شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

کاریگەری وشەکان لەسەر ژیانمان

ڕۆشنا صاڵح بامۆکی
وشەکان بەشێکن لەژیانمان پانتاییەکی فراوانیان لە تەمەن و کاتمان داگیر کردووە، بەهۆی وشەکانەوەیە دەتوانن پەیوەندی لەنێوان کەسەکانی دەوروبەرمان دروستبکەین و کارەکانی ڕۆژانەمان ڕاپەڕێنین.

هەرتاکێکی تەندروست لەگەڵ گەورەبونیدا، قۆناغ بەقۆناغ زاری دەپرژێ و گڕوگاڵی فێربوونی زاراوەی دایک دەکات، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی دەربڕینی وشەکان و هەڵبژاردنی جۆری وشەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت .

ماسولکەی زمان بەهێزدەبێت و بەو شێوەزارەی کە زیاتر ئاخاوتن دەکات زمان پاراوتر و شارەزاتردەبێت لە دەربڕینەکانی و تێگەیاندنی کەسانی دەوروبەری.

هاوتەریب لەگەڵ زمانی قسەکردن، زمانی جەستە، زمانی ئاماژە، زمانی ژمارەکان، زمانی هەستەکانیش هەیە، بەپێ کات و شوێن و جۆری گفتوگۆکە گرنگی و واتاکانیان دەگۆڕدرێت، بەڵام زمانی ئاماژە بەشوەیەکی سەرەکی تایبەتە بەو مرۆڤانەی کە خاوەن پێداوستی تایبەت و نابیستن.

لە جیهاندا چەندین دەوڵەت و وڵات و هەرێم و دورگەیەک شێوەزاری تایبەت بەخۆیان هەیە، بەشێکە لە کلتور و ناسنامەیان و پاراستنی لە فەوتان ئەرکی سەرشانیانە .

ئێمەی مرۆڤ کە دانیشتوی ئەم گۆی زەوییەین و ڕۆژانە ژیانی تێدا بەڕێدەکەین لەگەڵ ڕەفتارەکان، وشەکانی ناو گفتوگۆکانمان لەماڵ و ناوخێزان یان شوێنی کار، لەگەڵ هاوڕێ و خزم و ناسراوانبێت یان جێگا گشتیەکان و، یاخود لە کاتی سەفەر و گەشتەکاندا وشەکان سەنگ و قورساییەکی گەورە لە سەردڵ و دەرون و بیکردنەوەمان بەجێ دەهێڵن ، ئەگەر چی لە ڕوکەشدا وادیارە بۆ بەڕێکردنی کارەکانمانە، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکن لە بوونمان و هێزیان لێوەردەگرین لە کاتە جیاجیاکاندا.

بەنمونە کاتێک پێوستمان بە ڕاوێژکاری کەسێکە و پەیوەندی پێوەدەکەین، بەڕونی ئاسەواری وشەکانی لەدەرونمان دەبینین و ڕاڕای و گومانەکانمان یەکلادەکاتەوە و هەستی دڵنیای لە ناخماندا چرۆدەکات.

ئەوکاتەی سەرکەوتنێکمان تۆمارکردووە لە کارێکدا و دڵخۆشیمان بە هەزار نۆتە ئاوازی خۆشبەختی دەژەنێ، وشە ناسک و پڕواتاکانی دەوروبەر و دڵسۆزانمانن جۆش و خرۆش بە دڵمان دەدەن و ئاهەنگی سەرکەوتنمان ڕازاوە و هەستی ئیرادە و بەردەوامی لە بونمان زیاتردەکەن.

ئەی کام لە ئێمە دۆخێکی قورس و خەمناک و سامناک لە ژیانیدا دروست نەبووە، بەجۆرێک هەستی بەسڕبون و تۆقین و تاریکی کردووە، بەڵام وشەگەلێک کە بەگوێ دا چرپێنراون و پڕ بوون لە ورە و گەشبینی و بێ هیوانەبوون و کۆڵنەدان بوون بەهۆکاری هەستانەوەی و گۆڕانی دڵتەنگی بۆ شادی و هەستی تەنهای بۆ پاڵپشتی ، بووە بەهۆی دوبارە دەست پێکردنەوە لەو شوێنەی کە ڕاوەستاوە گۆڕینی بیری ئەرێنی بەبیری نەرێنی، خەندەکردن بە ڕووی پێشهات و ڕوداوەکانی ژیانی لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە بۆ هەمیشە .

زۆر ساتی جوان و ڕوداوی مێژووی و بابەتی نایابیش هەبوون لە ژیانی مرۆڤدا، وشەی زبر و ڕوخێنەر و تەڵخکەر و دڵ توندکەر و زار وشکەر، بونەتە هۆی تێکدان و بە خۆڵەمێشکردنی ڕۆحی خاوەنەکەی و خاپورکردنی خۆزگەکانی و هەڵکێشانی نەمامی خەونەکانی وشکردنی باخی ئامانجەکانی .

ئاشکرایە کە لە زۆرێک لە زمانە جۆرا و جۆرەکانی دونیا کۆمەڵێ وشە و زاراوە هەن کە واتاکەیان بەپێ شوێن و نەریتی ناوچەکە دەگۆڕێت، ئەمە لە شێوەزارەکانی زمانی زۆر نەتەوە ڕێ تێ دەچێ وابێ ، بەنمونە باس لە زمانی کوردی بکەین کەچەندین شێوەزاری جیاوازی هەیە خۆی لەبنەڕەتدا، لەلایەکی تر بەهۆی تێکەڵاوی وهاوسنوری و پەرتکردنیەوە لەگەڵ وڵاتەهاوسنورەکانی و فراوانبوونی زیاتری زمان و شێوەزارەکانی لە ناوچە و شارێک بۆ شارێکی تر واتای وشەیەک دەگۆڕێت ، بۆیە باشتر وایە بۆ ئەوەی نەکەوینە هەڵەوە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ دانیشتوانی شارێک یان ناوچەیەکی تردا شارەزای شێوازی ئاخاوتن و واتا و مەدلولی وشەکانیان ببین .

سەرئەنجام بۆئەوەی کەسایەتیەکی چاپوک و بەسودبین دەبێ هەوڵی فێربوونی زمانی نوێ بدەین بەبەردەوامی، ئەمە وادەکات بانکی زانیاری خۆمان پڕتربێت، بەڵام لەسەر حسابی زمانی دایک نا بەجۆرێک نەبێت زمانی دایکمان بیربچێتەوە کاڵی بکەینەوە بەرەو فەوتانی ببەین، بەڵکو بەجۆرێک بێ توانای نوێ گەری لە زمانی دایک و وشەسازی و نوێکردنەوەیمان زیاتربێت بتوانین وشە کۆنە کلتوریەکانی پێشینانمان لە بەرگ و فۆڕمێکی نوێدا بهێنینەوە سەر شانۆی گفتوگۆی ژیانی ئێستا و بە بەرامە و واتای خۆیانەوە دوبارە بکەونەوە سەرزاری خەڵک و لە فەوتان و لە لەناوچوون بیانپارێزین .

پێشینان دەڵێن ئەوەی بەزمانزان دەکرێ بەچەک لە شان ناکرێ، بۆیە زمانزانبن تا زانا و تەبابن لەگەڵ گشت کەس و گشت نەتەوەیەک.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …