دوو شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 16 2024

فشاری نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە منداڵ لەباربردن و ڕەگەزگۆڕین

و: د. بێخاڵ ئەبوبەکر
پێگەی ڕێکخراوی (C-Fam) ی ئەمریکیی، لە ١٩ ئەم مانگەدا بڵاویکردۆتەوە، کە لە چەند مانگی ڕابردووی ٢٠٢٤دا، لیژنەی مافی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، فشاری خستۆتە سەر سێزدە وڵات بۆ ئەوەی یاساکانی لەباربردنی منداڵ ئازاد بکەن. هەروەها لیژنەکە داوای لە وڵاتان کردووە کە جیاکاریی دژی ژنان پێناسە بکەنەوە، تا کەسانی ڕەگەزگۆڕیش لەخۆبگرێت، دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای وەچەخستنەوە فراوانتر بکەن.

لیژنەکە بە سەنگافورەی ڕاگەیاندووە “پێویستە دان بە مافی یەکسانیی هەموو ژناندا بنێت، بەوانەشەوە کە لە پەیوەندی هاوڕەگەزبازییدان، هەروەها ژنانی بێ شوو، بۆ بوون بە دایک لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای یارمەتیدانی وەچەخستنەوەوە.” چەمکی “مافی دایکو باوکایەتی” بە هەر ڕێگەیەکی پێویست دەتوانرێت بەدیبهێنرێت، وەک مافی دەستڕاگەیشتن بە هێلکە و سپێرمی بەخشەرەکان، تەنانەت منداڵدانی جێگرەوە. ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی بەکاڵاکردنی منداڵان و چەوساندنەوەی هەردوو بەخشەری نێر و مێ دەوروژێنێت.

لیژنەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان (سیداو)، لە ئەمساڵدا دوو جار کۆبووەتەوە و لە هەر دانیشتنێکدا پێداچوونەوەی بە هەشت وڵاتدا کردووە. ئەم لیژنەیە دەزگای چاودێریی ڕێکەوتننامەی سیداوە کە سەرپەرشتی پابەندبوون بە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر هەمان بابەت دەکات. ڕێکەوتننامەی CEDAW لە ساڵی ١٩٧٩دا، لە لایەن ئەنجومەنی گشتییەوە پەسەندکرا، هیچ باسێکی منداڵ لەباربردن یاخود هاوڕەگەزبازیی تێدا نییە، بەڵام ئێستا لە دانوستانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مشتومڕی زۆریان لەبارەوە دەکرێت.

لە کۆتایی نەوەدەکانەوە، لیژنەکە بە ئاشکرا فەرمانیدا بەو وڵاتانەی کە ڕێکەوتننامەکەیان پەسەندکردووە بۆ ئازادکردنی یاساکانی منداڵ لەباربردن، لەو کاتەوە فشارەکان لە هەڵکشاندان. لە دوایین دانیشتنی خۆیدا، لیژنەکە بە بەڕازیلی وتووە “لەباربردن بە یاسایی بکات و، نابێت لە هیچ بارێکدا بە تاوان بناسرێت”، دەبێت بەربەستەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە لەباربردن نەهێڵێت، لەوانەش دوودڵیی لە ئەنجامدانی لەباربردن بەهۆی ئازاری ویژدان، لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە. هەروەها بە کوێت ڕاگەیەندراوە کە مەرجەکانی پەسەندکردنی لەباربردن لە لایەن لیژنەی پزیشکیی و، ڕەزامەندی باوکی منداڵەکە هەڵبگرێت. وڵاتی ڕوانداش فەرمانی پێکراوە کە کارمەندی ڕاهێنراوی زیاتر بۆ لەباربردن دابین بکات، و ئەو لەکەدارکردنە کۆمەڵایەتییەی دەوری منداڵ لەباربردن کەمبکاتەوە.

هەرچەندە زۆرینەی بایەخدانی لیژنەکە جەخت لەسەر بە تاوان نەناسین و یاساییکردن و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە منداڵ لەباربردن دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا داوا لە وڵاتان دەکات خۆیان لە لەباربردنی ڕەگەزێکی دیاریکراو و لەباربردنی زۆرەملێ بەدووربگرن، هەروەها لە بەکارهێنانی وەک شێوازێک بۆ پلاندانانی خێزانیی. لیژنەکە وڵاتی مۆنتینیگرۆی ئاگادارکردووە کە “خەڵک بە گشتیی و کارمەندانی تەندروستی بە تایبەتی، سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکان و سروشتی تاوانکاریی منداڵ لەباربردن بە هەڵبژاردنی ڕەگەز، هۆشیاربکەنەوە.”

سەبارەت بە پرسی ڕەگەزگۆڕین، لیژنەی CEDAW بە مالیزیای ڕاگەیاندووە کە بە ئاشکرا جیاکاریی لەسەر بنەمای ئاڕاستەی سێکسیی و، شوناسی جێندەریی قەدەغەبکات و، ئەم بابەتانە بخاتە ناو “پێناسەیەکی گشتگیر بۆ جیاکاریی دژی ژنان”. هەروەک بە ئەستۆنیاش گوتراوە کە “دەستڕاگەیشتنێکی گونجاو بە سیستمی چاودێریی تەندروستیی دڵنیابوون لە جێندەر لەسەر بنەمای ڕەزامەندی دوور لە جیاکاریی و لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتیی” دابین بکات، و داوا لە ئیتاڵیاش کراوە “بەکارهێنانی زمانی هەستیار بە جێندەر لە میدیادا گەشەپێبدات، لەوانەش لێپرسینەوە لە بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاسەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی بڵاویدەکەنەوە.”

لە دانیشتنی داهاتوویدا کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەدەچێت، تیمی کاری لیژنەکە ڕاپۆرتێک لەبارەی پرسە پەیوەندیدارەکان بە “خۆناساندنی ڕەگەزیی و جێندەریی” “ئەم بوارەی کە بە خێرایی پەرەدەستێنێت” پێشکەشدەکات. لە چوارچێوەی کارەکانیدا، تیمی کار کۆبوونەوەیەکی نافەرمیی ئۆنلاینیان لەگەڵ بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هۆکار و دەرئەنجامەکانی توندوتیژی دژی ژنان، ئەنجامدا، کە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە “مەترسی سڕینەوەی ماف و زمان لەسەر بنەمای ڕەگەز ،دەربڕی”.

بڕیاردەرەکە، ڕیم ئەلسالم، ڕاپۆرتەکانی بۆ دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڕەگەزگۆڕین لەسەر مافەکانی ژنان، بەکارهێناوە. ئەلسالم پێشتر هەڵوێستی لەسەر پێناسەی “ژن” لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدابوو کە پێناسەی بایۆلۆژیی بۆ ڕەگەز، کلیلی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و سودوەرگرتنە لە کارەکانی پێشووی لیژنەی سیداو. ماوەتەوە بزانرێت، لە کارەکانی داهاتوودا لیژنەکە چ هەڵوێستێک لەهەمبەر ئەم پرسە کێشەئامێزە دەگرێتەبەر!

سەرچاوە:
https://c-fam.org/friday_fax/un-experts-renew-country-pressure-on-abortion-and-trans

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو… فەلسەفە، زانست، داهێنان

محمد ئاواتبەشی شەشەمخەیاڵ یاخود ڕاستی، خەیاڵ چۆن ئەبێت بەڕاستی، چۆنیش بووە ئەگەر لە دەوروبەرمان بڕوانین، …