هه‌ینی , كانونی دووه‌م 31 2025

لەئەمریکا ترەمپ فەرمانێک واژۆدەکات کە تەنها (دوو) ڕەگەز دەناسێت

وەرگێڕانی:د.بێخاڵ ئەبوبەکر
لە یەکەم کاتژمێرەکانی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا، سەرۆک ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاری بەرفراوانی واژۆکرد کە تەنها دوو ڕەگەزی (نێر) و (مێ)ی ناساند، و بۆ ڕاگرتنی بەرەوپێشبردنی چەمکی جێندەرگۆڕین، ئاڕاستەی دەزگا فیدراڵیەکانی کرد .
ئەم فەرمانە کە ترەمپ لە (ئۆفیسی ئۆڤاڵ)، شوێنی فەرمی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا واژۆی کردووە، بەشێکە لە بەڵێنێکی فراوانتری هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ڕزگارکردنی میللەت لەوەی بە “شێتیی ڕەگەزگۆڕین”“transgender insanity” ناوزەدیدەکات، و پێچەوانەکردنەوەی دەستپێشخەرییەکانی فرەچەشنیی و گشتگیریی کە پێشتر لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە دامەزرێنرابوون.
ترەمپ لە وتاری دەستبەکاربوونیدا وتی: “لە ئەمڕۆوە دەبێت لە سیاسەتی فەرمی حکومەتی ئەمریکادا تەنها دوو ڕەگەز هەبن: نێر و مێ”.
لە فەرمانەکەیدا، ترەمپ بەڵێندەدات بەرگری لە ژنان لەهەمبەر سەرکێشییەکانی “ئایدۆلۆژیای جێندەر” بکات و “ڕاستی بایۆلۆژیی بۆ حکومەتی فیدراڵیی” بگەڕێنێتەوە، (نێر و مێ) نەک بە جیاوازیی جەستەیی یاخود کرۆمۆسۆمیی بەڵکو بە ئەرکی وەچەخستنەوە پێناسەدەکات، کە بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا دەڵێت بە مەبەست ئەنجامدراوە.
ئەو بەرپرسە وتیشی: “کرۆمۆسۆمەکان تایبەتمەندی ڕەگەزیی تۆیە، بەڵام سروشتی دووانەیی ڕەگەز، هۆکاری ئەوەی کە من و تۆ و هەموومان لێرەین، لەوە قووڵترە. ئەوە خانەی گەورەی زاوزێ، و خانەی بچووکی زاوزێیە، کە لە ئەرکێکی دووانەییدا بە مەبەستی بەردەوامیی جۆرەکان، پێکەوە کاردەکەن”.
بەپێی فەرمانەکە، پێویستە دەزگا فیدراڵیەکان لەبری “جێندەر- Gender” دەستەواژەی “سێکس- Sex” بەکاربهێنن، و ئەو لێدوان و سیاسەت و ڕێکارانە لابەرن کە “ئایدۆلۆژیای جێندەر گەشەپێدەدەن”. هەروەک پێویستە دەزگاکان لە کاتی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانیاندا، پێناسەکانی فەرمانەکە جێبەجێ بکەن.
هەروەها لە فەرمانەکەدا هاتووە: ئەمریکییە ڕەگەزگۆڕ و ڕەگەزناجێگیرەکان ڕێگرییان لێدەکرێت کە لەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکانی حکومەت وەک ڤیزا و پاسپۆرت، ڕەگەزەکەی خۆیان هەڵبژێرن. شایانی باسە ئەو بژاردەیە بۆ یەکەمجار لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٢١دا بەردەستکرا و لە ساڵی ٢٠٢٢ یەکەم پاسپۆرتی ئەمریکیی بە نیشاندەری ڕەگەزی “دیارینەکراو”، بە تاکە پیتی (X)، دەرکرد .
