یەکشەممە , تشرینی یەکەم 4 2026

ئازارە نەبینراوەکان (1) دەنگێکی پڕ لە سوپاسگوزاری بۆخودا

(سۆزی توشبویەکی نەخۆشی شێرپەنجە)
کەژاڵ عبداللە
ساڵێک و چەند مانگێکە من لە ناو جەنگێکی سەختدام لەگەڵ نەخۆشی «شێرپەنجە». ئەم تاقیکردنەوەیە کەوتە کاتێک، کە هێشتا جەرگم بە کۆچی دوایی خوشکە ئازیز و شیرینەکەم سوتا بوو، کە بە هەمان نەخۆشی ماڵئاوایی لێ کردبوین. لەو ساتەوە تەواوی ژیانم گۆڕا و ڕووبەڕووی قورسترین ڕێگای تەمەنم بوومەوە.
من هێشتا بەردەوامم لە بەگژداچوونەوەی ئەم نەخۆشییە و کۆڵ نادەم، لەم ڕێگایەشدا دڵم پڕە لە سوپاسگوزاری.
پێش هەموو شتێک، سوپاسی بێپایان بۆ خوای گەورە کە لە هەموو هەنگاوێکدا ئارامی و هێزی بەخشیوە بە ڕۆحم و، لە تەنیایی ڕزگاری کردووم.
سوپاسی تایبەت بۆ نەخۆشخانەی هیوا سەرجەم پزیشکان، پەرستاران و کارمەندە دڵسۆزەکانی کە بە میهرەبانییەوە خزمەتمان دەکەن، بەتایبەتی دکتۆر (ڕێباز)ی بەڕێز کە پاڵپشت و یاوەری بەردەوامم بووە لەم ڕێگایەدا و، دکتۆرە (سەناریا شوان)ی خەمخۆرو، دکتۆر (هەڵوان عبدالرحمان چاوەش) ی لێهاتوو.
سوپاس بۆ خێزان و دڵسۆزان لە خزم و هاوڕێ ئازیزەکانم، کە بە دوعا و وەستانیان لە پشتم، ئومێدم پێ دەبەخشن.
ئەم تاقیکردنەوەیە هێشتا کۆتایی نەهاتووە بەڵام زۆر شتی گەورەی فێر کردم، بەهای خێزانێکی میهرەبان و دڵسۆز،​ خەمخۆریی کچەکەم و هاوسەرەکەی، کەلە بەهێزترین کاتەکانی نەخۆشی و، ئازاردا دەرگای دڵ و ماڵەکەیان واڵاکردو، بەبێ درێغی بوونە قەڵایەکی قایم ودەستیان گرتم، هێزوهیوایان پێ بەخشیم، شانبەشانی سۆزی کوڕەکەم و خێزانەکەی، جوانترین بەخششی یەزدانە.
نرخی ڕاستەقینەی تەندروستی و ئاسودەیی دەروون لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، تاوەکو زۆرێک لە ڕاستییەکانی ژیان و دڵسۆزانی دەوروبەرم ئاشکرا بناسم.
بڕیار بدەم لەمەودوا ڕێگە نەدەم هیچ شتێک یان هیچ کەسێک ئاسودەیی و ئارامیی ناخم تێکبدات.
بە توانا و بەزەیی خودا، بە ورەیەکی بەرزەوە لەسەر ئەم جەنگە بەردەوام دەبم تا سەرکەوتن، لە دڵمەوە دوعا دەکەم خوای گەورە شیفای تەواو بە من و هەموو نەخۆشێک ببەخشێت و، ڕۆحی خوشکە نازدارەکەشم بە بەهەشت شاد بکات.

Check Also

منداڵی تەندروست (2) فێری منداڵەکەت بکە، ناکرێت هەمیشە حاڵی باش بێت

شنۆ حسێنچۆن منداڵێکی دڵخۆش پەروەردە بکەین؟ ئەگەر «دڵخۆشی» بەوە پێناسە بکەین کە منداڵەکەمان دەبێت هەمیشە …