دووشەممە , حوزه‌یران 29 2026

پاراستنی شوناسی خێزان، ئەرکی هەمووانە

هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس
خێزان تەنها شوێنی ژیانکردن نییە؛ خێزان بناغەیەکە بۆ دروستبوونی تاک و کۆمەڵگە. ئەگەر ئەم بناغەیە بەهێز بێت، کۆمەڵگەش بەهێز دەبێت؛ ئەگەر لاواز بێت، هەموو شتێک بەرەو تێکچوون دەڕوات.
لەبەر ئەوە، پاراستنی شوناسی خێزان ئەرکی هەموو تاک و مرۆڤێکە، نەک تەنها ئەرکی دایک و باوک.شوناسی خێزان واتە ئەو بەها و ڕەوشتە جوانانەی کە بنەماکانی خێزان پێکدەهێنن؛ وەک دینداری، ڕێز، ئەمانەتداری، پاکی، حیاء، هاوکاری، و بەرپرسیارێتی. ئەمانە ئەو شتانەن کە منداڵ لە ماڵەوە فێری دەبێت و لەگەڵیدا گەورە دەبێت.

ئەمڕۆ جیهان بەخێرایی دەگۆڕێت. هێرشی ڕاگەیاندن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، و بیرکردنەوەی بێ سنوور، نەمانی سنورە کلتوری و کۆمەلایەتیەکان. لەگەڵ گرنگیەکەی دا دەستێکی بەهێزو باڵا هەیە کە بە پیلان کار بۆ لاوازکردنی شوناسی خێزان دەکات؛ بۆیە پێویستە لەسەر تاکەکانی خێزان کە بە ئیمان و زانست و گفتوگۆی دروست پەیوەندیەکانیان بەهێز بکەن، کە هیچ شەپۆلێک ناتوانێت بنەماکانی بڕووخێنێت.

بۆیە پاراستنی شوناسی خێزان نابێ تەنها دروشم و قسە بێت؛ بەڵکو دەبێت بە کردار دەبێت:

  • کات تەرخانکردن بۆ یەکتر
  • گوێگرتن لە منداڵان
  • فێرکردنی ئەخلاق و ئایین
  • چاودێریکردنی هاوڕێ و ژینگەی دەوروبەر
  • بوون بە نموونەی چاک بۆ نەوەی داهاتوو

پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت:
“هەمووتان چاودێرن، و هەمووتان بەرپرسیارن لەوانەی لەژێر دەستی خۆتانن.”
ئەم فەرموودەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە هەر یەکێکمان بەشێک لە بەرپرسیارێتی پاراستنی خێزانمان هەیە.

ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵگەیەکی باشمان هەبێت، دەبێت سەرەتا خێزانەکانمان چاک بکەین؛ چونکە کۆمەڵگە لە خێزان پێکهاتووە. خۆمان چاک بکەین.
پاراستنی شوناسی خێزان، پاراستنی داهاتووی نەتەوەیە.
خێزان ئەمانەتێکە لە دەستی ئێمەدا؛ ئەگەر بپارێزرێت، نەوەیەکی بەهێز دروست دەبێ، و ئەگەر پشتگوێ بخرێت، داهاتوومان دەفەوتێت.
بۆیە با هەموومان بە هۆشیاری و دڵسۆزی، پاسەوانی شوناسی خێزان بین.

Check Also

حوكمی خۆڕازاندنه‌وه‌ و ماكیاژی ئافره‌ت له‌ ڕه‌مه‌زاندا

ئامینه‌ محەمەد ئەمین/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعیئه‌سڵ له‌ خۆڕازاندنه‌وه‌ی ئافره‌ت كارێكی ڕێگه‌پێدراو و موباحه‌، به‌ڵام …