ئایندەسازی
هەموو ساڵێک، جیهان ڕۆژی نێودەوڵەتی خێزان بە ڕووداوێکی گرنگ دەزانێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕۆڵ و گرنگی خێزان لە دروستکردنی کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی ئاسایشى کۆمەڵایەتی. دروشمی ساڵی 2026 بە ناونیشانی «خێزان، نایەکسانی، و خۆشگوزەرانی منداڵ» هاتووە، تاکو یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی جیهانی ئەمڕۆ بخاتە بەرباس، ئەویش کاریگەری نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە لەسەر جێگیریی خێزان و داهاتووی منداڵان.
تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان سەلماندوویانە کە خێزان تەنها چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی نەریتی نییە، بەڵکو دامەزراوەی یەکەمە کە تێیدا هۆشیاری مرۆڤ دروست دەبێت، بەهاکانی گەشە دەکەن، و دەرفەتەکانی داهاتووی دیاری دەکرێن. بۆیە، هەر لاوازییەک کە بەهۆی هەژاری، ملمێلانێکان، یان کەمی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان خێزان تووشی بێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە دەبێت.
ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ملیۆنان خێزان لە سەرانسەری جیهاندا هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، وەک بەرزبوونەوەی نرخ، لاوازی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و کەمبوونەوەی دەرفەتی کار، جگە لە کاریگەرییەکانی شەڕ، ئاوارەبوون، و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. لە نێو ئەم بارودۆخانەدا، منداڵان زیاترین زیان دەبینن، چونکە نایەکسانی دەبێتە هۆی بێبەشبوونیان لە خوێندنی باش، چاودێری تەندروستی، خۆراکی تەندروست، و ژینگەیەکی ئارام.
لەبەر ئەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاهەنگگێڕانی ئەمساڵدا گرنگی داوە بە «وەبەرهێنانی سەرەتایی لە خێزان و ژیانى منداڵیی » وەک یەکێک لە گرنگترین کلیلی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەردەوام. چونکە پشتگیری دارایی بۆ خێزانەکان، دابینکردنی مۆڵەتی دایکایەتی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری منداڵ، و پەروەردەی سەرەتایی، هەموویان دەتوانن هەژاری کەم بکەنەوە، جێگیری خێزان بەهێز بکەن، و ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بکەن.
هەروەها، وەبەرهێنان لە پێناو منداڵدا تەنها سوودی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانێکی ئابووریی درێژخایەنیشە، چونکە ئەو منداڵانەی لە ساڵانی یەکەمدا چاودێری، پەروەردە، و پشتگیری دەروونی باشیان بۆ دابین دەکرێت، لە داهاتوودا بە تواناتر دەبن بۆ سەرکەوتن، داهێنان، و بەشدارییەکی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا.
لە کۆمەڵگەکانی ئێمەشدا، پێویستی زۆرمان بە سیاسەتەکانی پشتگیری خێزان زیاتر هەستى پێدەکرێت، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی بە خێرایی ڕوودەدەن. خێزان هێشتا بنکەی سەرەکیی پاراستنی بەها و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی زۆر دەبێتەوە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی حکومی و کۆمەڵایەتیی زۆرتر هەیە، بە تایبەتی لە بوارەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، هۆشیارکردنى دایباب ، و پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی، هەژاری، و جێهێشتنی خوێندن.
لە کۆتاییدا، خێزان هەمیشە بنەمای هەر پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی گەشەپێدان دەبێت، و وەبەرهێنان تێیدا بە مانای وەبەرهێنانە لە داهاتووی کۆمەڵگە و نەوەکانی داهاتوو.
ئەم یادکردنەوەیە هاوکارە بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆى نێوان دەوڵەتە ئەندامەکان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شارەزایانی سیاسەت، و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
هەروەها، وەبەرهێنان لە یارمەتییە باشداڕێژراوەکانی منداڵ دەبێتە هۆی باشترکردنی خۆراک و تەندروستی، زیادکردنی بەشداری لە خوێندن، و بەرزکردنەوەی توانای خێزان لە بەرگری و خۆڕاگری، لەگەڵ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و باشترکردنی توانای چاودێریکردن.