دووشەممە , حوزه‌یران 15 2026

باجی دڵپاکیی

و : گۆنا توفیق
•دڵپاکی لاوازی نییە ،ناچار نیت دڵتی بۆ بگۆڕیت، بەڵکو پێویستە هاوسەنگی بکەیت.
یەکێک لە خراپترین جۆرەکانی ئازار ئەوە نییە کە کەسێک لە ڕێگەی خاڵە لاوازەکانتەوە بتشکێنێت، بەڵکو ئەوەیە کە لە ڕێگەی جوانترین تایبەتمەندییەکانی ناختەوە بێتە ژوورە و بیکاتە دەرگایەک بۆ هەڵگۆزینی وزەت .
کاتێک دەزانێت تۆ بەخشندەیت، هەموو شتێکت لێ دەبات. دەزانێت بەسۆزیت.. یاری بە هەستەکانت دەکات.
دەزانێت لێبوردەیت.. سنوورەکان دەبەزێنێت و مافت دەخوات.
دەزانێت مامەڵەت مرۆڤانەیە و دڵسۆزیت.. هەموو بارەکان دەخاتە سەر شانی تۆ و، بەکارت دەهێنێت.
دەزانێت دڵپاکیت.. ئەوەندە پەستانت بۆ دەهێنێت تا هەموو وزەی ناخت دادەماڵێت.
لێرەدا ئازارەکە جیاوازە، چونکە ئەوەی دەبێتە هۆی ئازاردانت خاڵە لاوازەکانت نییە، بەڵکو باشترین شتە کە لە ناختدا هەبێت.
کێشەکە ئەوە نییە کە تۆ مرۆڤێکی باشیت، کێشەکە ئەوەیە ڕێگە دەدەیت پێتدا هەڵبزنێن.
باشترین گوزارشت لەم بارەیەوە وتەکەی حەلاجە کە دەڵێت: “کاتێک زانییان لێبوردەیی یوسفت تێدایە ، دەتخەنە ناو بیرەوە “.
تەنانەت لێبوردەییش هەندێ جار پێویستی بە توندی و بڕیار هەیە، ئەگەرنا دەبێتە خاڵێکی لاواز و سوودی لێ دەبینرێت.
هەروەک موتنبي دەڵێت: (هەندێک جار دانایی ئەوە دەخوازێت “نەزانی” بەکاربهێنیت، کاتێک دەبینیت نەرمی و داناییەکەت ڕێگا بۆ ستەم لێکردنت خۆش دەکات).
هەندێک جار، ژیریی ئەوە دەخوازێت ڕوویەکی توند نیشان بدەیت، تەنها بۆ ئەوەی ڕێز و شکۆی دانایی و ئارامییەکەت پارێزراو بێت.
ئەو کەسەی سوود لە سیفاتە باشەکانت دەبینێت، تەنها پێویست نەکردنی نییە کە ڕایبگریت، بەڵکو پێویستە خۆتی بۆ پێناسە بکەیتەوە.
با بیبینێت و تێبگات کە:

  • بەخشندەییەکەت سنووری هەیە.
  • بەزەییەکەت لەسەر بنەمای هۆشیارییە.
  • لێبوردەییت مۆڵەتنامەیەکی کراوە نییە بۆ هەموو کات.
  • دڵسۆزییەکەت بە واتای خۆسوتاندنی هەمیشەیی نایەت.
  • دڵپاکییەکەشت.. نیشانەی لاوازی نییە.
    تۆ ناچار نیت دڵت بگۆڕیت، بەڵکو ناچاریت هاوسەنگی بکەیت، بۆ ئەوەی کتوپڕ نەکەویتە ناو بارودۆخێکەوە کە ببینی جوانترین شت کە پێتە بووەتە چەکێک دژی خۆت. چونکە قورسترین ئازار کە بەسەر خۆتی بهێنیت ئەوەیە: ڕێگە بدەیت کەسێک ئەو نیعمەتەی خودا پێی داویت (دڵپاکیت)، ئەوەندە بەکاربهێنێت تا کار دەگاتە ئەوەی لە بەرچاوی خۆتدا ڕقت لێی ببێتەوە.
    گەورەترین دۆڕانیش ئەوەیە کە فێری سنگ ڕەقی ببیت، تەنها لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی کەسانێک بوویتەوە کە شایەنی دڵپاکیی تۆ نەبوون.

Check Also

تەنها وریابە

خەرمان عبدالکریمهەندێک ئاماژە هەن مرۆڤ پێویستی بەوە نییە لێوەکانی بۆ بخاتە جوڵە، بەلکو هەندێک جار …