د. تارا مەحمود حەسەن
پسپۆری نەخۆشیەكانی چاو
دانیشتن لەبەردەم شاشەی كۆمپیوتەردا بۆ چەندین كاتژمێر بووە بە كارێكی رۆژانەی زۆر كەس، ئەمەش كاریگەری لەسەرچاو هەیەو، بەهۆیەوە چەند حاڵەتێك لەچاودا روودەدات لەو كەسانەی كە ئامێری كۆمپیوتەر بەزۆریی بەكاردێنن، لە رووی زانستیشەوە پێی دەوترێتComputer Vision Syndrome(CVS).
یەكەم: هۆكارەكانی (CVS) :
1. زۆر بەكارهێنانی كۆمپیوتەر: لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە، كە كێشەكانی چاو زۆرە لە نێوان (50% بۆ 90%)ی، ئەوانەی كە كۆمپیوتەر بە زۆریی بەكاردێنن، واتە كێشەیەك لەچاویاندا دروست دەبێت، بۆ نموونە ئەو منداڵانەی كە یاریە ڤیدیۆییەكان بەكاردێنن لەسەر ئەو شاشانەی كە بە دەستیەوە دەگرن، وەك هەموو جۆرەكانی تابلێت (ئایپاد)و ئامێرەكانی تر، بەتایبەت كە روناكی و دورو نزیكی شاشەكە لە چاوەوە گونجاو نەبێت .
2. ئیشكردن لەسەر كۆمپیوتەر وەك تایپێست (Typist): ئەمەش وا دەكات ئەو كەسە بەردەوام فۆكەس بە چاوی دەكات، لە نێوان بینینی سەر لاپەڕەكەو شاشەی كۆمپیوتەرەكەدا، هەروەها بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەی بەهۆی كرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولكەكانی ناو چاویەوە بەردەوام وێنەكە ڕوونتربكاتەوە، لە رێگەی ناردنی نیشانە بۆ مێشك بەبەردەوامی بۆ وەرگرتنی وێنەیەكی ڕوونتر.
3. خوێندنەوە لەسەر كۆمپیوتەر: ئەمەیان زۆرترین كاریگەری لەسەرچاو هەیە لە خوێندنەوەی سەر كاغەز، چونكە سكرینی كۆمپیوتەر هەندێك شتی زیاتر ئەخاتە سەر چاو، كە كاریگەریی لەسەر بینین دروست دەكات، وەك ڕووناكی جیاواز، جوڵەی بەردەوامی وێنەی سەر كۆمپیوتەرەكە.
4.بوونی نەخۆشی یان لاوازی بینین: لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە، كە كاریگەری كۆمپیوتەر زیاتر لەسەر ئەو چاوانە دەردەكەوێت، كە خۆیان نەخۆشی هەڵەی شكانەوە، وەك ئەستیگماتیزمیان كورت بینیان هەیە، بەتایبەت ئەگەر چاویلكە بەكارنەهێنن.
دووەم: نیشانەكانی (CVS):
1. تەڵخبوونی بینین
2. دووبینی (شت كردن بە دووان )
3. وشكبوونەوەی چاو
4. خورانی چاو
5. سەرئێشە
6. مل ئێشە
7. پشت ئێشە
سێیەم: چۆن خۆمان لە (CVS)بپارێزین:
1. گۆڕینی شاشەی كۆمپیوتەرەكەت یان كەمكردنەوەی رووناكی ژوورەكە، نەهێشتنی سێبەر لەسەر شاشەی كۆمپیوتەرەكەو، دانانی فیلتەر بۆ شاشەكە.
2. گۆڕینی ئەو مێزەی كە كۆمپیوتەری لەسەرە، بەشێوەیەك نزیكەی (60) سانتیمەتر لە شاشەكەوە دووربیتو، تۆزێك لە خوار ئاستی چاوەوە بێت، بۆ ئەوەی مل درێژ نەكەیتەوە بۆ شاشەكە.
3. پشوو بە چاوەكانت بدە، بەوەی هەموو (20)خولەك جارێك چاوت لابە لەسەر شاشەكە، چاوت بنووقێنە بۆ ئەوەی تەڕبێتەوە یاخود فرمێسكی نا سروشتی بەكاربێنە.
4. گۆڕینی شاشەی كۆمپیوتەرەكە بەپێی پێویستی خۆت.
5. سەردانی پزیشكی پسپۆر بكە لەكاتی ناڕەحەتیدا، لەوانەیە چاویلكەكانت پێویست بەگۆڕین بكات، یاخود لەوانەیە پێویستت بە چاویلكە بێت.
American Academy of Ophthalmology