چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 16 2024

کۆڵۆنیالیزمی سێکسیی نوێ لەنێو پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان

ن: ستیڤانۆ جینارینی، دکتۆرا لە یاسا
و. لەئینگلیزیەوە : شەهلا عومەر

وڵاتانی ڕۆژئاوایی بڕگەیەکی ژەهراوییان بۆ پەیماننامەیەکی نوێی پابەندکەری نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافی گەشەپێدان، زیادکرد. ئەم بڕگە ژەهراوییەش پەیوەندی بە لەباربردنی منداڵەوە هەیە. پەیماننامەکە دەبێتە یەکەمین پەیماننامە کە پابەندبوونی پەیوەست بە ” تەندروستی سێکسی و نەوە خستنەوە و مافەکانی نەوە خستنەوە” (SRHR) لەخۆبگرێت.
“Sexual and Reproductive Health and Reproductive Rights”
مەبەست لەم پەیماننامە نوێیە دووپاتکردنەوەی سەروەریی وڵاتانی گەشەسەندو، مافیان لە بەدواداچوونی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتییانە، بەبێ دەستوەردانی زلهێزەکانی پێشووی کۆلۆنیالیزم.
گاڵتەجاڕییەکە لەو زمانە نوێیەدایە،کە زۆرێک پێیان وایە شێوازێکی نوێی داگیرکارییە، وەک لەخۆگرتنی زاراوەکانی: مافی منداڵ لەباربردن، مافی هاوڕەگەزباز/ڕەگەزگۆڕاو، مافی سێکسیی بۆ منداڵان؛ ڕۆژئاوا دەیەوێت هەموو ئەم پرسانە، بەسەر وڵاتە نەریتییەکانی باشووری جیهاندا، بسەپێنێت.
لەوانەیە زۆرێک لە وڵاتانی گەشەسەندوو پێیان وابێت کە زاراوەگەلی پەیوەست بە تەندروستی نەوەخستنەوەوە، لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بێ زیانن، یاخود ڕەنگە لەسەر ئاستی نیشتیمانیی بە شێوازێکی ئەرێنی لێکدانەوەیان بۆ بکرێت، بەڵام شارەزایانی بەئەزمون دەڵێن کە ئەوان هەڵەن و ئەو حکومەتانە لە واتای ڕاستەقینەی زیادکردنی ئەو دەستەواژانە بۆ ڕێکەوتنێکی نوێی پابەندکەر، تێنەگەیشتوون.
ئەو نیگەرانییەی لەسەر ئەم پەیماننامەیە هاتۆتە ئاراوە، لەو ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم مەرجانە پێشتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ، بەشێک بوون لە پەیماننامە نێو دەوڵەتیەکان بەبێ سەپاندن.
حکومەتە بەهێزەکانی ڕۆژئاوا، لە ڕوانگەیەکەوە لەم دەستەواژانە دەڕوانن، لە کاتێکدا جیهانی گەشەسەندوو لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەیانبینێت. بەهۆی ئەوەی کە ڕۆژئاوا هەموو سامان و پارەیەکی لەبەردەستدایە، بەدڵنیاییەوە ئەم دەستەواژانە لای ئەوان تەندروستی دایکایەتیی و ڕێکخستنی خێزان و خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی ئایدز ناگرنەوە، بەڵکو مافگەلێکی سێکسیی دەگرێتەوە کە ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکات.
لەوانەیە وڵاتانی گەشەسەندوو پێیانوابێت کە دەتوانن خۆیان لە لێکدانەوەی مشتومڕ ئامێزی لایەنی زمانەوانی تەندروستی نەوەخستنەوە لە پەیماننامە نوێیەکەدا بەدووربگرن، ئەوەش لە ڕێگەی ڕاڤەکردنی زاراوەکان بەگوێرەی یاسا و سیاسەتە نیشتمانیەکانیان، هەرچۆن پێشتر مامەڵەیان لەگەڵ پەیماننامە ناپابەندکەرەکاندا کردووە. بەڵام ئەم کارە مەترسیدارە، چونکە دەستەواژەی “تەندروستی سێکسیی و نەوەخستنەوە و مافەکانی نەوەخستنەوە” هیچ کەلێنێکی واتاییان نییە