د.تەحسین حەمە غەریب
ئەوەی دەمەوێت لەم بابەتەدا شەرحی یەک دێڕی
شعری مەولانا جەلالەدینی ڕۆمییە، کە دەفەرمووێت
دۆزەخە ئەو ماڵەی کەپەنجەرەی لەبانەکەوە (کڵاوڕۆژنە)ی نیە، لەسەرەوە ڕوناکی نیە، ناتوانێ لەسەرەوە بڕوانی ئەسڵی دین ئەی بەندە ئەوەیە پەنجەرەیەک بکەینەوە.
ئەو ژیانەی من و تۆ تیایدا دەژین دۆزەخە دەبێت پەنجەرەیەک بکەینەوە بچینە دەرەوە.
مەسەلەی سۆشیاڵ میدیاو گیرۆدەبوون پێوەی یەکێکە لەبابەتە گرنگەکانی ئەم سەردەمە، هیچ بیریارو زانایەکی گەورە نییە بیری لەوە نەکردبێتەوە ئایا ئەمە ئافاتە دەستمان کەوتووە یان دەستکەوتە، چونکە هەردوو دیوەکەی دەبینین، پەیوەندی ئەمە لەگەڵ مەعریفەو تەمەنی ئێمە چەندە؟
مۆبایلەکەی دەستمان ئامڕازێکە، ئایا بەڕاست تەنها ئامڕازێکە، چونکە سەردەمەکانی پێشتر ئامڕازەکان تەنها ئامڕازبوون مرۆڤ بەئارەزووی خۆی بەکاری دەهێنا، جوتیارێک لە گوند خاکەنازێک، بێڵێک، پاچێکی هەبوو کەی بیویستایە بەکاری دەهێنا کەی نەیویستایە وازی لێ دەهێنا، بەڵام تۆ ئێستا ناتوانیت واز لەو مۆبایلەی دەستت بهێنیت.
فەیلەسوفەکانی تەکنۆلۆجیا دەڵێن ئامڕازەکانی ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ ئامڕازەکانی سەردەمەکانی پێشتر. ئامڕازەکانی ئەمڕۆ تەنها ئامڕازنین، ئێمە ئەوان بەکارناهێنین، بەڵکو ئەوان ئێمە بەکاردەهێنن. ئەوە کایەیەکی گەورەی فکرییە ئێمە بەنەریتی بۆمان ماوەتەوە وادەزانین ئەم ئامڕازە تەنها ئامڕازێکە وەک ئەوانەی پێشتر بۆچاکەش بەکاریدەهێنم و بۆ خراپەش، بەڵام فەیلەسوفێک کە بۆ یەکەمجار کەشفی ئەوەی کرد لەسەردەمی نوێدا سەدەی ۲٠۲۱(هایدگەر) بوو، وتی ئێمە بەهەڵە تێگەشتوین ئەمانە تەنها ئامڕازنین ئێمە ئەوان بەکارناهێنین، ئەو فەزایەی تێدایە ئەوان ئێمە بەکاردەهێنن. بۆیە گرنگە لێرەوە سەیری سەردەمی نوێ بکەین، چونکە یەکێک لە پایەگرنگەکانی سەردەمی نوێ تەکنەلۆجیایە دانەرەکانی تەکنەلۆجیا بێ لایەنانە تەکنەلۆجیایان دانەناوە، نموونەی ئەوپەرداخە ئاوەی دەیخۆینەوە لەقاپێکی سەفەری، ناچارین یەکجار بەکاری بهێنین و فڕێی بدەین، وەک جامەکەی جاران نییە من وخوشک و براکانیشم بەکارمان دەهێنایەوە. لەئەمەریکا دورگەیەک هەیە دەوڵەمەندەکان زەویەکانی ئەو دورگەیان کڕیوە، بەڵام خۆ خەڵکی ئاسایی دەتوانن بڕۆنە دورگەکەوە، بەڵام چۆن؟ پردیان دروستکردووە، سەری پردەکانیان نزم دروست کردووە، چونکە خەڵکی هەژار ئۆتۆمبیلی تایبەتیان نییە خۆیان بڕۆن، ناچارن بە پاس بڕۆن، بەڵام پاسەکان ناتوانن بە ژێر پردەکاندا بڕۆن، بۆیە ناچارن تەنها بە ئۆتۆمبیلەکانی ئەوان بچن. (فەیسبوک، تیکتۆک، ئنستاگرام، یوتوب..هتد ) تەکنەلۆجیا هەمووی بێ لایەن نین بابەتەکە ئەوەیە من چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەم بەچاوەکانت بڕوا مەکە، شتێک هەیە لەپشتەوە، من چۆن مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆجیا دەکەم. لەڕووی مەعریفەوە هیچ گومانی تێدا نییە پڕە لەداتاو زانیاری، بەڵکو لەدوای کۆرۆناوە یەکێکە لەگرنگترین ئامڕەزەکانی گەیاندنی زانیاریی، هەر بۆ نموونە زۆربەی کۆنگرەو خول و خوێندنەکانمان بۆتە ئۆنلاین شتێکی باشە، بەڵام ئایا بابەتەکە هەر ئەمەیە یان شتێکی دیکە هەیە لەپشتی ئەمەوە.
