ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
خێزان کەوانەی کۆکەرەوەی هەموو کۆمەڵگەیەکە، بەڵام کاتێک ڕێڕەوی ژیان دەگۆڕێت و جیابوونەوە ڕوودەدات، ڕەنگە پەیوەندیی نێوان دایک و باوک کۆتایی بێت، بەڵام بەرپرسیارێتیی بەرامبەر منداڵ هەرگیز کۆتایی پێنایەت. لەم نێوەندەدا، یاسا وەک پارێزەر و سەنگەری کۆتایی دێتە ناو هاوکێشەکەوە بۆ ئەوەی ماف و داهاتووی منداڵ لە ناو ململانێکاندا نەبێتە قوربانی.
کاتێک هاوسەرگیری کۆتایی دێت، یاسا هەوڵدەدات بەرژەوەندیی باڵای منداڵ بپارێزێت و هاوسەنگی لە نێوان سۆزی دایک و سەرپەرشتیی باوکدا دروست بکات. بەپێی یاسای باری کەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ (هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨)، ئەم بابەتە لە ماددەی ٥٧دا بەم جۆرە ڕێکخراوە:
١. ماف و قۆناغەکانی دایەنیکردن (الحضانة)
- لەپێشتربوونی دایک بۆ مافی دایەنی (ماددەی ٥٧ / بڕگەی ١):
دایک شایستەترین کەسە بۆ بەخێوکردنی منداڵ لە کاتی هاوسەرگیری و دوای جیابوونەوەش، بە مەرجێک زامنی پەروەردەکردنی بکات.
- تەمەنی سەرەتا تاوەکو ١٠ ساڵی): مافی دایەنیکردن بە ڕەهایی بۆ دایک دەمێنێتەوە (ماددەی ٥٧ / بڕگەی ٤).
- درێژکردنەوە (تا ١٥ ساڵی): سەرەڕای داوای باوک بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەکە، دادگا دەتوانێت لەسەر داوای دایک و بڕیاری توێژەری کۆمەڵایەتی، تەمەنی دایەنیکردن تا ١٥ ساڵی درێژ بکاتەوە ئەگەر لە بەرژەوەندیی منداڵەکەدا بێت (ماددەی ٥٧ / بڕگەی ٢).
- مافی هەڵبژاردن / التخيير (لە ١٥ ساڵییەوە): کاتێک منداڵەکە دەگاتە ١٥ ساڵی تەواو، دادوەر سەربەخۆیانە گوێی لێدەگرێت و مافی هەڵبژاردنی پێدەدات کە لای دایکی بمێنێتەوە یان بڕواتە لای باوکی بۆ ئەمەش گوێگرتنی ڕاستەوخۆ :
دادوەر بە تەنها یان بە ئامادەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی دادگای باری کەسێتی، لە ژوورێکی تایبەتدا (بەبێ ئامادەبوونی دایک و باوک بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پەستان نەبێتەوە) گوێ لە ووتەی منداڵەکە دەگرێت. (ماددەی ٥٧ / بڕگەی ٦). - سەندنەوەی مافی دایەنیکردن:
ئەم مافەلە دایک دەسێنرێتەوە ئەگەر بە بەڵگەی پزیشکی و دادوەری بسەلمێندرێت مانەوەی منداڵەکە زیانی جەستەیی (توندوتیژی)، دەروونی (نەخۆشیی عەقڵیی توند)، یان ئەخلاقی (ماددەی هۆشبەر، ڕێگری لە خوێندن)ی پێدەگەیەنێت، دادگا مافەکە لە دایکەکە دەسێنێتەوە.
ئەمەش ٣ نموونەی دیاری دادگاکانە بۆ جۆرەکانی زیان:
١. زیانی جەستەیی (الضرر الجسدي.
- نموونە: دایکەکە بەردەوام توندوتیژیی جەستەیی توند یان ئەشکەنجە بەرامبەر منداڵەکە بەکاربهێنێت، یان لە ڕووی تەندروستییەوە کەمتەرخەم بێت (بۆ نموونە نەبردنی منداڵەکە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەرنەکردنی لە نەخۆشییەکی کوشندەدا).
- سەلماندن لە دادگا: لە ڕێگەی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری ( طب العدلي) کە ئاسەواری لێدان یان کەمتەرخەمییەکی مەترسیدار دەسەلمێنێت.
١. زیانی دەروونی (الضرر النفسي)
- نموونە: دایکەکە تووشی نەخۆشییەکی دەروونی یان عەقڵی توند بووبێت (وەکو نەخۆشیی شیزۆفرینیا یان خەمۆکیی توند) کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتارەکانی نەبێت و بەردەوام ترس و دڵڕاوکێ بۆ منداڵەکە دروست بکات، یان هانی منداڵەکە بدات بۆ خۆکوشتن و ڕقبوونهوه لە کۆمەڵگە.
- سەلماندن لە دادگا: لە ڕێگەی ناردنی دایکەکە بۆ لیژنەی پزیشکیی تایبەتمەندی دەروونی (اللجنة الطبية النفسية المختصة) و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی توێژەری کۆمەڵایەتی دادگا.
١. زیانی ئەخلاقی و پەروەردەیی (الضرر الأخلاقي) - نموونە: دایکەکە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر یان کحول بێت، یان شوێنەکە یان ڕەفتاری ژیانی ڕۆژانەی بوبێتە هۆی لادانی ئەخلاقی بۆ منداڵەکە (وەکو بەکارهێنانی ماڵەکە بۆ کاری نەشیاو یان ناچارکردنی منداڵەکە بۆ سواڵکردن و نەناردنی بۆ قوتابخانە).
