ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
(خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ ڕەهەندە ڕۆحییەکانی جەژن)
جەژن لە ئیسلامدا تەنها وێستگەیەک نییە بۆ گۆڕینی دابونەریتە باوەکان، یان کاتێک بۆ پشوودان و کاتبەسەربردن؛ بەڵکو بەشێکی تەواوکەری سیستمی عیبادەت و پەرستشە.
کاتێک مرۆڤ دوای مانگێک لە ڕۆژووبوون یان دوای عیبادەتی حەج پێ دەنێتە ناو ڕۆژانی جەژنەوە، لە ڕاستیدا لە عیبادەتێکەوە دەچێتە ناو عیبادەتێکی تر ، لێرەوە، چەمکی شادی و خۆشی دەبێتە ڕەفتارێکی ڕۆحی کە مرۆڤ بەهۆیەوە لە پەروەردگاری نزیک دەبێتەوە.
لە ناو دڵی ئەم دیمەنە پیرۆزەدا، ڕۆڵی ژنان وەک ئەندازیاری سەرەکیی شادیی جەژن دەردەکەوێت، ئەو ماندووبوون و شەونخونییەی ژنان لە پێشوازیی جەژندا دەیکێشن، لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە تەنها ئەرکێکی ناوماڵ نییە، بەڵکو عیبادەتێکی قووڵ و پڕ لە پاداشتە.
١. ئامادەکاریی جەژن: کاتێک ماندووبوون دەبێتە زیکر و عیبادەت
لە ڕۆژانی کۆتایی ڕەمەزان یان پێش جەژنی قوربان، ماڵەکان دەبنە شانەی کاروچالاکی ،ئافرەتان بە پاککردنەوەی ماڵ، ئامادەکردنی شیرینیی جەژن و ڕێکخستنی شوێنی پێشوازی، ژینگەیەکی لەبار بۆ دەرخستنی دروشمەکانی خودا دروست دەکەن.
ئەم ماندووبوونە جەستەییە، لە جەوهەردا پەرستشێکی بێدەنگە. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت:
(ذَٰلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ) [الحج: ٣٢]
(ئەوەی ڕێز لە دروشم و نیشانەکانی خودا بگرێت، ئەوا بێگومان ئەو ڕێزگرتنە لە تەقوای دڵەکانەوەیە).
جەژن یەکێکە لە گەورەترین دروشمەکانی خودا،کەواتە هەر دڵۆپە ئارەقێک کە ژنێک دەیڕێژێت بۆ هێنانەدیی کەشوهەوای خۆشی جەژن، تێکۆشانە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم دروشمە لە پاککردنەوەی ماڵ و ڕازاندنەوەی، جێبەجێکردنی سیفەتی “جوانپۆشی و پاکوخاوێنییە” کە خودا خۆشی دەوێت.
٢. گۆڕینی ماندووبوونی جەستەیی بۆ وزەیەکی ڕۆحی.
ئەو خاڵە وەرچەرخانە ڕۆحییەی کە پێویستە هەموو خانمێک هەستی پێبکات، گۆڕینی “نەریتە بۆ نیاز و پەرستش”، کاتێک ژنێک بە درێژایی شەو یان ڕۆژ سەرقاڵی ئامادەکارییە، ئەگەر نیازی وابێت کە ئەم کارە بۆ دڵخۆشکردنی هاوسەر، منداڵەکان، دایک و باوک، و میوانانی جەژنە، ئەوا تەواوی ئەو کاتەی بە پێوە وەستاوە و کار دەکات، لە نامەی کردەوەکانیدا وەک “عیبادەت” و “خێرخوازی” (صَدَقَة) دەنووسرێت.
لە فەرموودەی پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر بێت) هاتووە کە چاکترین کار لە دوای فەرزەکان، “بردنە ناوەوەی شادییە بۆ سەر دڵی موسڵمانێک”. کێ هەیە هێندەی دایک یان هاوسەر شادمانی و زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی خێزانەکەی لە ڕۆژی جەژندا؟ کەواتە ماندووبوونی ئەوان، لوتکەی بەخشین و عیبادەتە.
٣. ژن وەک پارێزەری ناسنامەی خێزان و صیلەی ڕەحم
پەیوەندیی نێوان خزم و کەسوکار (صیڵەی ڕەحم) یەکێکە لە گەورەترین واجبە ئاینییەکان، و جەژن بەبێ ئەمە بێ مانا دەبێت ، لەم ڕووەوە ژنان ڕۆڵی میحوەر و کۆکەرەوە دەگێڕن.
٤- پێشوازی و ڕێزگرتن لە میوان: ئامادەکردنی خوانی جەژن و پێشوازیکردنی گەرم لە خزم و دۆستان، جێبەجێکردنی فەرمانی پێغەمبەرە (د.خ) کە دەفەرموێت: “ئەو کەسەی بڕوای هەیە بە خوای گەورە و بە ڕۆژی دوایی با ڕێز لە میوانەکەی بگرێت”.
٥• پەروەردەکردنی نەوەکان: کاتێک منداڵان دەبینن دایکیان بەو شێوازە بەپەرۆشەوە ماڵ و شیرینی ئامادە دەکات، خۆشەویستیی جەژن لە دڵیاندا دەچەسپێت، ئەمەش جۆرێکە لە جیهادی پەروەردەیی بۆ پاراستنی ناسنامەی خێزانی موسڵمان.
لە کۆتاییدا دەڵێین:
جەژن تەنها خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگی نوێ نییە، بەڵکو پاکبوونەوەی ڕۆح و ئاشتبوونەوەی دڵەکانە ، هەر خانمێک کە لە ڕۆژانی جەژندا هەست بە ماندوێتییەکی زۆر دەکات، پێویستە بزانێت کە ئەم ماندووبوونە بەفیڕۆ ناچێت، تۆ لە ناو چێشتخانەکەتدا، یان لە کاتی ڕێکخستنی ماڵەکەتدا، لە سەنگەری عیبادەتدایت ، تۆ ئەو کەسەیت کە فەرمانی خودا بۆ شادبوونی مرۆڤەکان دەگۆڕیت بۆ واقیعێکی بەرجەستە.
کاتێک دڵخۆشیی خێزانەکەت دەبینیت، بزانە کە ماندووبوونی تۆ بووەتە هۆی ڕەزامەندیی خودا، و ئەمەش بەرزترین پێگەی ڕۆحییە کە مرۆڤ لە ڕۆژانی جەژندا پێی بگات.