هەوڵدەدەم پەیوەندی تەکنەلۆجیاو مەعریفە ڕاستەقینەکە بخەمە ڕوو. سێ زارەوە بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنم (توانایی، دانایی(حیکمە)، چەشتن) زاراوەی یەکەم توانایی: بریتییە لەو توانایەی کە خودای گەورە پێ بەخشیوم کە دەستکاری خۆم و جیهانیشی پێ دەکەم، هیچ گومانی نیە تەکنۆلۆجیا توانایی مرۆڤی زیادکردووە، بۆ نموونە لەکۆندا لەشەڕێکدا قارەمانێک هەر(٦۷) کەسی دەکوشت، بەڵام ئێستە لەڕێی تەکنۆلۆجیاوە سەیرکەن چی دەکرێت، چۆن دەستیان گەیشتە(اسماعیل هەنیە).
بەجۆرێک توانای زیاد کردوین هەندێ شت مانای نەماوە بۆ نموونە(شوێن و کات) ئێمە لێرەین و لێرەش نین، تۆ لێرەیت بەڵام لەئەمەریکا مامەڵە دەکەیت، شوێن و کات بەمانا تەقلیدیەکەی مانای نەماوە ماندووبوون مانای نەماوە.
لەئەرستۆ دەپرسن موڵکییەت گرنگە، دەڵێ: بەڵێ ئەگەر موڵکیەت نەبێت بەخشندەیی نامێنێ، ئێمە کە موڵکمان نەبێ چی ببەخشین.
چەقی توانایی گوازرایەوە بۆپارەداری واتە زیرەکی مرۆڤەکان ڕۆڵی نیە لێرەدا، بەڵکو پارەدارییانە.
مرۆڤە زیرەکەکانی ئێستا بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان کاردەکەن، بۆچی شەڕی غەزە ناوەستێ، سەرۆکی ئەمەریکا مل دەدات بۆ ئیسرائیل کە چەند ملێۆن کەسێکن، لەبەرئەوەی زۆربەی کۆمپانیاکان و زانایانی جیهان لای ئەوانن و لای ئەوان ئیش دەکەن.
دەبینین فەزیلەتی سەبرگرتن و شکورکردن مانایان نەماوە ئاخر کەماندوو نەبی شوکری چی؟
یەکێ لە فەیلەسوفەکان مرۆڤەکان دەکات بە چوار بەشەوە
۱-مرۆڤە لانەوازەکان، بۆخۆی ناژی بۆ خەڵکی دەژی (بۆنمونە بانگخوازەکان).
۲-مرۆڤە زیرەکەکان هەمیشە چاوێکیان لەبەرژەوەندی خۆیانە، بەڵام سیفەتێکی چاکیان تێدایە.کە بەرژەوەندی ئەوانی تریش لەبەرچاو دەگرن (بۆنموونە بەشیک لەسیاسیەکان).
۳-دزەکان توانای خۆیان سەرف ناکەن توانای ئەوانی تر سەرف دەکەن.
٤.نەزانەکان: نەبەرژەوەندی خۆیان نە ئەوانیتر ڕەچاو ناکەن.
یەکێک لە گرفتەکانی ئەم سەردەمی تەکنۆلۆجیایە کە چەقی توانایی لای نەزانەکانە ئەگەر پۆستێک کرا لە فەیسبوک هەزار کەس لایکی کرد، من خۆم ناگرم ئەبێت منیش لایکی بکەم، هەرکەس فۆلۆوەرسی زۆری بوو ئەوە موهیمە شتە. کێشەی ئەم سەردەمە ئەوەیە نەزانەکان حوکم دەکەن ئەوەی پێی دەوترێت زۆرینە (وکنا نخوض مع الخائضین) وەک خواگیان دەفەرموێت.
دەکرێت کەسێک ڕای لەمن جیاواز بووە گفتوگۆی لەگەڵ بکەم، بەڵام کەم بوو بە ۱٠هەزار ناتوانم، زۆر ترسناکە مەعریفە لای ئەوانەیە جەستە حوکم دەکات نەک عەقڵ و مەعریفە بابەتەکە نەزانینە
چەمکی دووەم
چەشتن: ئەم بابەتە زۆر سەنتەرییە، ناوەوەی مرۆڤ لە۳بەشی سەرەکیی پێک دێت:
باوەڕەکانی(دینی و نادینی)
-هەست و سۆزەکانی
-ویست و ئیرادەکان
ئەوەی مرۆڤەکان ناتوانن قسەی بەرامبەر بکەن (هەست و سۆزەکانە) ئێمە وانازانین، بەڵام هەست و سۆز زۆر سەنتەری ترە لەباوەڕەکانیش زیاتر، کێشەکە ئەوەیە حەزی ڕوکەش و قوڵیش هەیە، ڕوکەش بەئاسانی وەڵام دەدرێتەوە ئەوەی لەتەکنەلۆجیا سەنتەرە هەست و سۆزی ڕوکەشە. چەندین جار لە سۆشیەڵ میدیا بینیومانە کەسێک دە دەقیقە قسە دەکات قسەی بێ مانا لەڕووی عەقڵییەوە
هیچ لێی تێناگات، بەڵام لەڕووی هەست و سۆزی ئەوکەسەدا یەک دێتەوە. بەدرێژایی مێژوو عەقڵەکان کۆمەڵگەکانی بەڕێوە دەبرد ئێستە هەست و سۆزەکان. ئەیان ووت سۆقراتێکی برسی لە مەیمونێکی تێر باشترە، بەڵام ئێستا پێچەوانە بۆتەوە
بابەتێکی عەقڵانی لەفەیسبوک دانێ ۱٠لایکت بۆ نایەت، باسی جلوبەرگەکەت بکە بزانە چەند لایکت بۆ دێت.
زاوارەی سێیەم
دانایی ژیری حیکمەت: گومانمان نییە تەکنەلۆجیای نوێ زانیاری زیادی کردووە زانیاری زۆری پێداوین، بەڵام بەئەندازەی ئەوە حیکمەت و دانایی لێ وەرگرتوینەتەوە لەتەمەنی لاوی ڕۆژێک کرێکاریم دەکرد لەپارێزگایەکەوە دەچووم بۆ پارێزگایەکی دیکە بەشی یەک کتێبی دەکرد، ئێستە کۆمپیتەرەکەم ۳٠هەزار کتێبی تێدایە.
جیاوازی لەنێوان حیکمەت و زانیاری چیه؟
زانیاری داتایە چەندێتییە، بەڵام حیکمەت چۆنیەتییە بەدەست ناگیرێت بەژمارە حساب ناکرێت ئینسان دەبیتە ئینسانێکی حەکیم یەکەی حیکمەت تێگەشتن و قوڵبوونەوەیە، بۆیە تا تەکنۆلۆجیا بەرەوپێش بڕوات حیکمەت و تێگەشتن لەدەست دەدەین مامۆستایەتی حیکمەتە، بەڵام ڕاهێنەرایەتی زانیارییە.
دایکایەتی حیکمەتە، بەڵام دادەیەک منداڵەکەم بەخێودەکات زانیاری هەیە ڕاهێنراوە.
ڕۆژ بەڕۆژ کایەکانی کەبنەڕەتەکەیان حیکمەتە لەناودەچن
بنەڕەتی عیرفان حیکمەتە، حەکیمەکانی کۆمەڵگە مەرج نیە زانیاریان زۆر بێت، تەکنەلۆجیا ئەمەی گۆڕی لەحیکمەتەوە بۆ زانیاری
بۆنموونە تەنها جۆرێک لە حیکمەت باس بکەین ئەویش (حیکمەتی دینی)یە زانیاری دینی لەتەکنەلۆجیا زۆرە، لەقورئان و تەفسیرو وتارو فەرموودە هتد، ئەمانە هەموو زانیارییە لەنێو تەکنۆلۆجیا حیکمەتی لەگەڵ نییە.
