ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
سەلماندنی ماف لە دادگاکاندا یەکێکە لە جەوهەریترین قۆناغەکانی دادپەروەری لە سیستەمی یاسایی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەپێی یاسای سەلماندن (ژمارە ١٠٧ی ساڵی ١٩٧٩) و یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی (ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١)، شاهیدی (شایەتحاڵی) وەک یەکێک لە بەهێزترین بەڵگەکان بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان ئەژمار دەکرێت.
لەم بابەتەدا بە شێوازێکی زانستی و بە پشتیوانی نموونەی واقعی لە دادگاکانی باری کەسێتی و سزایی هەرێمی کوردستان تیشک دەخەینە سەر چەمک، مەرج، و وردەکارییەکانی شاهیدیدان.
شاهیدی (شایەتحاڵی) چییە؟
- واتای یاسایی:
گواستنەوەی زانیاریی ڕاستەوخۆیە لەلایەن کەسێکەوە (کە لایەنێکی داواکە نییە) بۆ دادگا، دەربارەی ڕووداوێک یان ڕاستییەک کە بە چاوی خۆی بینیویەتی، یا بە گوێی خۆی بیستوویەتی، یاخود بە هەستەکانی درکی پێکردووە. - ڕەهەندی کۆمەڵایەتی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا شاهیدی تەنها ئەرکێکی یاسایی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینییە، زۆرجار شاهید دەکەوێتە نێوان ئەرکی ویژدانی و گوشاری کۆمەڵایەتی (وەک پاراستنی پەیوەندی خزمایەتی یان ترسی تۆڵەکردنەوە).
- نموونەی واقعی: لە داوایەکی تەڵاق و زیان پێگەیاندندا، ژنێک بانگەشەی لێدان دەکات. دراوسێیەک کە بە چاوی خۆی ڕووداوەکەی بینیوە، دەچێتە دادگا و ڕوونی دەکاتەوە کە لە کات و بەروارێکی دیاریکراودا بینیوێتی هاوسەرەکەی توندوتیژی بەکارهێناوە. ئەم وتەیە یارمەتی دادوەر دەدات زیانەکە بسەلمێنێت.
مەرجەکانی شاهێد بەپێی یاسا:
بۆ ئەوەی وتەی شاهێد بەهای یاسایی هەبێت، دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
- ئەقڵ و هۆشیاری و شیاوێتی: توانای تێگەیشتن و بیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی هەبێت.
- پێگەیشتوویی (تەمەن):
بەپێی یاسای سەلماندن، دەبێت شاهێد تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو کردبێت تا سوێندی یاسایی بخوات. - لایەنگیر نەبوون: بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی لە کەیسەکەدا نەبێت و دژایەتیی کەسیی قووڵی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر نەبێت.
- بینیین یان بیستنی ڕاستەوخۆ: زانیارییەکانی لەسەر بنەمای هەستەکانی خۆی بێت، نە ک خەیاڵ و گومان.
نموونە: لە داوایەکی نەفەقەدا (بژێوی)، منداڵێکی ١٠ ساڵان ناتوانێت وەک شاهێدی فەرمی سوێند بخوات، یان کەسێک کە خۆی کێشەی دارایی لەگەڵ لایەنێکدا هەیە، ناتوانێت ببێتە شاهێدێکی بێلایەن.
گرنگیی سوێندی یاسایی پێش شایەدیدان:
- [ ] پێش خستنە ڕووی وتەکان، شاهێد سوێندی یاسایی دەخوات و دەڵێت (سوێند بە خوای گەورە هەرچی ڕاستە دەیڵێم).
- لە ڕووی یاساییەوە: ئاگادارکردنەوەی شاهیدەکەیە کە چووەتە قۆناغی بەرپرسیارێتی. ئەگەر درۆ بکات، ڕووبەڕووی تاوانی “شایەدیی درۆ” (شهادة الزور) دەبێتەوە بەپێی ماده ٤٥٨ی یاسای سزادانی عێراقی کە سزاکەی زیندانییکردنە.
- لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە: سوێندخواردن بە ناوی خواوە بەربەستێکی دەرونی و ویژدانی بەهێز دروست دەکات، و وا لە کەسەکە دەکات لە ترسی سزای ئیلاهی و ناوزڕانی کۆمەڵایەتی، ڕاستییەکە بڵێت.
دادوەر چۆن ڕاستگۆیی شاهێد دەستنیشان دەکات؟
دادوەر بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستگۆیی شاهێد و نەهێشتنی ترسی خێزانی یان عەشیرەتی، ئەم ڕێکارانە بەکاردێنێت:
- پرسیاری ورد و لەناکاو:
دادوەر داوای وردەکاریی زیاتر دەکات وەک ڕەنگی جل و بەرگ، کات، شوێن، و جۆری جلوبەرگ، چونکە کەسی درۆزن لە وردەکارییەکاندا ڕاستییەکەی لێ تێکدەچێت. - ڕووبەڕووبوونەوە: ڕووبەڕووبوونەوەی شاهید لەگەڵ شاهیدەکانی تر یان بەڵگە مادییەکان.
