هەینی , ئەیلوول 18 2026

منداڵی تەندروست (2) فێری منداڵەکەت بکە، ناکرێت هەمیشە حاڵی باش بێت

شنۆ حسێن
چۆن منداڵێکی دڵخۆش پەروەردە بکەین؟

ئەگەر «دڵخۆشی» بەوە پێناسە بکەین کە منداڵەکەمان دەبێت هەمیشە حاڵی باش بێت، بە نائاگایی پەیامێکی هەڵەی پێ دەدەین: «ئەگەر حاڵم خراپە، بە دڵنیاییەوە کێشەیەک هەیە»، بەڵام ژیان هەمیشە بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێت نابێت.
منداڵیش وەک هەر مرۆڤێک، جارێک تووشی شکست، توڕەیی، ترس، تەنهایی، ناڕەزایی و نائومێدی دەبێتەوە.
ئەگەر فێری ئەوە بێت کە دەبێت هەمیشە دڵخۆش بێت، هەر هەستێکی ناخۆش دەبێتە شتێک کە دەیەوێت بە خێرایی لێی هەڵبێت.
لەو کاتەدا لەوانەیە پەنابباتە بەر:( مۆبایل، خواردن، یاری …هتد)، لە داهاتووی نزیکیش پەنادەباتە بەر شتە زیان‌بەخشەکان.
ئەم شتانە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی حاڵی باشتر بکەن، بەڵام هەستە ناخۆشەکان چارەسەر ناکەن؛ تەنها دەیانشارنەوە.
فێری منداڵەکەت بکە کە:
«ناکرێت هەمیشە حاڵم باشبێت»
«حاڵی خراپیش بەشێکە لە مرۆڤ‌بوون.»
«پێویست ناکات هەر هەستێک هاتە پێش دەستبەجێ لەناوببەم.»
«دەتوانم لەگەڵ هەستەکەم بمێنمەوە و، تێبگەم، چی لە پشت ئەو هەستەیە وفێر دەبم بەڕێوەیان بەرم.»
کاتێک دڵخۆشە، یارمەتیدەری بدە لەو ساتە چێژ ببینێت. کاتێکیش حاڵی خراپە، پێش ئەوەی دەستبەجێ سەرقاڵی بکەیت یان تەرکیزی لاببەیت، لەگەڵی بمێنەوە و پرسیاری بکە: «ئێستا چ هەستێکت هەیە؟»، «پێت وایە چی وای لێکردوویت ئەم هەستەت هەبێت؟»، «ئێستا پێویستت بە چییە؟».
ئامانجی پەروەردە ئەوە نییە منداڵێکمان هەبێت کە هەمیشە دڵخۆش بێت.
ئامانج ئەوەیە مرۆڤێک پەروەردە بکەین کە بتوانێت لە ڕۆژە باش وخۆشەکان چێژ ببینێت و، لە ڕۆژە سەختەکان هەڵنەیەت و، بە جوانی بەڕێوەیان ببات.
منداڵەکەت پێویستی بە خۆشەویستی، پەیوەندی، یاری و، ئارامی هەیە؛ بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستی بە سنوور، بەرپرسیارێتی و دەرفەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەختییەکاندا هەیە.
هەر کاتێک هەستێکی ناخۆش ڕووی تێکرد، خێرا هەوڵ مەدە بۆ لەناوبردنی.
لە تەنیشتی بمێنەوە و یارمەتیدەری بە هەستەکەی بناسێت و تێیبگات.
منداڵێکی تەندروست ئەوە نییە هیچ حاڵی خراپ نەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئاسودەیە هەموو هەستەکانی ئەزموون بکات، و بزانێت هەستە سەخت وناخۆشەکان هەمیشە نامێنن و لە کۆتاییدا تێدەپەڕن.

Check Also

منداڵی تەندروست (1) لەئارامگری دایکمەوە فێردەبم

شنۆ حسێنمن تەنها ١٨ مانگم، بەڵام هەمووان پێیان وایە زۆر منداڵم و هێشتا تێناگەم، یان …