پڕۆژە یاسایەکی ئەنجومەنی پیران کە لە لایەن (ڤانس) جێگری سەرۆکەوە ساڵی ٢٠٢٣، لە یەکەم ساڵی پۆستەکەیدا پێشکەشکرا، هەوڵیدا ڕێگریی لە بوونی زیاتر لە دوو نیشاندەری ڕەگەزیی لە بەڵگەنامەکانی حکومەتدا بکات.
هەروەها فەرمانەکە ڕێنمایی ئاراستەی داواکاری گشتی و سکرتێری ئاسایشی ناوخۆ دەکات کە ڕێگریی لە ڕەگەزگۆڕاوەکان بکەن، لەلایەن حکومەتەوە لە دامەزراوە تاکڕەگەزییەکاندا پارەیان بۆ دابین بکرێت، لەوانە زیندانەکان، خانووبەرەی کۆچبەران و پەناگەی توندوتیژی خێزانیی. فەرمانەکە ڕێنمایی نووسینگەی زیندانەکان دەکات کە بەکارهێنانی دۆلاری فیدراڵی بۆ (چاودێریی دووپاتکردنەوەی ڕەگەز) ڕابگرێت، کە پێشتر چەندین زیندانیی ڕەگەزگۆڕ لە تانەدانی دادگادا، سەرکەوتووبوون .
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە فەرمانەکە بەو مانایەش دێت چیتر جەژنی ئیستەر “لەگەڵ ڕۆژی دیدگای ڕەگەزگۆڕەکان هاوبەش ناکرێت”، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، ساڵانە لە ٣١ی ئازاردا، ڕەگەزگۆڕەکان ئاهەنگ دەگێڕن. ٣١ی ئازاری ساڵی ڕابردوو، هەردوو بۆنەکە، واتە (جەژنی ئیستەر) کە ساڵانە بەروارەکەی دەگۆڕێت، و (ڕۆژی دیدگای ڕەگەزگۆڕەکان ) هاوکاتبوون، ئەمەش کۆمارییەکان، لەنێویاندا ترەمپی تووڕەکرد، کە لە بەرامبەردا وتی ڕۆژی هەڵبژاردنەکان بە “ڕۆژی دیدگای مەسیحی” ناوزەددەکرێت.
هەروەها فەرمانەکەی ترەمپ ئەرکی ڕێنمایی دەخاتە ئەستۆی داواکاری گشتیی سەبارەت بە چۆنیەتی بڕیارەکەی دادگای باڵا لە ساڵی ٢٠٢٠ لە دۆسیەی بۆستۆک دژی کلایتۆن کاونتی، کە تێیدا مادەی حەوتەمی یاسای مافە مەدەنییەکانی ساڵی ١٩٦٤ کرێکاران لە هەڵاواردن بەهۆی ناسنامەی ڕەگەزیی یان سێکسییەوە دەپارێزێت، لەوانەیە ئەمە بۆ یاسا فیدراڵیەکانی تریش جێبەجێ بکرێت.
ئیدارەی بایدن بڕیارەکەی دادگای باڵای بۆ پشتگیریکردن لە لێکدانەوەی خۆی بۆ مادەی نۆیەم بەکارهێنا ، کە پارێزگارییەکانی بۆ خوێندکارانی ڕەگەزگۆڕ فراوانتردەکرد، هەروەها کۆمەڵێک یاسای دیکە کە مامەڵەیان لەگەڵ هەڵاواردندا دەکرد. لەم مانگەدا، دادوەرێکی فیدراڵیی گۆڕانکارییەکانی ئیدارەی بایدنی لە مادەی نۆیەمدا ڕەتکردەوە بەوپێیەی پشتیان بە لێکدانەوەی هەڵە بۆ بڕیارەکەی دادگای باڵا بەستووە .
هەروەها فەرمانەکە ڕێگریی لە مەرجەکانی دامەزراوە حکومییەکان و شوێنەکانی کارکردن دەکات تا ڕێگە بەکەسانی ڕەگەزگۆڕ نەدرێت جێناوێک بەکاربهێنن کە لەگەڵ ناسنامەی ڕەگەزییاندا دەگونجێت، بۆ ئەمەش ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشێلکردنی هەمواری یەکەمی ئازادیی ڕادەربڕین و ئایینە.
