویستە زۆر سەرەکی و سەرەتاییەکان و، نەبوونی کارئاسانی لەهەندێک لە ناوەندەکانی خوێندن، لەگەڵیشیدا نەدانی شایستە داراییەکانیان بەتەواوی، هەموو ئەمانە ئەرکی سەرشانی مامۆستایانی گران کردوە، وایکردوە بەشێکی زۆری مامۆستایان بە ڕۆحێکی ئاسودەوە کارەکەی نەکات و، زۆرینەیان بیر لە ئیشی دووەم بکاتەوە، کە بەدڵنیاییەوە ناتوانێ هاوسەنگی تەواو ڕابگرێت لەنێوان دوو کاردا. چونکە کاری مامۆستایی تەنها ئەو بەشەی دەوام نیە کە بە پێوە دەوەستێت، بەڵکو لە ماڵیشەوە سەرقاڵە بە پیشەکەیەوە.
دواجار پیشەی مامۆستایی تاکە پیشەیە، هەستی دایکایەتی و باوکایەتیت پێ دەبەخشێت، ئەگەر بەڕاستی مامۆستا پیشەکەی خۆی خۆشبوێت، چونکە تاکە پیشەیە کە پێت خۆشە بەرهەمی خوێندکارەکەت لەخۆت بەرهەمدارتربێت و سەرکەوتووتر بێت.
ئەخلاق، دڵسۆزی، سۆزو و میهرەبانی، دەبێت ببێتە سەنتەری جوڵێنەری سەرەکی کارەکەی، چونکە سوودمەندی دنیایە لەوەی سەربەرزو خۆشحاڵە بە بەرهەمی خوێندکارەکانی و شانازیی پێوە دەکات، سوودمەندی قیامەتە چونکە هەڵگری پەیامی پێغەمبەرانە.