پ.ی.د: هەتاو حەمە ساڵح
توندوتیژیی دیاردەیەکی جیهانییە و تەنیا لەناو گەلێکدا قەتیس نییە، بەڵکو لە ناو هەموو میللەتاندا کەم تا زۆر بوونی هەیە و ئەمەش هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە دەرکەوتووە تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیە. بۆ نمونە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ساڵی (٢٠٢٢) بڵاویکردوەتەوە دەڵێت لە جیهاندا لە هەر سێ ئافرەت یەکێکی دوچاری تونوتیژی دەبێتەوە. ئامارەکانیش بەمجۆرەن: لە ئەوروپا و وڵاتانی دەوڵەمەند 22%، لە ئەمریکا 25%، لە ئەفریقا 33%، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 31% و لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا 33%.
١. توندوتیژیی و کولتور
لەوانەیە لای هەندێ نەتەوە جۆرێک رەفتار یان قسە یان تیڕوانین بەتوندوتیژیی هەژمار بکرێت، بەڵام لای هەندێکی تر نا. بۆ نمونە لێدان، جنێو، تانەو توانج لێدان لە بازار و سەر شەقامەكان جنێودان …هتد لە هەندێ کولتوردا توندوتیژیی بێت و لە هەندێکی تر شتێکی زۆر ئاسایی بێت. کەواتە کولتور و کۆمەڵگاکان سەبارەت بە چەمکی ڕەفتاری قبوڵکراو و قبوڵنەکراو جیاوازن. توندوتیژیی و ڕەفتاردا دەتوانێت بەهۆی ئەم هۆکارانەوە بێت:
١.داب و نەریت: بەها و داب و نەریتی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی ڕەفتاری کۆمەڵگادا.
٢. پەروەردە: پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی ڕەفتاری تاکەکان. لە خێزان و کۆمەڵگاکانیانەوە ڕەفتار و بەهاکانیان فێر دەبن.
٣. یاسا: یاساکان ڕۆڵیان هەیە لە دیاریکردنی ئەوەی کە ڕەفتارێکی قبوڵکراو و قبوڵنەکراو چییە. ڕەنگە هەندێک وڵات سزای توند بۆ کردەوەی توندوتیژیی و ناوزڕاندن لە شوێنە گشتیەکاندا بسەپێنن، لە هەندێ وڵاتی ترئەنجامدانی هەمان رەفتار ئاسایی بێت.
٤. ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی: ڕەفتارەکان کاریگەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگایان لەسەرە، ئەم هۆکارانە ڕۆڵیان هەیە لە گەشەکردن و گۆڕینی بەها و ڕەفتارەکاندا.
لەبەرئەوە پێناسەی توندوتیژیی بەپێ ڕوانگەی توندوتیژیی و بەپێی زانست و ئەدەبیاتی جیاواز دەگۆڕێت، لێرەوە پێناسەکان دەخەینەروو:
٢. پێناسەی توندوتیژییی
توندوتیژییی بریتییە لەهەموو ئەو (کردار، رەفتار، ئاماژە، قسە و جووڵانە)ی، بەرامبەر کەسێک ئەنجام دەدرێت و شوێنەوار و کاریگەریی جەستەیی و دەروونی خۆی جێدەهێڵێت.
توندوتیژییی زاراوەیەکی چەترە بەکاردێت بۆ هەر کارێکی زیانبەخش لەسەر کەسێک بەبێ ویستی خۆی ئەنجامبدرێت، هەموو ئەو کردارانە دەگرێتەوە زیان یان ئازاری جەستەیی، سێکسی یان دەروونی دەگەیەنن، ئەمەش زۆرجار لەسەر بنەمای جیاوازییە ڕەگەزیەکان لە نێوان نێر و مێردا دامەزراوە .
توندوتیژیی کێشەیەکی تەندروستی گشتییە لە ئەنجامی بەکارهێنانی بە ئەنقەستی هێز و توندوتیژیی جەستەیی دەبێت، وەک هەڕەشە لە دژی خود، کەسێکی تر، گروپێک یان کۆمەڵگەیەک ڕوودەدات، توندوتیژیی ڕەنگە ببێتە هۆی برینداربوون، مردن، یان زیانگەیاندن بە لایەنی دەروونی مرۆڤ .
بەکورتی توندوتیژیی بریتیە لە برینداركردنی بەرامبەر بە هێرشكردنی جەستەیی، زارەكیی یان دەروونیی. توندوتیژیی لە بیرەوە سەرچاوە دەگرێت دواتر دەبێت بە رەفتار ، خۆ ئەگەر نەبێت بە رەفتاریش ڕەنگە بە جۆرێكی تر دەرببڕدرێت.
٣. جۆرەکانی توندوتیژیی
لە پۆلێنێکردنێکی جۆر و چین و رەگەزدا، زانایانى دەرووناسى و کۆمەلناسى توندوتیژیییان پۆلین کردووە بۆ:
١/ توندوتیژیی خێزانی: توندوتیژیی خێزانی بەو توندوتیژییانە دەوترێ کە لە لایەن تاکێکی خێزانەوە بەرامبەر کەسێکی دیکەی خێزانەکە ئەنجام دەدرێ.
