و/ چیا حمەعلی
گەشتە ئاسمانییەکان بۆ زۆر کەس بوونەتە بەشێکی سەرەکی ژیان، جا بۆ کاروبار، گەشتیاریی، یان سەردانی خێزانی بێت. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی سەرنشینەکان و هەمەچەشنی کولتوورەکان لەناو یەک فڕۆکەدا، بۆ گەشتێکی ئاسوودە بۆ هەمووان، پابەندبوون بە ئەتەکێتی هێڵی ئاسمانیی پێویستە .
ئەتەکێتی گەشتکردن بەفڕۆکە تەنها جێبەجێکردنی ڕێنماییە فەرمییەکان نییە؛ بەڵکو ئەو ڕەفتارانە لەخۆدەگرێت کە ڕەنگدانەوەی ڕێزگرتنتە لە شوێن و مافی سەرنشینەکانی تر، و لە کاتی گەشتکردندا بە فڕۆکە، یارمەتیت دەدات کە تووشی دۆخی شەرمەزارکەر یان فشاری ناپێویست نەبیتەوە.
پێش ئەوەی بچیتە سەر فڕۆکەکە پێویستە زوو بگەیتە فڕۆکەخانە، ئەمە کاتێکی زۆرت پێدەبەخشێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان بە ئارامیی و بەبێ فشار. هەروەها یارمەتیت دەدات ڕێز لە کاتی کەسانی تر بگریت و دوور بکەویتەوە لە پەکخستنی هێڵەکان یان دەروازەکان. هەروەها قەبارە و کێشی جانتای دەستیی گرنگە، چونکە تێپەڕاندنی کێشی دیاریکراو، لەوانەیە پرۆسەی سواربوون ئاڵۆز بکات و کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی سەرنشینەکانی تر هەبێت.
لەکاتی چاوەڕوانی لە دەروازەکەدا باشتروایە چاوەڕێی نۆرەی خۆت بکەیت و کاتێک سواربوون ڕادەگەیەنرێت لە کێبڕکێ و دروستکردنی قەرەباڵغی دوور بکەویتەوە.
هەڵبژاردنی جلوبەرگی گونجاویش بەشێکە لە ئەتەکێت. باشتر وایە جلوبەرگی فراوان و گونجاو لەبەر بکەیت، بە تایبەت لە گەشتە درێژەکاندا. هەروەها بەکارهێنانی مۆبایلەکەت یان هێدفۆنەکەت بە دەنگی کەم لە شوێنەکانی چاوەڕوانیدا و بێزارنەکردنی دەوروبەرت، ئەم وردەکارییە سادانە وادەکات هەر لە سەرەتاوە بناغەی گەشتێکی ئارام دابنێیت.
لەناو فڕۆکەدا:
لە فڕۆکەدا شوێن سنووردار و دیاریکراوە، بۆیە ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە زۆر گرنگە. یەکێک لە گرنگترین یاساکان ئەوەیە کە ئاگاداری سنوری سەرنشینەکانی دەوروبەرت بیت، جا لە کاتی دانیشتن یان پاڵدانەوەی کورسیەکەتدا بێت. باشتر وایە پێش ئەوەی کورسییەکەت پاڵ بنێیت، سەرنشینی پشتەوەت ئاگادار بکەیتەوە، بەتایبەتی لە کاتی خزمەتگوزاری پێشکەشکردنی ژەمەکاندا.
قسەکردن بە دەنگێکی نزم و هێواش بەتایبەت لە گەشتە شەوانەکاندا یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی کەشێکی ئارام. هەروەها باشترە لە کاتی سەیرکردنی مۆبایل یان گوێگرتن لە مۆسیقادا هێدفۆن بەکاربهێنیت، هەروەها دوور بکەوەرەوە لە لێدانی مۆسیقاو گۆرانی بۆ منداڵان بەدەنگی بەرز، ئەمەش ئەرکی دایک و باوکە بەپێی توانا بێدەنگیان بکەن و ڕێز لە ئاسوودەیی سەرنشینەکانی دیکە بگرن.
سەبارەت بە خواردن و خواردنەوەش، بەپێی پێویست بخۆو بخۆرەوە و زیادەڕەویی مەکە، دوور بکەوەرەوە لەو خواردنانەی بۆنی بەهێزیان هەیە کە ببێتە هۆی بێزارکردنی سەرنشینەکانی دەوروبەرت، بەتایبەتی لە گەشتە درێژەکاندا.
مامەڵەکردن لەگەڵ کارمەندانی ناو فڕۆکە بە ڕێزەوە و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیان نەک هەر گەشتەکە ئاسانتر دەکات، بەڵکو کەشێکی ئەرێنی بۆ هەمووان دروست دەکات.
بۆ دوورکەوتنەوە لە کێشە، ئەمانە جێبەجێ بکە:
هەندێ ڕەفتار هەیە کە پێویستە لە کاتی گەشتکردن بە فڕۆکەدا بە تەواوی لێی دوور بکەویتەوە. لە گرنگترینیان پشتگوێخستنی ڕێنماییەکانی سەلامەتی، چونکە ئەمانە بۆ پاراستنی هەموو کەسێک دروستکراون. هەروەها هەستانەوەی لەناکاو یان کردنەوەی جانتاکانی لای سەرەوە لە کاتی بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی فڕۆکەدا.
هاتوچۆکردنی زۆر لە ناو ڕاڕەوەکانی فڕۆکەدا بەبێ هۆکارێکی ڕوون، بە تایبەت لە کاتی خزمەتگوزاریی یان خەوتندا، دەبێتە هۆی تێکدانی تیمی فڕۆکەوانی و سەرنشینانی دیکە. هەروەها باشتر وایە دوور بکەویتەوە لە دەمەقاڵێ تەنانەت ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت، چونکە زۆرجار ئارامیی و قسەکردن بە ئەدەبەوە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی خێراتری کێشەکە.
یەکێکیتر لە هەڵە باوەکان بەکارهێنانی مۆبایلە لەو کاتانەی ڕێگە پێنەدراوە، یان پشتگوێخستنی ڕێنماییەکان بۆ دانانی لە دۆخی فڕۆکەدا. ئەم یاسایانە تەنها بۆ نمایشکردن دانەنراون؛ بەڵکو بۆ دڵنیابوونن لە سەلامەتی گەشتەکەت، هەروەها خۆت بەدوور بگرە لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی بۆنی بەهێز، لەوانەیە ببێتە هۆی ناڕەحەتی یان هەستیاریی و سەرئێشە بۆ هەندێک لە سەرنشینەکان.