- سەلماندن لە دادگا: لە ڕێگەی بڕیاری کۆتایی دادگای جەزایی (کە دایکەکەپێشتر سزادراوە بە تاوانێک) یان بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و ئاگاداری فەرمیی پۆلیس.
لێکەوتەی یاسایی ئەم حاڵەتانە:
ئەگەر یەکێک لەم زیانانە لە دادگا سەلما، دادوەر بڕیاری لێسەندنەوەی مافی دایەنیکردن (إسقاط الحضانة) لە دایکەکە دەردەکات و مافەکە دەگوازێتەوە بۆ کەسی شایستەی دوای ئەو بەپێی پلەبەندیی یاسایی (کە بەپێی یاسا یەکەم جار بۆ باوکە ئەگەر مەرجەکانی تێدا بێت، یان نەنک).
١. گەشتکردن و کێشەی خەرجی (النفقة)
- ڕێگری لە گەشتکردن: دایەنیکردن لای دایکە بەڵام ویلایەت (سەرپەرشتیی یاسایی) لای باوکە. دایک ناتوانێت بێ ڕەزامەندیی باوک منداڵ بباتە دەرەوەی وڵات.
١. ماددەی (٥٧) / بڕگەی (٥) لە یاسای باری کەسێتی (ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو)
ئەم بڕگەیە جەخت دەکاتەوە لەوەی دایەن (دایک) ناتوانێت گەشت بە منداڵەکە بکات بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ ڕەزامەندیی وەلی (باوک)، مەگەر دادوەر مۆڵەتی پێبدات و بەرژەوەندیی باڵای منداڵەکەی تێدا بێت، چونکە گەشتکردن مافی بینین (الزيارة) لە باوک دەسێنێتەوە.
١. ماددەی (٢٧) و ماددەی (٢٨) لە یاسای چاودێریکردنی ناکامەکان (قانون ڕعاية القاصرين ژمارە ٧٨ی ساڵی ١٩٨٠)
ئەم ماددانە دیاری دەکەن کە “ویلایەت” (الولاية) و نوێنەرایەتیکردنی یاسایی، کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری ئیداری، دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان و ڕەزامەندیی گەشتکردنی منداڵی پێنەگەیشتوو، دەسەڵاتی ڕەهای باوکە وەک “وەلی ئەمر” (الولي).
١. ماددەی (١٤١) و ماددەی (١٥١) لە یاسای ئیسبات و بنەماکانی دادبینیی مەدەنی (مادەکانی القضاء المستعجل)
ئەم ماددانە ماف دەدەن بە دایک کە لە کاتی ڕەتکردنەوەی ناڕەوای باوکدا، داواکاری پێشکەشی دادوەری بەهانادانی خێرا (قاضي الأمور المستعجلة) بکات بۆ وەرگرتنی “مۆڵەتی دادوەر” (إذن قضائي) تاوەکو بتوانێت گەشت بە منداڵەکە بکات بۆ مەبەستی پێویست (وەک چارەسەر یان خوێندن).
تێبینی گرنگ بۆ دایکان:
فڕۆکەخانە و مەرزەکانی هەرێم: فەرمانگەی پاسپۆڕت و مەرزە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، بۆ دەرهێنانی پاسپۆڕت یان بڕینی تکت و چوونە دەرەوەی منداڵی نەباڵغ لەگەڵ دایکیدا، داوای ڕەزامەندیی فەرمیی باوک (موافقەی ولی «باوک») یان بڕیاری دادوەر (إذن قضائي) دەکەن.
- بەکارهێنانی نەفەقە ی منداڵ وەک کارتێکی فشار:
زۆر جار باوک بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر دایک دانانی خەرجیی مانگانە دوا دەخات. یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمە ٣ ڕێکاری توندی داناوە: - بڕیاری بەندکردنی بەپەلەی باوک لە فەرمانگەی جێبەجێکردن (التنفيذ).
- دەستبەسەرداگرتنی ڕاستەوخۆی مووچە (تا ڕێژەی ٪٥٠) یان موڵک و ماڵی باوک.
- هەژمارکردنی نەفەقە وەک “قەرزی نایاب” (دیون الممتازة) لە سەر باوک کە بە ئیفلاسبوونیش فەوتانی نییە.
١. لێکەوتە گشتییەکان لەسەر ئایندەی منداڵ:
١• لێکەوتەی دەروونی: هەستکردن بە تاوانباری و خەمۆکی، ترسی بەجێهێڵدران، و دابەزینی ئاستی خوێندن.
٢• لێکەوتەی کۆمەڵایەتی: گۆشەگیری، هەستکردن بە شەرمەزاری، پەنابردن بۆ ڕەفتاری توندوتیژانە و ترس لە پێکهێنانی خێزان لە ئایندەدا.
٣• لێکەوتەی ئیداری و ئابووری: تووشبوونی دایک و منداڵەکە بە تەنگژەی دارایی بەهۆی دواکەوتنی نەفەقە، و دروستبوونی بەربەست لە مامەڵە فەرمییەکاندا.
لە کۆتاییدا
چەمکی بنچینەیی لە یاسای باری کەسێتیدا ئەوەیە کە “منداڵ نابێت بێبەش بکرێت لە سۆزی دایک و پاراستنی باوک”. یاسا بڕیار لەسەر مافە ماددی و ئیدارییەکان دەدات، بەڵام بەرژەوەندیی باڵای منداڵ و پاراستنی داهاتوو و باری دەروونیی، لە سەرووی هەموو ململانێ و ناکۆکییە خێزانییەکانەوە دادەنێت.