شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

لە داڤۆس… سەرۆکی ئەرجەنتین ئەجێندای “لەباربردنی منداڵ و فێمینیزم”ی تەقاندنەوە

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: د.بێخاڵ ئەبوبەکر

دیمەنێک کە شایستەی هەڵوێستە لەسەرکردنە، لە کۆڕبەندی ئابوریی جیهانیدا لە داڤۆس، (خاڤیێر میلەی) سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین هێرشی کردە سەر”ئەجێندای لەباربردنی خوێناوی” جیهانگەرا و وڵاتە زلهێزەکان و هەردوو ئەجێندای لەباربردن و فێمینیزمی وروژاند.
بە گوێرەی سایتی ڕێکخراویc-fam، کە داکۆکیی لە خێزان دەکات، ئایپاس (IPAS) “کۆمپانیای زەبەلاحی لەباربردنی منداڵ” هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێکخراوە هاوبیرەکانی دەبەستێت بۆ ئەوەی ویلایەتە ئەمریکییەکان ناچاربکات یاساکانیان سەبارەت بە لەباربردنی منداڵ بگۆڕن. ئایپاس بە دابەشکردنی ئامێری گەڕۆکی منداڵ لەباربردن ناسراوە بۆ بەکارهێنانی لە خێوەتگەکانی پەنابەران لە دۆخی قەیراناویدا.
ئیدارەی بایدن و یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت لە پەیماننامەیەکی نوێی پابەندکەردا دژایەتیکردنی پرسەکانی هاوڕەگەزبازیی، ڕەگەزگۆڕین و منداڵ لەباربردن بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسێنن. هەربۆیە لە کۆڕبەندی ئابوریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا لەم هەفتەیەدا، سەرۆکی نوێی ئەرجەنتین، خاڤیێر میلەی، هێرشێکی توندی دژبە فێمینیزمی توندڕەو و مەترسی کەشوهەوا ڕاگەیاند و وتی: “جیهانگەراکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێمەی مرۆڤ هەسارەکە لەناو دەبەین و دەبێت بە هەر نرخێک بێت پارێزراو بێت. تەنانەت گەشتوونەتە ئەو ئاستەی بانگەشە بۆ میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان و ئەجێندای لەباربردنی خوێناویی دەکەن”. بە پێێ سایتی Family Watch International، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوان [واتە سۆشیالیستەکان] پێیان وایە مرۆڤەکان زیان بە هەسارەی زەوی دەگەیەنن بۆیە داکۆکی لە میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان یان ئەجێندای خوێناوی لەباربردن دەکەن، و “ئەم بیرۆکە زیانبەخشانە بە توندی کۆمەڵگەیان گرتووەتەوە.”
میلەی لە وتارێکی ٢٠ خولەکیدا لە “دەستبەسەرداگرتنی مارکسیستە نوێیەکان بەسەر ڕۆژئاوا”دا لەلایەن هێزە سۆشیالیستەکانەوە، هۆشداریدا و ئاماژەی بەوەدا کە چۆن سۆشیالیزم لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەژاریی، و چۆن دەوڵەت “چارەسەر نییە”، بەڵکو “خۆی کێشەکەیە”، و چۆن چەپگەرایی لە سەرانسەری جیهاندا دیموکراسیەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێنداکەی بەکاردەهێنێت.
هەروەها باسی لەوەشکرد کە دوای شکستە گەورەکەی شیوعییەت لە سەدەی بیستەمدا، سۆشیالیستەکان ناچار بوون ئەجێندای خۆیان بگۆڕن. ئیتر نەیانتوانی ڕاستەوخۆ بڵێن پێویستە حکومەتەکان هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان کۆنترۆڵ بکەن، بۆیە دەستیانکرد بە بەکارهێنانی مەترسیی کەشوهەوا و ئایدۆلۆژیای جێندەریی وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ململانێی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەکان و ژیانی ئابوریی. میلەی وتی “لە ئەنجامی ئەم ململانێ کۆمەڵایەتییەدا، زۆربەی بژاردە سیاسییەکانی ئەمڕۆ کە لەبەردەستدان، تەنیا جۆرە جیاوازەکانی سۆشیالیزمن”.