تاوەکو بتوانرێت بە یاسا نیشتمانییەکان پڕ بکرێتەوە، بەڵکو واتایەکی یاسایی نێودەوڵەتییان هەیە. ئەم واتا نێودەوڵەتیەش تەنها لە ڕێگەی یاسا و سیاسەتە نیشتیمانیەکانەوە دەستنیشان ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی ئەو پرۆگرامە نێودەوڵەتیانەشەوە دەبێت کە دەربارەی تەندروستی نەوەخستنەوە لە ڕێکەوتننامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، لە لایەن ڕۆژئاواوە پشتگیریدەکرێن، بێگومان ئەم جۆرە لێکدانەوەیەش بە پێویستی دەزانێت مافی لەباربردن و مافەکانی هاوڕەگەزباز/ڕەگەزگۆڕاو لەخۆبگرێت.
ئەمەش بەتایبەتی ڕاستە چونکە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە بەشدارییان لە دانوستانەکانی پەیماننامەکەدا کردووە، هیچ ڕاگەیاندراوێک، مەرجێک، یاخود سنوردارکردنێکیان لەبارەی چۆنیەتی تێگەیشتن لە لایەنی زمانەوانیی تەندروستی نەوەخستنەوە نەخستۆتەڕوو. ئەم زاراوەیە لە کۆتایی دانوستانەکانی ڕەشنووسی پەیماننامەکەدا لە ساڵی ڕابردوودا لە جنێڤ زیادکرا، بەبێ ئەوەی دەرفەتێک بە حکومەتەکان بدرێت بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین یان تەنانەت بوار و چوارچێوەی تر بە دەستەواژەکە بدەن.
ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی دانوستانەکانی تاکە پەیماننامەی نێودەوڵەتی دیکەیە کە باسی تەندروستی نەوەخستنەوەی کردوە، ئەویش پەیماننامەیەکە بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی ماف و شکۆی کەسانی کەمئەندام بە ناوی”CRPD” “پەیماننامەی مافەکانی کەمئەندامان” The Convention on the Protection and Promotion of the Rights and Dignity of Persons with Disabilities. کاتێک بیست ساڵ لەمەوبەر دانوستان لەسەر ئەو پەیماننامەیە کرا، وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا، بەئاشکرا کۆکبوون لەسەرئەوەی کە لەباربردن مافێکی نێودەوڵەتی نییە، ئەمەش لە پەراوێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتیەکاندا تۆمارکراوە. لە گفتوگۆکاندا دەربارەی ئەم پەیماننامە نوێیە هیچ ڕێکەوتنێک وەک ئەوەی پێشوو لەسەر مافی گەشەپێدان نەکراوە، هەرچەندە لە ئێستادا زاراوەی تەندروستی نەوەخستنەوە، بە بەراورد بە بیست ساڵ لەمەوبەر، زۆر کێشەئامێزترە، ئێستا مافە سێکسیەکانیش دەگرێتەوە نەک تەنها لەباربردن.
هێنانەناوەوەی بابەتی “تەندروستی سێکسیی و نەوەخستنەوە و مافەکانی نەوەخستنەوە” خودی ئامانجی پەیماننامە نوێیەکە پەکدەخات، ئەویش ڕێگریکردنە لە دەستوەردانی ڕۆژئاوا لە سیاسەتی ناوخۆیی و داڕشتنی سیاسەت لەو وڵاتانەی کە سەردەمانێک کۆلۆنیەکانی پێشوویان بوون.
وا بڕیارە لەم چەند هەفتەیەی داهاتوودا، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بڕیار لەسەر چارەنوسی ئەم پەیماننامە نوێیە بدرێت.

سەرچاوە:
https://c-fam.org/friday_fax/new-sexual-colonialism-in-un-treaty-on-development/

Check Also

هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی تاوانێکی سیاسیە

دڵخواز عبداللهیاسای باری کەسایەتی کۆمەڵێک بڕگە و ماددەی یاساییە، کە پەیوەندی تاکەکان لەناو خێزاندا ڕێکدەخات …