دوو شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 16 2024

له‌ودیو ئۆڵۆمپیاتی پاریسه‌وه‌ !!


و: د.بێخاڵ ئەبوبەکر
ڕۆژی هەینی، ٢٦ تەموز، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یارییە ئۆڵۆمپییەکان لە پاریس، پەردە لەسەر پەیکەری زێڕینی سیاسەتمەداری فەرەنسیی سیمۆن ڤەیل (١٩٢٧-٢٠١٧) لادرا، کە بە یاساییکردنی منداڵ لەباربردن، لە فەرەنسا، ساڵی ١٩٧٥ بەناوبانگ بوو. هەروەها لە ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیاتی ئەمساڵی پاریسدا، (١٠) پەیکەری زێڕین بەدرێژایی ڕووباری سێن بۆ ئاهەنگگێڕان بە ژنانی فەرەنساوە دانران، لەنێویشیاندا فەیلەسوفی فێمینیست سیمۆن دی بۆڤوار، کە ئەویش بە چالاکییەکانی لە بواری پشتیوانیی منداڵ لەباربردن، ناسراوە.
سیمۆن ڤەیل، ساڵانی ( ١٩٧٤- ١٩٧٩) لە فەرەنسا، وەزیری تەندروستی بووە، و لەو ماوەیەدا پاڵپشتی بە یاساییکردنی لەباربردنی کردووە، کە بە “یاسای ڤەیل” ناسراوە، هەربۆیە لە ئاهەنگی دەستپێکی ئۆڵۆمپیاتدا ئاماژە بە ڕۆڵی درا.
سیمۆن دی بۆڤواریش بەرگری لە هەڵمەتی یاساییکردنی منداڵ لەباربردنی دەکرد، و پشتیوانی داواکارییە بەناوبانگەکەی ساڵی ١٩٧١، (بەیاننامەی ٣٤٣) بوو، کە تێیدا کۆمەڵێک لە ژنانی ناودار ڕایانگەیاند گوایە لەباربردنی نایاسایییان ئەنجامداوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر دەرچوونی یاسای ڤەیل هەبوو. دی بۆڤوار واژۆی لەسەر داواکارییەکە کرد، هەرچەندە بڕوا وایە کە هەرگیز خۆی لەباربردنی ئەنجامنەدابێت.
سەرەتای ئەمساڵ و لە ٤ی مانگی ئازاردا، بۆ زیادکردنی “مافی منداڵ لەباربردن” لە دەستووری فەرەنسادا، سیاسەتمەدارانی فەرەنسا دەنگیان دا، ئەمەش دوای بەڵێنەکەی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن هات، کە یاسای ڤەیل بکاتە یاسایەکی نەگۆڕ و هەرگیز ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی نەبێت، و دەیەوێت لەباربردنی منداڵ لە بەڵێننامەی مافەکانی یەکێتی ئەوروپادا جێگیر بکرێت. دواتر دروشمی “جەستەم، هەڵبژاردەی منە” لەسەر تاوەری ئیڤڵ نمایشکرا.
ئاهەنگی کردنەوەی ساڵی ٢٠٢٤ بەهۆی گاڵتەجاڕیی بە وێنەی ئایکۆنی مەسیحییەکانی دوائێوارەخوانەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە، کاتێک ڕێکخەران بە دووبارە کێشانی تابلۆی بەناوبانگی لیۆنارد داڤنشی، شاژنی دراگ (drag queen)یان بە جلوبەرگی باقوبریقەوە، لە شوێنی پێغەمبەر عیسا و قوتابییەکانی دانا. لە لای خۆیەوە، قەشە ڕۆبەرت بارۆن، کاسۆلیکی ناسراو و شرۆڤەکار، ئەو دیمەنەی بە “گاڵتەجاڕییەکی ئاشکرا و گەورە” بە ئایینی مەسیحیی، ئیدانەکرد.
وتەبێژی (SPUC) ڕێکخراوی (کۆمەڵی پاراستنی منداڵانی لەدایکنەبوو)، وتی: “دیمەنی نمایشە نەشیاوەکانی هەینی ڕابردوو بەدرێژایی ڕووباری سێن، دەریدەخەن کە ئاستی فەرەنسا لەم ساڵانەی دواییدا چەندە دابەزیوە، و ستایشی بەناو مافی لەباربردن و بێڕێزیی بە ئایینی مەسیحیی، چەندە ڕەگی لە مێژوویدا داکوتاوە!”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەتوانین ببینین چۆن ئەخلاقی لەباربردن شانبەشانی شێواندنی کولتور دەڕوات، کە سەردەمانێک فەرەنسا لە سەرانسەری جیهاندا ئاهەنگی بۆ دەگێڕا، بەڵام چیتر نا. بەکارهێنانی ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵۆمپیات بۆ ستایشکردنی منداڵ لەباربردن جێگەی سەرزەنشتکردنە، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٢٤دا شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە.
“لە کۆتاییدا، ئۆڵۆمپیات کە بڕیارە هاوڕێ لەگەڵ وەرزش، ئاهەنگ بۆ ژیان بگێڕێت ، نابێت بەم شێوازە دزێوە، بۆ سەپاندنی ئەجێندای سیاسیی قۆرغبکرێت”.
سەرچاوە: https://www.spuc.org.uk/Article/385702/France-celebrates-abortion-in-gross-Olympics-opening-ceremony-in-Paris

Check Also

فشاری نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە منداڵ لەباربردن و ڕەگەزگۆڕین

و: د. بێخاڵ ئەبوبەکرپێگەی ڕێکخراوی (C-Fam) ی ئەمریکیی، لە ١٩ ئەم مانگەدا بڵاویکردۆتەوە، کە لە …