میلەی فێمینیزمی ڕادیکاڵیی بە “گاڵتەجاڕانە و دژە سروشت” وەسفکرد و وتی “بۆ کۆمەڵگە زیانبەخش بووە، چونکە بەبێ پاساو هانی ناکۆکیی لە نێوان ژن و پیاودا دەدات، کە لە ئێستادا بەپێی یاساکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا مافی یەکسانییان هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تەنها شتێک کە فێمینیزمی ڕادیکاڵیی زیادیکردووە، دەستێوەردانی بەرفراوانتری دەوڵەتە لە پرۆسە ناڕوونەکانی بواری ئابوریی، و هەلی کاری بۆ ئەو بیرۆکراتە جێندەرییانە ڕەخساندووە کە هیچ شتێک بۆ کۆمەڵگە زیاد ناکەن، هەروەها وەزارەتەکانی جێندەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتن بە پێشخستنی ئەم ئەجێندایەیان دامەزراند”.
شایانی باسە دوای ماوەیەکی کەم لە گرتنەدەستی دەسەڵات، میلەی هەردوو وەزارەتی ژینگە و یەکسانیی جێندەریی لە ئەرجەنتین هەڵوەشاندەوە.
ناوبراو بە نوخبەی داڤۆسی وت: “ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا بۆ دووبارە گرتنەبەری ڕێگەی خۆشگوزەرانیی بانگهێشت بکەین”، هۆشداریشیدا کە هۆکاری پاشەکشەی ئەرجەنتین لە گەورەترین ئابوری جیهان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بۆ یەکێک لە هەژارترینی وڵاتانی جیهان، لەخۆگرتنی سۆشیالیزم بوو، وتیشی “ڕۆژئاوا لە مەترسیدایە چونکە ئەوانەی بڕیارە بەهاکانی ڕۆژئاوا بەرزڕابگرن، بە جیهانبینییەک گەمارۆدراون کە بەرەو سۆشیالیزمیان دەبات و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەژاریی”.
میلەی وتی “هەرگیز نابێت ئەوە لەبیربکەین کە سۆشیالیزم هەمیشە و لە هەموو شوێنێک دیاردەیەکی هەژارکەرە؛ لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە تاقیکرایەوە، شکستی هێنا”. ئاماژەی بەوەشکرد کە سۆشیالیزم “شکستێکی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و کلتوریی بوو، هەروەها گیانی ١٥٠ ملیۆن مرۆڤی لەناوبرد”.
میلەی ڕوونیکردەوە کە چەپ توانیویەتی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت “بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی میدیا و ڕۆشنبیری و زانکۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەمەش مەترسیدارترینە چونکە کاریگەرییان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان هەیە”. هەروەها هانی خاوەنکارەکانی دا لە خەبات بۆ دروستکردنی بەها بۆ کۆمەڵگەکان بەردەوام بن و بە “خێرخواز” ی مرۆڤایەتی ناوزەدیکردن و وتی: “مەهێڵن نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار و ئەو مشەخۆرانەی کە بە دەوڵەت دەژین، بتانترسێنن”.
میلەی وەک “لیبراڵێکی ڕادیکاڵ” خۆی دەناسێنێت و لە هەمان کاتدا خۆی بە لایەنگری ژیان ناودەبات. ڕەنگە لیبراڵەکانی ئەمریکا ئەمە بە شتێکی سەیر و سەمەرە بزانن. زۆرجار هەندێک لە لیبراڵەکان نەک هەموویان لە ئەمریکا دەڵێن دژی هەر ڕێسایەکی لەباربردن دەوەستنەوە. بەڵام میلەی لە چەندین بۆنەدا باسی لەوە کردووە کە پاراستنی ژیان شانبەشانی ئازادیی و بەرگریکردن لە موڵکدارێتی تایبەت، بنەمایەکی بنەڕەتی ئایدۆلۆژیای لیبرالیزمە.
