پێنجشەممە , تشرینی یەکەم 1 2026

بەساڵاچووان: لوتکەی ئەزموون و گەرەنتیی مافەکان لە یاسادا

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە

پیربوون قۆناغێکی سروشتی و ناچارییە لە تەمەنی مرۆڤدا، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، ڕێژەی کەسانی بەساڵاچوو لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بێ پێشینە ڕوو لە زیادبوونە.
بەساڵاچوون لوتکەی ئەزموون و تەمەنی مرۆڤە؛ کۆمەڵگەیەک کە ڕێز لە بەساڵاچووانی بگرێت، ڕێز لە ئایندە و مێژووی خۆی دەگرێت.

ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم (١٠/١) دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنەکان بەرامبەر ئەم توێژە شایستەیە.
ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان (١ی تشرینی یەکەم)
ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژی جیهانیی بەساڵاچووان دیاریکراوە و تەرخانکراوە بۆ:

  • ڕێزلێنان: پێزانین بۆ ماندووبوون و بەخشینی بەساڵاچووان لە کۆمەڵگەدا.
  • هۆشیارکردنەوە: ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگە دەربارەی مافەکانیان و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە (وەک تەندروستی، خزمەتگوزاری، و چاودێری کۆمەڵایەتی).
  • ڕەخساندنی ژینگە: هاندانی کۆمەڵگە بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی لەبار و شایستە بۆیان.

«مافی بەساڵاچووان لە یاسادا»

لەیاسای زۆربەی وڵاتان و لە دەستووری عێراقیشدا، مافی بەساڵاچووان پارێزراوە بۆ ئەوەی بێ‌دەستەڵات نەبن و ژیانێکی شایستەیان هەبێت.

١. چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان:

  • جارنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ (١٩٤٨): جەخت لەسەر یەکسانی و مافی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو تەمەنەکان دەکاتەوە.
  • پلانەکانی کردەی ڤییەننا (١٩٨٢) و مەدرید (٢٠٠٢): ڕێنمایی ڕوون دەدەنە دەوڵەتان بۆ داڕشتنی پێوەرەکانی پاراستنی بەساڵاچووان، دابینکردنی خانەنشینی شایستە، و پاراستنی مافی بەشداریکردنیان لە بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.

٢. دەستووری عێراق:

  • ماددەی ٢٩ / بڕگەی سێیەم: یاسا خێزانەکان پابەند دەکات کە ڕێز لە دایک و باوکی بەساڵاچوویان بگرن و چاودێرییان بکەن ، ئازاردان یان پشتگوێخستنی بەساڵاچووان لە ناو خێزاندا بە سەرپێچیی یاسایی دادەنرێت.
  • ماددەی ٣٠ / بڕگەی یەکەم و دووەم:
    دەوڵەت ملزەم دەکات کە گەرەنتیی ژیانێکی شایستە بۆ بەساڵاچووان بکات، وەک دابینکردنی کۆمەک، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەی کە کەسیان نییە یان توانای داراییان نییە.

٣- (یاسای سزادانی عێراقی)

  • ماددەی ٣٧٠ لە یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩):

دەڵێت: هەر کەسێک ئەرکی چاودێریکردنی کەسێکی بەساڵاچوو یان نەخۆشی لەسەر بێت و لە شوێنێکی چۆڵ یان بێ‌دەستەڵات جێی بهێڵێت و پشتگوێی بخات:
سزای بەندکردن (لە چەند مانگێک تا ٣ ساڵ) یان غەرامەی دارایی دەکرێت.
ئەگەر بەهۆی ئەم پشتگوێخستنەوە بەساڵاچووەکە تووشی زەرەر، کەمئەندامی یان مردن ببێت، سزاکە زۆر قورستردەبێت و دەبێتە تاوانی کوشتن یان زەرەرپێگەیاندنی بەئەنقەست.
٤ـ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی (لە هەرێمی کوردستان – یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١):

  • پشتگوێخستنی ئەنقەست، ئازاردانی دەروونی، یان ڕێگەنەدان لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ بەساڵاچوو لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە بە توندوتیژیی خێزانی ئەژمار دەکرێت.
  • سزاکەی: سزای بەندکردن (لە ٦ مانگ تا ٣ ساڵ) و غەرامەکردنی دارایی هەیە.

٥. یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەی بەساڵاچووان:

  • پەیڕەوی خانەی بەساڵاچووان (ژمارە ٤ی ساڵی ١٩٨٥ لە عێراق):

مافی هەموو بە تەمەنێکە لە خانەی بەساڵاچووان ، خۆراکی تەندروست، و بژێویی بەخۆڕایی بۆ دابین بکرێت ئەگەر بێدەستەڵات و بێکەس بێت.

٦- مافی خەرجیی بژێوی لەسەر کەسوکار (نەفەقە).

  • یاسای باری کەسێتی کارپێکراو لە هەرێم (ماددەی ٥٩):
  • ئەگەر بەساڵاچوویەک توانای دارایی نەبێت و منداڵەکانی (کچ یان کوڕ) توانای داراییان هەبێت، دادگاکانی باری کەسێتی لە هەرێم بەپێی یاسا منداڵەکان مەجبور دەکەن بە پێدانی مووچەی بژێوی (نەفەقەی بەخێوکردن) بۆ دایک و باوکیان.
  • ئەگەر منداڵەکە بڕیاری دادگا جێبەجێ نەکات، سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

٧. مافی پاراستنی خاوەندارێتی و موڵک و ماڵ

  • یاسای مەدەنی و دادگاکانی بەرایی لە هەرێم:
    دادوەر مافی ئەوەی هەیە بڕیاری «حجر» (واتە ڕاگرتنی دەسەڵاتی دارایی) دەربکات، بەم مەبەستانەی خوارەوە:
  • پاراستنی ماڵ و سامانەکەی: بۆ ئەوەی کەسانی تر فێڵی لێنەکەن یان بەبێ ئاگاداری خۆی سامانی نەفرۆشن.
  • دیاریکردنی وەصی (سەرپەرشتیار): دادگا کەسێکی متمانەپێکراو دیاری دەکات تا وەک سەرپەرشتیاری یاسایی چاودێری بەڕێوەبردنی سامانەکەی بکات.

لەکۆتاییدا…
بەساڵاچووان تەنیا ڕابردووی ئێمە نین، بەڵکو دانایی و ڕووناکیی ڕێگای ئایندەمانن، تاڵە قژە سپییەکانیان و هێڵەکانی سەر ڕوخساریان، نەخشەی ڕەنج و ئەزموونێکی قووڵن کە شایستەی بێئەندازە ڕێز، میهرەبانی و خۆشەویستین.
خزمەتکردن و پاراستنی شکۆی بەساڵاچووان، ئەرکێکی ئاینی، یاسایی و مرۆیی سەرشانی هەموومانە. وەک چۆن ئەوان لە سایەی میهرەبانی خۆیاندا ئێمەیان گەورە کرد، با ئەمڕۆ ئێمەش ببینە سێبەرێکی ئارام بۆ ماندوێتیی ساڵانی پیرییان.

Check Also

ژن؛ چۆن هاوکارو دەسباری هاوسەری بێت لەکاتی تەنگژە و شکستدا

هەڵاڵە محمد ئەڵماسژیان بەردەوام لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا دەسوڕێتەوە. کاتێک پیاو لە ژیانی هاوسەری …