ڕەنگین عبدالکریم کافرۆشی
لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، هاوکات لەگەڵ باڵادەست بوونی سیستەمی سەرمایەداری، پێداویستیەکانی مرۆڤ بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووەو بەردەوامیشە لە زیادبوون، دەرهاویشتەی ئەم پێداویستیانەش گرنگی کاسپی و پارە پەیداکردنی زیاتر و زیاتر کردووە، بە جۆرێک گەر سەدەکانی پێشوو و تەنانەت ٢٠ ساڵێک پێش ئێستا بەڕێوەبردنی دارایی لەلایەن یەک ئەندامی خێزانەوە بەس بووبێت، ئەمڕۆ چیتر ئەو قۆناغە تێپەڕیووەو خێزان پێویستی بە زیاد لە سەرچاوەیەکی دارایی و زیاد لە ئیشکەرێک هەیە.
لە کوردستان لەم ساڵانەی دوایدا، بەهۆی قەیرانی دارایی و پاشەکەوتی موچە، هەروەها وەستانی دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ پێویست بوونی سەرچاوەی داهاتی زیاترکرد، بۆیە زۆر کەس سەرباری کارەکەی لە کەرتی گشتی هەوڵی کارێکی دیکەی دەدا لە کەرتی تایبەت، بەڵام بەهۆی لاوازبوونی سەرجەم کەرتە ئابوریەکان ئەمە کارێکی زەحمەت بوو وە بۆشایی کارمەند و هەلی کارەکان زۆر بەرتەسک بووبوونەوە، هەر بۆیە شێوازێکی دیکە لە دامەزراندنی کار و بزنس پەرەی سەند کە “کاری ئۆنلاین” بوو، بەڵام لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠ ەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ زیاتر هەست بە گرنگی کاری ئۆنلاین کرا، بەگشتی ئەم شێوازە لە بزنس لە تەواوی جیهان و کوردستانیش سەرکەوتوو بووە بە کۆمەڵێک هۆکار لەوانە:
بۆ کڕیار؛
١. بەردەست بوونی لەهەموو کاتێکدا.
٢. کڕیار کات و وزەیەکی کەمتری پێویستە بۆ کڕین.
٣. بینینی سەدان بەرهەمی لەو شێوازە لە کاتێکی کەمدا.
بۆ فرۆشیار؛
١. پێویست نەبوونی شوێنی فیزیکی (دوکان) و هەروەها وەرگرتنی کارمەند کە تێچووی بزنس کەم دەکەنەوە.
٢.گونجاندنی کاتی پۆست و چالاکیەکان و بەڕێوەبردن بەپێی گونجاندنی کاتی فرۆشیارەکە، هەروەها بوونی بەجەدۆلکردن و ئۆتۆماتیکردن لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا (Scheduling and Automatic response).
٣. تێچووی دامەزراندنی زۆر کەمە بەراورد بە دوکان، چونکە بڕێکی کەمترت پێویستە لە مەوادی خاو یان کاڵا.
٤. کارێکی لاوەکیە و کاتێکی کەمتری پێویستە، هەربۆیە خاوەنکار دەتوانێت لە پاڵ کارە سەرەکیەکەیدا ئەنجامی بدات.
٥. بەجیهانیبوونی کاری ئۆنلاین، کە لەڕێگەیەوە کڕیار و فرۆشیاری زۆر بێشومار دەستیان دەگات بەیەکتر.
٦. نەک تەنها کڕیارەکان بەڵکو بینەرەکانیش دەتوانن پاڵپشتی بزنسە ئۆنلاینەکان بکەن بە کاردانەوەکانیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (بینین، لایک، کۆمێنت، شەیرکردن).
٧. بەزەحمەت دەستکەوتنی دوکان لە شوێنی گونجاو.
٨. گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کارێکی دیکەیان هەیە، یان ئەو گەنجانەی لە زانکۆ دەرچوون و کاریان دەستانکەوێت، یاخود خانمی ماڵەوەن و نایانەوێ منداڵەکانیان جێ بهێڵن.
٩. خەڵکی بۆ کات بەسەربردن تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنێت، ئەمەش ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ پیشاندی کاڵا و خزمەتگوزاریەکەت و فرۆشتنی لەو ڕێگەیەوە.
سەرباری بوونی کۆمەڵێکی زۆر خاڵی بەهێز له کاری ئۆنلاین بەڵام لایەنی نەرێنیشی هەیە لەوانە بەنیسبەت فرۆشیارەوە ڕاستە تێچووی کەمتره لەهەمان کاتدا فرۆشیشی کەمتره بەراورد بە دوکان، بەنیسبەت کڕیاریشەوە متمانە و شەفافیەت کەمتره و هەندێک جار چ کڕیار چ فرۆشیار لە ئۆنلایندا یەکتری ئیستیغلال ئەکەن، کڕیار بە وەرنەگرتنی داواکاری و کاڵاکەی و فرۆشیاریش بە ناردنی کاڵایەکی جیاواز و نزمتر لەوەی لە لاپەڕەکەیدا پیشانی داوە.
چۆنیەتی دانانی کارێکی ئۆنلاینی سەرکەوتوو
١. بیربکەرەوە حەزی زۆرت بۆ چ کارێک هەیه، یان شارەزایت لە چیدا هەیە.