زمانی ئەم فەرمانە سەبارەت بە (سێکس) و (جێندەر) تاڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی بیروڕای موحافزکارانەیە، بەواتای ئەو دووانە جیا ناکرێنەوە و ناگۆڕدرێن. ساڵی ٢٠٢٣، لە نامەیەکیاندا بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرژمێریی ئەمریکا ڕۆبەرت سانتۆس، ڤانس و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، نووسیویانە، “بایۆلۆجیا ڕەگەز دیاریدەکات نەک بیروڕای خودیی”.
سیناتۆرەکانی ئەوکات نووسیویانە، دەزگاکانی حکومەت “نابێت متمانە یان بەهای فەرمیی بە چەمکێکی درۆینەی وەک شوناسی جێندەریی بدەن”.
لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، چەندین جار ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە تا ئەم دواییانە چەمکی ڕەگەزگۆڕین بوونی نەبووە، هەرچەندە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٢دا بۆ بەشداریکردنی ژنانی ڕەگەزگۆڕ لە پێشبڕکێی شاجوانی گەردووندا، ئاهەنگی گێڕا.
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦شدا، ترەمپ ڕایگەیاند کە لەگەڵ یاسایەکی ویلایەتی کارۆلینای باکووردا ناکۆکە کە ڕێگریی لە کەسانی ڕەگەزگۆڕ دەکات، دەستشۆری گشتی کە لەگەڵ شوناسی جێندەریی خۆیاندا دەگونجێت، بەکاربهێنن کەچی مانگی ڕابردوو بە گۆڤاری تایمی ڕاگەیاند کە پێویستە میللەت سەرنجی لەسەر پرسە گرنگترەکان بێت.
فەرمانەکە بە ڕوونیی باس لە دەستڕاگەیشتن بە (چاودێریی دووپاتکردنەوەی ڕەگەز) ناکات، کە چەترەزاراوەیەکی گشتگیرە و ئاماژەیە بۆ دەستێوەردانی بەرفراوان لە پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە شوناسی جێندەرییان لەگەڵ ڕەگەزی کاتی لەدایکبوونیاندا ناگونجێت. ترەمپ بەڵێنی داوە چاودێریی پەیوەست بە ڕەگەزگۆڕین بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی قەدەغە بکات و سزای توند بەسەر ئەو کەس و دامەزراوانەدا بسەپێنێت کە بۆیان دابیندەکەن.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی فری پرێسی ڕاگەیاندووە کە ئەو فەرمانە “یەکەمینە لە بڕیارگەلێک” کە مافەکانی ڕەگەزگۆڕان سفردەکات.
ئەو بەرپرسە وتیشی: “پێشبینی دەکەم هەر شتێک سەرۆک سەبارەت بەم پرسانە بیڵێت، جێبەجێی دەکات.”
جگە لە دەرکردنی فەرمانەکانی خۆی، لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا، ترەمپ ٧٨ لە فەرمانە جێبەجێکارییەکانی بایدن، سەرۆکی پێشووی، هەڵوەشاندەوە، لەنێویاندا فەرمانەکانی بەهێزکردنی پاراستنی جیاکارینەکردن بۆ ئەمریکییە ڕیزپەڕەکان و ڕێگەدان بە کەسانی ڕەگەزگۆڕ کە بە ئاشکرا لە سەربازیدا خزمەت بکەن. ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧دا لە ڕێگەی زنجیرەیەک پۆستی سۆشیال میدیاوە ڕێگریی لە سەربازانی ڕەگەزگۆڕ کردووە، خزمەتی سەربازیی بکەن.
هەندێک لە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵدەدەن قەدەغەکردنێکی دیکەی سەربازیی ڕەگەزگۆڕ بە پڕۆژە یاسایەک پووچەڵ بکەنەوە، کە پەسەندکردنی لە کۆنگرێسی کۆنتڕۆڵکراوی کۆمارییەکاندا، ئەستەمە. بەم دواییانە، کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکیان بۆ قەدەغەکردنی ڕکابەریکردنی ژنانی ڕەگەزگۆڕ لە تیپە وەرزشییەکانی ژنان لە قوتابخانەکاندا دەرکرد، ئەمەش ئامانجێکی دیکەی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە.