- زمانی جەستە):
چاودێریکردنی نیشانەکانی شڵەژان، ئارەق کردنەوە، تەماشانەکردنی چاوی دادوەر، و گۆڕینی تۆنی دەنگ. - دانیشتنی نهێنی: چۆڵکردنی ژووری دادگا بۆ ڕەواندنەوەی ترسی کۆمەڵایەتی و عەشیرەتی شاهیدەکە.
- بەراوردکردن: بەراوردکردنی وتەی شاهێد لەگەڵ ڕاپۆرتی پزیشکی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، یان وتەی شاهێدەکانی تر.
نموونەی واقعی: لە داوایەکی کوشتندا کە کێشەی عەشیرەتی لەپشت بوو، ژنێک کە شاهیدی سەرەکی بوو بە ترسێکی زۆرەوە وتەکانی گۆڕی ،دادوەر ژوورەکەی چۆڵ کرد و دڵنیایی پێدا لە ئەنجامدا ژنەکە ئاشکرای کرد کە بەرامبەرەکەی هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە. دادوەر پاراستنی بۆ دابین کرد و وتە ڕاستەقینەکانی تۆمار کرد.
جیاوازیی نێوان “شایەدی ڕاستەوخۆ” و “شایەدی بیستۆک”
- شایەدی ڕاستەوخۆ: بریتییە لەوەی شاهێدەکە بە چاوی خۆی ڕووداوەکەی بینیوە یان بە گوێی خۆی قسەکەی ڕاستەوخۆ بیستووە (بەڵگەیەکی بەهێزە).
- نموونە: “من بە چاوی خۆم بینیم پیاوەکە ژنەکەی لە ماڵ دەرکرد.”
- شایەدی بیستۆک (شهادة سماعية): بریتییە لەوەی شاهێدەکە دەڵێت: “من بە چاوی خۆم نەمنیوە، بەڵکو فڵان کەس پێی گوتم.” دادگا بەگشتی پشتی پێ نابەستێت مەگەر لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا و وەک ئاماژە.
- نموونە: “دایکم پێی گوتم کە ژنی دراوسێ کەمان پێی گوتبوو مێردەکەی لە ماڵ دەری کردووە.”
شایەدیدان بۆ ڕوونکردنەوە (استئناس):
هەندێک کەس یاسا سوێندیان پێ ناخوات، بەڵکو وتەکانیان تەنها وەک ڕێنمایی یان ڕوونکردنەوە (استئناس) بەکاردێت بۆ تەواوکردنی وێنەی ڕووداوەکە:
- منداڵ و نەوجەوانان: ئەوانەی تەمەنیان لە ١٥ ساڵ کەمترە (یان خوار ١٨ ساڵ بەپێی بارودۆخ).
- کەسانێک کە بەشێک لە هۆشیارییان لەدەستداوە: بەهۆی نەخۆشی یان بەساڵاچوونی زۆرەوە.
- سزادراوان بە تاوانی شاهیدی درۆ.
نموونەی واقعی: لە داوایەکی “بە خێوکردنی منداڵ (حضانة)”، منداڵێکی ١٢ ساڵان دەهێنرێتە دادگا. دادوەر سوێندی پێ ناخوات، بەڵکو بە شێوازێکی نەرم لەگەڵی دەدوێت تا تێبگات لەگەڵ دایکی ئاسوودەیە یان باوکی. ئەم قسانە تەنها بۆ “استئناس” بەکاردێن تا دادوەر باشترین بڕیار لە بەرژەوەندی منداڵەکە بدات.
شایەدیدانی کەسە نزیکەکان لە دادگای باری کەسێتی:
لە کێشە خێزانییەکاندا (وەک لێک جیابوونەوە، نەفەقە، مارەیی، یان توندوتیژی)، چونکە رووداوەکان لە ناو ماڵدا ڕوودەدەن، شایەدیدانی کەسە نزیکەکان (دایک، باوک، خوشک، برا) تایبەتمەندیی خۆی هەیە:
١. حوکمی یاسایی: یاسا ڕێگری ناکات لە وەرگرتنی شایەدیی کەسە نزیکەکان، بەڵام دادوەر مافی تەواوی هەیە هێز و بەهای ئەو شایەدییە دیاری بکات، چونکە عاتیفە دەکرێت کاریگەری لەسەر بێلایەنییان هەبێت.
٢. لە داوا ئاساییەکاندا (مارەیی، ماڵ ومولک): ئەگەر تەنها شایەدی دایک و باوک هەبێت و هیچ بەڵگەیەکی تر نەبێت، دادوەر بە تەنها بە قسەی ئەوان بڕیار نادات.
٣. لە داوای زیان و توندوتیژیدا: دادگا زیاتر گوێ لە کەسە نزیکەکان دەگرێت چونکە خۆیان ڕووداوەکەیان بینیوە، و ئەگەر قسەکانیان لەگەڵ بەڵگەکانی تردا (وەک ڕاپۆرتی پزیشکی) بێتەوە، بڕیاری لەسەر دەدرێت.
هۆکارەکانی ڕەتکردنەوەی شایەدیی کەسانی نزیک:
- دژایەتی لە قسەکانیاندا هەبێت.
- سەلماندنی لایەنگری (تەنها بۆ تۆڵەکردنەوە قسە بکەن).
- شایەدییەکە “بیستۆک” بێت و خۆیان بە چاوی خۆیان نەیانبینیبێت.