چوارشەممە , كانونی یه‌كه‌م 4 2024

توندوتیژی دژی ئافرەتان لە رێكەوتننامەی سیداودا

بەیان نوری
بەشی یەكەم:
وەك ئاشكرایە (سیداو)رێكەوتننامەیەكی نێودەوڵەتییە كە لە لایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لە ساڵی1979 ەوە پشتی پێبەستراوە وەك مەرجەعێك بۆ دابینكردنی مافەكانی ئافرەتان.
كە لە 5 پیت پێكهاتوە بریتییە لە كورتكراوەی (CEDAW سیداو)
Convention on the Elimination of All Forms of Discrimination Against .Women
كە واتای رێكەوتننامەی بنبڕكردنی هەموو جۆرە جیاكارییەك دژ بە ئافرەتان دێت.
دەقی ئەو رێكەوتننامەیە لە سەرەتادا هیچ باسێكی سەبارەت بە چەمكی توندوتیژی تیانەبوو، بەڵام دوای 13 ساڵ لە 1992دا راسپاردەیەك لە لایەن لیژنەی سیداوەوە ئاڕاستەی وڵاتان كرا بۆ كاركردن لەسەر نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پاشان راگەیەندراوێك لە 1993 دا دەرچوو وە لە 1995دا ئەو بابەتە بوە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆنگرەی پەكین و لە 1999دا رۆژی 25ی تشرینی دووەم وەك رۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاریكرا، لە ساڵی 2017 دا ڕاسپاردەی ژمارە 35 ی لیژنەی سیداو رەوانەی وڵاتان كرا، وەك جێگرەوەیەك بۆ راسپاردەی 19، بۆ زیاتر شارەزابوون لەو بوارەدا لە بەشی یەكەمدا باسێكی ڕاسپاردەی 19 دەكەین لە بەشی دووەمدا ڕاسپاردەی ژمارە 35 و لە كۆتاییدا شیكردنەوەی ئەو بڕگانەی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا یەكناگرنەوە.
ڕاسپاردەی ژمارە -19- .
ئەم راسپاردەیە لە خولی یانزەهەمین لە ساڵی 1992 ئاڕاستەی وڵاتان كراوە كە باس لە توندوتیژی دژی ژنانە لە 24 بڕگەدا،5 بڕگەی یەكەم باس لە هەوڵ و رێكارەكانی لیژنەیە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ژێر ناونیشانی زانیارییە بنەڕەتییەكان.
لە 4 بڕگەی دوای ئەودا لە ژێر ناونیشانی تعلیقاتی گشتی، ڕونكردنەوە دراوە بە پێناسەی توندوتیژی و بەستنەوەی بە نه هێشتنی جیاكاری و دیاریكردنی مافی ئافرەت بە مافی ژیان، ڕێگری لە ڕووبەڕووبونەوەی لێدان و ئازاروتوندوتیژی، مافی پاراستن لە كاتی جەنگدا، مافی ئازادی كەسی و پاراستنی ئاسایش، مافی یەكسانی لەبەردەم یاسا، مافی یەكسانی لە چوارچێوەی خێزاندا، فەراهەمهێنانی باشترین ئاستی تەندروستی جەستەیی و دەروونی، مافی دابینكردنی بارودۆخی دادپەروەرانە لە شوێنی كار.
ئاماژە دراوە بەوەی رێكەوتننامەكە بۆ ئەوە نیە تەنها گرنگی بدرێت بەو توندوتیژییانەی كە لە لایەن حكومەتەوە دەكرێت، بەڵكو رێگرییە لە هەموو توندوتیژییەك كە لە لایەن تاكەكەس و ڕێكخراوەكان و دامودەزگاكانی تریشەوە دەكرێت.
پاشان لە 10 بڕگەدا لە ژێر ناونیشانی تعلیقاتی پەیوەست بە رێكەوتننامەكەوە وردەكاری چۆنیەتی پەیوەستبوونی مادەكانی 2،3،5،6،12،14،16بە توندوتیژییەوە كراوە، بە نموونە ماددەی 5 كەباس لە ڕؤڵی نەمەتی تیایە ب،بە توندوتیژی ناو خێزان پەیوەستكراوە، گرنگییەكی زیاتر بە ماددەی 6 دراوە كە باسی بازرگانی بە ئافرەتانەوە یە و، چۆن ڕێگرە لە یەكسانی و، دەبێتە هۆكاری هەژاری، بۆ ماددەی 14 كە تایبەتە بە ئافرەتانی گوندنشین چ توندوتیژییەك بەرامبەریان دەكرێت، لە ماددەی 5و 16 باس لە بەزۆربەشوودان و خەتەنەكردن و نایەكسانی ناو خێزان و نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری ئاماژەیان پێدراوە.
كۆتا بڕگەی راسپاردەكە كە ژمارە 24 ە ئەویش لە 22 راسپاردەی ناوەندی پێكهاتوە ئاڕاستەی وڵاتان كراوە بە كورتی بریتین لە:-
1-گرتنەبەری هەمووڕێكارێك بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
2-داڕشتنی یاسای بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