پێدەچێت فەرمانە جێبەجێکاریەکانی ترەمپ لە مانگ و ساڵانی داهاتوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی ببنەوە. یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا (ACLU) American Civil Liberties Union بەڵێنیداوە کە ” لە هەر شوێنێک بتوانن” ئیدارەی ئەمریکا دەبەنە بەردەم دادگا.
چەییز سترانجیۆ، پارێزەری (ACLU)کە مانگی ڕابردوو بووە یەکەم کەسی ڕەگەزگۆڕ لەبەردەم دادگای باڵادا گفتوگۆبکات، لە پۆستێکی ئینستاگرامدا نووسیویەتی: “فەرمانەکانی ترەمپ یاسا ناگۆڕن و ناتوانن بیگۆڕن”.
کێلی ڕۆبنسن، سەرۆکی کەمپەینی مافەکانی مرۆڤ، کە گەورەترین گروپی داکۆکیکارە لە ڕیزپەڕانی ئەمریکا، وتی: “فەرمانە پلان بۆ داڕێژراوەکەی ڕۆژی دەستبەکاربوونی سەرۆک و فەرمانە بەرکارییەکانی دیکە، جگە لە ئازاردانی خێزان و کۆمەڵگەکانمان هیچ ئامانجێکی تریان نییە” و جەختی لەوەش کردەوە کە دەستبەجێ ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆبنسن لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “کۆمەڵگاکەمان دەیان ساڵ خەباتی کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە پەیوەندییەکانمان لە شوێنی کاردا ڕێزیان لێدەگیرێت، ناسنامەکانمان لە قوتابخانە پەسەنددەکرێن و خزمەتەکەمان لە سەربازیدا دەنرخێنرێت. هەر هێرشێک بۆ سەر مافەکانمان، هەڕەشەیە لە هەر کەسێک لەگەڵ ئەو تێڕوانینە تەسکەدا ناگونجێت کە دەبێت چۆن دەربکەوێت و مامەڵەبکات” هەروەها وتی: “ئیدارەی داهاتوو هەوڵدەدات کۆمەڵگەکانمان دابەشبکات بەو هیوایەی لەبیرمان بچێت چی بەهێزمان دەکات! بەڵام ئێمە پاشەکشە و ترسان ڕەتدەکەینەوە”.
جەیسن وو، بەڕێوەبەری باڵای داکۆکیکردن لە دەوڵەت و کاروباری حکومەت لە پرۆژەی ترێڤەر، کە ڕێکخراوێکی ڕێگریکردن لە خۆکوشتنی گەنجانی ڕیزپەڕە، وتی فەرمانە جێبەجێکارییەکانی ترەمپ “دەبێتە هۆی زیانگەیاندن”، بەتایبەتی بۆ گەنجان.
هەروەها وتی: “ئێمە دەزانین کە زۆر کەس هەست بە ترس، یاخود تەنانەت سەرلێشێواویش دەکەن لەبارەی ئەم فەرمانە و ئەوەی ڕێکارەکانی ڕۆژانی داهاتوو چیی بۆ کۆمەڵگاکەمان دەهێننەکایەوە.” “دەمەوێت بیری هەمووان بخەمەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ هەر پێشهاتێک، و لە پاراستن و گرنگیدان بە یەکتر بەردەوام دەبین، هەروەک چۆن هەمیشە کردوومانە.”

سەرچاوە:
https://thehill.com/homenews/administration/5097278-trump-executive-order-gender-transition 20/1/2025

Check Also

سمکۆی شکاک، لەنێوان خەباتی خۆی و خیانەتی نزیکەکانی

محمد صڵاح سمکۆی شکاک ناوی اسماعیل ئاغای کوڕی محمد ئاغای کوڕی علی ئاغای کوڕی ئیسماعی …