سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

وەفا

ژیان نوری تۆفیق
مرۆڤ هه میشە بە جێبەجێکردنى ئەرکى سەرشانى هەست بە بونی خۆى دەکات، هەست بە مرۆڤبوونى دەکات. ئافرەت بەو خۆشەویستی و رەحمەتەی کە خوای گەورە خستوێتیە نێوان خۆی هاوسەری ئەتوانێ بە ئەرکەکانی هەستێت لە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیریدا، هەندێک کەس رەحم جێی نابێتەوە لە دڵیدا و شایەنی ئەو کارە گەورەیە نیە بۆیە ناتوانێت ئەرکەکانی وەک پێویست جێبەجێ بکات.
خوای گەورە ئەفەرموێت (( و جعل بينكم مودة و رحمة)) کاتێک خۆی رەحم دابین دەکات لەم پرۆسەیەدا هەڵبەتە بۆ کارێکی گەورەیە و، دەبێت ئێمە وەکو مرۆڤ بەرجەستەی بکەین.
لێرەوە با بچینە ناو چیرۆکى پێغەمبەر (ئەیوب) سەلامی خوای لێبێت و هاوسەرەکەى، گەورەیی ئەو ئافرەتە و، چۆنیەتى خزمەتکردنى هاوسەرەکەى، کە دەڵێین خۆزگە هه موو کاتێک لەگەڵ ئارامگری پێغەمبەر (ئەیوبی ئازیز سەلامی خوای لێبێت) باسی ئارامگری خێزانەکەشی بکرایە، کە چەند گەورە بوو چەند بەوەفا بوو، چەند ئارامگربوو.
مرۆڤ کاتێک چاودێری نەخۆشێک دەکات و لای دەمێنێتەوە سات بە سات ئاگای لە ئازارەکانێتی توشی ئازاری دەروونی دەبێت، بەهۆی خۆشەویستی و دڵسۆزی و هەستکردن بە ئازارەکانی و ترسی لەدەستدانی ئەو کەسە، لێرەوە لە وەفاى خێزانى ئەیوب تێدەگەین.
چ هەستێکە خوایە چ ئازارێکە ئافرەتێک بە تەنیا ئەو هەموو کۆڵەی خستە سەر شانی خۆی، کە کەس نەچوە ژێرباری خزمەتکردنی و مانەوە لەلای، لەگەڵ ئەوەی مەرگی منداڵەکانی بینیبوو هەروەها هیچ ماڵ و سامانێکیشی لەبەردەست نەبو خۆی کاری دەکرد. چەند زە‌حمەتە یەکێک خۆی دەوڵەمەند بێ و، دوای لێقەومان خزمەتی کەسانی تر بکات و، کاریان بۆ بکات لە دواییشدا کارەکەشی لە دەستبدات و، کەس رازی نەبێت کار لە ماڵیان بکات، لەبەر ترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی هاوسەرەکەی. پرسیارێک دەکرێ ئایا ئەم هەمو قوربانیە بۆ پێغەمبەرێک بووە یان هاوسەرێک؟
بێگومان لەبەر خۆشەویستی بۆ هاوسەری و باوەڕ و ملکەچی بۆ خوای گەورە وەفا بۆ پێغەمبەرێکی ئازیز.
خوای گەورە هێزێکی وا ببەخشێ بە هەموو ئافرەتێک کە ویستی بۆ خوا بوونی هەیە و دڵسۆزی نزیکەکانێتی.

Check Also

پاراستنی مافەکانی منداڵ: بەرپرسیارێتیی یاسایی، شەرعی و کۆمەڵایەتیی ئێمەیە.

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە منداڵان ناسکترین و گرنگترین توێژی کۆمەڵگان؛ ئەوان پێوەرێکی ڕاستەقینەن بۆ ئاستی …