سەرۆک کۆماری ئەرجەنتین لەباربردنی منداڵی شەرمەزار کرد و وتی “هەموومان هەمان مافمان هەیە، ئەو مافانەی کە لە لایەن خالقەوە پێمان بەخشراوە.” و ئاماژەی بەوەشکرد کە “سۆشیالیزم و ئەجێندای چەپگەرایی توندڕەوی لەباربردنی منداڵ خەریکە جیهان لەناودەبات”.
ساڵی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (تاکەر کارلسۆن) پێشکەشکاری موحافیزکاری تەلەفزیۆنیی، میلەی وتی، “لە ڕووی فەلسەفییەوە، من لەگەڵ مافی ژیانم. لەوەش زیاتر، ڕاستییەکی زانستی هەیە کە ژیان لە دووگیانیەوە دەست پێدەکات، هەر لەو چرکەساتەدایە کە بوونەوەرێکی نوێ بە DNA ناوازەی خۆیەوە دەست بە پەرەسەندن دەکات”.
لە هەمان چاوپێکەوتندا میلەی لەباربردنی منداڵی بە “تاوانی کوشتن” ناوبرد و ڕوونیکردەوە: “لە کاتێکدا ڕاستە کە ژنان مافی جەستەی خۆیان هەیە، بەڵام ئەو منداڵەی لە سکی ژندایە، جەستەی ئەو نییە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوە لەباربردن دەکاتە تاوانی کوشتن، کە بەهۆی ناهاوسەنگی هێزەوە لە دژی منداڵێک کە هیچ ڕێگەیەکی بۆ بەرگریکردن لە خۆی نییە، خراوەتەگەڕ”.
لە ساڵی (٢٠٢٠)دا ئەنجومەنی پیرانی ئەرجەنتین پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە لەباربردنی منداڵ تا چواردەهەمین هەفتەی دووگیانی یاساییکرد، جگە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژیی یان ئەگەر دووگیانییەکە مەترسی لەسەر تەندروستی دایکەکە هەبێت. چەند ڕۆژێکیش پێش هەڵبژاردنی میلەی بۆ سەرۆکایەتی ئەرجەنتین، ئەو و ڤیکتۆریا ڤیلاروێل کە لەو کاتەوە بووەتە جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەرجەنتین، ئەوەیان ئاشکراکرد کە “هەردووکیان لایەنگری مافی ژیانن و سەبارەت بە پڕۆژەیاسای لایەنگری لەباربردنی منداڵ کە کۆنگرێسی ئەرجەنتین لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پەسەندیکرد، دەبێت گفتوگۆ هەبێت”.
ڤیلارێل لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی ئەرجەنتینی، ” “Solo Una Vuelta Má،”تەنها یەک جاری دیکە”، سەبارەت بە یاسای لەباربردنی منداڵ لە ئەرجەنتین ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە دەبێت “لەسەر بنەمای زانستی و ئارگیومێنتی جددی ئەنجام بدرێت و بەو شێوە ئایدیۆلۆژییە نەبێت کە ڕەنگدانەوەی لە دەرچوونی یاساکەدا هەیە.”
میلەی، تەمەنی 53 ساڵە و خۆی بە “سەرمایەداری ئەنارکۆ” ناودەبات، بە 55.7%ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بەرامبەر سێرجیۆ ماسا کە 44.3%ی بەدەستهێنا. لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ئێستای منداڵ لەباربردن لە ئەرجەنتین، میلەی وتی “کاتێک لەسەر بنەمایەکی هەڵە بنیات دەنێیت، ئەنجامەکەی خراپ دەکەوێتەوە. چۆن دەکرێت توانای کوشتنی مرۆڤەکانی تر بە مافێکی بەدەستهێنراو ئەژماربکرێت؟ من وەک لیبراڵێک باوەڕم بە مافی بێ سنووری ژیان هەیە کە لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە ژیان و ئازادیی و موڵکدارێتی دامەزراوە. من بەرگری لە ژیان دەکەم، بایۆلۆجیش دەڵێت ژیان لە دووگیانیەوە دەست پێدەکات”.
سەرچاوە:

  1. https://c-fam.org/friday_fax/argentinas-milei-attacks-bloodthirsty-abortion-agenda-of-globalists-at-davos/
  2. https://www.lifenews.com/

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …