(خوێندنەوەیەکی یاسایی)
ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
خێزان نەک هەر ناوکی سەرەکیی پێکپێهێنەری کۆمەڵگەیە، بەڵکو پیرۆزترین دامەزراوەی مرۆییە کە شایستەی پاراستن و ڕێزگرتنە لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیا و میدیا هەموو کایەکانی ژیانیان تەنیوە.
ئامانجمان لەم بابەتە دەستنیشانکردنی ئەو تەحەدییانەیە کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە ڕووبەڕووی شیرازەی خێزان دەبنەوە.
تەوەری یەکەم:
پاراستنی قەوارەی خێزان لە نێوان دەقە یاساییەکان و هەژموونی میدیای دیجیتاڵیدا
- تێکەڵکردنی ڕاگەیاندن، یاسا و شوناسی خێزان سێگۆشەیەک دروست دەکات کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیە.
زۆر جار ڕاگەیاندن بەبێ ئاگاداری لە یاسا دەبێتە هۆی تیرۆری کەسایەتی ئەندامانی خێزان کە ئەمەش نەک تەنها کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو قووڵیان دەکاتەوە.
ئەگەرچی ئازادیی ڕاگەیاندن و دەستکەوتنی زانیاری مافێکی دەستووری و مرۆییە، بەڵام کاتێک ئەم ئازادییە سنوورەکانی “تایبەتمەندی” دەبەزێنێت و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی خێزان، لێرەدا ئەرکی یاسا دەست پێ دەکات.
.
کێشە بنەڕەتییەکانی ئێستا :
١- بازرگانی کردن بە کێشەکان و گۆڕینی ئازاری خێزانەکان بۆ ترێند و لایک و کۆکردنەوەی کەرەسەی میدیایی
- ٢- دەرچوون لە پسپۆڕی: پێشکەشکاران زۆر جار ڕۆڵی دادوەر، پۆلیس و توێژەری دەروونی دەبینن..
٣- پێشێلکردنی تایبەتمەندی: بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانی ناو ماڵ کە یاسا پاراستوونی.
٤- قوربانیبوونی منداڵ: بەکارهێنانی منداڵ بۆ ڕاکێشانی سۆزی بینەر..
تەوەری دووەم: یاسا پەیوەندیدارەکان
یاسادانەر لە ڕێگەی چەندین یاساوە هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لە نێوان مافی بڵاوکردنەوە و مافی پاراستنی خێزان دروست بکات ..
١- پاراستنی تایبەتمەندی خێزان لە یاسای ڕۆژنامەگەریدا (یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧):
ماددەی ٩ (بڕگەی ٤): قەدەغەی دەکات لەسەر ڕۆژنامەنووس کە دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی هاوڵاتییان بکات.
ماددەی ٩ (بڕگەی ٥): بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە قەدەغە دەکات کە دەبنە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان یان سوکایەتی بە پیرۆزییەکان.
مادەی ٩ بڕگەی ١ / قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە دەبنە هۆی چاندنی ڕق و چینە یان تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی
:حورمەتی ژیانی تایبەت لە دەستوور و یاسای سزاداندا
دەستووری عێراق (ماددەی ٤٠): جەخت لە پاراستنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، نامەکان و ژیانی تایبەتی مرۆڤ دەکاتەوە و بڵاوکردنەوەیان بەبێ فەرمانی دادوەر بە قەدەغە دادەنێت.
یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩):
ماددەی ٤٣٣ (ناوزڕاندن): خستنەپاڵی کارێک بۆ کەسێکی دیکە کە ببێتە هۆی سوکایەتی یان لەکەدارکردنی لە ناو کۆمەڵگە و خێزانەکەیدا، ئەگەر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بێت سزاکەی قورسترە.
ماددەی ٤٣٨: سزای ئەو کەسانە دەدات کە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نامە، وێنە، یان هەواڵی تایبەت، نهێنییەک ئاشکرا دەکەن، تەنانەت ئەگەر زانیارییەکە ڕاستیش بێت.
٣-یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن (ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨)
ئەم یاسایە وەک “قەڵغانێکی یاسایی” و “موعالەجەی سەرەکی” بۆ تاوانەکانی سۆشیاڵ میدیا سەیر دەکرێت:
ماددەی ٢/
- سزای بەندکردن (٦ مانگ تا ٥ ساڵ) و غەرامە (١ بۆ ٥ ملیۆن دینار) دادەنێت بۆ::
١-هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن
٢- بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو مەبەست لێی تێکدانی ناوبانگی خێزان بێت..
