شادان عوسمان
مرۆڤ پێویستە جارجار لەگەڵ نەفسی خۆی دابنیشێت دوور لە دەنگی خەڵک، لە پەرتەوازەی سۆشیال میدیا، لە هەموو ئەو هۆکارانەی دەورووبەری کە بیر و دڵی دەشێوێنن.
چونکە ئەو کاتانەی مرۆڤ بە تەنها لەگەڵ خۆیدا دەمێنێتەوە، دەست دەکات بە بینینی خۆی بەڕاستی، نەک بەو وێنەیەی خەڵک بۆی دروست کردووە.
خوا گەورە دەفەرموێت:
﴿بل الْإِنْسَانُ عَلَى نَفْسِهِ بَصِيرَةٌ وَلَوْ أَلْقَى مَعَاذِيرَهُ﴾
مرۆڤ خۆی باشترین شاهیدی خۆیەتی، هەرچەندە بیانوو بهێنێتەوە.
مرۆڤ زۆرجار دەتوانێت خەڵک فریو بدات، بەڵام ناتوانێت نەفسی خۆی فریو بدات.
لە قووڵایی دڵیدا دەزانێت بۆچی کەوتووە، بۆچی دوورکەوتووەتەوە، بۆچی دڵی تەنگە بۆچی ئارامی لێ ونبووە.
بۆیە پێویستە لەگەڵ نەفسم دابنیشم و لە خۆم بپرسم:
چۆن گەیشتم بەو حاڵەی تێیدام؟ چی بوو هۆکاری شکستم؟ چی بوو هۆکاری دوورکەوتنەوەم لە خوا؟ بەنیازی چیم؟
چیم لە دنیادا دەوێت؟ ئایا بەڕاستی خۆم دەناسم؟
ئەم جۆرە پرسیارانە سەرەتای خەلوە لەگەڵ خۆم بکـەم،
ئەو خەلوەیەی زانایان پێیان دەگوت سەعاتێک بیرکردنەوە باشترە لە ساڵانێک عیبادەتێکی بێ هۆشیاری.
مرۆڤ کاتێک خۆی بناسێت، سنووری خۆیشی دەناسێت.
دەزانێت کە مخلوقە، نەک خالق. دەزانێت لاوازە، هەڵەدەکات، هەڵدەخڵەتێت، ئارەزوو و شەهوەت هەیە، پەیوەستە بە هەڵچوون و دابەزین.
ئەمەش لە نیشانەکانی تەواوی “سیفاتی مەخلوقیەت” ـە.
خوا گەورە دەفەرموێت:﴿ وَخُلِقَ الْإِنسَانُ ضَعِيفًا ﴾
“مرۆڤ بە لاوازی دروست کراوە.
ئەو کەسەی خۆی بە چاوی “مخلوق” ببینێت، ناچێتە ناو تکبّر، خۆی نابەخشێتە دەست جەهل و خەیاڵ. چونکە جەهل بە نەفس، مرۆڤ دەبات بۆ کەوتنە ناو تاریکییە زۆرەکان.
مرۆڤێک کە خۆی نەناسێت، ئارەزووەکانی دەیبات. شەهوەت فریوی دەدات؛ تووڕەیی و حەسوی و خۆبەگەورەزان دەبن بە ڕێبەری ژیانی.
بەڵام ئەو کەسەی نەفسی خۆی بناسێت، دەتوانێت بە ئارامی لەگەڵی مامەڵە بکات؛ هەڵەکانی بناسێت، چارەسەری بکات، نەفسی خۆی بە هێمنی بەرەو پاکی ببەیت.
عمر بن الخطاب دەفەرموێت:
“حاسِبوا أنفسكم قبل أن تُحاسَبوا”
“حیسابی نەفستان بکەن پێش ئەوەی حیسابتان لێ بکرێت.”
واتە مرۆڤ پێویستە پێش ئەوەی لە قیامەتدا بوەستێندرێت، لە دونیادا خۆی بخاتە ژێر چاودێری و محاسەبە.
کاتێک مرۆڤ بە وردی سەیری نەفسی خۆی دەکات، دەگات بە تێگەیشتن لە مانای “قەزا و قەدەر”.
دەزانێت هەندێ شت لە دەستی خۆیە و هەندێ شتیش لە حکمەتی خواوەیە.
دەزانێت کە هەموو شتێک بە ئارەزووی ئەو ناگۆڕدرێت، بەڵکو بە ویستی خوا ڕوودەدات.
ئەم تێگەیشتنە مرۆڤ دەگەیەنێت بە حاڵەتی “أنس بالله”؛ واتە دڵ ئارام دەبێت بە خوا، تەنیایی نامێنێت، لە ناو قەیرانەکانیشدا هیوای لەدەست نادات.
خوا گەورە دەفەرموێت:
﴿ أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ ﴾
“ئاگاداربن، تەنها بە یادی خوا دڵەکان ئارام دەگرن.” ناسینی نەفس، سەرەتای ڕێگای گەشەپێدانە. مرۆڤ کاتێک خۆی بناسێت:
هەڵەکانی دەناسێت، لاوازییەکانی دەبینێت،
تواناکانی دەدۆزێتەوە، دەزانێت چی لەسەرە و چی پێویستە بیکات.
ئەوەی خۆی بناسێت، بە ئاسانی خۆی تەسلیم بە جەهل ناکات. چونکە دەزانێت جەهل، مرۆڤ دەبات بۆ کوێرایی دڵ و وێرانبوونی ڕۆح.
بۆیە جاروبارێک پێویستە:
لە خەڵک دوور بکەوینەوە، دەنگی دونیا کەم بکەین، لەگەڵ نەفسی خۆمان دابنیشین، بە ڕاستی سەیری خۆمان بکەین، بە دڵێکی شکاو بڵێین:
یارەب نیشانمدە من کێم، هەڵەم چییە، ڕێگای ڕاستم فێربکە.