ڕوانینی ئینسان بەپێی قورئان دوو جۆرە
۱.هەندێک لەمرۆڤەکان ئەم دنیایە بەشوێنی خۆشگوزەرانی دەبینن
۲.هەندێک لەمرۆڤەکان ئەم دونیایە بەشوێنی تاقیکردنەوە دەزانن، ئەمانە دەزانن بۆ ئەوەی لەم تاقیکردنەوە دەرچن، دەبێ زەحمەت بکێشن، ڕۆح لەخۆیەوە دروست نابێت ڕۆح لەدایک ئەبێ لەناو ئینساندا، بەڵام هەموو لەدایک بوونێک پێویستی بەئازارێک هەیە (لقد خلقنا الانسان فی الکبد) ژیان نەبەخشراوە بەئێمە بەئیسراحەتی، لەبەرامبەردا مرۆڤێکی دیکە هەیە تەنها بەشوێن خۆشگوزەرانیەوەیە.
بۆچی خەڵکی ئێمە هەمووی بە زوڵم ڕازییە، چونکە زۆرینەمان بەشوێن ئیسراحەتەوەین بۆ ئەوەی لێم تێک نەچێت، ئەوەی پێویستە تەمەنمان و کاتی لەسەر دابنێین خۆمان و دنیا بگۆڕین، حیکمەتە تەکنۆلۆجیا نییە، هەڵدەکەوێت کەسێک بەناوی بانگەوازی دینییەوە یەک دەقە قسە دەکات عاتیفە دروست دەکات سەدان گەنج هەڵدەخەڵەتێنێ دەیانکاتە توندڕەو، ڕەنگە خۆشی نوێژ نەکات مەعلوماتی هەیە بەڵام حیکمەتی نییە، بەڵام کاتێک تۆ لەمزگەوت پەروەردە دەکرێیت لەگەڵ مامۆستاکەت دەژی ئەو حیکمەتی هەیە، دەبینی چۆنە لەگەڵ دەوروبەری و منداڵەکانی و دراوسێکانی چۆنە، کەواتە تەکنۆلۆجیا داتا سەنتەرە، نەک حیکمەت سەنتەر (فمن یؤتی الحیکمة فقد اوتی خیرا کثیرا).
وەک شێخی سەعدی دەیوت (کەرامەتی ئینسان بریتیە لەوەی جوامێربێت ئارام بێت بەخشندەبێت، قسەی بێ مانا تەپڵی ناوەڕۆک خاڵییە).
ئەوەی لەناو تەکنۆلۆجیا هەیەحیکمەت ڕێگەیەکی ژیانە دەیگرێتە بەر، داتا زانیارییەکە مێشکی لێ پڕ دەکەیت، بەڵام بەتەواویش نا
چونکە تەکنۆلۆجیا بەپوختی زانیاریت ناداتێ، بەڵکو پەرش و بڵاوە هەتا ناتوانیت زانیاری چڕ لەسەر شتێک کۆبکەیتەوە ئەوکات دەچێتە سەر شتێکی تر خێرا دەیگوازیتەوە، دەزانن ئینسان چێژ لە خاوی دەبات (ئەپیکۆر)ی فەیلەسوف دوو دەنکە خورما دەخوات نامەیەک دەنێرێت بۆ یەکێک لەتەلەبەکانی دەڵێ نازانی لەو دوو دەنکە خورما چ چێژێکم برد.
مامۆستا سەعیدی نورسی دەفەرموێت: کاتێ شتێک دەخۆیت لەناو لێوەکانتدا بیهێڵەرەوە، بۆ ئەوەی چێژ لە نیعمەتەکانی خودا ببینی، فەیسبوک زانیاریەکان خێرا خێرا دەگوازێتەوە نایەڵێت تێ ڕامێنی لێی، بۆیە لە دیندا جۆرێک لە تەمەڵیمان هەیە پێی دەڵێن تەمەڵی پیرۆز مەرج نییە هەمیشە شت بزانین جاری وا هەیە نەزانین گرنگترە، کاتێ نەزەرێک دەکەیت هەر نەزەرەکە نییە، بەڵکو شەو خەوت لێ ناکەوێت ، ئەوەی لەفەیسبوک دەیبینم تەنها ئەو بینینە نییە دوای گیردەخۆی بەدەستیەوە ناهێڵێت حیکمەت ی بۆ
دروست ببێ، ناهێڵێت عیبادەت بکەم.