دووشەممە , كانونی یه‌كه‌م 23 2024

هەرجارەی توێژینەوەیەك (10) نەشتەرگەری جوانكاری، لەنێوان حەڵاڵ و حەرامدا

بەیان نوری
ئەم توێژینەوەیە لە لایەن (د.ﻋﺎدل ﻣﻮﺳﻰ ﻋﻮض) مامۆستا لە زانكۆی ئەزهەر لە ساڵی 2016 نوسراوەو لە ژمارە 35ی، گۆڤاری مەجمەعی فیقهی ئیسلامی بڵاوكراوەتەوە.
توێژینەوەكە لە پێشەكییەك و 3 بەش پێكهاتووەو، كۆتایی بە دەرەنجام و چەند ڕاسپاردەیەك هاتووە.
لەم توێژینەوەیەدا جیاكاری دەكات لە نێوان نەشتەرگەری جوانكاری كە بە مەبەستی چارەسەر دەكرێت بۆ ئەو نەخۆشانەی كە عەیبەیەكی لاشەییان هەیە هەر لەکاتی لەدایكبوونیدا، یان لە دەرەنجامی ڕووداوێكەوە تووشدەبن لەگەڵ ئەو حاڵەتانەی كە مەبەست تیایدا چارەسەر نییە، بەڵكو هەر بە ئامانجی جوانی دەكرێت.
بێگومان جۆری یەكەمییان ڕێگە پێدراوە بۆئاساییكردنەوەی ژیانی نەخۆش و، دووركەوتنەوەی لە زیانە دەروونییەكان، تا ئەو كەسانە ژیانێكی ئاسودەی دوور لە پشێوی دەروونی بەڕێبكەن، بەڵام جۆری دووەمیان حەرامەو ڕێگەی پێنادرێت، چونكە پاڵنەرەكەی پێداویستییەكی ژیان نییە، بەڵكو شوێنكەوتنی ئارەزوو و نەفسە و بەرەنجامەكەی گۆڕینی دروستكراوەكانی خوای گەورەیە، كە نەهی لێكراوە. بەڵگەی بە فەرموودەو چەند وتەیەكی زانایان هێناوە لەوانە قورتبی كە جوانكاری تەنها لە پێناو حوانتركردندا بە گوناهی گەورە ناو بردووە.
پاشان ڕای ڕێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی هێناوە كەلە 2007دا بە پێی ئەم دەقە ڕێگە بەو جۆرە نەشتەرگەرییانە نادەن.
(نەشتەرگەری جوانكاری لە پێناو جوانیدا ناچێتە سنوری چارەسەری پزیشكییەوە، ئەو جۆرەی لە پێناو لاساییكردنەوە وحەزو ئارەزوودا بكرێت وەك گۆڕانكاری لە دەموچاو و لووت و گەورەكردنی لێو و، گۆڕینی شێوەی چاو و گەورەكردنی ڕوومەت ڕێگە پێدراو نیە).
جگە لەو ڕایە ڕای چەند كۆنگرەو نەدوەیەكی هێناوە كە دەرەنجامەكەی هەمان ڕایە لەوانە، بڕیاری مەجمەعی فقهی ئیسلامی نێودەوڵەتی، ڕاسپاردەی نەدوەی (هەندێك كاری پزیشكی لە دیدی ئیسلامەوە )، كە لە كوێت بەستراوە، نەدوەی (نەشتەرگەریی جوانكاری لە نێوان شەرع و زانستی پزیشكیدا)، كە لە سعودیە بەستراوە، جگە لە فتوای لیژنەی هەمیشەیی فتوا لە سعودیە.
دەرەنجامی توێژینەوەكەی ئەم چەند خاڵەی تێدا نووسیووە:-
1-نەشتەرگەریی جوانكاری بریتییە لەو نەشتەرگەرییانەی كە بۆ چارەسەری ئەو عەیب و ناڕێكییانەی لە كەسێكدا هەر لە لەدایكبوونەوە تێیدایە یان لە ئەنجامی ڕووداوێكەوە بۆی دروست دەبێت دەكرێت.
2-ئەو نەشتەرگەرییانەی بۆ چارەسەری عەیب و تێكچوونە لاشەییەكانە ڕێگە پێدراوە، چونكە دەبێتە هۆكاری دڵخۆشكردنی ئەو كەسانە و ڕاستكردنەوەی ناڕێكییەك.
3-ئەو نەشتەرگەرییانەی تەنها بۆ جوانكارییە بۆ لاساییكردنەوە بێت یان شوینكەوتنی هەواو ئارەزووی شەیتانی ڕێگە پێنەدراوە.
4-بەهۆی زۆربوونی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و سوتان و شەڕەوە، نەشتەرگەری جوانكاری بۆ چارەسەر بۆتە یەكێك لە پێداویستییەكانی ئەم سەردەمە.
5-زیانی دەروونی ئەو ئازارەیە كە نەخۆشێك دەیچێژێت بە هۆكاری ناڕێكی و عەیبدارییەك كە لە دایكبوونەوە هەیبێت یان بەهۆی ڕووداوەوە تووش بووبێت.
6-چارەسەری پشێوی دەروونی بە هۆكاری بوونی عەیبدارییەكەوە لە ڕێگەی نەشتەرگەری جوانكارییەوە ڕێگە پێدراوە بەم مەرجانەی خوارەوە:-
أ-پشێوییە دەروونییەكە بە هۆكاری بوونی عەیبەیەك بێت.
ب- زیانی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە زیاتر نەبێت لە پشێوییە دەروونییەكە.
ج-نەهێشتنی پشێوییە دەروونییەكە بە نیازی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن نەبێت.
د-نەشتەرگەرییەكە لە پێناو چارەسەرە دەروونییەكە بێت.
پاش ئەو دەرەنجامانە توێژەر كۆتایی توێژینەوەكەی بە 2 ڕاسپاردە هێناوە:-
1-زانایان لەسەر شەرعی خوای گەورە بۆ خەڵك ڕوونكردنەوە بدەن كە نابێت بە مەبەستی شوێنكەوتنی نەفس و ئارەزوو بە ناوی چارەسەری دەروونییەوە بواری ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە زیادبكەن.
2-پێویستە پزیشكان بە بنەما شەرعییەكانەوە پابەندبن، لە پێناو قازانجە داراییەكاندا ڕێگە بە خۆیان نەدەن كە نەشتەرگەریی جوانكاری ڕێگە پێنەدراو ئەنجامبدەن.

Check Also

داهاتووی کاری ئۆنلاین لە کوردستان و جیهان

ڕەنگین عبدالکریم کافرۆشیلەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، هاوکات لەگەڵ باڵادەست بوونی سیستەمی …