یه‌ك شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 8 2024

ئۆڵۆمپیاتی پاریس و هەڕەشە بۆ وەرزشی ئافرەتان

و: د.بێخاڵ ئەبوبەکر
بەهۆی سیاسەتەکانی سەبارەت بە بەشداریکردنی وەرزشوانانی ڕەگەزگۆڕ لە وەرزشی ئافرەتاندا، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی (IOC) ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرچاو دەبێتەوە. ڕەخنەگران دەڵێن کە لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی نەک هەر دەرگای بۆ وەرزشوانانی ڕەگەزگۆڕ کردۆتەوە، بەڵکو ژینگەیەکیشی هێناوەتەکایەوە کە لەوانەیە نەزاهەت لە وەرزشی ژناندا بخاتە ژێر پرسیارەوە.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە ڕەوایەتیی ڕێگەدان بە ژنانی ڕەگەزگۆڕ، کە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە پیاون، بۆ ڕکابەریی لەگەڵ ژنانی ئاساییدا، هاتۆتە ئاراوە. زۆر کەس پێیان وایە ئەم بەشداریکردنە مەترسی لەسەر سەلامەتیی و دەرفەتی کێبڕکێی وەرزشوانانی مێینە دروستدەکات. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ژن و کچانەی دژایەتی ئەم سیاسەتانە دەکەن ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبنەوە، لەوانە لەدەستدانی هەلی خوێندن، قبوڵنەکردن لە تیم و یانە وەرزشییەکان و، تەنانەت هەڕەشەی توندوتیژیی. ئەم هەلومەرجە بووەتە هۆی ئەوەی داوای هەڵوێستی گونجاو و بەپەلە بکرێت، لەنێویاندا داواکاریی و یاداشتنامە و هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە ئاراستەی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی(IOC) کراوە کە بەشداریی وەرزشوانانی ڕەگەزگۆڕ لە پێشبڕکێکانی ژناندا قەدەغە بکات، بەتایبەتیش لە ئۆڵۆمپیاتی ئەم مانگەدا، کە لە پاریس ئەنجامدەدرێت.
ئامانجی ئێستای (IOC) هێنانەدی هاوسەنگییە لە نێوان گشتگیریی و دادپەروەریدا، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن لە پاراستنی وەرزشوانانی ژن بە شێوەیەکی گونجاو شکستدەهێنێت. ئەم ڕوانگەیە دوای ڕاوێژی بەرفراوان پەرەیپێدراوە، کە جەخت لەسەر بنەماکانی وەک گشتگیریی، خۆپاراستن لە زیان و جیاکارینەکردن دەکاتەوە، بەڵام ڕێگا بە کۆمەڵە و یانە وەرزشییە جیاوازەکان دەدات، پێوەرەکانی شایستەیی دیاریبکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی نیگەرانی لەوەی کە هەندێک باوی ڕاستگۆیی سیاسیی بەسەر نەزاهەتی کێبڕکێی لە وەرزشی ژناندا، بدەن.
لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا، هەندێک لە ڕێکخراوە وەرزشییەکان دەستیان بە جێبەجێکردنی قەدەغەی ڕکابەریی ژنانی ڕەگەزگۆڕ لە بەشەکانی ژناندا کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی بەرەو پاراستنی وەرزشوانانی ژن. داکۆکیکارانی وەرزشی ژنان دەڵێن کە (IOC) دەبێت ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بۆ سەپاندنی قەدەغەکردنێکی جیهانیی سەرتاسەریی لە هەموو جۆرە وەرزشەکاندا بۆ پشتگیریی نەزاهەت لە پێشبڕکێکانی ژناندا، بگرێتەبەر.
مشتومڕەکان بەردەوامن و تیشکدەخەنەسەر کاریگەریی بەرفراوانی سیاسەتی ڕەگەزگۆڕین لە وەرزشدا، زۆرێک ترسیان لەوە هەیە کە ڕەوشی ئێستا ببێتە هۆی داڕمانی وەرزشی ژنان بە تەواویی. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئۆڵۆمپیاتی پاریس، پەرۆشیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە پەرەیسەندووە تا دڵنیابنەوە لەوەی کە خەون و خواستەکانی وەرزشوانانی ژن سازشیان لەسەر ناکرێت.
بانگەواز بۆ کردەوە ڕوونە: ئەگەر دەنگی پێویست لە دژی ئەو هەڕەشە بەرچاوانەی سەر وەرزشی ژنان یەکبگرن، هیوایەک بۆ پاراستنی دیمەنی کێبڕکێ بۆ نەوەکانی داهاتووی وەرزشوانانی ژن دەهێڵنەوە. داکۆکیکاران داوا دەکەن کە داواکارییەکان واژۆ بکرێت و جەماوەری وەرزشدۆست بەشداری لە هەڵمەتەکاندا بکەن، کە ئامانجیان لێپرسینەوەیە لە سیاسەتەکانی (IOC) و دڵنیایی لە کێبڕکێی دادپەروەرانە لە وەرزشدا.

سەرچاوە: https://citizengo.org/en-row/13415

Check Also

له‌ودیو ئۆڵۆمپیاتی پاریسه‌وه‌ !!

و: د.بێخاڵ ئەبوبەکرڕۆژی هەینی، ٢٦ تەموز، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یارییە ئۆڵۆمپییەکان لە پاریس، پەردە لەسەر …