3-كۆكردنەوەی داتای تەواوی هەموو جۆرە توندوتیژییەك دژی ئافرەتان و دیاریكردنی هۆكار و كاریگەریی و چ ڕێكارێك دانراوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
4-كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئاڕاستە بكرێن بۆ ڕێزگرتن لە ئافرەتان
5-هەر هەڵوێست و دابونەریتێك هەیە سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان
لە ڕاپۆرتدا تیشكی بخرێتە سەر.
6-بەرنامە ڕێژی بۆ ڕۆشنبیركردنی جەماوەر لە راگەیاندن و ڕێكاری تریشەوە.
7-دانانی ڕێكاری پاراستنی ئافرەتان لە بازرگانی پێوەكردن و سزای ئەوانەی بەو كارە هەڵدەستن.
8-هه موو جۆرە كێشەكان و ڕێكارەكانی چارەسەر لە راپۆرتا بنوسرێن.
9-ڕێكار بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان و لابردنی زوڵم لەسەریان دابنرێت.
10-زانیاری لەسەر گێچەڵی سێكسی و ڕێكار بۆ ڕووبەڕووبونەوەی لە ناو راپۆرتدا ئاماژەی پێبدرێت.
11-دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ قوربانیانی توندوتیژی خێزانی.
12-نەهێشتنی خەتەنە و دانانی ڕێكار بۆ ئەومەبەستە.
13-ئافرەتان ناچار نەكرێن بە لەباربردن لە رێگەی ناتەندروستەوە و خۆیان ئازادبن بۆ وەچەخستنەوە.
14-ڕادەی توندوتیژی و چۆنیەتی ڕوودانی كێشەكان و رێكاری رووبەڕووبونەوە لە راپۆرتدا هەبێت.
15-خزمەتگوزاری بۆئەو ئافرەتە گوندنشینانەی دەبنە قوربانی توندوتیژی دابینبكرێت.
16- هەلی ڕاهێنان و چۆنیەتی پاراستن فەراهەم بهێنرێت بۆ ئەوئافرەتانەی لەناوماڵەكاندا كاردەكەن.
17-مەترسییەكانی توندوتیژی لەسەر ئافرەتانی گوندنشین ڕوونبكرێتەوە، دانانی خزمەتگوزاری و ڕێنموویی بۆ چۆنیەتی بەدەستخستنی خزمەتگوزارییەكان، دانانی ڕێكار بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان
18-لەم بەشەدا بە 5خاڵ ڕێكاری نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ڕونكردۆتەوە:-
أ-دانانی سزای یاسایی بۆ ئەوانەی هەڵدەستن بە توندوتیژی خێزانی.
ب-دانانی یاسا بۆ نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، لابردنی دیاردەی پاراستنی شەرەف.
ج-دابینكردنی خزمەتگوزاری شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستنی سەلامەتی، دانانی بەرنامەی رێنوومایی بۆ قوربانیانی توندوتیژی خێزانی.
د-دانانی بەرنامە بۆ ئەوانەی هەڵدەستن بە توندوتیژی لە ناو خێزاندا.
ه-خزمەتگوزاری بۆ ئەوانەی دەستدرێژیی سێكسیان دەكرێتە سەر .
19-باس لە چەندێتی توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی سێكسی و ئەو ڕێكارانەی گیراونەتە بەر بۆ پاراستن و چارەسەر و سزادان لە ڕاپۆرتدا ئاماژەی پێبدرێت.
20-یاسای نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان پێویستە ئاماژەی بەم خاڵانە تیا بێت:-
1-لە ڕێكاری یاسایی، سزای تاوانی بۆ هەموو جۆرە توندوتیژییەكان بە تایبەت دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی لە شوێنی كاری تێدا بێت.
2-لە ڕێكاری پارێزگاری، بەرنامەڕێژی بۆ ڕۆشنبیركردن هەبێت و رۆڵی ژن و پیاو ڕوونبكاتەوە.
3-لە ڕێكاری پاراستن، دانانی پەناگە و رێنومایی و هاوكاری قوربانیانی توندوتیژی.
21-هەموو ئەو زانیارییانەی كە لەسەر بنەمای ڕەگەز دەكرێت و، كاریگەرییەكانی چییە لەسەر قوربانیانی توندوتیژی. لە ڕاپۆرتدا هەبێت.
22-زانیاری لەسەر ڕێكارە یاساییەكان و چۆنیەتی پاراستن و پارێزگاری لە راپۆرتدا هەبێت.

Check Also

توندوتیژی جەستەیی دژ به ئافرەت لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلام و یاساوە

(لێدانی ژن وەك نموونە) ئا: د.صهیب مصطفی ئامێدی و: گەشبین عوسمان توندوتیژی دژی ئافرەتان، یەكێكە …