ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
تەڵاقی ناحەق (التعويض عن الطلاق التعسفي) و ڕەهەندەکانی
تەوەرەی یەکەم: پێناسە و گشتگیریی چەمکەکە
پێناسەی قەرەبووی تەڵاقی ناحەق:
بریتییە لەو بڕە پارەیەی کە دادگای باری کەسێتی بەپێی یاسا بەسەر مێرددا دەیسەپێنێت بۆ پێدانی بە ژنە تەڵاقدراوەکەی. ئەمە وەک قەرەبوویەک دادەنرێت لە بەرامبەر ئەو زیانە مادی و مەعنەوییانەی بەر ژنەکە کەوتوون بەهۆی ئەوەی مێردەکەی بەبێ هۆکارێکی یاسایی و بە شێوەیەکی تاکلایەنە و ئارەزوومەندانە (بە ناحەق) تەڵاقیداوە.
تایبەتمەندی و بنەما یاساییەکانی قەرەبووەکە:
- بنەمای یاسایی: ئەم مافە بەپێی مادەی (٣٩ / بڕگەی ٧) لە یاسای باری کەسێتیی هەموارکراودا جێگیر کراوە.
- سەربەخۆیی مافەکە: ئەم قەرەبووە بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە مافەکانی دیکەی وەک مارەیی (پێشەکی و پاشەکی) یان نەفەقەی عیددە نابێت، بەڵکو مافێکی یاسایی تەواو سەربەخۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ناڕەحەتی و تێکچوونەی بەر ژیانی ژنەکە کەوتووە.
تەوەرەی دووەم:
ڕەهەندی یاسایی و مەرجەکانی بڕیاردان
لە ڕووی یاساییەوە، دادگا بە بەبێ بەڵگە یان بەبێ بوونی مەرجی تایبەت بڕیار لەسەر سەپاندنی ئەم قەرەبووە نادات. سەرەکیترین مەرج و بنەما یاساییەکان بریتیین لە:
١. مەرجی سەرەکی (گواستنەوەو چوونەمال / دخول شرعي): - پێویستە گواستنەوە (دخول شرعي) ڕووی دابێت.
- تەڵاقەکە بەبێ داواکاری یان زانین و ڕەزامەندیی ژنەکە ئەنجام درابێت.
- هۆکاری گرنگیی چوونەمال: زیانی ڕاستەقینەی تەڵاق لە دوای پێکهێنانی ماڵی هاوسەرگیری و چوونەماڵدا دەپێورێت ، بەم هۆیەوە لە قۆناغی دەستگیرانداریدا (پێش گواستنەوە) ئەم قەرەبووە ژنەکە ناگرێتەوە.
٢. میزانی خەمڵاندنی قەرەبووەکە لە دادگا:
- سنووری یاسایی: یاسا بڕی قەرەبووەکەی دیاری کردووە بە جۆرێک کە کەمتر نەبێت لە نەفەقەی سێ ساڵ و زیاتر نەبێت لە نەفەقەی پێنج ساڵ.
- کارتێکەرەکانی دیاریکردنی بڕەکە: دادوەر بڕی قەرەبووەکە لەسەر بنەمای ئاستی بژیوی خێزانەکە، ڕادەی زیانە بەرکەوتووەکان، و بە تایبەتی توانای دارایی و دەوڵەمەندیی پیاوەکە دەخەمڵێنێت. واتە چەندە مێرد دەوڵەمەندتر بێت و توانای دارایی بەرزتر بێت، بڕی قەرەبووەکەش بەرەو ئاستی باڵا (تا نەفەقەی ٥ ساڵ) سەردەکەوێت.
تەوەرەی سێیەم:
ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ ژن
١. ڕەهەندی دارایی :
- سەقامگیریی ئابووریی کاتی: قەرەبووەکە دەبێتە پشتیوانەیەکی دارایی گرنگ بۆ ژنەکە دوای تێکچوونی خێزانەکەی، تا دەتوانێت باری ئابووریی خۆی ڕێک بخاتەوە.
- دادپەروەریی دارایی: ڕێگری دەکات لەوەی پیاو بەبێ گوێدانە لێکەوتە داراییەکان، بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت بە بڕیاری تەڵاقەوە بکات.
- پاراستنی مافە داراییەکانی دیکە: جیاکردنەوەی ئەم قەرەبووە لە مارەیی و نەفەقەی عیددە، مسۆگەری ئەوە دەکات کە ژن لە مافە بنەڕەتییەکانی دیکەی بێبەش نەبێت.
٢. ڕەهەندی کۆمەڵایەتی : - کەمکردنەوەی زیانی مەعنەوی: تەڵاقی بێ هۆکار زیانی گەورە بە پێگە و بارودۆخی دەروونیی ژن لە کۆمەڵگەدا دەگەیەنێت؛ ئەم قەرەبووە وەک دانپێنانی یاسایی و کۆمەڵایەتییە بە مەزڵومییەتی ژنەکە دادەنرێت.
- کەمکردنەوەی ڕێژەی تەڵاقی خێرا:
بوونی سزای دارایی قورس، وەک هۆکارێکی ڕێگر (ردع) کار دەکات بۆ ئەوەی پیاوان بەپەلە و بەبێ هۆکاری یاسایی پەنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان نەبەن. - پاراستنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی:
دەستەبەرکردنی سەرچاوەی بژێوی بۆ ژن دوای جیابوونهوە، ڕێگری لە داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ژنەکە دەکات لە ناو کۆمەڵگەدا.