٢. هەوڵبدە زانیاری زۆر زیاتر لەو بوارەدا کۆ بکەیتەوە (وەرگرتنی خول، خوێندنەوە، تەماشاکردنی ڤیدیۆ، دواندنی شارەزایانی ئەو بواره،…هتد)
٣. پاشان پەیجێکی بۆ دابنێ و خۆت شارەزابکە لە ئەلگۆریزمی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی پەیجی سەرکەوتوو.
٤. خۆت بە و لاسایی و کۆپی کەس مەکەرەوە، چونکە نابیت بەو کەسە و خۆشت لەدەست دەدەیت، لەجێگەی ئەوە شێوازێکی تایبەت بە خۆت پەیڕەو بکە کە پێی ئاسودەی، و لەسەری بڕۆ.
٥. هەر کاڵایەک کە لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی ئەیفرۆشیت، یان هەر خزمەتگوزاریەک کە ئەتەوێت پێشکەشی بکەیت باشترینی خۆت بکە و هەوڵبدە باشترین کوالیتی بێت، ئەوەی ئەمێنێتەوە کوالیتیە نەک بڕێکی زۆر و بۆر.
٦. گرنگی دان بە حەز و ویستی کڕیار و ترێندە باوەکانی بازاڕی ئەو بواره.
٧. نرخێکی گونجاو دابنێ لەسەر کاڵا و خزمەتگوزاریەکانت وامەزانە بینەرەکانت ئاگایان لە نرخی بازاڕ نیە، با فرۆش و کڕیارت زۆربێت نەک فرۆشی کەم و قازانجی زۆر.
٨. لەکۆتایدا پێویستە بەردەوام بیت و ئارامت هەبێت، چونکە بە چەند ڕۆژ و چەند مانگێکی کەم کڕیار دروست نابێت.
داهاتووی کاری ئۆنلاین
بەپێی ئەو ئاسانکاریەی ئینتەرنێت دروستی کردووە لە ژیانی مرۆڤەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ژیانمان داگیردەکات هەربۆیە کارەکان و زۆرینەی مامەڵەکانی ژیانمان لەو ڕێگەیەوە دەبێت، ئەمە جگە لە پێشکەوتنی زیرەکی دەستکرد و ئاڵۆزبوونی ژیانی مرۆڤەکان کە زۆرینەی ڕۆژەکەیان بە کارکردن بەسەردەبەن و کاتێکی کەمتریان دەبێت بۆ بازاڕکردن، بۆیە هەروەک دەڵێن “داهاتوو بۆ کاری ئۆنلاینە” بەڵام بێگومان لەقۆناغ و شێوازێک ناوەستێت و بەردەوام لەگەشەکردندا دەبێت و بە فۆڕمی نوێ.
بۆیە گەر تۆ حەزو خولیایەکت هەیە و دەتەوێت بیکەی بە کار و کاسپیەک کە داهاتێکت بۆ پەیدا بکات، ئەوە سەرەتا پەیجێکی ئۆنلاینی بۆ دابنێ ، هەنگاوێکی زۆرباشە بۆ ناسینی خۆت کە ئایا چەند پشوو درێژی لەو کارەی دەستت داوەتێ، لەهەمان کاتدا ئامادەسازیەکی زۆرباشە بۆ ئەوەی لەداهاتووشدا دوکانێکی بۆ دابنێیت، پەیجی ئۆنلاین دەتوانێت داهاتێکت بۆ پەیدابکات بەڵام گەر واقعی بین قورسە بتوانێت ژیانی ئابووریت زۆر بەرەو پێش بەرێت بەتایبەت لەسەرەتاوە، ئەوەی لەسەر تۆیە دەستپێکردن و بەردەوامیە، بەرەکەت و ڕسقیش لای خودایە.
چەند نمونەیەکی سەرکەوتوو لە کاری ئۆنلاین
١. فێرکاری خواردن و بەڕێوەبردنی ماڵ
٢. فێرکاری چنین، دوورین، ڕایزن، تابلۆ، و دروستکردنی ئێکسسواراتی ماڵ و خانمان.
٣. ڕازاندنەوەی بۆنەو ئاهەنگەکان
٤. بەخێوکردنی گوڵ و نەمام و چاودێری ئاژەڵی ماڵی (بەتایبەت بۆ دەرچوانی کشتوکاڵ).
٥. ڕێنمایی و ڕێنیشاندەر لە بواری گەشتیاری.
٦. هێنان و داواکردنی هەرکاڵایەک لە دەرەوەی وڵات و فرۆشتنەوەی لەڕێگەی پەیجەوە.
٧. دروستکردنی هەر بەرهەمێکی خۆماڵی و کوردەواری.
٨. پەیجی ئاسانکاریەکان لە بەڕێوەبردنی ماڵ و هاکەکانی ژیانی ڕۆژانە.
٩. بوون بە ڕاهێنەر لەو بوارەی زۆر شارەزای تیایدا.
١٠. بوون بە تاقیکەرەوە (تێستەر) لەهەر بوارێک، پاشان ڕیڤیوو پێدان لەسەری.