٣- نهێنی گرتن، وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی وێنەی ناو ماڵ و نهێنییە خێزانییەکان.
٤- تۆمارکردنی بێ مۆڵەت بەبێ ڕەزامەندی خاوەنەکەی لەناو ماڵەکەیدا..
خاڵە بەهێزەکانی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨
١-یاساکە تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسان نییە: ئەم یاسایە هەموو کەسێک دەگرێتەوە (بەکارهێنەری فەیسبووک، تیکتۆک و هتد).
٢-سزای دارایی و جەستەیی: تێکەڵەیەکە لە بەندکردن و غەرامەی قورس.
٣- گشتگیری ئامێرەکان: دەستەواژەی “ئامێری پەیوەندیکردن” هەموو جۆرە مۆبایل، کۆمپیوتەر و ئەپڵیکەیشنێک دەگرێتەوە.
٤-پاراستنی حورمەتی ناوماڵ:
یاسا وەک شوێنێکی پیرۆز سەیری ماڵ دەکات و ڕاگەیاندن بۆی نییە بە ناوی “ئازادی” بچێتە ناو وردەکاری مەگەر بۆ بەرژەوەندییەکی گشتی باڵا و لە ژێر چاودێری دادگا بێت.
تەوەری سێیەم /
کەی گواستنەوەی کێشەی خێزانی دەبێتە “تاوان”؟
١- بە شکاندنی حەرەمی ژیانی تایبەت: بڵاوکردنەوەی وێنە یان دەنگی ناو ماڵ بەبێ ڕەزامەندی.
٢. ناوزڕاندن و تەشهیر: کاتێک ئامانجەکە سوکایەتیکردن و ناشرینکردنی لایەنێکی کێشەکە بێت.
. ٣- بڵاوکردنەوەی ناوی قوربانییان
٤- ئاشکراکردنی ناوی منداڵ یان ئەو ئافرەتانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە کە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنیان.
٥- هاندانی توندوتیژی و کوشتن: ئەگەر گواستنەوەی هەواڵەکە هانی خەڵک بدات بۆ تۆڵەکردنەوە یان کوشتن لەژێر ناوی شەرەف، دەزگاکە وەک “بەشدار لە تاوان” سەیر دەکرێت، چونکە زۆرینەی کەناڵەکان بۆ کۆکردنەوەی بینەر، کێشە خێزانییەکان دەخەنە سەر شاشە.
٦- هاندانی جیابوونەوە: هەر خێزانێک بەهۆی ئەو بەرنامانەوە زیانی پێ بگات، دەتوانێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکات.
یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی (ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١):
ماددەی ٢ (بڕگەی ٦) /
توندوتیژی دەروونی وەک تاوان دەناسێنێت؛ فشار و تەشهیری میدیایی بەرامبەر ئەندامێکی خێزان، توندوتیژی دەروونییە.
بەرپرسیارێتی: یاسا سەیری ئەوە دەکات ئایا ئەم بڵاوکردنەوەیە زیانی بە بەرژەوەندی گشتی و خێزان گەیاندووە؟ ئەگەر وەڵام بەڵێ بێت، کەناڵەکە بەرپرسیارە.
تەوەری چوارەم:
پێشنیارەکان و ڕۆڵی دامەزراوەکان /
پێشنیارەکان:.
ڕاگەیاندن وەک “هۆشیارکەرەوەی یاسایی” و ئیتیکی کار
لێرەدا باس لەوە دەکەین کە ڕاگەیاندنکاری تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو دەبێت:
١- بڵاوکردنەوەی چەمکە یاساییەکان: ناساندنی یاسای باری کەسی و ماف و ئەرکەکان بە زمانێکی سادە.
٢- بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی: کارکردن لە چوارچێوەی یاسا بۆ کەمکردنەوەی تاوانەکان.
٣- ئیتیکی ڕۆژنامەوانی:
جیاوازیکردن لە نێوان کەسایەتی گشتی و کەسانی ئاسایی، و ڕێزگرتن لە خەمی خەڵک و نەکردنی کێشەکان بە کەرەستەی بازرگانی.
٤- کاراکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری.
