پێنجشەممە , حوزه‌یران 18 2026

من دڵتم دەوێت، نەک خوێنی کورەکەت

شانۆ عارف
چیرۆکی ئیبراهیم و ئیسماعیل (سڵاوی خوایان لێبێت)، تەنها دروشمێکی ئیسلامی نیە، بەڵکو گەورەترین نمونەی ئازادبوونی روحی مرۆڤە لە ترسەکانی.ئایا دەکرێت مرۆڤ شتێکی خۆش بوێت بەبێ ئەوەی ببێت بە بەندەی؟ئیسماعیل لێرەدا سیمبولی ترسی لە دەستدانی خۆشەویستی و وابەستەییە… هۆگری مناڵ و ماڵ و خێزان و کارو پلەو پۆست، کە وەک بتێک لە دڵدا بپەرسترێن. مرۆڤ تا ترس و خەمەکەی بەرنەدات، روحی ئازاد نابێت، سەربرینی ئیسماعیلیش سەربرینی ترسی لەدەستدان و خەم و ئیگۆی ئیبراهیم بوو، ئەمە چوارهەمین جار بوە ئیبراهیم تاقیکراوەتەوە بە ترسەکانی، کە لە خوارەوەدا باسی دەکەم.
نارەحەتیەکان لە فەلسەفەی ئیسلامیدا بۆ ئەوە نەهاتوە ئازارمان بدەن، دینی ئێمە چێژ لە ئازاردانمان نابینێت، بەڵکو بە ئازارەکان ئازاد دەبین، تا دەگەینە ئەو قۆناغەی ئیدی لە لەدەست دانی هیچ شتێک ناترسین، ئیبراهیمی گەنج هەموو شار لە دژی وەستانەوەو هەڵیاندایە ناو ئاگر، دەبێت لەوکاتەدا چی هەستێکی ئەزمون کردبێت، چی ترسێک دڵی تەنیبێت، بەسەلامەت بونی لەناو ئاگر متمانەو یەقینی بۆ دروست بوو، لە ڕاستیدا ئەو ئامادە بوو بۆ تاقیکردنەوەیەکی قورستر کە سەربرینی کورەکەی خۆیەتی، کام کوڕ؟؟؟ئیبراهیمی بێ کەس دورکەوتەوە لە ئازیزانی، پاشان چەندین ساڵ بەبێ منداڵ لەگەڵ سارا خاتون ژیانیان بەڕێکرد، لێرەدا بونی منداڵێک برینەکەی ئەوی سارێژدەکرد ئەو برینی رەدکردنەوەیەی خێزانەکەی کە دەبێتە هۆی هۆگربونی نەخۆشی، پاش ساراخاتون خوداوەند هاجەرە خاتونی پێداو لە ئەویش بۆیەکەمجار بۆنی باوکایەتی کرد، بەڵام دیسانەوە بۆئەو نەکرا بەئارامی دانیشتن لەناو ماڵ و منداڵی خۆی، جارێکی تر فەرمانی پێکرا دەست بەرداری ئازیزەکانی بێت لە بیابانێکی وشکی گەرم و بێ ئاو هەردو ئازیزەکەی جێبهێڵێت، بەڵام هێزی راستەقینەی ناوەکی لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت ئەو هێزەی کە وای کرد ئیبراهیم دەست هەڵگرێت لە ترسەکەی ئەو هێزەی کەوای کرد هاجەرە دڵی بەخودا لە باوەشی بیاباندا بسپێرێت، ئەوان سەرکەوتن ئەمجارەش، هێشتا ئیبراهیم و هاجەرە دەبێت بتەکەی دڵیان بشکێنن، کە خۆشەویستی و دەست پێوەگرتنە بدەنەوە دەست تەسلیم بون بە رەزامەندی ئیلاهی، تاقە کورەکە هەرزەکارەکەی بەدەستەکانی خۆی سەرببڕێ، ئەو لەگەڵ تیژکردنەوەی چەقۆکەی ترسەکان و خەمەکان و تەنهایی خۆی سەربری، لێرەدا هاجەرەخاتون ئەو کاتەی بیرکەوتەوە کە زەم زەم لەناو قاچەکانی کورەکەیدا هەڵتەقی. ئەو جارێکی تر دەیزانی خودا ئەو جێناهێلێت، خودا هەستی هەیەو سەرچاوەی هەموو هەستەکانە، ئارامی ناوەکی هاجەرە خاتون ئەوە دەردەخات کە دڵ بەهێزبوو هیچ هێزێک جگە لە خودا ناتوانێت ئەو دڵە بلەرزێنێت.

  • ئەگەر ترست هەیە دەبێت روبەڕوی ببیتەوە.
  • ئەگەر هۆگریت هەیە دەبێت ئازاد بیت.
  • ئەگەر خۆشەویستیت هەیە دەبێت دورکەویتەوە لە ترس و کۆنتڕۆڵ کردن.
    ئیبراهیم بتەکانی شکان، بەڵام هێشتا بتی خۆشەویستی و ترسی لەدەست دانی کورەکەی نەشکاند، ئەو دەبوو ئەو ترسە بەربدات تا پەیامەکە بەبێ خەم و ترس بڵاوکاتەوە. ئیبراهیم و هاجەرە فێربون خۆشەویستی بکەن بەبێ خاوەندارێتی، ترس تەنها بە ڕوبەڕوبونەوە چارەدەبێت، ئەوی شوێنی دەگرێتەوە تەنها باوەڕێکی کامڵە بە خوا، دەی خوای گەورەش بەو شتە تاقیتدەکاتەوە کە زۆرت خۆش دەوێت، نەک لە شتێکدا کە هیچ گرنگ نیە بەلاتەوە…(یۆنگ) دەڵێت:(هەرشتێک ترسی لەدەستدانت هەبوو، دەبێت بە زیندان بۆت).پێدەچێت ترسەکەی ئیبراهیم هۆگری بووە بە ئیسماعیلەوە، چونکە نەیدەزانی دوای نەمانی ئیسماعیل چی هەستێکی دەبێت.
    جیاوازی زۆرهەیە لە نێوان جێهێشتن و سپاردن بەخوا ئەوەی هاجەرە کردی دوەمیان بوو، ئیبراهیم ترسەکەی فرێدا، خوداوەند جارێکی تر کردی بەباوک و دڵی سارا خاتونیشی خۆشکرد بە پێدانی ئیسحاق.
    ئەمە کورتەی وانەی قوربانی کردنی ئیسماعیلی ئیبراهیم بوو…ئیستا پێم بڵێ ئیسماعیلەکەی تۆچیە لەم جەژنەدا بیکەیتە قوربانی….؟!

Check Also

پەند و وانەکان لە کۆچی ئافرەتاندا

گۆنا تۆفیقکۆچ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە بەڵکو. خوێندنگایەکی ڕۆحی پڕ وانەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت هەنگاو …