Sunday , April 28 2024

هه رجارەی توێژینەوەیەك (8)‌‌ ناپاكی هاوسەرێتی لە ڕێگەی تەكنەلۆژیاو بۆشایی یاسایی

بەیان نوری
ئەم توێژینەوەیە لە لایەن (د محمد ئەمریر) كە مامۆستایە لە زانكۆی (دارولبەیزا) لە مەغریب كراوە، لە گۆڤاری توێژینەوە فقهی و یاساییەكان كە لە لایەن زانكۆی ئەزهەر و كۆلێژی شەریعە و یاسا لە دەمەنهور دەردەچێت لە مانگی 10 ی 2023 بڵاوكراوەتەوە.
پوختەی توێژینەوەكە:-
ناپاكیكردن لە ڕێگەی تەكنەلۆژیاو سۆشیال میدیاوە یەكێكە لە تاوانە ئەخلاقییە مەترسیدارەكانی، كە هۆكارە بۆ تێكدانی كۆمەڵگاو هەڵوەشاندنی، چونكە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی هەیە بە خێزان و بەو بنچینانەی كە سیستمی كۆمەڵایەتی دەوڵەتی لەسەر ڕاگیراوە.
ئەم جۆرە ناپاكییە ئەلەكترۆنیەی هاوسەردوای پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان و بەكارهێنانی هۆكارە تازەكانی سۆشیال میدیا دەركەوت كە بۆتە هۆكاری دروستبوونی گرفتە خێزانییەكان و هەڵوەشاندنەوەی.
لەم توێژینەوەیەدا پێناسەی تاوانی ناپاكی هاوسەرێتی ئەلەكترۆنی كراوە بە پێی فقهی ئیسلامی و، یاسای تاوان و، بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی لێكۆڵینەوە و سەلماندنی تاوان لەیاسای مەغریب و میسردا، بۆ وێنەی ناپاكی هاوسەرداری لە ڕێگەی پێگەكانی سۆشیال میدیاوە، باسكردنی وێنەی بەرجەستەی كردەیی تاوانەكە و هۆكارە بەكارهاتوەكان، گۆڕینەوەی نامە سێكسییەكان و ڤیدیۆ نائەخلاقییەكان و خۆڕووتكردنەوە لەبەردەم كامێرا، پاشان تێكچوونی پەیوەندی نێوان هاوسەرەكان و پەنابردنە بەر دادگا بۆ جیابوونەوە، لە كۆتاییدا باس لە هەڵوێستی قەزای مەغریبی بۆ تاوانە هاوسەرییە ئەخلاقییە ئەلەكترۆنییەكان.
دەرەنجامی توێژینەوەكە:-
1-لە یاسای تاواندا باس لەم تاوانە نەكراوە و سزای بۆ دیارینەكراوە، بەڵام لە فقهی ئیسلامدا بە پێی شەریعەت هەموو پەیوەندییەكی ناشەرعی نێوان هەردوو ڕەگەز لە دەرەوەی خێزان بە هەر هۆكارێك بێت بە تاوان ناسێنراوە كەواتە پەیوەندییە سێكسییە ناشەرعییەكانی كە لە ڕێگەی تەكنەلۆژیاوە ئەنجامدەدرێت حەرامە و سزای خۆی هەیە.
2-لەبەرئەوەی ئەو جۆرە تاوانە تازەیە و لە بەرەنجامی شۆڕشی گەورەی تەكنەلۆژیاوە دروستبووە، كە هەموو سنورێكی گرتۆتەوە، یاسادانەران دەبێت بە ووردی یاسا و چۆنییەتی سەلماندنی ئەو تاوانە و، سزاكانی بۆ دابڕێژن لە پێناو پاراستنی خێزان.
3-دەبێت جیاوازی بكرێت لە نێوان ناپاكییە ئەلەكترۆنییەكان و كردەیی و ڕاستەقینەكان، یاسادانەران پێویستییان بە ڕێكخستنی یاسا هەیە لەگەڵ ئەو شۆڕشە تەكنەلۆژیایەی كە ئێستا هەیە و ئەو تاوانانەی لەو ڕێگەیەوە ئەنجام دەدرێن.
ڕاسپاردەی توێژینەوەكە:-
1-بردنی ڕێڕەوەی یاسای تاوان لە زمان و ناوەرۆك و پێكهاتەیدا بەرەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان و، داڕشتنەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتی تەكنەلۆژیای ئەمڕۆدا بە بێلادان لە پرنسیپە گشتییەكان و، ئەو بنەمایانەی كە مێژوویەكی درێژە یاساكانی تاوانی لەسەر بنیات نراوە.
2-ناساندنی گۆڕینەوەی نامەی سۆزداری و سێكسی و ناردنی وێنەو ڤیدێۆی وروژێنەر و، خۆڕووتكردنەوەی بەردەم كامێرا و گۆڕینەوەی نهێنییە سێكسییەكان لە دەرەوەی خێزان بە تاوانی ئەلەكترۆنی و ناپاكی.
3-گەڕان بە شوێن هۆكارو میكانیزمی تازە بۆ سەلماندنی ناپاكی هاوسەرێتی و بنەماكانی بەكارهێنانی سۆشیال میدیا لە لایەن هاوسەرانەوە.
4-هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە پیرۆزی خێزان و پاراستنی لە بڵندگۆی مزگەوتەكان و بەرنامە وە، بۆ هاوسەرداران و ئەو لاوانەی بە نیازی هاوسەرداریین، ڕوونكردنەوەی ئەو تاوان و گوناهانەی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئەنجامدەدەرێن.

Check Also

خزمەت نەکردنیان برینەکەیان سەختتر دەکات

هەڵاڵە محمد الماسئەنفال ئەو برینە ساڕێژنەبووەی گەلی کوردە کە زۆر ئەستەمە لەبیر بکرێ، ١٤/٤ساڵیادی ئەنفال …