١- زامنکردنی مافە بنەڕەتییەکان و دادپەروەری
کاتێک خێزانێک دەستی بگات بە زانیارییە دروستەکان سەبارەت بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، پەروەردە، و مافە یاساییەکان، دەتوانێت باشتر بڕیار لەسەر داهاتووی ئەندامەکانی بدات. ئەم شەفافیەتە ڕێگری دەکات لەوەی خێزانەکان ببنە قوربانی گەندەڵی یان چەواشەکاری، ئەمەش هەستی ئارامی و سەقامگیری لای خێزان دروست دەکات.
- ٢- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پەروەردە
دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕێگە بە دایکان و باوکان دەدات کە: - ئاگاداری دوایین پڕۆگرامەکانی خوێندن و دەرفەتە زانستییەکان بن بۆ منداڵەکانیان.
- زانیارییان هەبێت لەسەر مافەکانی ژنان و منداڵان، کە ئەمەش توندوتیژی خێزانی کەمدەکاتەوە.
٣- پاراستنی ئاسایشی ئابووری خێزان .
- – دروستکردنی متمانە لەنێوان خێزان و دەوڵەت
شیرازی خێزان کاتێک بەهێز دەبێت کە تاکەکان هەست بەوە بکەن لە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەردان. کاتێک حکومەت زانیارییەکان بە ڕوونی دەخاتە ڕوو - ٤- قەدەغەکردنی پیشاندانی منداڵ: دانانی سزای توند بۆ هەر بەرنامەیەک ک- منداڵ لە ناو کێشە خێزانییەکاندا تێوەدەگلێنێت.
٥- پاراستنی کەیسی دادگا: قەدەغەکردنی باسکردنی ئەو کێشانەی کە هێشتا لەناو دادگاکانن و بڕیاری کۆتایییان لێ نەدراوە.
٦- بوونی لیژنەی ڕاوێژکاری:
مەرجدارکردنی هەبوونی پارێزەرێکی شارەزا و توێژەرێکی دەروونی لە کاتی تۆمارکردن و پەخشی بەرنامەکاندا .
٧- ڕاهێنانی یاسایی: ناچارکردنی پێشکەشکاران بە بینینی خولی یاسایی دەربارەی (مافەکانی مرۆڤ و یاسای بڵاوکردنەوە). - دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند بۆ تاوانەکانی ڕاگەیاندن کە پەیوەست بن بە کاروباری خێزانەوە، هەنگاوێکی یاسایی و پارێزگارییە.
١. خێرایی لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکان
٢. پسپۆڕی و شارەزایی
دادوەر و کارمەندانی ئەم دادگایە تەنها شارەزای یاسایی نین، بەڵکو دەبێت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییە دەروونییەکانی ڕاگەیاندن تێبگەن.
ڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری :
١- چاودێریکردنی دراما و بەرنامەکان بۆ ڕێگری لە دیمەنی توندوتیژی و هاندانی ناپاکی.
٢- سزادانی دارایی و ڕاگرتنی پەخشی ئەو کەناڵانەی شکۆی تاک و بەهای خێزان دەڕوشێنن.
.
. ٣- پێوەرەکانی مۆڵەتدان:
لە ئەساسدا وەزارەت مۆڵەتی کارکردن بەو کەناڵ و دەزگایانە دەدات کە پابەند دەبن بە “کۆدی ئەخلاقیی ڕاگەیاندن”، کە تێیدا پاراستنی پیرۆزییەکانی خێزان و دابونەریتی کۆمەڵایەتی وەک مەرجی بنەڕەتی بۆ بەردەوامیی کارکردنیان دیاری کراوە بەلام زۆر جار وا دەرناکەویت.
ڕۆڵی داواکاری گشتی:
جووڵاندنی سکاڵا لەسەر ئەو تاوانانەی ڕەهەندی گشتییان هەیە، تەنانەت ئەگەر هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردبێت.
تەوەری پێنجەم:
چۆن سکاڵا دەکرێت؟
١- تۆمارکردنی سکاڵا لە بنکەی پۆلیس یان لای دادوەری لێکۆڵینەوە .
٢- داواکردنی قەرەبووی دارایی بۆ زیانی مەعنەوی
. ٣- ڕینەوەی ناوەڕۆکەکە بە فەرمانی دادگا
لە کۆتاییدا دەڵێین:
خێزان ئەمانەتە؛ پاراستنی شیرازەی خێزان تەنها ئەرکی یاسا نییە، بەڵکو ویژدانی زیندووی ڕاگەیاندن و هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە، با ڕاگەیاندن بێتە پردێک بۆ بەیەکگەیشتن و چارەسەر، نەک سەکۆیەک بۆ هەڵوەشاندنەوە وتێکدان..