پارێزەر/شاجوان شیخ محمد قەرەداغی
خێزان و پەیوەندیی هاوسەری لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی عەقدییە؛ یەکێکیان داوا دەکات و ئەوی تریان قبول دەکات، کەواتە لە بنەمادا پەیوەندییەکی “ئیتیفاقییە”. هەر لادانێک لەم بنەمایە لەژێر چەتری “ژن-ئاغایی” یان “پیاوسالاری”، یەکسانە بە تێکچوون و ناهاوسەنگی و نیشانەی نەزانیی هەر یەک لە هاوسەران دەردەخات.
ـ لە ڕاستیدا ئێمەی پارێزەران لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو کێشە و تەشەنوجانەین کە ئەم جۆرە سوعبەت و، تەنزە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان خێزانەکاندا دروستی دەکات و کاریگەری هەیە.
« بەداخەوە، سۆشیاڵ میدیا و میدیاکاران زۆرجار ڕۆڵێکی نەرێنی لەم بابەتە دەبینن و ترویجی پێ دەدەن بۆ (ڤیو، لایک و کۆمێنت) بۆ نموونە: کاتێک دوو هاوسەر بۆ سەیرانێک یان ڤیستیڤاڵێک چوونەتە دەرەوە، لەپڕ میدیاکارێک یان برادەرێکیان لێیان پەیدا دەبێت و بە گاڵتەجاڕییەوە دەپرسێت: “چۆن هاتوون بۆ ئەم شوێنە قەرەباڵغە؟ (دیارە تۆش ئەسیری ژنەکەتی)و بەخوا بەینی خۆمان بێت تۆش ترسنۆک دەرچویت !”.
ئەم قسانە کە لە قاڵبی سوعبەت و گاڵتەدا دەکرێن، کاتێک لەمیانەی سەفەرەکەیاندا هەر گرژییەک، قەرەباڵغییەک یان ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات، ڕاستەوخۆ ئەو قسەیەی پێشتر بە پیاوەکە وتراوە دەبێتە سەرەتای توڕەبون و، خەبەرکردنەوەی کێشە نووستووەکانی نێوانیان!
کەواتە، ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا و میدیاکاران زۆر گرنگە؛ دەبێت بزانن کە پرسیار و گوفتاریان دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئاسایی کردنەوەی حاڵەتەکان و گۆڕینیان بۆ دیاردە.
لە ڕاستیدا کەیسم لا بووە، پیاو هەبووە هەمیشە ئامۆژگاری منداڵەکانی کردووە کە هەرگیز گوێ لە ژن نەگرن، ژن هەر کە قسەی کرد دەبێت بیکێشی بە دەمیا، تەنانەت هەموو مافەکانی ژن (لە نەفەقە و مارەیی و هتد) نەدانی بە پیاوەتی زانیوە و شانازیشی پێوە کردووە.
یان، ژنەکە پێی وابووە ئەمە خاڵی سەرکەوتن و ئاقڵییەتی لە پرۆسەی زەواجەکەیاندا و دەڵێت: “من زۆر زاڵم بەسەر هاوسەرمدا و هاوسەرم بە بێ پرسی من تا ماڵی باوکیشی ناڕوات”. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم جۆرە تێگەیشتنە هۆکاری نەزانیە بە پەیوەندیی هاوسەری. ئافرەتی بەڕێز، کاتێک ئەم قسەیە دەکەیت، گەر بە ئاسایی وەری بگریت، من پێت دەڵێم بەمە یەکەم جار پێگەی خۆت بچوک کردەوە لە نێو کۆمەڵگە، دووەم پێگەی هاوسەرەکەشت، چونکە ئەم پەیوەندییە سروشتی وایە؛ ڕاستەوانەیە. بەرز نرخاندنی هاوسەرت وەک گەورەی ماڵ و قەوامەی ماڵ، دڵنیابە چاوی ڕێز و حورمەتت بۆ خۆت و منداڵەکانت زیاد کردووە.
لە کۆتاییدا دوا وتەم وەک پارێزەرێک :
پەیوەندیی هاوسەری “ڕێککەوتن و ڕێز”ە، نەک ململانێی هێز. با لەبیرمان نەچێت؛ خێزانی تەندروست بە “ژن-ئاغایی” و “پیاوسالاری” بنیات نانرێت، بەڵکو تەنها بە هاوبەشیکردنی بەرپرسیارێتی و شکۆمەندیی یەکتر بەردەوام دەبێت. خێزان باخچەی سۆزە، نەک گۆڕەپانی زاڵبوون.