٢/ توندوتیژیی دژی ئافرەتان: هەموو ئەو رەفتارە توندانەیە کە دەبێتە هۆی ئازاردانی جەستەیی و دەرونیی بۆ ئافرەت.
٣/ توندوتیژییی دژی منداڵان: هەموو ئەو رەوشتانەیە کە دەبنە هۆی ئازاردان و زیانگەیاندن، یا خراپ رەفتارکردن لەگەڵ منداڵان.
٤/ توندوتیژیی دژی بەساڵاچوان: هەموو جۆرە ڕەفتارێکی نەشیاو دەگرێتەوە کە دەبێتەهۆی ئازاردانی جەستە و دەرونیان.
٥/ توندوتیژیی بەرامبەر ژینگە: بریتییە لە زیانگەیاندن بە سروشتی دارستانەکان وەک بڕینەوەو سوتاندنی دارەکان و لەناوبردنی ئاژەڵەکان و هەروەها پیسکردنی ژینگە.
٦/ توندوتیژیی دژی ئاژەڵ و باڵندەکان: بریتییە لە زیندانیکردن و لێدان یان دورخستنەوەیان لە سروشت و دارستانەکان.
ب. لەرووی پۆلێنکردنی شێوازی ئەنجامدانی، توندوتیژییی بریتییە لە :
١/ توندوتیژییی سێکسى: هەموو ئەو ڕەفتارە سێکسیانەیە دەگرێتەوە ڕوبەڕوی کەسێک دەبنەوە بە بێ ویست و ڕەزامەندی خۆی جا ئەو ڕەفتارە بەرامبەر ئافرەت یان پیاو یان منداڵ ئەنجام بدرێ هەر توندوتیژیییە.
٢/ توندوتیژییی جەستەیى: ئەو جۆرە توندوتیژییەیە کە دەبێتە هۆی ئازاردان و زیان گەیاندن بەجەستەی کەسێک، وەک لێدان و پیاکێشان و …هتد.
٣/ توندوتیژییی دەروونى: ئەو رەفتارە توندانەیە کە سەلامەتی دەرونی کەسێک دەخەنە مەترسیەوە، وەک هاوار کردن بەسەر مندالێکدا یان هەڕەشەی جیابونەوە لە هاوسەر یان هەڕەشەی سزادانی قوتابی لەلایەن مامۆستاکەی..هتد.
٤/ توندوتیژى زارەکی: هەموو وتە قسەیەکی ناشیاوە وەک جنێودان کە بەرامبەر ئەزیەت دەدات.
٥/ توندوتیژى فیکری: دەربڕینی ئەو فیکرو ڕاو سەرنجانەیە کە لە دڵ و عەقڵی کەسێکدایە و دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە تاک یان کۆمەڵگا.
٦/ توندوتیژى تەندروستى: بریتییە لە دابین نەکردنی پێداویستی بۆ نەخۆشخانەکان و نەبونی دەرمان و کەلوپەلی پێویست بۆیان.
٧/ توندوتیژى یاسایى: یاسای هەر وڵاتێک پێویستە لەگەڵ کلتور و ئاینی زۆرینە ڕێکبخرێ و مافی کەمینەش پارێزراو بێت ئەگەر پێچەوانەی ئەمە رویدا ئەوا توندوتیژیی یاسایی دروست دەبێت.
٨/ توندوتیژى سیاسى: رێگەگرتن بەرامبەر بە بیروڕای ئازاد و نەبوونی ڕادەربڕینی ئازاد لەسیاسەتکردندا.
٩/ توندوتیژى ئابورى: بریتییە لە ڕێگریکردن لەبەدەستهێنانی بڕە پارەیەک بۆ ژیانکردن و خۆشگوزەرانی تاکەکان جا ئەو ڕێگرییە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێت وەک نەدانی موچە یان کەمکردنەوەی بە فەرمانبەران، یان لەلایەن پیاوەوە بێت بە دابین نەکردنی لایەنی ئابوری بۆ خێزانەکەی یانیش لەلایەن خاوەنکارەوە بێت بۆ کرێکارەکانی.
١٠/ توندوتیژیی ئاینی و مەزهەبی: بەزۆر سەپاندنی ئاین بەسەر خەڵکدا، یان هەموو جۆرە ڕەفتارێک دژی ئاینەکان و سەرکوتکردنیان لەلایەن ئەوکەسانەی کە هاوفیکریان نین و سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکان.
بە جۆرێکی تر، توندوتیژیی چەندین جۆری هەیە، وەک، تیرۆر، کوشتن، لێدان، ستەمکاری، دەستدرێژی، دەستدرێژی سێکسی، تۆڵەکردنەوە و رقوکینە، سومعە شکاندن و ناوزراندن، بازرگانی مرۆڤ و لەشفرۆشی زۆرەملێیانە، توندوتیژیی پێش لە دایکبوون…هتد.